شاعیر: کامەران موکری کتێب: گوڵ ئەستێرە سەرناو: ورشەی داس ئەی هاوڕێیانی قوتابیم من لە دەروونتانا ئەژیم لە ئەگری گۆرانیا لە نرکەی کامەرانیا لە ورشەی ئەستێرەی گەشا لەناو قەیتانێکی رەشا لە تیشکی مانگی ئەمەلا لە جریوەی خۆشی مەلا ئەی هاوڕێیانی قوتابیم هەرگیزاو هەرگیز من ئەژیم کاتێ ئەم لەشەیان کوشتم خوێنی ئەم دڵەیان ڕشتم لەگەڵ دووکەڵ و ئاگرا کشام بەرەو ئاسمان برا ئێستە، لە ئەستێرەیەکام گوێم لێیە پێم ئەڵێن کوژرام گوێم لێیە لە ورشەی داسا لە هۆرەی خاڵۆ هەباسا دەنگی سروودی سەرکەوتن ڕائەماڵێ قەڵای دوژمن جوتیار : بۆ خۆتانە «شارا» چرای خۆشیتان هەڵکرا خەلەتان زەردە وەک ئاڵتوون ئەی برای جوتیار چاوتان ڕوون بۆ خۆتان ئەکەن شەن، درەو ئاگری ڕۆژ سووتانی شەو وتم زۆرداری و خوێنمژی چەوسانەوە، نابێ بژی بۆیە، درامە بەر تفەنگ تاکوو پشکۆی گەشاوەی دەنگ بنێنە ناو ئاوی مردن لایان وایە بە خوێن ڕشتن لەشکری «بەیان» ئەبەزێ چنگی هەقی گەل ئەتەزێ ئەی خاوەنی زەوی و زاری میراتی هێزی زۆرداری باوکە «چاو شینەکەتان» مرد ملی کەچ ناکا گەلی کورد ڕژیمی جمهووری ڕەگی خوێنمژینی دەرەبەگی لەبن دەرهێناوە لەبن خاوەن ماڵ تەنیا جوتیارن ئەم خاکە ئەم زەوی و زارە پشتاوپشت ماڵی جوتیارە ئەی هاوڕێیانی تێکۆشان خەفەت و «قوتیلە» و گریان کسپەی زامی کۆنی بەسوێ بنێنە ناو تابووتی نوێ ئەی پاڵە و هاوڕێی قوتابیم هەمزەی حەسەن ئەڵێ ئەژیم هاوڕێینە بۆ من مەگرین «بڵێن هەر بژی نەبەزین» ++++++++++++++++++++++