شاعیر: کامەران موکری کتێب: گوڵ ئەستێرە سەرناو: ئاگر و هەنگوین نوێنت ئەگری بۆ تەنیایی سنگت ئاگرە، هەنگوینە ژینی ئاڵۆز، بەخۆڕایی کوشتی ئەو سنگە شیرینە *** ئەم کوڵمە جوانە، ئەم بەژنە بە، تەنیا پەیکەری عاجن ئەگەر، بژین هەر، بەم چەشنە ئەو، نەخشە وردانە ئەمرن *** دەسیان، لە ملی شەنگایە کەچی تانە، لە تۆ ئەدەن دڵیان وا، لە ئاهەنگایە ئاواش لە گیانی تۆ ئەکەن *** ئەزانم دەماری لەشت وەک دەماری پڕ بارووتن خۆ کچی جوان چاوی گەشت پشکۆی ئاگرێکی ڕووتن *** بەڵام بیری باخەوانت کۆنە وەک چیرۆکی جاران شوو بۆ دڵی پڕ لە ژانت لای ئەو، ملکەچییە، ئەی جوان *** دەک کوێرایی بیرێ دایە کە تۆی ئاوا بەستۆتەوە خۆشیی کام شت ناڕەوایە دەروازەی بۆ کردۆتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەستێرە لە ئاسمانی ژینا، بەیان ئەستێرەی گەشم ئەپروان ئەستێرەی سوور وەکوو پشکۆ ئەمڕشتە ناو گەرووی ئاسۆ پەنجەم لە ئاگری ڕووتا لەو پڕیشکەدا، ئەسووتا تەزووی ژانێکی پێ ئەدام گەرم، ئێجگار خۆش و بەتام ئەڵێن «ڕووناکیت ئەڕشتە» ئەم وڵاتەی وەک بەهەشتە کەچی خۆت شوێنت تەنگ و مات ژاکاوە، گوڵاڵەی هیوات!! ئەڵێم: «کێ ئەستێرەی باران»؟ هەوڵی ئەدا بۆ نیشتمان؟ من؟ ... «ئەوەندەم بەسە، شادی» بەرهەمی جوانی ئازادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تیشکی چرایەک کچی نەرمۆڵەی شۆخ و شەنگ بەرگیان پۆشی هی ڕەنگاوڕەنگ ئارایش لە سەر تەختی ڕوو لە تاو جوانی شەرمەزار بوو گەردانەی زێڕ ئاڵا لە مل پشتێن گوشی کەمەری شل شەرم ئەڕژا لە ورشە و چاو بریسکە لە ئەگریجەی خاو ورشە لە کەوای سورمەچن پرشنگ لە کوڵم و لە گەردن بۆنی ڕێحانە لە پەرچەم بۆنی گوڵە عەتریش لە دەم دەس کە چەند جوان و خرپنە نەخشاندبوویان بە خەنە خەرمانەی دەوری کوڵمی سوور لە تەمی تارادا، وەک نوور بووک گەیشتە ژووری تەلار دەورەیان دا، کچی نازدار جوانترین شتی جوان، دەگمەن لە ژوورێکا، ئاوێنەبەن جوان ڕێکیان خستبوو، بۆ بووک بووکی نەرمۆڵەی ئێسکسووک پۆ پەشمین و پەردە و گوڵدان فەرشی ڕەنگاوڕەنگی کاشان نەخشێکیان کێشابوو ئێجگار جوان بوو وەکوو، باخی بەهار دڵی زاواش پیری تەڕپۆش هەر چاک بوو نەئەبوو، بێهۆش زاوا، پۆشی بووی جلی جوان سەری تاشی بوو بە گوێزان لە پێوە تا مشکی و کڵاو هەمووی تازە و ورد، ڕێکخراو چاکەتەکەی وەکوو جاران نەیبوو پینەی سەر ملیوان کچێکی هەبوو جوان، شیرین خوێنگەرم و شۆخ و نازەنین بەڵام دایکی ئەبوو.. دە ساڵ جێی هێشتبوو، ژیانی ماڵ لەژێر، سایەی ئەرخەوانا ڕاکشا بوو، لە سەیوانا باوکی.. ئەم بووکەی کە هێنا چوارەمینی بوو، لە ژینا شەو هات و بێدەنگی بەسام کشایە ناو، کووچە و شەقام مانگ ئەینواڕییە پشت پەردە: ڕووی ئەو شیرینە بێگەردە ئەینواڕییە، بووکی وەک گوڵ - پیری ژین ڕۆشتووی بەرەو گڵ - ئەینوارییە، بەفر و ئاگر کچ پشکۆ بوو، پیرەش بەفر هەر پارە بوو، هۆی ئەم کەتنەش سامان بووکی، گرتە باوەش لەم بەرەوە ژوورێکی تەنگ وەکوو شەو غەمگین و بێدەنگ کچەکەی حاجیی بەسەزمان سەرنجی ئەدا لە ئاسمان دوای هەناسەیەک بێدەنگ بوون ئەسرین زایە، ناو چاوی ڕوون چاوی لێڵ بوو.. برژانگی ورد پەنایان بۆ یەکتر ئەبرد دایماڵی بەرگی سووری کاڵ نواڕییە، کوڵمی خڕ و ئاڵ دوو دڵۆپی لێڵ لە ئەسرین لەسەر گۆنای سوور، ئەلەرزین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەلەفۆن ئەو ڕۆژە مات بووم دڵم تەنگ دانیشتبووم مەلوول بێ دەنگ گەردنم لاری خەیاڵی خونچەی دەمی، کوڵمی ئاڵی پەردەی بیستن زۆر عەزرەتی بۆ، جریوەی بەلەزەتی سێ ڕۆژ ئەبوو، دەنگی نەرمی وردە ڕازی خۆش و گەرمی نەیدا بوو، لە پەردەی هەستم لە ڕووما، دیار بوو، زۆر پەستم لە ناکاو، تەلەفۆن زەنگی شێوانی گۆمی بێدەنگی پەپوولەی، وشەی ورد، بەجۆش هی قسەی گەرم و گوڕی خۆش لە دوورەوە، بە پۆل فڕین بۆ، هێلانەی دڵی غەمگین وشەی زۆر شیرین و بەتام تێکەڵاو، بە نەغمەی هیوام ڕژایە، سەر لێوی وشکم ناو دڵۆپی گەرمی ئەشکم دەنگی، پیرۆز و شیرینی نەغمەی خۆشی پێکەنینی لە دڵما بوون بە گۆرانی بە ئاوازەی کامەرانی «هەر دەنگێ دێ من وازانم» «تەلەفۆن ئەکەن بۆ گیانم» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دواڕۆژ ئەڵێن گوڵی شادیت وەران دواڕۆژی ژینی خۆت فەوتان هەرەست هێنا بە قەڵای کامەرانی دڵ و هیوای بە هۆنراوەی خوێنین وتن بە، وشەی ئاگر ڕێکخستن خۆت کرد بە هاودەمی ناسۆر بە هاوڕێی خەم، خەفەتی زۆر کەوتوویتە چیا پەرەستن باسی بەژن و خاڵ و گەردن دەمێ ئەگریی، وەکوو مناڵ ئەبێ بە پەپوولەی خەیاڵ تاوێ لەگەڵ مەلی دەنگ خۆش ناخی دڵت دێنێتە جۆش ئاسمان و ئەستێرەی شینی بەهار و گۆڵی ڕەنگینی تاڤگە و قەڵبەزی وەک چوڕی دوڵیان و جۆگەی بەگوڕی بەیان و دیمەنی ئاسۆ بوون بە «پەرستراوی» تۆ لەسەر مشتێ خاکی وەتەن چەند جار لە پێت کرا پێوەن بۆ ڕەش و ڕووت، چینی برسی هەرچی یەک، ئەکەی ناترسی نە ناوت هەیە! نە سامان نە ماڵ و نە، ژنێکی جوان بەم جۆرە لێشاوی تانە دێت بە سەر کام شیعرا جوانە چۆنکە من شیعری وەکوو گڕ نادەم بە پارەی سارد و سڕ «بۆ ئێوە زێڕ پەیا کردن» «منیش خزمەت هەتا مردن» هەریەک ئۆخەی ئەم میللەتە نادەم بە هەر چییەک هەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی گەشاوە خونچەی دڵداریم گیانە ژاکابوو تاکوو هەناسەی تۆ گەشانێوە زۆر چقڵ هەر وا دڵمی پێکابوو تا دڵ نەرمێکەی تۆ بوژانێوە *** بە پەجەکانت زامی پڕلە سوێم ساڕێژ بوو، دڵم کەوتە شنەشن بۆیە، پەپوولەی هەستی ژینی نوێم بیری چۆتەوە، سزا و خەم چەشتن *** لە ئاسمانێکا، ڕەنگ پیرۆزەیی گیانی دڵداری من لە گەشتایە لە خۆشی گۆنای گەشی پەمەیی هەمیشە ئەڵێی لە بەهەشتایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەفتەری کۆن ژووری ڕەش، دەفتەرێکی پان چوار پێنج سیسرکی بەسزمان مێزێکی گەورەی کۆن و شڕ کۆمەڵێ کاغەزی ونجڕ یادی کۆنم، هی هەشت نۆ ساڵ بیرەوەریی شیرین و تاڵ ڕژانە سەر ڕووباری گیان گەرداوێ هەڵسا، بێئامان لەو دەفتەرەدا، یەک یەک ناو ڕیز بوو بوون وەک کوللەی سووتاو ئەمیان هی دزێ بوو برسی لەتاو نان ئەیکێشا حەپسی ئەویان هەژارێ بێ تاوان یەک بە دوای یەکا ئەگریان ناوت چییە؟ ... من؟ ... کامەران پێتەوەیە خاڵ و نیشان؟ پیاوێ بوو خوای دەفتەری کۆن شێوەی ڕێوی سەرنجی مۆن چوومە ناو لاپەڕەی دەفتەر ژمارەی خۆمم کردە بەر بیبەن بۆ ناو جەرگی زیندان «بۆی داکوتن کۆتی گران» چوومە ناو چوار دیواری تەنگ ئێوارە بوو، دنیا بێدەنگ دەنگێک قاقایەکی ئەنارد ساڵی حەپسی خۆی ئەژمارد وس بن ئەمە دوو، نەء سێی پڕ لەم زیندانەدام سەر و مڕ هەر ئەوە بوو تاوانی من وتم کەس مەکەن بە گاسن هەژار مەکەن بە خشت و بەرد بۆ کۆشکی بەرزی سوور و زەرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرنج سەرنج ئەدەم لە ڕوی بێگەرد لە تەوالێتی جوانی زەرد لە شانی ڕووت، تاڵی پەرچەم مانگی گۆنا و ئەستێرەی دەم لە درزی بلووزی