شاعیر: کامەران موکری کتێب: زەبری ھۆنراوە سەرناو: ئاگری قاسپە کەژی سەختی بەلێشاوی فرمێسکی ئاسمان ڕوو ژاکاو پێ شەقار بووی ئاوی چەمی خوڕ کەژی ماندووی چۆک دادانی هەزار هرزاران ساڵی پێشووی تەمەنێکی چەشەی خوێن وگڕ *** ڕەنگ بزرکاو ئەینواڕیە مەرگی زەردەپەڕ پەلەوەری خاڵی گۆنای ئاسۆیەکی سوور ئەینواڕیە تەپوو تۆزی ڕێچکەی ڕانەمەڕ چاو لێک نانی بریسکەی چەم دێی بناری دوور *** لەم کاتەداکە ئاگری قاسپە قاسپی کەو لەدۆڵەوە هەڵئەزنا بەرەو لوتکەی شاخ خەوپژێنی دەست وپەنجەی نەرم ونۆڵی شەو هەر کە جووڵا، زرمە هەستانزیک لێوی باخ *** کەوپێکرا ڕاوکەری گورج، بەسەر بڕین فێر چەقۆی نایە سەرگەردنی ناسکی پڕ خاڵ دڵی کەوی چرکەی دوایی زیندەگی ژمێر دوا تروسکەی یادی ڕشتە، ناو بنێشتە تاڵ *** کە نواڕیە ڕاو کەرەکە، هەر ئەوەی پار بوو ئەم جارەش یاربەقاسپەی خۆش بەم دەردی گەیان بنێشتە تاڵ پار فریای کەوت کاتێ زامدار بوو بەڵام تازە بنێشت ناگا بەهاواری گیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم ئادەمزادانە سەبارەت: ١٩٦٥ تازە خۆری بەیانی هەڵ ئەزنا بۆ ئەم دیوکەژ بەناو دار و دەوەندا تازە تەزووی ماندوێتی ئەرکی دوێنێ لە ئەژنۆوە ئەخزا بەرەو پەنجەی پێ تازە دڕکی دڕکی ڕەنجی دوێنێی بێ وچان هەڵئەوەرێ لە دەماری بازووشان کە داسەکەی هەڵگرت ونانە بەرە ورد ورد کشا بەرەو ئەو دەشت و دەرە *** لەسەر سنگی لەت وپەتی خەرمانان زامی پەنجەی دیسانەوە هاتە ژان ڕەنجی سەختی بە تەنیا هەر بۆنانە بۆ مناڵی ڕووتەڵە و بەسزمانە *** کاتێ زەردە توایەوە ناو ئەو دیو شاخ تاریک داهات دارستن و چەم و باخ گەڕایەوە بۆ بەردەمی دیواخان تا بزانی چی هەیە کار و فرمان کوڕی ئاغا پێی وت: بۆ چی وەستاوی لەجێی خۆتا وشک ئەڵێی ڕواوی ڕا کە خێرا مەسینە و لەگەن بێنە تەمەڵ مەبە، چالاکی خۆت بنوێنە ئەم نەزمییە تا کەی سەپانی هەژار گەمژە نەبی ئاوا ناکەی بۆ زۆردار دوای ئەرکی ڕۆژ بۆ چی دێی هەڵئەوەستی دیسان کەمەر بۆ کاری تر ئەبەستی هەر بۆ نەختێ نان و چێشتی بەرماوە دەستی سووکیت لەسەر کەمەرت ناوە؟ ورتە بکا یەکێکی وەک من بە دار خپی ئەکەی لەسەر خاوەن زەوی و زار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو ژنە سەبارەت: ١٩٦١ گوڵی پاراو کاتێ کەدێتە شنە جوانتر نییە لەو ڕوومەتە خرپنە؟ گڕی کاڵی پشکۆی کەمێ گەشاوە ڕەنگی جوانی ناگا بەو گەردنە نەغمەی باخی شەوی بەشەونم شۆراو بەسۆز نیە وەک تریقەی ئەوژنە هەنگی چرپەی، لەرەی بەژنی ناسکی مۆسیقای گیان، ئاواتی دڵی منە هەر چەند ئەکەم، وشەیەکم بۆ نایە بیهاومە بەردەمی ئەو شەرمنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باخی بەژن تا چاو بڕکا دەشتی دەروون هەر گوڵ بوو پەریی شادی و پێکەنین ئاشنای دڵ بوو لەسەر پۆپەی دارگوڵی هۆنراوەی جوان لەناو باخی شیرینی بەستەی نیان لە ژێر سایەی درەختی میوەی وشەم هوزاری دڵ ئەیڕشت ئاوازی تاسەم لەبەر تاڤگەی ئەگریجەی زەرد و خاوا لەگەڵ شنەی پەپوولەی نیگای چاوا لە ناو ورشەی کانیاوی چاوی کاڵا لە سێبەری گوڵزاری لێوی ئاڵا لەسەر تەختی ناسکی بەفری سنگا لە باوەشی بزەی وەکوو گزنگا هەنگی چاوم خەریکی گوڵ مژین بوو هەر گوڵێکم ئەدی لای من شیرین بوو ڕووناکایی شەوم تریفەی سنگ بوو بەیانی من قووڵی مییلەو گزنگ بوو کۆرپەی عەشقی تازە گڕوگاڵ کردووم خونچەی تامی ژینی تازە پشکووتووم ئەویان گۆشی شیری پەریی جوانیی بوو ئەمیان گەشی سروەی بای نیانی بوو چاوی خۆزگەی نمی ئەسرین نەڕشتووم دڵی تاسەی تامی خەفەت نە چەشتووم هەر ئەگەڕان لە ژێر چارشێوی ئەرزا بۆ لەرەی لەش لە باخی بەژنی بەرزا بۆ ئەو دەس و پونجانەی سپی و نەرمن بۆ ئەو کوڵم و چاوانەی گۆشی شەرمن دەمێ کەژاڵ، باریکەلەو کەمەر تەنگ دەمێ خرپن، گەنم ڕەنگ و شۆخ و شەنگ دەمێ مناڵ، ناسک