شاعیر: سافی کتێب: شیعرەکانی سافی سەرناو: وەکوو کوشتەی قەساب ئەی دڵ چییە وا غەرقی خوێناوی سەبارەت: دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٨٤. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی وەکوو کوشتەی قەساب ئەی دڵ چییە وا غەرقی خوێناوی لە گۆشەی بێکەسی دائیم لەغەمدا مات و داماوی ئەگەر فەرمووی لە قەتلی عاشقان بێ‌باکە ئەم شۆخە هەزاری کوشتووە وەک تۆ قەدی لاولاویی و لاوی لە تەعریفی بڵێم چی با قەڵەم دەرچی بڵێم هەرچی تەواو نابێ بەچی ئەوسافـی پێچی پەرچەمی خاوی چ سەییادێکە، سەد وەحشی لە چینی پرچی پێچاوە خەڵاسی تۆ نییە ئەی دڵ لە داوی زوڵفی باداوی ئەگەر فەڕزەن عەدوو بێتن ببینێ چاوەیی چاووم لە بۆ من خوێن دەبارێنی لەسەر دوو چاوەیی چاوی دڵا، دێوانەیی خۆتە کە یار بێ‌مەیلە ئێستێکە دەنا ئەو هەر لەسەر ئەو عەهدە ماوە تۆ ئەگەر ماوی مەڵێن (سافی) کـە ئێستێکە لەیادی یار نییە یاران لە دڵدا فیکری دڵدارە و هەمیشە زیکر ئەکا ناوی ++++++++++++++++++++++