تەنک لە تەختی سنگ، دەسی ناسک ئەوی دێتە بەر چاوی من گۆڕی، زێڕە و جەرگی کون کون چونکە هێلانەی گەرمی دڵ ئەدەن، بە لەوێچێ خشڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەوزی کاڵ ئەی گوڵی سووری باخی گیان لە شیعری سەوزی کاڵی جوان گەڵای پاراوم بۆ چنیت تۆ ئیلهامی شیعری منیت لە تاڤگە، لە کەژی بەفرین زەردەپەڕ، قەڵەبەزی زیوین خونچەی ئاڵ، چرۆی تەڕ، پاراو شەونم، بریسکەی خۆرەتاو شیعری شیرینم بۆ مژیت تەنیا، تۆی لە دڵما ئەژیت چیم زانی لە وردەکاری لە وەسفی جوانی دڵداری هەمووم، کرد، بە شیعر بۆ تۆ بە هۆنراوەی گەش وەک پشکۆ لەوە زیاتر هیچ نازانم بۆیە، سستە شیعرەکانم مەگەر چاوەڕێ بێ جوانی، پیرت بکەم بە گۆرانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعرەکانم ئەڵێن شیعری بەتامن چرۆی درەختی هیوامن وەکوو بەهار تەڕ و بڕن ڕەنگین و جوان، گەرم و گوڕن هەیانە، شینێکی کاڵە پارچەی ئاسمانی خەیاڵە زەردی خەفەتی ژیانە سکاڵای ئازاری گیانە سەوزی کاڵی، دڵدارییە بۆ دڵ جوانترین دیارییە سپیی تیایە وەکوو بەفر سووریشی وەک گڕی ئاگر ئەو شیعرانەی وەکوو پشکۆن هی ئەم خەڵکە و هی من و تۆن ئەوان نەبێ شیعرەکانم ڕستی وشەی خۆش و جوانم هەمووی ئەکەم بە قوربانت ئەیدەم بە یەک بزەی جوانت پرشنگی شیرینی گۆنات پەپوولەی نیگای بێ هاوتات زەردەخەنەی خونچەی دەمت بریسک و هووڕی پەرچەمت هەموو شیعرەکانم دێنن لە ئاستی جوانیتا کەمن کامی خۆشە و تامی تیایە هەڵبەستێکی بێ هاوتایە لەناو تاڵی تەوالێتا ئەتوێتەوە و لەبەر پێتا، ئەبێ بە نەختە هاڵاوێ ناژی، ئەمرێ لە دوای تاوێ بەڵام هەمبێ تەنیا شیعرێ ئەو هەڵبەستەی بەرگە بگرێ هەر شیعری نیشتمانیمە لەوە بەولاوە من نیمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەڕی گەورە لە داڵانی مزگەوتێکا برسێتی دڵی ئەپێکا زەردەپەڕی ڕەنگ ئاگرین ڕژایە ناو حەوزێکی شین لەسەر بەردەنوێژێکی پان یەکێ دەسی کرد بە بانگدان ئاوازەی ورتەی خواناسین هەڵئەسا، ورد، مات و غەمگین دوای ئەوەی نوێژ کۆتایی هات دوو کوێری بەسزمانی مات کام وشە گەرمە زۆر بەتین کامیان دڵ دێنێتە لەرزین ئەیان ڕشتە گەرووی داڵان ڕستیان ئەکرد بۆ لەتێ نان پشتێن ڕەنگ زەردی وەک گۆگرد باسی سنوقە چای ئەکرد یەکێکیان دەنگی هەڵبڕی «تۆ بووی نانی منت بڕی» من؟ برا گیان منیش وەک تۆم هیچم نییە ئەم شەو بیخۆم لەناکاو بوو بە شەڕەدار زریک و هووڕ گرمە و هاوار دڵۆپی خوێنی لەشی زەرد ئەپژایە سەر دیواری بەرد قەوما شەڕێکی ئێجگار زل تا هات مەلای، شۆخ و چاو بە کل مەلای پۆشتەی تێر و تەسەل دەری کردن بە پەلە پەل هەندێ لە کوڕە دەوڵەمەن کە هەیانە شتی دەگمەن ئەیان فەرموو!! شەڕی ئاوا ناشیرینە بۆ ماڵی خوا لام وابێ هەر ئەو شێوانە بردیانن بۆ بەندیخانە نازانم تێریان خوارد لەوێ؟ ئەمە پرسینێکی ئەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قوببەی هەیاسە ئەسپەکەم تاو ئەدەم بە گوڕ بەسەر کەژا، ڕووباری خوڕ ئێوارەیە، گرد، وەکوو مس لە شنەی بای گەرم وەڕس مانگ وەکوو قوببەی هەیاسەی زیو ئەگەڕێ، شەخەڵ، دەشت و شیو هەگبەکەم پڕە لە سووتوو لە خۆڵی مەچەکی مردوو مەتارەکەم پڕ لە ئەسرین ئەگەڕێم، دڵم کەیلی قین ئەسپەکەم چوار پەلی وەک خوێن ڕەنگ ئەدا لە گەلێ شوێن مناڵ وەکوو پەپوولەی ورد کۆمەڵ ئەبەستن لەسەر پرد بە تاڵی زەردەخەنەی سوور ئەتەنن لێم، پردی ڕێی دوور دیاریم پێیە، خێرا، دڕ دەن ئەمرین بۆ ئێوە و، بۆ وەتەن ئەسپەکەم تاو ئەدەم بەگوڕ بەسەر کەژا ڕووباری خوڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لار و لەنجە ئەی لار و لەنجە، تۆ تەلیسمێکی تەزووی ئاگرین ئەنێیتە خوێنم وەک وروژمی تیر، دڵم ئەپێکی ئەرێ کچی شۆخ چۆنت بدوێنم *** تا، ئەو ئاگرە، لەناو لەرینی، سنگی نەرما بێ ئارام ناچێژم کاتێ کە قۆڵی شل ئەجووڵێنی نم نم فرمێسکی تاسەم ئەڕێژم *** کاتێ ئەتبینم، سەرنجی چاوم ئەچەقێتە سنگ، پێستی ناسکت لانکەی ئاواتی دڵەی سووتاوم ئەجووڵێتەوە، لەگەڵ باسکت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەرگی سێبەر فریشتەی شەبەق لە درزی کەژاوەکەی خۆر دابەزی پێی نایە چەمی مرواری وەشەی بۆ هێنا بە دیاری گڵەزەردەی جوان، گەردن کەش ڕازایەوە بە گوڵی گەش کچی خنجیلانەی نازدار ڕژانە سەر فەرشی بەهار داری شێخەباس، سێبەری بوو، بە چەتری شێوە پەری چەند جوانە ورشەی قەنەوز تێکەڵ بە نیگای چاو نێرگز لەرەی دەسماڵ، پوولەکە ڕێز دڵی دڵدار ئەکا بێ هێز کچۆڵەی بەژن و باڵا بەرز بە ترپەی نەرمی پانیبەرز وەکوو فریشتەی ناو بەهەشت ئاوازێکی ئەدا بە دەشت چۆن ئاوازێک، تا بڵێی خۆش نەغمەیەکی ئێجگار بەجۆش لەسەر نقامی زوڕناژەن نەرم، ئەلەرێوە بەدەن کراس کەتانێک بوو تەنک کەوا شیرداخێکی ناسک ورشەی شیرینی کەمەرچین کە، ئەیدا، لە خامەکی شین دڵ ئەگریا و پێئەکەنی سەد دڵ ئەیوت ئای لە بەژنی گێل گێلە و پشتەسەر، کرمەک ملەگۆی سەر سوخمەی خامەک هاڕەی لەم چەشنانە خشڵ ڕای ئەپەڕان پەپوولەی دڵ کوڕیش، سەڵڵتەکەی چۆغەی شین فەقیانەکەی سپی بەفرین مشکی و جامانەی تێک ئاڵا و بۆی شەیدا بوو ئەگریجەی خاو سەماوەری وەرشو و زەرد وەکوو، زیو و زێڕی بێگەرد تاکوو نیوەی بە سەوزەگیا بە تەبیعەت ئەپۆشرا چەند خۆشە لە قوڕیی عەجەم بۆم تێکا، چایەک نوقڵەدەم وای لە ڕەوتی کڵاو ئاڵتوون زۆر هەرزەکاری بۆ مردوون لکی سەرپۆشی پوولەکە لەسەر ئەس سوخمە خامەکە بریسک و هووڕ، وەکوو ئاسمان لەسەر باخی سنگێکی پان چارشێوی جوانی نۆکەمەر بێ ئارام بوو لەسەر کەمەر کوڕی عەبای دۆخ سورمە پۆش دڵی فیزی ئەهاتە جۆش پیاوی نێرگەلەی زیوین کێش دڵی کەیلی ئاوات و ئێش بۆنی مێخەک و هی سمڵ غەمزەی بەنازی ڕوومەت گوڵ هاڕەی پێکەنین، هەیاسە ئەبوون بە شەپۆلی تاسە پۆل پۆل لە دەوری سەماوەر دائەنیشتن لەژێر سێبەر سێبەر، بەڵام هی یەک درەخت سێبەری دەشتاییەک تەخت هەر شێخ هەباس بوو، بە تەنیا سێبەری ئەڕشتە سەر گیا لە سەد لاوە بە دیلانە ئەگێڕا ئەو دارە جوانە چاو ڕەش و چاو کاڵی خرپن باریکەلە و شۆخ و گۆشتن بە دەنگێکی زۆر سازگار فریشتەکان کچی نازدار گۆرانییان ئەوت... بەستە چڵ بە مردووی ئەوت هەستە ئەرخەوان ئەیوت سەیرکەن چەند جوانە گژ و گیا و چیمەن فەقێ لەتاو سوخمە خامەک کۆڕێکیان ئەگرت هی کەوشەک ملای ڕووخۆش کە، دائەبوو سوختەش بە سەریا هەڵئەچوو ئەی دارەکەی شێخەباس ئاخ لە دڵی منا، بووی بە داخ هاتن سەربازی عوسمانی نامەردانە سووتانیانی لەتاو سەرما و سۆڵەی بەفر لقیان شکانی بۆ، ئاگر ئەو یادەش ئەو ڕابوردوە لە دڵی منا نووستوە هەزاران یادی وا بەسوێ دێنەوە بیرمان سەر لەنوێ ئەی دارەکەی هەر بە بیستن من کەوتمە خەفەت ڕشتن مرد سێبەرەکەی شێخەباس سووتا درەختەکەی هەباس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگایەک سەبارەت: هۆنراوەی تاغور کاتی جیابوونەوە، ... نازدار سەرنجێکی دامێ ئاودار سەرنجێک پڕی بوو لە تام لە، تەزووی شیرینی هیوام لەم جیهانە بەرینەدا لەم شوێنە زەرد و شینەدا نازانم سەرنجی گەرمی تیشکی گۆنای گەش و نەرمی کە چەند جوان و بەهادارە لای دڵی من چەند نازدارە لە کوێدا هەڵیگرم من لە کوێ ئەی دڵی پڕ لە کون کوا، دیبێتی ڕووی خۆر دوور بێ لە خەم و لە ناسۆر شوێنێ بێ سەرنجی وردی نیگای نازداری بێگەردی تیا، دانێم هەتاکوو مردن لە کوێ داینێم؟ نازانم من ئەوە سەرنجە چۆن لە ژیانا لە، ژینی منی غەمگینا لە، ناو شەپۆلی خەفەتا لە، ژیانی پڕ مەینەتا ئەتوانێ بژی و قەت نەمرێ لە، ناسۆرا بەرگە بگرێ نیگای، لە ژوور سەرم بێدەنگ وەکوو، پەپوولەی ڕەنگاوڕەنگ لە باغی دڵداری ژیانا وا، لە جۆشی هەڵفڕینا لە هۆنراوەی ڕەنگاوڕەنگ لە بەستەی پڕ لە ئاهەنگا هەتاکوو، دنیا، دنیایە ئەیپارێزم ئەو نیگایە نامەوێ یاقووت، تاجی جوان مرواری و زێڕ، کۆشک و سامان ئەمانە، لای من بێنرخن بە تەنیا، نیگای ئەوە، من بۆی شەیدام، پەرۆشم هەرگیز ئای بۆ نیگای گەرمی ئازیز «با بیکەم بە ملوانکەی گیان» «بیکەمە گەردنی ژیان» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ورشەی داس ئەی هاوڕێیانی قوتابیم من لە دەروونتانا ئەژیم لە ئەگری گۆرانیا لە نرکەی کامەرانیا لە ورشەی ئەستێرەی گەشا لەناو قەیتانێکی رەشا لە تیشکی مانگی ئەمەلا لە جریوەی خۆشی مەلا ئەی هاوڕێیانی قوتابیم هەرگیزاو هەرگیز من ئەژیم کاتێ ئەم لەشەیان کوشتم خوێنی ئەم دڵەیان ڕشتم لەگەڵ دووکەڵ و ئاگرا کشام بەرەو ئاسمان برا ئێستە، لە ئەستێرەیەکام گوێم لێیە پێم ئەڵێن کوژرام گوێم لێیە لە ورشەی داسا لە هۆرەی خاڵۆ هەباسا دەنگی سروودی سەرکەوتن ڕائەماڵێ قەڵای دوژمن جوتیار : بۆ خۆتانە «شارا» چرای خۆشیتان هەڵکرا خەلەتان زەردە وەک ئاڵتوون ئەی برای جوتیار چاوتان ڕوون بۆ خۆتان ئەکەن شەن، درەو ئاگری ڕۆژ سووتانی شەو وتم زۆرداری و خوێنمژی چەوسانەوە، نابێ بژی بۆیە، درامە بەر تفەنگ تاکوو پشکۆی گەشاوەی دەنگ بنێنە ناو ئاوی مردن لایان وایە بە خوێن ڕشتن لەشکری «بەیان» ئەبەزێ چنگی هەقی گەل ئەتەزێ ئەی خاوەنی زەوی و زاری میراتی هێزی زۆرداری باوکە «چاو شینەکەتان» مرد ملی کەچ ناکا گەلی کورد ڕژیمی جمهووری ڕەگی خوێنمژینی دەرەبەگی لەبن دەرهێناوە لەبن خاوەن ماڵ تەنیا جوتیارن ئەم خاکە ئەم زەوی و زارە پشتاوپشت ماڵی جوتیارە ئەی هاوڕێیانی تێکۆشان خەفەت و «قوتیلە» و گریان کسپەی زامی کۆنی بەسوێ بنێنە ناو تابووتی نوێ ئەی پاڵە و هاوڕێی قوتابیم هەمزەی حەسەن ئەڵێ ئەژیم هاوڕێینە بۆ من مەگرین «بڵێن هەر بژی نەبەزین» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پاراو پەروانە لە تیشکی چرا لەو شەوقەی وا لە ئاگرا یا شەماڵ لە چرۆی پاراو بەهار لە هاژە هاژی ئاو بێزار بن هێشتا دڵی من لە تامی جوانی پەرستن وەڕس نابێ تاکوو ئەمرێ وەک گوڵی پاییز ئەوەرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرداخێ ئاو سەرنجێکی گەشی بەتام چاوی دڵداری هەڵهێنام موتورفەیەک بوو خوێن شیرین بەژنی شووشە قژی زێڕین ڕەنگی پەنجەی ڕەنگی لاجانگ وەکوو تریفەی گەشی مانگ هات پەرداخێ ئاوی یامێ ئاو بوو؟ یاخود چەشنە تامێ نە لێو چەشتێبێتی نە گیان پەرداخێ لە ئاوی ژیان خۆزگە جارێکی تر ئەمچەشت ئاو لە دەستی پەریی بەهەشت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەپوولەی بەهەشت چاوت کەوتە نیگا ڕشتن ئەی فریشتەی بەهەشتی من لەرزینی دڵۆپی ئەسرین لەسەر خونچەی کوڵم شیرین مەلی دڵی داخورپانم ئاگری بەردا لە گیانم پرسیت ئەرێ بەڕاست گیانە توو «شیرینی ئەم ژیانە»؟ تۆ من خۆش ئەوێ بە دڵ؟ وەک من گیانت هاتۆتە کوڵ! من ئەڵێم هەرچی شک ئەبەم بە یەک تریقەی تۆی ئەدەم تەنیا بۆ یەک زەردەخەنە بۆ لەرەی ئەو بەر گەردنە هەرچیم هەیە مایەی ژیان بە ئانێ ئەیکەم بە قوربان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چرۆی شیعر لە پەڵەی هەوری تەڕی بزێوا لە هاژەی ئاوی چەم و نشێوا لە خرمەخرمی «شەستە بارانا» لە دوا هەنسکی قوڵپی گریانا ئاوازەی گەرمی شیعرم بیستوە زۆر جار لە تاوا لێوم گەستوە تا دێڕی شیعری جوانم ڕست ئەکرد ئارام لە دڵما وەک ساوا ئەمرد ئەگەڕام غەمگین بۆ چرۆی شیعرێ بە ویشوومەی ژین، زوو هەڵنەوەرێ کە واتە ئێستە، کە دڵم شادە گیانم لە کۆتی جەخار ئازادە گوڵە سوورەکەم گەش، و پاراوە کەلەپچەی دەستی هەوڵم پساوە ئەبێ، شیعرەکەم تەڕ و بڕتر بێ گەرم، وەک گڕی گەشی ئاگر بێ لە جاران، گەلێ خۆشتر بێ نەغمەی لە تام چەشتنیا هەر بڵێم ئۆخەی بنووسە، دێڕی پڕ تام و لەزەت دوور بێ لە گریان، هەنسک و خەفەت شیعرێ بێدەنگی پڕ لە ئاوازە بتوانم بڵێم شیعرێکە تازە ڕەنگی وەک ئاسۆی ژینی ئێستا بێ ڕەونەق و گەشی ژیانی تیا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەرپای ئاڵتوون بنوو لەسەر چەرپای ئاڵتوون لە تەلاری ڕەنگاوڕەنگا ئەم کۆمەڵە دڵەش مردوون! لە تاریکی شەوەزەنگا *** بنۆشە، خوێنی دڵپاکیم لەناو لەپی دەسی خۆما بیکە، بە زنجیرێک چاکیم شەتەکی دە لە ئەستۆما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیان و تەمەن ژین لە لای دڵسۆز هەر تێکۆشانە هەوڵە بۆ خاکی ئەم کوردستانە خۆزگە ئەندازەی ژیان و تەمەن تێکۆشان بوایە بۆ خاکی وەتەن ئاخۆ تەمەنی کام دڵسۆزی کورد لە چوار پێنچ ساڵێ تێپەڕی ئەکرد! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کچە نەغەدەیی بەژنی ناسک، قژی زێڕین باڵ بەرزێکی خوێن شیرین ورشەی ئەو ڕوومەتە ئاڵە هی ئەو بەرگەردنە کاڵە لەگەڵ پرشنگی چاوی ڕوون ئەڕژایە دڵ و ناو دەروون وەسفی بە هەنسکی شمشاڵ ئەپژایە دەشت، دەوەن قەدپاڵ کچە کوردی تا بڵێی جوان وەکوو فریشتەی خەوی شوان ئەو کچە جوانەی نەغەدە چاوی بەخشی بۆ ئەم کوردە دوژمن پێی ووت ئەی وردیلە ئەی کچە کوردی نەشمیلە حەیفە، ڕوومەت، کەمەر، بەژن چاوی گەلاوێژی و گەردن ئەبەخشی بە، لەوێچێ خۆڵ ئەی کیژی ساویلکەی کڵۆڵ وەرە، وەک کچێکی سەلار پێت ببەخشین کۆشک و تەلار هەر تەنیا یەک وشە بڵێ لە پەنهانی شەڕکەری دێ پێمان بڵێ کام پەناگا کام کەژ ئەکەن بە بارەگا ئەتبەخشین ئەی کچی پچووک ئەی خنجیلانەی ئێسک سووک ماچ کە، دەس و پەنجەی سەردار مەبە، بە قوربانی هەژار با، ڕوومەتی ئاڵی ناسک نەڕژێتە سەری خوێن تک تک با چاوی سەرنج ئاگرین ئەی کچە کورد هەڵنەکۆڵین کچ وتی: «ئەی زۆردارینە» بۆ ئەم خاکە نازەنینە قوربانە هەموو ژینی من بژی کورد، با بمرێ دوژمن من سەرن شۆڕناکەم هەرگیز پێشمەرگەم بۆ کوردی ئازیز جوانیی چاو، قژ، ئەم گەردنە ئەم بەژنە کوا هینی منە ئەبم بە قوربانی وڵات بۆ کورد گیانم ئەکەم خەڵات لای من شانازییە و خۆشی بڵێن کچێ چاوی بەخشی ئەی چاوی گەش هەڵتکۆڵن خۆشترە لە چاو شۆڕکردن ئەی برژانگی ورد نەلەرزی بە چاو بڵێ بۆ کورد ئەمری چەند خۆشە، چاو، بێ بە دیاری بۆ ژیانی کوردەواری هەر دوو چاویان گوشی بەتین بە پەنجە، تا هەڵیان کۆڵین خوێن ڕژایە سەر ڕووی نازدار بانگی کرد، با