وەک بووکی ڕێواس دەمێ کچی شۆخی ناو گوڵزاری ناز تا چاو بڕکا دەشتی دەروون هەر گوڵ بوو پەریی شادی و پێکەنین ئاشنای دڵ بوو بەڵام مەلی تینووی سەرنجی جوانی هەر تینوێتی نەشکا، هەر چەندێ ڕوانی نە هۆنراوەش گەیشتە ئەو چیایە کە کۆتایی باسی دڵداری تیایە دڵیش هەروا هەر چەندە گەردی پیری یا تۆزێ خەم، تۆزێ ئاغری و ژیری لێی نیشتبێ هێشتا هەر تەڕە وەک گوڵ کەی تێر ئەبێ لە پەرستن عەشقی دڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ ئاگاداری سەبارەت: ١٩٧١ هۆنراوەکانم هەر بۆ ئافرەت بوون بۆ خونچەی گوڵ و بۆ جوانیی سروشت خوێناوی ئەمژی لە بەهرەی دەروون ڕستی زێڕین و جوانیان دائەڕشت *** هۆنراوەکانم لە ناو دەروونا بۆ پەڕەی گوڵی وەریو ئەگریان لە پایزێکی مات و زەبوونا لەگەڵ وەیشوومەی زەردا، ئەیژیان *** ئەی چاوئەی کانیی بەهرەی پێشووی من ئەی ڕووئەی مانگی شەوی جارانم ئەی ناز، ئەی لەرەی شیرینی بەژن ئەی زەردەخەنەی خەوی جارانم *** ئەی گوڵ، ئەی چرۆ، ئەی لوتکەی چیا ئەی کچی جاران گڕی ئاواتم ئەی کانیی ڕوونی کۆشی سەوزە گیا ئەی کچی جوانی کەژ و دەشتی وڵاتم *** هۆنراوەکانم بوون بە پەروانە لە دەوری چرای ئێوە پەرەستن خۆشم بەم چەشنە بووم بە دێوانە بەڵام ئێوەی بت بەهرە نەویستن *** گوڵ، گوڵی هەموو دەشت و چیایە هەستی نیانی و ژاکان نازانێ هەرچی ناسکی و ڕەنگینی تیایە ئەیبەخشێ بەگشت، نەک پەنجەی جوانێ *** کچیش، دڵداری هەر چەند بەتین بێ هێشتا هەر شەیدای زێڕ و سامانە خۆشەویستێکەی چەند ئاگرین بێ ئەیگۆڕێتەوە بە یەک گەردانە *** کوردستانیشم، کە من شاعیرم لێم نەدەی لەگەڵ منا نیان بێ من کە فرمێسکی هۆنراوە ئەگریم ڕۆژێ نەمدیوە بۆم میهرەبان بێ *** بەڵێن بێ ئەی کچ، بەڵێن بێ ئەی گوڵ ئەی دەشت و دەر و چیای کوردستان من جارێکی تر، نە بەدەم نە دڵ بۆ ئێوە نەڵێم هۆنراوەی جوان جوان *** تەنیا هۆنراوە ئەڵێم بۆ هەژار هەر لەگەڵ ئێوەم ئەی هەژارینە تەنیا هۆنراوە ئەڵێم بۆ هەژار هەژار هەوێنی شیعری خوێنینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاڵی گڕ سەبارەت: ١٩٦٣ پشکۆم کرد بە ئەڵقە و بازن گەردانەی ئاگر بۆ گەردن لە تاڵی گڕ چنیم لەچک بۆ قژ و ڕوومەتی ناسک کراسی نەرمی ئاگرچن ئاو دامان ئاڵا لە بەژن نێڵەنێڵی ئاگری خۆش بوو بە نەغمەیەکی بە جۆش دووکەل لەسەرسنگ و مەمک بوو بە دەسماڵێکی تەنک ووتم: بۆ دیدەنیت تینووم ئەی پەری وەرە ناو پێلووم دایمێ چەپکێ ئاگری ڕووت پشکۆی لێوی هیچ نەبزووت دوا گۆرانی ئارامم کوشت خوێنی داو بەستەی گەرمم ڕشت قیژانم نامەوێ ئاگر مەبارێ ئەی کلووی بەفر بەژنی شەنگە کەم بەفرینە بەرگی جوانی ئاگرینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تکەی ئاگر سەبارەت: ١٩٦٧ شەویان تکانە ناو پێڵووم تکەی ئاگریان سوولە ڕووم مانگی دەروونیان شکانم ئەستێرەی دڵیان پروانم لوتکەی چیا داماوەکان گوند ڕەشە سووتاوەکان ئەسرینی کڵپە ئەڕێژن جریوەی ناسک ئەنێژن بە نۆ خەنجەر دڵیان سمیم لە ئاگر و خوێناو ئەژیم نۆ ساوای هیوایان کوشتووم ئارامی نۆ ساڵیان ڕشتووم وا شیعرم داگیرسانەوە ئاسنی سامم توانەوە دوا قەڵای وەنەوزم ڕووخان خوێنی ئۆقرە و ماتومم ڕژان هاتوومەوە، بەرەو مەڵبەن بەرەو شاری دەروون بۆگەن بنوو ئەی شاری خامۆشان شاری نەفام و ڕەشپۆشان دەوور لە ئەرخەوان سووری سام بنۆشە شەرابی ئارام با گوڵانی یاد هەڵوەرن درووشمی زەبر داگرن تەرمی خەمخواری بنێژن خوێنی ڕابردوو بڕێژن بنوون نوستنێکی بەتام نوستنی گێلۆکەی نەفام ئەوانەی مردن بۆوەتەن لەخەویشا ناویان نەبەن دڕدەن ئەی کێوانی ژیان ئەبێ شاخ بێنمە گریان ئەبێ هەزاران پێشێل کەم تا ئەگەمەوە دڵە کەم ئەو دڵەی وەک دڵان نیە سەختە نەرم ونیان نیە بێ بەزی بەو ژان بەدەست وەک خۆم جەربەزەو بێ دەربەست وەک ئێوە نالەبار نییە