شاعیر: کەماڵ ڕەحمانی کتێب: چرای خەیاڵ سەرناو: پاییز سەبارەت: ٨٣/٠٩/٠٩ زه‌نگیاوێ زه‌وی له‌ جێ جێ لێوه‌ی١ کردووه‌ دیوی نیسێیان خووسی گرتووه‌ سپی و شینایی زۆر لێک دێته‌وه‌ پاییز ڕه‌نگێکی پێ‌ده‌گرێته‌وه‌ گه‌ڵا خزیون ده‌ قولک و که‌ندان له‌ ترسی سه‌رما و شکست و به‌ندان هه‌ر دارێ بیڵێی ڕووتاوه‌ته‌وه‌ له‌ ڕیزی جوانان شۆراوه‌ته‌وه‌ دم چۆمیش سه‌فای جارانی نه‌ما به‌زم و ئاوازی مه‌لانی نه‌ما بڕۆ شاخ و ده‌شت گشتی ته‌خت که‌ نابینی مه‌لێ غه‌یری چوێله‌که‌ بۆ به‌رزه‌ شاخان، مه‌ندیلیان کڕی هه‌ر بینا زه‌ویش کفنیان بڕی وه‌ک زه‌وی ڕه‌نگی مردوی گرتووه‌ سه‌یره‌ کفنیان بۆ نه‌ناردووه‌ پاییزه‌ و ڕۆژی به‌ند و شکسته‌ هه‌ر سـووکی٢ خۆشی سووک و شکسته ١. لێوە: شینکەی تازە دەرهاتوو. ٢. سووک: بازار. ++++++++++++++++++++++