شاعیر: سافی کتێب: شیعرەکانی سافی سەرناو: من و دڵ ئەمڕۆ ئەو شۆخە لە خۆشی یەک-بە-دەی کردین سەبارەت: پێنجخشتەکیی سافی لەسەر غەزەلێکی ناری و تاهیربەگ - دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٣٨و٣٩. من و دڵ ئەمڕۆ ئەو شۆخە لە خۆشی یەک بە دەی کردین لە جامی لەعل سەرخۆش و موقیمی مەیکەدەی کردین هەتا مەحشەر خومار و مەستی ناز و نەشئەکەی کردین بە غەمزەی چاوی مەخمووری سیاهی مەستی مەی کردین بە ماچی لێوی موستەغنی لە ئەنواعی مەزەی کردین بە ئەو یارە بڵێن یاران چییە سووچ و گوناهی من نەسیم ئەنگووت و شەو ڕۆیی چەمەن واڵا بوو ماهی من چ قەوماوە مەگەر قوربان کە وا بەستووتە ڕاهی من ترازا بەندی سوخمەی ئاڵی گوڵناری بە ئاهی من کەچی دەستی لەسەر دانا لە سەیری باغی بەی کردین لەبۆ یەک مەرحەبایێ چوومە لای یارم بە سەرخۆشی نیقابی خستە ڕوخسار و بەجارێ کەوتە خامۆشی کە وام دی ڕۆیی ئارامی دڵ و سەبر و فەرامۆشی بە هەوری پەرچەم و زوڵفی ڕوخ و ئەبرۆی کە داپۆشی لە شەوقی ڕوئیەتی بەدری هیلالی یەکشەوەی کردین ڕەفیقانم کەسێ عاشق نەبێ لەم سیڕڕە نازانی لە لایێ یار حەیاتبەخش و لە لایێ قابزی جانی لە هەر دوو لاوە تەسلیمم بڵێن دەستم بە دامانی ئەگەرچی کوشتمی خۆ قابیزولئەڕواحی موژگانی بە قانوونی مەسیحایی بە خەندەی لێوی حەی کردین لەبۆ خوێنڕێژی عوشاقان نیگارم گەرچی بێ‌باکە وەلێ ئەی دڵ لە ڕووی ئوممێدەوە جارێ تەماشا کە مەڵێ (سافی) زەمان ئاخر بوو کەس ئیمدادی کەس ناکا دەوایی دەردی دڵ (ناری) لە (تاهیربەگ) تەمەننا کە بڵێ ئەمڕۆ گوڵ‌ئەندامێ بە تیرێ جەرگی پەی کردین بە خەمزەی چاوی مەخمووری سیاهی، مەستی مەی کردین بە ماچی لێوی موستەغنی لە ئەنواعی مەزەی کردین ترازا بەندی سوخمەی ئاڵی گوڵناری بە ئاهی من کە چی دەستی لە سەر دانا، لە سەیری باخی بەی کردین بە هەوری پەرچەم و زولفی، ڕوخ و ئەبرۆی کە داپۆشی لە شەوقی ڕوئیەتی بەدر و هیلالی یەک شەوەی کردین ئەگەرچی کوشتنی خۆ قابِض الأرواحی موژگانی بە قانوونی مەسیحایی، بە خەندەی لێوی حەی کردین عیلاجی دەدری دڵ «ناری» لە تاهیر بەگ تەمەننا کە بڵێ ئەمرۆ گوڵئەندامێ، بە تیرێ جەرگی پەی کردین «تاهیربەگ و ناری» ++++++++++++++++++++++