کۆیلەی کۆشک و تەلار نییە دڵە گەشەکەی جارانە «دڵی پاکی تێکۆشانە» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەزووی ئاوازە سەبارەت: ١٩٧٠ لەناو باخی دڵی منا، تەنیا خەزانە گوڵ ناپشکوێ، بلبل زەبوون، گەڵاڕێزانە هەور ئەگری، ئاسۆ ڕەشپۆش، ئاسمان غەمگینە بۆهەرلایەک گوێ هەڵئەخەم زایەڵەو شینە ڕۆژێ نەبوو لەخواستی خۆشیم تاسەم شکابێ لەناو باخی کامیاریما چاو تروکا بێ یا پانایی ئاسمانی دڵ یەکسەر ساماڵ بێ دەشت پاروو فەرشی بەهار گوڵاڵەی ئاڵ بێ هەر پایزەو هەورە گرمەو شریخەو ناڵە «گەڵاوەرین، شینی بلبل، مەرگی گوڵاڵە» جەرگی نەغمە مەی مۆسیقای خۆش، تەزووی ئاوازە سنگی کۆرپەی وشەی ناسک، هۆنراوەی تازە دران بەسەر دڕکی، بەردی مەینەتی تام نەچوشتووی قومێ شادیم، دەروون عەزرەتی تەمەنێکم من بەسەر برد هەمووی مەترستی تاوێ بەند ودەمێ بێ ئێش سەردەمێ برسی ڕۆژێ نەبوو تەسەلام بێ لەپشوو ئارام تەمەنێکم پێچایەوە، پڕی بوولەسام یالە نووگرە عەزرەتی بووم بۆ قومێ بەفراو من وبەرد وهاوڕێکانم جگەر هەڵقرچاو هەر سەبوون بوو، قرچەی گەرما، هەر بیابان بوو نەچلی تەڕ، نەگوڵی گەش، نەچیای جوان بوو یاسەردەمی ئاوارە و وێڵ جێم چۆڵی وهەرد بوو دۆشەک زەوی، لێفەم ئاسمان، سەرینم بەرد بوو ئێستەش تڵپەی تفی خەفەت دوا قووم ئەنۆشم هەر بەڕەشی وتاریکایی ژیان سەرخۆشم هاوڕێکانم وەک من شەیدای خاکی وڵات نین سووتەمەنی کڵپەو گڕی ڕێگەی خەبات نین هاوڕێکانم هەر بەدەم هەن... ، شەیدای سامانن دەمێ درۆن، زبرەی دەست و بازووی تاوانن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانیی ڕووت سەبارەت: ١٩٧٠ کراسی پەمەیی تەنک کراسی پەمەیی تەنک وەک پەڕەی گوڵ لە پایزا لەسەر گۆی مەمکی ئەخزا هەراسان بوو کەمەری شل لەسنگی گۆئاتن ولەجل نەرمایی قۆڵ، لامل و شان بەو بەرگە نەرمە ئەڕووشان مانگ چارشێوی هەوری لابرد چرای زەردەخەنەی هەڵکرد دەستی هێنا تریفەی گەش کۆکاتەوە لە تیشکی لەش گژ گیا سەریان دانەوان لەدەوری پێ وپلە گەڕان بەپریشکی گۆنای... ئاسمان ئەستێرەی سنگی داگیرسان پەڕەی گوڵ و نمی ئاورنگ مژیان بۆنی عەتری سنگ چرۆ و خونچەی جوان و ناسک چاویان بڕییە گۆی مەمک وتم ئەی کچۆڵەی نیان لەوەدایە نرخە ژیان کە دەم و لێو بگاتە دەم بژاکێ ئەگریجە و پەرچەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەرمانەی سنگ پەنجەی نەرمی برد بۆ دوگمە ترازانی پەندی سوخمە بەرگی ئاڵی پوڵەکە چن لەرزی وەک پەڕەی دڵی من دەستی برد بە دوو سێ تەکان دەریهێنایە مانگی ژیان گوێ مەمک ڕووی کردە ڕوومەت ڕشتی عەترو تەزووی لەزەت تەلاری خامۆش و بێدەنگ تێیڕژا هەزار و یەک ڕەنگ ئاوێنەی ڕعنگ مەیلەو گزنگ ڕوون بۆوە بە خەرمانەی سنگ کاتێ خۆی گوشی مەمکی ڕووت تەزوو لە دەماریا بزووت لە سنگی گەرم و ناسکا قەترەی ئارامی خۆی تکا سست بوو بەژنی نەرمی خۆشی تا زوو بە قژی دایپۆشی ژین هەرچی تیا هەیە جوانی ناگا بە سنگی نیانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوگمە و قەیتان سەبارەت: ١٩٦٦ لە جووڵەی نەرمی باوەشی سوخمە کە چنگ گیر ئەکا قەیتان لە دوگمە لە نەرم و شلیی کەمەر و لەشی تیشکی گوڵاڵەی ڕوومەتی گەشی لە ناسکۆڵەیی کوڵم و گەردنی چەپکێ هۆنراوەی ڕەنگینم چنی کەچی ئەو کچە شۆخە ئازیزە هەر لەسەر ئەو دڵی لێم زیزە ئەمەی من کردم لای ئەو تاوانە نابێ پێی بڵێم وەک پەری جوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەبر سەبارەت: ١٩٦٩ لە سنگا، دوو سێوی گوڵ بەدەم کاڵ و تورت هۆی دڵیان بە تیری خورپەی تیژ دائەگرت وەک قوببەی هەیاسە بێ لەرە و بزوتن ڕووی دەمیان ئەکردە چەناگە و بەرگەردن ڕوومەتی گوڵی گەش، لاملی وەک هەتاو بەژنی ڕێک، ناسکۆڵە، ئەگریجەی زەرد و خاو کە من دیم خوێنی گەش ئەچۆڕا بۆ سەرسنگ ئەسووڕا لە لامل، ئەگریجەی