شاعیر: کامەران موکری کتێب: شیعرەکانی کامەران موکری لە ڕۆژنامەکاندا سەرناو: لای لایەی ئەمڕۆ سەبارەت: ١٩٥٤ - ڕۆژنامەی ژین ژمارە ١٢٠١ کۆرپەی شیرینم بێرە کۆش ڕۆڵەی بە شیر مەست و سەرخۆش بێ، بنۆشە تۆ پڕ بە دەم بادەی ژیانت کۆرپەکەم بێ، نێرگسە جاڕی بەهار بێ، چاوگەشم، بێ، قۆچکە لار بێ، ناو دەمت با هەڵمژم بێ، دەم بە دەم با بیمژم ڕوومەت گوڵی چەناگە گوڵ باڵندەی جوانی لانەی دڵ لەو ڕۆژەوە من مناڵ بووم هەر بەرەو بوونی تۆ ئەچووم بەری دڵم، مایەی ژیان بەخشندەی زەردی سەر دەمان بەندی جگەر خۆشی بەسەر بەنرخ و فەڕ ئەی بێ زەرەر بێ، نووری هەر دوو چاوەکەم بێ، دیدە مەستی نوقڵە دەم ناتدەم بە کەس پیاوی ناکەس بێ هەست و سودو بێ دەربەس بدا بە کوشت بۆ زیوو زەڕ بیت بە خوراکی شوانی شەڕ ئەی کۆتری سپی جوانمئەی لەرەی لەحنی ڕەوانم تۆ دۆستی گشت مناڵانی ڕەش بی و سپی، برایانی دواڕۆژی ڕووناک و خۆشە چاو لە دوژمنت مەپۆشە وریا بە دەستەی سەرمایە نەیشێوێنن ئەم دنیایە نەیکەن بە کڵپەی سووتێنەر تیا بسووتێت ڕۆڵەی بەشەر جوانی مانگی بریسکەدار ڕەنگی گوڵی ناو لالە زار شنەی شەماڵ لەرەی لقان چاوەندازی شیرین و جوان بێ تۆ شێوەی شین و زاران تۆی تریفەی مانگی دەم کەل تۆی ئاواز و جریوەی مەل تۆی ئۆخەی دڵ خۆزگەی بە کوڵ تۆی ڕەنگی گوڵ تۆی بۆنی گوڵ ناتکم بە ئاگری بەتین بسووتێنیت خەرمانی ژین ناتکەم بە نووکی شیر و تیر ناتکەم بە پێوەند و زنجیر هەموو کۆرپەی هەموو کەسان نازدارن بۆ دڵی ئینسان دەست لە خوێناوا سوور نەکەی بۆ شەڕ گێڕان خزمەت نەکەی ئەتکەم بە قوربانی هیوا هیوای گەلی پتەو بڕوا ئەتکەم بە بەردە بازی ڕێ میللەت پێت بەسەرا بنێ بە ئاشتی کۆرپەم ڕۆڵەکەم تا دوا ڕۆژ پەروەردەت ئەکەم ++++++++++++++++++++++