شاعیر: کامەران موکری کتێب: شیعرەکانی کامەران موکری لە ڕۆژنامەکاندا سەرناو: توانەوەی بەفر سەبارەت: بە یادی نەورۆز - (١٩٥٨) گۆڤاری شەفەق ژمارە ٣ توایەوە بەفری بەستەڵەک ترپەی پێ دێ هی ڕەشبەڵەک لە جاڕی نێرگسا، لە دەشت وەک پەری و فریشتەی بەهەشت کچانی ناڵ و واڵا پۆش هەڵئەپەڕن، گەرم، بەجۆش ڕمبازی شۆڕە سواری شەنگ جۆش زیاتر ئەدا، بە ئاهەنگ ئەم دیمەنە وردانە، جوان تامێک ئەبەخشن بە ژیان تامێک، یادێک، وەک شەماڵ دینێ و ئەیدا، لە ڕووی خەیاڵ بۆیە مەلی، دڵ، ئەفڕێ ڕێی هەزاران ساڵ ئەبڕێ تیری زەهراویی «ئەهریمەن» ئەیسمێ سەر دڵی وەتەن ڕوومەتی بەر قوتیلەی کز ئەلەرزێ وەک گەڵای پایز لەپڕ تیرێکی ئاگرین ئەیدا، لەپەنجەرەی ڕەنگین با، دڵی، ئەسمی، یا، ڕوو سنگی کۆرپەی خوە لێ کەوتوو ڕووی کچ، کە دەر ئەکەوت وەک گوڵ تێی ئەچەقی تیر، وەک چقڵ هەموو ئاوازێکی بە جۆش هەموو گۆرانییەکی خۆش ئەتوانەوە «یەک» ئاوازە «نەخمەی تۆڵە و ژینی تازە» «کاوە» کە هەڵی کرد، ئاڵا گەل لە قەڵای زۆردار ئاڵا ئەو چەکوشەی تاکو «ئەمڕۆ» شانازییە بۆ من و تۆ لەسەری دوژمنا بوو ڕزگاری بوو کوردی زیندوو گۆرانییەکی خۆش داهات ئێستەش باوە لە ناو وڵات ئەی شمشاڵی گەرووی هەستم ڕێکی خە، لەگەڵ هەڵبەستم سەرەتای ئەو گۆرانییە ئەمەیە: «کە پڕ جوانییە» «ژین کە دیلی بێ سەرومڕ ئیتر بۆچی نەبین بەگڕ» تا خوێنمان نەڕژێتە گڵ هەرگیز ناگەشێتەوە گوڵ بەم تێکۆشانە گەلی کورد ئاگرە گەشەی هەڵکرد بەم ڕەنگە نەخمەی پڕ خرۆش هەڵئەسا، لە، دڵەوە، جۆش ئەی هاوڕێی خۆشەویستی من ئەی نەبەردی، مەچەک ئاسن لام وایە، بەهارە، بەتەنیا جەژنی گوڵە، هۆزار، چیا ++++++++++++++++++++++