وەک گزنگ پێ لەسەر مەچەکی شووشەیی و لەسەر ڕوو تا ئەو دیو پەردەی گۆشت بە زەبر ڕۆئەچوو گوڵی دەم بوو بۆوە بە خونچەی نەپشکووت گەردی سام لە کۆشی پەڕەیا ئەبزووت گڵێنەی ئەوەندە خولی خوارد لە ترسا تا گیر بوو لە گوشەی چاوی وەک نێرگسا ئەو کچە، ئەو جوانە، ئەو بەژنە نازدارە ئەو شەنگە، ئەو گوڵە بێ باخ و بەهارە کەوتە ناو چڵپاوی پایزی گوڵ وەرێن ناو لیتەی تاوان و ناو گۆمی سووری خوێن وەک بەفری ڕێی ئاسمان خاوێن بوو داوێنی بەم ڕەنگەش ئابڕووی تکایە ناو خوێنی کچانی دراوسێ کە وەک ئەو جوان نەبوون ڕەفتاری پۆخڵیان پۆشیبوو بە ئاڵتوون دیبوویان هەنگی ماچ ئەو گوڵەی مژیبوو چنۆکی دەروونیان لە تاوا تەزیبوو قاویان دا مناڵی بزێو و هیچ نەزان لەو کچە بێکەسە وەکوو سەگ ورووکان خاتوونی کەتن باز، کە وەستای کارانە ئەو کچەی دەرپەڕان بەو بانگی شێوانە ئەو شەنگە ئەگەرچی دوای ئەوەش هەر ماوە بەڵام کز، دڵ شکاو، گوڵی ڕووی ژاکاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سروودێ سەبارەت: ١٩٥٧ ئەستێرەیەک بووم پەردەی شەوەزەنگ بە ورشە ورشی گەشم ئەپووا تۆوی گوڵاڵەی پێ دەشتی بێدەنگ لە خۆشت شەوقی ڕووی من ئەڕووا *** ئێوارە وەختە، لە دەمی کەڵا کاتێ ڕووناکیم ئەڕشتە کانی لەگەڵ فڕین و جریوەی مەلا جریوەم ئەهات بە شادمانی *** کشام وەک تیری زیوین زۆر بە تاو سەرەو خوار هاتم بەرەو ئاوی زیو وەک مەلێکی گڕتێبەردراو کەوتمە دوای دەوەنی ناو شیو *** چەشتم ناسۆر و سزایەک بەتین جەستەم بە خەم و مەینەت داڕزا تا پشکۆی دەروون، پشکۆی نەبەزین گڕی لە دار و لە دەوەن بەردا *** دوای ئەم سزایە ئینجا بووم بە مانگ تریفەم دنیای ڕۆشن کردەوە دەمەو ئێوارە نزیک کاتی بانگ وترا کۆڵنەدان جێی خۆی گرتەوە *** ئەم بەستە خۆشەی هەستم بۆی وەتەن گۆرانیی گەرمی کوڕە شوانێ بوو ئەو شوانەش دوایی هات وتی بە من ئەمە سروودی قارەمانێ بوو *** ژین ئاگرێ بێ و کڵپە بسێنێ لە بەفری دیلی ئێجگار خۆشترە دەنگێ بۆ شادیی گەل بنرکێنێ لە دەنگی زەلیل زۆر بە جۆشترە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوتووی پەیام نازداری دڵ، ئەی لە دەروونا پشکۆ ئەی درەختی مانگ و ئەستێرە و شەوبۆ ئەی پەپوولەی زەردەخەنەی خەیاڵم کچۆڵەی شەنگ، تاقە گوڵاڵەی ئاڵم ئەی جوانترین هۆنراوەی تازەی دەروون ئەی ئاوازی بڵێسە لە دڵ بەر بوون ئەی چاوی دڵ، ئەی شیرینتر لە چاوم پێشکەشت بێ، تاڤگەی تاسە و سڵاوم ئێستە لەناو سەنگەرێکام سک سووتاو لێو عەزرەتی، دڵ عەزرەتی قومێ ئاو ئەنواڕمە دەمی ئەوانەی مردوون پشکۆی تەزوو لە لێوی دڵم ئەسوون ئەو دەمانەی کە ئاکامی گیانەڵاو بانگیان ئەکرد هاوڕێینە قومێ ئاو دوێنێش وا بووم، بەڵام دوێنێ کوشتار بوو خۆنواندنی دوا شاڵاوی ئازار بوو گرمەی بۆمبا، فریشکی چیای ئەخست بۆ گیان وەرینمردن دەشتی ڕائەخست کە هێلانەی گوللە مان ئەورووژان کەژ موورەغەی پڕ ئەبوو لەژان کە درنجی دووکەڵی گڕی چیا چنگی قژی گیر ئەکرد لەگژ وگیا کە ئاگری هاواری هەڵمەت بردن بەر ئەبوو دڵی ئاسنی مردن دوادڵۆپی ئارەقی لێڵمان ئەڕشت دوادرنجی ترسی دەروونمان ئەکوشت ئەمڕۆش چیا، خۆی وکەژاوی جوانی چاوەڕوانە بۆکوشتار وقوربانی وا دیارە خاک بۆگەشەی بەهاری نوێ خوێنی تری لاوانی کوردی ئەوێ «ئەگەر هاتوو نامەکەم دوا پەیام بوو» دڵی منیش بەقوربانی چیام بوو جار جار لەبەر تریفەی مانگە شەوا لەناو باخی پڕ لەهەنسکی خەوا لەسەر ئاوی کانییەکی سارد وڕوون کە زەردەپەڕ تێی ئەڕژێ وەک ئاڵتوون یادی لێوی تینووم تەڕکە، بەو ئاوە گوڵ یادم بدە لەو قژە خاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوخمە وتی: سوخمەی ئاوا تەسک قووماشەکەشی وا ناسک بۆ سنگم نابێ زوو ئەپوێ بۆم بدروو یەکێکی نوێ *** -: مەگەر هی زیو و ئاڵتوون چن بشێ بۆ سنگی وا خرپن *** شەرمی ڕشتە