شاعیر: سافی کتێب: شیعرەکانی سافی سەرناو: دڵى بولبول لە دەورى باغى گوڵ یارى نەکا چ‌بکا؟ سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی دڵى بولبول لە دەورى باغى گوڵ یارى نەکا چ‌بکا؟ لەتاوى غونچە هەردەم شیوەن و زارى نەکا چ‌بکا؟ زەمانى لەززەتى ڕۆیى و دەورى زیللەتى واهات ئیتر یاران لەمەولا ڕوو لە دڵدارى نەکا چ‌بکا؟ لە ئاهى گەرمەوە وا لێوبەبار و هیشکە ئێستێکە لە عەینى چاوەکانى خوێن و ئاو جارى نەکا چ‌بکا؟ شەوى هیجران خەیاڵى یار دەکا ئەسلا خەوى نایێ بە یادى ڕۆژى وەسلى حەز لە بێدارى نەکا چ‌بکا؟ بە کوفرى زوڵفى ڕێى ئیسلامى بەستوە بۆیە دڵ ئێستێ وەکوو سەنعانى دائیم مەیلى زیننارى نەکا چ‌بکا؟ دڵم عەیبى نییە گەر ڕووى زەمین تەڕ کا بە خوێنى ئەشـک بە ئاهى دوودناکیش ئاسمان تارى نەکا چ‌بکا؟ لە لایێ فیرقەتى یار و لە سوویێ میحنەتى ئەغیار لە هەر دوو لا دڵى مسکین ڕەجاکارى نەکا چ‌بکا؟ هەواى یارى لە سەر دەرناچێ ئەسلا لەو جەفاى دوورى دڵى بێچارەکەم هـەردەم وفادارى نەکا چ‌بکا؟ ئەگەرچى بێ‌وەفا یارم جەفاى دا ئەو دڵى مسکین وەکو (سافى) لە بەدبەختى فیداکارى نەکا چ‌بکا؟ ++++++++++++++++++++++