شاعیر: سافی کتێب: شیعرەکانی سافی سەرناو: لەم ڕۆژە لە عەشقی یار سەودایی سەرێکم بوو سەبارەت: دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٤٤. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی لەم ڕۆژە لە عەشقی یار سەودایی سەرێکم بوو ئەمما بە سەبەب ئەغیار بۆ جان خەتەرێکم بوو سەرمەشقی خەت و خاڵی، ویردی دڵ و دینی من بۆ ئایینی شەب‌خیزی زکری سەحەرێکم بوو لوتفەن چ دەبێ جانا ئیمڕۆ کە نەوازیم کەی دوێنێکە لە باغی ڕووت حیسەی سەمەرێکم بوو نەقدی ڕۆحەکەم بۆ نارد کالای وەفاکەی بێ توحفێکی جەفاکەی هات هەر لا زەرەرێکم بوو ئەی کاش شەوی هیجران بوو بە سەباحولخەیر چونکی کە لە ڕۆژی ڕووی مەیلی نەزەرێکم بوو لەو پەرچەمی شێواوی داوی دڵی داناوە بەو غەمزەیی دوو چاوی کون کون جگەرێکم بوو گوڵ زارە لە گوڵزاری بۆ غونچەگوڵی زاری گوڵ کەوتە شەکەرباری وا گوڵ شەکەرێکم بوو نوختەی دەمی موهومە ئەو حیکمەتە مەکتوومە ئەغیار لەوە مەحروومە بەس من خەبەرێکم بوو ڕووی شەمسی شهوودە و خاڵ نوختێکی سوەیدایە لەم دوو ئەسەرە (سافی) نووری بەسەرێکم بوو ++++++++++++++++++++++