شاعیر: کامەران موکری کتێب: گوڵ ئەستێرە سەرناو: شەڕی گەورە لە داڵانی مزگەوتێکا برسێتی دڵی ئەپێکا زەردەپەڕی ڕەنگ ئاگرین ڕژایە ناو حەوزێکی شین لەسەر بەردەنوێژێکی پان یەکێ دەسی کرد بە بانگدان ئاوازەی ورتەی خواناسین هەڵئەسا، ورد، مات و غەمگین دوای ئەوەی نوێژ کۆتایی هات دوو کوێری بەسزمانی مات کام وشە گەرمە زۆر بەتین کامیان دڵ دێنێتە لەرزین ئەیان ڕشتە گەرووی داڵان ڕستیان ئەکرد بۆ لەتێ نان پشتێن ڕەنگ زەردی وەک گۆگرد باسی سنوقە چای ئەکرد یەکێکیان دەنگی هەڵبڕی «تۆ بووی نانی منت بڕی» من؟ برا گیان منیش وەک تۆم هیچم نییە ئەم شەو بیخۆم لەناکاو بوو بە شەڕەدار زریک و هووڕ گرمە و هاوار دڵۆپی خوێنی لەشی زەرد ئەپژایە سەر دیواری بەرد قەوما شەڕێکی ئێجگار زل تا هات مەلای، شۆخ و چاو بە کل مەلای پۆشتەی تێر و تەسەل دەری کردن بە پەلە پەل هەندێ لە کوڕە دەوڵەمەن کە هەیانە شتی دەگمەن ئەیان فەرموو!! شەڕی ئاوا ناشیرینە بۆ ماڵی خوا لام وابێ هەر ئەو شێوانە بردیانن بۆ بەندیخانە نازانم تێریان خوارد لەوێ؟ ئەمە پرسینێکی ئەوێ ++++++++++++++++++++++