سەر خونچەی لێو سووی لە ڕوومەتی وەکو سێو بە نازێکەوە وەکو بووک وتی سوخمەی تەوسک و بچوک بۆسنگی وا بەرز و گۆشتن نابێ ئەی دەستە خوشکی من ئەمە دوو سوخمەت بۆ دروم ئەگونجان لەگەڵ ئارەزووم ئەمجارە لە سەر ئەندازە بۆم بدروو سوخمەی تازە *** دەستە خوشکی سوخمە دروو مەست بوو بە جوانی سنگ و ڕوو ئەمەندەی نواڕییە سەر سنگ کوڵمی گوڵ و پرچی گزنگ ئەمجارەش ئەندازەی شێوان تێکچوو سوخمەی کچۆڵەی جوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێ نامە سەبارەت: ١٩٦٥ نامەی سەوز نامەی سەوزیم نایە سەر دڵ پڕی بوو لەوشەی وەک گوڵ چاوی دڵداریم پێی پشکووت تاسەی خۆشەویستیم بزووت خۆری نامەکەی کەهەڵهات بووژایەوە باخی ئاوات نووسیبووی «ئەی یاری شیرین» ئەمەوێ پێکەوە بژین بمکە بە هاوڕێی ژینی خۆت گیانەکەم زۆر دڵسۆزم بۆت نامەکەی هەستێکی پێدام پێم ببەخشێ ژینی بەتام بۆ پرشنگی زەردەخە بۆیە لارە ئەم گەردەنە نامەی زەرد نامەی زەردیم کە پێم هەیشت مشتێ ئەسرینی خەمی ڕشت نووسیبووی ئەی هیوای ژیان تاکەی دیل بی لەبیابان *** گەردەلوولی زەرد هەڵیکرد نیشتە سەر لێوم لمی ورد دەس وپەنجەیەک وەک کافوور بۆی نووسیبووم پەیامی دوور نامەکەی پڕ بوولەخەفەت نامەسەر چاوو نامەسەر ڕوومەت پیاماڕشت ئەسرین وتاسەم سووتا بە گڕی هەناسەم هەر بۆیەک ئان چاو پێکەوتن سەد خۆزگەم ئەخوارست بەمردن نامەی سوور نامەی سووری پشکۆی ڕژان نامەی سەر دڵی پڕ لە ژان هەڵی کرد گەرداوی سزام وەری گێڕا کەشتیی ئارام نووسیبووی ژینی تەنیایت ئەندێشەو ناسۆری جیاییت نێرگزی خەندەی وەران خۆشی لەناو دڵما مران موتورفەکەم گەردنی لار منیش غەمگین لە دووری یار دەستی داوەتە بەر ئەژنۆ ئەڵێ من هەرئەگریم بۆتۆ دووریم لەوەی ئەیپەرەستم یەکسەر لەپەلو پۆی خستم هەربۆ یەک ئان چاو پێکەوتن ئاوات ئەخوازم بەمردن بەڵام تاچاو بڕکا بۆدوور داخراوە بەڕیز تەنوور چیا ئاگر، ڕووباری خوێن هاژە ئەکا لەهەموو شوێن تازە نایەمەوە گیانە خۆم ویستوومە ئەم ژیانە گیانەکەم ئەگەر بمێنم تۆڵەی ئەم خەمە ئەسێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرگروشتەی واڵا سەبارەت: ١٩٦٥ - لەبارەی سەردەمی عوسمانی وتراوە خونچەی وشەی بە نمی ئۆخەی پاراو زەردەخەنەی گەرمتر لە خۆرەتاو لەناو باخی لێوی دایکا ئەوساتە کەدوا بەندی چاوەنواڕی وئاواتە لەوکاتەدا جگەر گۆشەی دوورکەوتووی دێتەلای دڵی بەچراوگ بووی ئەم غونچەیە، بەبای بەکام گەیشتن ئەبێ بەگۆڵ ورد ورد دێتە شنەشن لەم غونچەیەجوانیر نێرگزی کاڵە کەبەتەنیا جێگای لێوی مناڵە نێرگزەکەی جوانی وشەینازداری دایە لەسەر لێوی سەد هەزاران ورشەی تیایە مەم لەزین بوون، بلبل لە گوڵاڵەی گەش نابێ بەوەی مناڵ دوور بێ لەباوەش هەرچی گوڵ بێ بەری بن لەشەماڵ بەژان نیە وەکو بێ دایکیی مناڵ بەخۆری ناز خونچەی کەشی کۆرپەی کۆش ئەبێ بەگوڵ لەسەر چڵی نەغمەی خۆش *** وەک هوزاری ترساو لەسایەی پەرژین کەئەنواڕێ بۆئاسۆو ئاسمانی شین وە یاکەوی مەڵاسی نەپێکراو وڕی زیخی جێ فیشەکی ناشیی ڕاو بەو وێنەیە مناڵێکی بەسزمان ئەنواڕییە بنمیچ وتەژەی سەربان لەپشت چمکی کراسا، ئەیتروکان جوتێ چاوی وەک نێرگز تەپڵە قووچی، سمێڵ زلی سەرسنگ پڕ لە واڵای ورد، پارچە ئاڵتوونی خڕخڕ دەستی نایە سەرتەنگەی زل. سەر پشتێن هەردوو پێی جوتدانی ڕیچ وەک تۆڵەسێن لە شەخەڵی ڕووی گرژا، ڕەشەبای دەنگ کەهەڵیکرد، وەک تەپەڵ وکەڕەنای جەنگ کچی ناسک، مناڵی خرپن وجوان هاتەوەیەک لەترساوەک ژێ وکەوان وەکو کەو چوو خزایە پێچی داوێن تەپلە قوچیش چاوی سوور بوو وەکو خوێن ڕووی کردە ژن وتی: ئەی ژنی ڕسوا لەکوێت هێناو، لەکوێت بوو مناڵی وا ژن ڕووی کردە مێردی پەروەردەی تاوان وتی بۆچی؟ مناڵێکە بێ باوان زۆرعەزرەتیم بۆ ئەوەی بم بەدایک تۆش دڵسۆز بە بۆ ئەم کچە وەک باوک تەپلە بەسەر! پەلەماری دایە شیر مناڵەکەش بۆی دەرچووهەر وەکوتیر باخەو باخ وبنچک بەبنچک گشتی گەڕا تادی وەکو نێچیرێ کوشتی بەدەما کەوت، وەک کەوتنی کاتی دڕک خوێنی ڕژا بۆ ناو پەلاش وتووتڕک شیری سڕی نایەوە ناو کێلانی سەرنجی دا لەسەر ئەستێرەو نیشانی نواڕییە دوور، لوتکەی چیای کوردستان هەردوو پێی جووت، سنگی زیاتر دەرپەڕان وتی: کورد بوو بۆیە کوشتم چاکم کرد سەربەرزییە کوشتنی مناڵی کورد سا تەپڵە قووچ بگرە گوللە و ناو دەمت من خوێن ئەکەم بە لاجانگ و پەرچەمت بە یەک دەسڕێژ زرم دام لە بن چنگی لەناوی دەم، لە نیشانەی سەر سنگی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەو سەبارەت: ١٩٦٨ مانگ کە پێڵووی هەوری لێکنا، من دەمم برد بۆ ئەستێرەی دەم و لێوێکی وەک یاقووت کاتێ کە هەوریی ئەگریجەی خاویم لابرد تریفەی مانگ ڕژایەوە سەر سنگی ڕووت *** چرۆ و ئەستێرەکان و مانگ، نێرگز و گوڵ خونچەی وردی ئاڵ و ناسکی لق و چڵ کە زانیان لەوان شیرینترە ڕوو و سنگ هەموو یەکسەر پەنایان بردە بەر گزنگ مناڵانی ناو شەپۆلی دەریای هەتاو ڕێیان تەنیم بە دەزوولەی سەرنجی چاو مەگەر دیسان لەپشت پەردەی شەوا بێ دەم بنێمەوە سەر مانگی ڕوو و هەوری پەرچەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەونم تاریکایی زیندانی تەنگ ئاڵا بوو لە گەردەنی من ئەی کچی جوانی شۆخ و شەنگ با قژ بئاڵی لە گەردن *** دەمم ئەنایە سەر برین لە عەزرەت ژانی بەتینی با هەڵمژم دەمی شیرین بکەم ماچی ئاگرینی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لۆمۆمبا سەبارەت: ١٩٦٦ گوڵە مینای زەردەخەنەی ناسک وەری بوو باڵی وشەی خۆش و بەتام سڕ بوو تەزی بوو لێو وشکی خەم، چاو بە تیری سام پێ کرا بوو دڵ بەچنگی زەبری سزاو ناسۆڕ گوشرا بوو مناڵ سنگی ئەوەندە دی شەقار شەقار بوو مەمکی دایکی لەبەر چاو کەوت لە شتر بێزار بوو پشکۆی گەشی گوندی سووتاو کوڵمی مناڵ بوو نێڵە نێڵی ئاگر تێکەڵ بەگورو گاڵ بوو پەنجەی زۆردار لە کوشتنی مناڵ و دایکا کارامە بوو نیشانەکەی یەکسەر ئەپێکا کاتێ گوللەی ڕۆڵەی کۆنغۆش کە گیزەی ئەهات جووڵە نەبوو، بەرەی دوژمن خاوو کش و مات پەڕەی وردی نێرگزی لێو سیس بوو ژاکابوو لێوی وشەی تەڕو ناسک پێکا لکا بوو گوڵ ئەگریاو دوا دڵۆپی شەونمی ئەڕشت بۆ ئەو کوڵمەی خۆڵەمێش بوو لەسەر ڕووی ئەنیشت بە ژیلەمۆو بە دووکەڵی کۆرپەلەی سووتاو ئەپۆشرا بەری چاوی کەژاڵی هەتاو ڕەنجبەرەکان، لەناو گەرووی سزاو مردنا بەدیلێتی، یا لە کۆڕی خوێناو ڕشتنا ڕەنجەرەکان بە برسێتی و ڕووتی و نەبوونی شەونخونی و، سزاکێشان کزی و زەبوونی ڕەنجبەرەکان لەو کاتەدا ئەکران بە نیشان بانگیان ئەکرد، بژی شۆڕش، بژی تێکۆشان *** وشەی گەرمی لۆمۆمبا بوو لە گەرووی مەرگا ئەبوو بە خۆر لەسەر لێوی لاوی بەجەرگا تاڤگەی خوێناو لە هاژەیا، یاچەمت ڕەنگ گڕ ئەیووت بیری لۆمۆمبایە هێزی ئاگر بڕ لە ئاگرو لە ئاسن و لە زبرەت دوژمن بەهێزترە، هێزی لەشە بۆ هەڵمەت بردن پیاوێکی شەنگ، تەمەنی پڕ دنیا دییەتی زمان شیرین، گفت و گۆ خۆش، نەرم و شێنەیی ڕەنگی پێستی زەردباوێکی کەمێ مەیلەو ڕەش دەم و لێوی وەک کۆنغۆیی خرپن، چاوی گەش واتئەزانی جوتیارێکە قاڵ بووی ڕەنجی شان سەربازێکی هەروا سادەی ڕێگەی تێکۆشان چونکە لای ئەو، ئەو زانایە، لە خۆبایی بوون خووی نزمی بوو، بیری تاریک، نەک باوەڕی ڕوون ئەو کە گیانی لەبەر گەلی لا خۆڕایی بێ ئیتر بەچی، یا لەبەرچی لە خۆی بایی بێ لۆمۆمبای بەرز لە پاش ئەوەی ئاگری خۆش کرد کۆرپەی هیوای بە بارووت و بە خوێناو گۆش کرد لە پاش ئەوەی خەوی دیلی لە میللەت زڕان پەڕەی بیری نائومێدیی ڕابردووی دڕان لە پاش ئەوەی قارەمانی ڕەشی گیان پۆڵا بەرەو کۆڕی تێکۆشانی ڕزگاری جووڵا خیانەتی پارەزادە، چرپەی گەیانە داگیرکەری دوژمنی گەل، هێزی بێگانە پەنجەی تاوان درێژ کرا بۆ زنجێکی دوور وتیان ئەمشەو دێتە ئەوێ تیشکی بڕوای سوور گیرا مانگی کەلی خەبات، لۆمۆمبای مەزن بە وتەی ڕەش، هەموو لە شی کرا دەرزیاژن هەر دوو دەستی ڕەنجی سووری پەنجە بە پەنجە بە بزماری گەورە، کامی، کوڵ و گرنجە بەسەر پشتی تەختەیەکا، بزمار ڕێژکران پێیان ئەووت بانگێ بدە، بۆ جەنگاوەران دەست هەڵگرن، چەک سەرەو خوار سەر دانەوێنن هەر بەو جۆرە تۆ ئەمێنی و ئەوان ئەمێنن لۆمۆمبای بەرز، هەتا کوشتیان وتی پەنجەی من هیچ نانووسێ لەبەر خواستی گڵاوی دوژمن من ئەکوژن بەڵام گەلی کۆنغۆی تێکۆشەر دەست ئەنێتە بینی ئێوەی ڕسوا و داگیرکەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مسی مەنوونە سەبارەت: ١٩٦٩ وەک گوێم مسی مەنوونەی تێکرا بێ وەک دەروازەی خڕ داخرا بێ نە هاوارونە لاڵانەوە گریان نە ئەگەین بەناخی دڵ و بە گیان وام ئەزانی تاسەر ژین ئەبێ وابێ دوور لە خەفەت هەر شادیم بۆ لوابێ وام ئەزانی ئەبێ هەر بۆ خۆم بژیم بە بێ ئەوەی بزانم من کێم و چیم با هەزاران ڕسواو بێ دەرەتان بن با مناڵان هەژار و سەرگەردان بن من کە دنیام بەهەشتێکی بەرین بێ چوار چێوەی دڵ چەپکە گوڵی ڕەنگین بێ با هەمیشە بە خۆشیی خۆم مەست بم بۆیە بە خەمی ئەم و ئەو من دەربەست بم بەڵام پاچ و پێ مەڕەی کورد پەرەستیم کەوتە وێزەی ژیانی بێ دەربەست ئێستە کە بووم مەشخەڵی بیر و هەست لەگەڵ هەژار برای گیانی بە گیانی وەک بە تەنیا هەنگاو بنێم وەهایە کەس لەگەڵما بەرەو ڕووناکی نایە ئەو کەسانەی هاوڕێگەمن وەک من نین چاوچنۆکن هەر بۆ گیرفانیان ئەژین هەش بەسەر و زەبوون ئەو هەژارانەن کە چاوەڕێی ڕەنجی درۆی ئەمانەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نایاب سەبارەت: ١٩٥٩ لە ژوورێکا خنجیلانە کام شت، نایابە، هی دەگمەن کام پێخەف و خشڵ جوانە هەمووی بە ڕێکخراوی هەن *** لەم ژوورەدا قەترەی ئەسرین ڕژایە سەر ڕوومەتی پان ژنی شۆخ دڵ ئاگرین بە خۆر دەستی کرد بە گریان *** جوان بوو، کەمەری شل و مل پووزی وەکو شووشە وابوو سەر سنگ، بەر گەردن، شان و مل هەموو جوانیەکیان تیا بوو *** گریا ئەو شۆخە، گریانێ تەزووی ئەڕشتە ناخی گیان بەڵێ لەشێ، دڵێ، گیانێ شەیدا بوون بۆ تامی ژیان *** لە پڕ قیژانی و بانگی کرد بۆچی منیان بە تۆ داوە؟ بە پیریت شادیی دڵم مرد ئەم چاوە ئەم قژە خاوە *** ئەم لەشە ئەم کوڵمە سوورە ئەم گەردنەی وەک بلوورە *** لەبەرچی بمرن بە تەنیا ئەی دڵ هەتا ماوی بگری فریشتەی دڵداریی گریا کە گریا ژنی وەک پەری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێڵوو سەبارەت: بۆ عەلی شێرزادخانی بۆکانی و براکەی کە وتراوە جووتە قارەمانی ئێرانن لە پێڵووما مناڵی ورد پەنایان بۆبرژانگ ئەبرد ئەسرین کەلە چاوم تکا یانزە قەنارەی تیا ئەشکا ڕیزێ لاشەم لەپێڵووا وەکو درەختی گڕ ڕووا لەپڕ نرکەی ژنێکی کورد وەکو ڕەشەبا هەڵیکرد لقی داڵانی داتەکان دوا بەری سامی لێوەران سەری دوو لاشەی نایە کۆش دڵی مەرگی هێنایە جۆش قیژانی ووتی ئەی زۆردار کوا نیشانەی کۆڕی کوشتار؟ کوا خوێن لەسەر سنگ و ڕوومەت؟ بۆچی خنکانتانن بەپەت؟ لەبەر چی بە گوللە و بۆمبا، نەبوون بە گەردی چنگی با؟ *** لەپڕ پەنجەی ناسکی گەست خوێنی گەشی ڕایەڵەی بەست بەو خوێنە ڕووی کوڕی ڕەنگ کرد وتی «بژی ڕووسووری کورد» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەروانەی هۆنراوە سەبارەت: ١٩٦٤ هۆنراوەی گەشم بە چەپک ئەنێتە سەر سنگی ناسک گوڵێکی ئاڵی وەک دەمت بە ناز ئەدەی لە پەرچەمت پەروانەی هۆنراوەی «شەیدات» ئەگەڕێ لەدەوری گۆنات یا دەم ئەبەی شیعری بەتام ئەمژی ئەی پەپوولەی هیوام کەچی نابێ من بە خەیاڵ هەڵمژم لێوی گەش و ئاڵ نابێ لەو لێوە پاراوە بێنمە سەر ڕستی هۆنراوە دیوانەکەم ئەی کچی گەش وەک کۆرپە ئەگریتە باوەش بەڵام نابێ من سنگی جوان بێنمە باوەشی