بمرێ زۆردار ئەی کچە کوردی قارەمان لەبیری ناچی، .. کوردستان ئەی چاو هەر بلەرزە و بڵێ دوژمنی کورد ئەبێ هەڵێ کچە نەغەدەی نازەنین ئەبێ تۆڵەت هەر بسێنین «ئاڵای خەباتمان نانەوێ» «کوردینە تۆڵەمان ئەوێ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەمانچە شکانیان، کەمانچەی دەستم بەڵام، زوو فریا کەوت، هەستم دروستی کرد، لە پەڕەی دڵ تەلەکانی لە تاڵی گوڵ ئاوازەکەی هەناسەمە نەغمەی ئەوات و تاسەمە دەنگی بڵندە، وەک، ژیان بە، سۆزە، وەک قاسپەی بەیان لە گوێ ڕووباری نەبەزین ئەڕێژێ ئاوازی شیرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵ ئەستێرە گوڵ ئەستێرەی ڕووی شەوزەنگ بریسکەی گەشە، ڕەنگاوڕەنگ وەک چاوی، گۆنای یا گەردن چەناگەی شیرینی خرپن تەزوو ناڕێژێتە گیانی فریشتەی نازداری جوانی پرشنگ نادا، لە تاڤگەی دڵ کچێ ڕووی گوڵ و بەژنی گوڵ *** زەردەپەڕی لێوی چیا پرشنگی گوڵ و سەوزەگیا پەلکە زێڕینەی ڕووی ساماڵ پرشنگی زێڕ، یاقووتی ئاڵ ناگەنە، بزەی لێوەکەی شەوقی ڕوومەتە سێوەکەی *** سروەی شەماڵ و خوڕەی ئاو هاژەی قەڵبەزی وەک بەفراو وەک پێکەنینی بەجۆشی دەنگی بەلەزەت و خۆشی پەپوولەی زەوقی سادەی ژین پێیان نایەتە هەڵفڕین *** بەژنی وەک چووزەرە ڕێواس دەمی یاقووت، پەنجەی ئەڵماس دەنگی بەسۆز، نەشمیلە و جوان فریشتەیەکی کوردستان قژی وەک چەپکێ تیشکی خۆر ڕەنگی تێ ڕژابوو سەد جۆر *** نایانە، سەر تەختە سەهۆڵ ناو گەرووی ماتەمینی دۆڵ سەربازی تورکی دڵ ئاسن شەیدا بوون بۆ خوێناو ڕشتن دوای زیندەبەچاڵ کردنی هەزاران کوردی وەتەنی کچەکەی دەرسیمیشیان کوشت خوێنی کچی شەبەقیان ڕشت نرکانی، کچەکەی دەرسیم من هەزار هەزار ساڵ ئەژیم ئەژیم، لە خاکی خوێنینا لە خونچە و ساماڵی شینا دەرسیمی وتەی سەربەرزی لەناو، گەرووی کەژا تەزی دەنک دەنک وەک تەرزەی ورد با، بردی بە دیاری بۆ کورد ئەگریجەی دەسکەنە کراو ڕژایە ناو، شەپۆلی ئاو ئەوەتا، بە چاوی دەروون ئەیبینم قژی وەک ئاڵتوون ئەڵێ «ئاکامی سەرکەوتن» «ئاڵای کوردم پێ بچنن» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هۆنراوەی ئاڵ لە تریفەی مانگی زیوین پرشنگی گوڵاڵە و نەسرین لە جوانیی گەردن، تەوالێت هەر نەخشێکی شیرین هەبێت لەمانە و، فرمێسکی دڵخواز لە چپەی خۆش و وردەناز لە ئاوریشمی نەرمی هەستم نەغمەی خۆشی دڵی مەستم بە پەنجەی نازداری خەیاڵ تۆم دروست کرد ئەی شیعری ئاڵ تۆش وکوو باڵداری بزێو ئەچیتە ناو بریسکەی لێو خونچەی دەروونم ئەمژی ئارامی گیانم ئەکوژی کەچی نامبەی بۆ ناو دەمێ کە من هەر وا تۆی ئەدەمێ هەر چەندە زۆر بەلەزەتی بەڵام ئاخ چەند بێ سفەتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەستم لەسەر لێوم زەردەخەنەی گەش و جوان خوای دڵخۆشی ڕایئەژەنێ بە نەرمی بۆیە دڵم قەت، مل نانێ بۆ گریان پێئەکەنێ بەجۆش و کوڵ بە گەرمی *** لەناو گوڵا، بریسکەی نەختێ ئاورنگ ئەبێ بە هۆی دڵخۆشی و کامەرانیم دیمەنی جوان بریسک و هووڕی گزنگ بۆم دەرئەخەن، کە من چەند شەیدای جوانیم *** تا، بارانی خەمی ژینم بەتاو بێ بزەی دەمم وەکوو پەلکەی زێڕینە دەرئەکەوێ و قیبلەم ئەبێ هەتاو بێ نائومێدی تیری زەهراوی ژینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شووشەی شکاو سەبارەت: دەربارەی مناڵ دایە گیان شووشەکەم شکان شووشە، جوانە بچکۆلەکە... زرنگ کە، دام بە زەویدا دەنگی لێ هات وەک چۆلەکە چەند جوان بوو، کاتێ ورد و خاس پژایە ناو کەوش و کڵاش - : ئا.. لاچۆ، خۆت لادە کچێ وریا بە، با پێت پیا نەچێ دەستت شکێ... دەک ڕۆڵە دەستت هەڵوەرێ خوا، ئەم نازەت لێ وەرگرێ ئا، ڕامەکە، جوختیی نەفام با نەختێ تاڵاوت بەمێ پەنجەت پڕ کەم لە تەزووی ژان - : دایە گیان بۆ؟ - : ئا تۆ مەڕۆ - : دایە من، شووشەکەم شکان بەڵام، خۆ تۆ بەری بەیان بە، ناڕەوا... لەسەر کراس سوخمە و کەوا نایلۆنی تازە داهاتوو دڵی باوکی منت شکان - ئەی چوختی، ئا، ڕامەکە، تۆ - : دایە گیان بۆ؟ من هەر شووشەیەکم شکان بەڵام تۆ دڵی بەسزمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جیمی ولسن سەبارەت: چیرۆکی شانۆ حاکم: موتتەهەم بێ جیمی ولسن بانگکەر: جیمی ولسن حاکم: ناوت چییە؟ -: جیمی ولسن پەروەردەی خەم، سزا چەشتن هەژارێکی مەچەک ئاسن حاکم: تەمەنت؟ -: پەنجا ساڵ ئەبێ حاکم: ئیشت؟ -: دەربەدەر و بێ جێ کارگەرم ڕۆژانە جنێو زۆر شەو ئەنووم بێ نان و شێو دەمێ قاپێوانم لە شار دەمێکیش لە لادێ جوتیار بۆیاخچیم، لەلەم، گەسکدەر زۆر لێکراوم دەربەدەر حاکم: خەڵکی کوێی تۆ؟ -: خەڵکی ئێرەم ئەم خاکەیە وڵاتەکەم «مدعی گشتی»: ئەم درنجە گەورە، ڕەشەکۆمەڵێ تاوان و خەشە دڵی سیخناخ بووە لە ژان بەرامبەر پارەدارەکان ئەمەندە بێفەڕە ئەڵێ نابێ سپی بە من بڵێ تۆ نۆکەری وەرە سەرچۆک بۆ دەوڵەمەندی نیۆیۆرک ئەڵێ من ڕەنجی شانی خۆم ئەبێ وەک ئینسان خۆم بیخۆم ئەڵێ ڕەشیش وەکوو سپی ئەبێ بە سەربەستی بژی ئەی دادپەروەر ئەی گەورەی من ئەمەیە ڕەفتاری وڵسن ڕۆژێکیش لە شۆخەژنێ پرشنگی جوانی ئەڕنێ بەداسی نیگای ژەنگاوی ئەدا لە پرەچەمی خاوی جانتاکەشی لێ ئەدزێ گۆڕ وایە، لەشی داڕزێ لەبەر ئەوە داوامە من بیفەوتێنن، جیمی وڵسن حاکم: بانگیکەن خاتوو جین ڕێسل بانگکەر: خاتوو ڕێسل حاکم: ناوت چییە -: گەورەم ڕێسل حاکم: تەمەنت؟ -: پێم ئەڵێن هەژدەم حاکم: تۆسقاڵێ ناجووڵێنی دەم؟ چیت دیوە، دەریخە بۆمان لە کردەوەی پڕ، لە تاوان جین ڕێسڵ: ئەم ڕەشە وای تێئەنواڕیمتیری چاوی سنگی سمیم پشکۆی سەرنجی ئەنایە ئەم سەرسنگە بێهاوتایە نەختێ ڕووتیش بوو بە، ڕێکەوت جار جاریش هەمووی دەرئەکەوت دوای ئەوەی تێر سەیری کردم دوو دۆلارەکەشی، بردم!! «مدعی گەشتی»: گەورەم ئەمە لەناو نەبەنزیان لە ئەمریکا ئەدەن حاکم: تۆ چی ئەڵێی جیمی ولسندەربارەی خۆ ڕزگارکردن جیمی ولسن: من ڕەشم وەکوو شەوەزەنگوەک دوکەڵی بۆمبا و تفەنگ لەناو شەوەزەنگی لەشا لە قەفەزی سنگی ڕەشا دڵم مانگێکە وەک ئاڵتوون تریفەی گەش، دڵگیر و ڕوون ڕەنگم ڕەشە وەک دڵ تۆ دڵم گەش وەک تیشکی ئاسۆ ئەرێ ئێوە دیموکراتین؟ دیموکراتی سەوزە، یا، شین ئێوە، زەروون، بۆ خوێنمژین کوللەی خەلە و خەرمانی ژین لەسەر نەزمی «ڕۆک ئاندڕۆڵ» لەشی هەزار ئەکەن بە خۆڵ من ئینسانم خەڵکی ئێرەم ئا، ئەمەیە وڵاتەکەم بۆتان بلوێ دنیا یەکسەر ئەکەن بە گڕی سووتێنەر شاری جوانی هێرۆشیما چتیان لێ نەکرد بە بۆمبا دڵی دایکی سپی، یا، ڕەش ئەنێنە ناو ئاگری گەش ئنجا، تەنەکەی ڕنگکراو ئەدەن بە دایکی کوڕ کوژراو مەداڵیایە، هی پیاو کوشتن تا کەی بەم چەشنە خوێن ڕشتن تا کەی برینی پڕ ئازار لە کەڵبە و نینۆکی زۆردار ئەمڕۆ ڕەش و سپی بران سەربازن بۆ شادی ژیان ئەمە بوو وتەی دڵی من پشکۆی نوتقی جیمی ولسن حاکم: مردن... مردنبڕیار درا جیمی ولسن بە کارەبا لەناو بردن جیمی وڵسن: بمرێ هێزی ستەمکاریوەرگەڕێ تەختی زۆرداری بژی هێزی چینی کارگەر بژی بە ئازادی بەشەر ++++++++++++++++++++++