شاعیر: سافی کتێب: شیعرەکانی سافی سەرناو: لەتاوی ئاوری دووری هەمیشە سینە بوریانە سەبارەت: دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٦١. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی لەتاوی ئاوری دووری هەمیشە سینە بوریانە لە عەشقی چاوی مەخمووری بە دائیم دیدە گریانە چ لێ‌بکەم نەقدەکەی ڕووحم نەبێتە سەرفی ڕێی قاسید خەبەر بێنێ بڵێ بۆ کوشتنت یار دێتە ئێرانە بە یادی چاوەکانی بوو کە دڵ شەیدایی بۆ ڕوودا لە قەیدی زولفەکانی وا ئەسیری حەپس و زیندانە شفایی زەخمەکەی دووریم بە غەیری یار بە کەس نایێ چ یارای عەقلی ئەفلاتوون، چ جێگەی فیکری لوقمانە تەحەیور مام چلۆن رێگەی درا زولفی لەسەر عارز نە جێگەی کافرە جەننەت، خیلافی شەرع و قورئانە لەسەر سەفحەی جەمالی یار بە خەتتی زولفی نوسرا بوو لە ڕێی عەشقا موسوڵمان کافرە، کافر موسوڵمانە عەجائیب خاتەمێکە لەعلی لێوی یارەکەم بۆیێ لە دەرگانەی سولەیمان ئاسەفە، ئاسەف سولەیمانە ئومێدی زۆر هەیە (سافی) نەجاتی بێ لە غەم چونکە دەلیل مەولا وو ئەحمەد یاوەر و یار بازی گەیلانە ++++++++++++++++++++++