شاعیر: کامەران موکری کتێب: گوڵ ئەستێرە سەرناو: قوببەی هەیاسە ئەسپەکەم تاو ئەدەم بە گوڕ بەسەر کەژا، ڕووباری خوڕ ئێوارەیە، گرد، وەکوو مس لە شنەی بای گەرم وەڕس مانگ وەکوو قوببەی هەیاسەی زیو ئەگەڕێ، شەخەڵ، دەشت و شیو هەگبەکەم پڕە لە سووتوو لە خۆڵی مەچەکی مردوو مەتارەکەم پڕ لە ئەسرین ئەگەڕێم، دڵم کەیلی قین ئەسپەکەم چوار پەلی وەک خوێن ڕەنگ ئەدا لە گەلێ شوێن مناڵ وەکوو پەپوولەی ورد کۆمەڵ ئەبەستن لەسەر پرد بە تاڵی زەردەخەنەی سوور ئەتەنن لێم، پردی ڕێی دوور دیاریم پێیە، خێرا، دڕ دەن ئەمرین بۆ ئێوە و، بۆ وەتەن ئەسپەکەم تاو ئەدەم بەگوڕ بەسەر کەژا ڕووباری خوڕ ++++++++++++++++++++++