شاعیر: کامەران موکری کتێب: شیعرەکانی کامەران موکری لە ڕۆژنامەکاندا سەرناو: گلۆر بوونەوە سەبارەت: ١٩٥٨ - گۆڤاری هیوا ژمارە ٢ ساڵی دووەم لە مەچەک بازووی وەک ئاسن لە گلێنەو دەسی خرپن کۆشکی هەستان نهۆم نهۆم ئەیووت وڵات هی خۆمە خۆم لە قژی دەسکەنە کراو لە دەماری لاوی کوژراو هێلانەیەکی چنیبوو ئەیووت ئەت وڵتی مردوو ------- منم شوێنم خۆش و بەرزە بە ڕوومەتی ناسکۆڵە و سوور بە دەم و پەنجەی وەک بلوور نەخشانبووی کۆشک و تەلار قاسەی سیخناخ بوو لە ملیار ئەیووت منم خواندێکم بەیەک ئان سێ گیان ئەپێکم لە یەک کاتا هەزاران جێ بە فرمانم وێران ئەبێ منم دەسداری خوێن مژێ کەس ناتوانێ من بکوژێ کەچی کاتێ ڕەشەبای قین گێژی دا لوورە لوور بە تین هێلانەکەی تووڕە دایە ناو گۆمی قووڵی سووری خوێناو ئێسقانی لاشەی لە شارێ وەکو زیخ کەوتۆتە ژێرپێ ++++++++++++++++++++++