دیوان هۆنراوەی من ئەکەیتە بەر بەڵام نابێ بەژن کەمەر یا لامل و قژ و گەردن لە هۆنراوەی منا هەبن نابێ ناوی سەر سنگی ڕووت یا گۆی نازداری وەک یاقووت بە نووکی خامەکەم بێنم تاسەی دەروونم بشکێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەنجەرەی سەوز و سوور سەبارەت: ١٩٧١ ئەوسا دنیا، لە لای دڵم خۆش و بەرین بوو باخی هەستم گوڵزارێکی گەش و ڕەنگین بوو بەهاری گیان، هەمیشە تەر، جوان و پاراو بوو لە دەروونا خوڕەی تاڤگە و قەڵبەزەی ئاو بوو لەو سەردەمە، نە گرژی بوو، نە کسپەی خەم بوو دڵم خۆش بوو، لێوی گەشی زەردەخەنەم بوو ئاسۆی ژینموەکو لێوی کۆرپەلە ئاڵ بوو ئاسمانی گیان پترۆزەیی، تەنیا ساماڵ بوو بانگی هیوام هەر چواردە بوو، و، تریفەدار بوو کانیی خەوم، ڕوون و هێمن، بریسکەدار بوو لەو سەردرمە شێر دڵم بوو، جوان و خرپن بوو نۆبەرەم بوو، شا ئاواتی ژیانی من بوو تازە پایز شانەی ئەکرد ئەو قژە خاوە کە شێر دڵی نازداری دڵ هاتە دنیاوە ماڵەکەمان عرووسی بوو، ئاوێنە بەن بوو دیواری ژوور، نەخشی ناسک، وردو دەگمەن بوو لەسەر دیوار شەوبۆو نێرگز، هەڵکەندرا بوو بە ئاوێنە نەخشی دار گوڵ چەسپێنرا بوو پەنجەرەکان داری گویز بوون، بە شووشەی ڕەنگین بە ئێواران ڕەنگیان ئەڕشت وەک پەلکە زێڕین ئەو سەردەمە، ڕووناکیی ژوور، شەو چل چرا بوو لە بنمیچی نەخشاویدا هەڵواسرا بوو کە شێردڵ بوو، لەبەر تیشکی چل چرای جوانا لەکەلەگیی گەورەو خۆشاو لە پشتەیوانا حەوت شەو کۆڕی ئاهەنگ گیرا، تا دەمەو بەیان دەمێ بەستە تاو تاوێکتش لاوکی نیان ئەوسا دنیا لە لای دڵم خۆش و بەرین بوو باخی هەستم گوڵزارێکی گەش و ڕەنگین بوو باوکی شێر دڵ دەمێ بووەو دەمێ هەژار بوو ساڵێ بێ ئیش دەرامەت کز ساڵی توجار بوو بەڵام سەغی، پارە لای ئەو وەک چڵکی دەس بوو لە پاشەکەوت، پارە لادان ئێگجار وەڕس بوو باوکی شێردڵ، دڵسۆزانە کوڕی پێگەیان لە خەم ڕەخسی، خۆی دایە دەست گەرداوی ژیان شێر دڵ، گیرا، تومەس خولیای وەتەن پەرەستی سەردەمێ بوو، لێی سەند بوو ئارام و هەستی زڕەی زنجیر بوو بەنەغمەی خەمی دڵی من بە نەعرەتەش بۆ هەڵمەت و بۆ تۆڵەسەندن ەوت ساڵی تیژ، پەڕەی دڵی ئارامی پێکام بە ەوت ساڵی ئاگراوی، گڕم گرت سووتام ئەه لە زیندان، منیش لەناو زیندانی ماڵا ئەو لەگەڵ کۆت، منیش لەگەڵ خەم و خەیاڵا ئەو لەو دیوی دەرگای ئاسن، دیوار و تەل بەن من لە ژووری نەک ئاوێنە دڕکی خەفەت بەن ئەو پەرۆشی لەپێ ئاسمان، یا قولانجێ شاخ من عەزرەتی باخی ڕووی ئەو، ئەو عەزرەتیی باخ حەوت ساڵ دڵم بێ بەری کرد لە بینینی دەشت نە گەڕان بوو، نە ماڵان بوو، نە ئارەزووی گەشت حەوت ساڵ لاشەی زەردە خەنەم لە ناو دڵما ناشت چەند بەرزییە قوربانیی وا، بەرز و بێ پاداشت *** ئۆخەی شێردڵ دوای حەو ساڵی ڕەشی خەم چەشتن دوای ڕەهێڵەی حەوت پایزی ئەشکی لێڵ ڕشتن دیتمەوە بەسەر بەستی، پێ لە کۆت ئازاد من دڵخۆش و تۆ ڕووخۆش و تۆ ڕووخۆش وماڵەکەت شاد بەڵام حەوت ساڵ دەم و چاوی گەشی ژاکانم دوا مێخەکی هیوای خۆشیی هەڵ پچوڕکانم نە ئەو دڵە نە ئەو شنەی زەردەخەنەیەم نە ئەوشەوقە لە ڕووما، ما، نە ئەو ئۆخەیەم نە ئەو زەوقی جل و بەرگی گوروونی پۆشین نە ڕوو خۆشی، نە هاژکەی تاڤگەی پێکەنین بە وەیشوومەی حەوت پایزی ماتی ژیانم لێزمەی سزا، لێشاوی خەم، گەڵاڕێزانم بازی شادیم مایەوە سەر مشتێ چڵ و چێو گەڵا خزا، گوڵ هەڵوەری، خەم نیشتە سەر لێو دوای چەند ساڵێ کوژانەوەی چرای دەرامەت گیرۆدەیی تانە و پلار، ناسۆرو خەفەت دوای چەند ساڵێ بگرەو خڵتەی تاڵیی نەبوونی چەشتن ئەشکی سووری بە پەنهانی و ئاشکرا ڕشتن دوای چەند ساڵێ بگرەو بەردەو شەو ترسی گرتن شەو نخونی و ڕاچەنین و خورپە و نەنووستن دەست سپێتی کۆتایی هات، کەوتە هەوڵدان بۆ دوا ڕۆژا جگەر گۆشەی، بۆ تیکەیەک نان بەڵام ئارام ئەڵقەکانی هەر زوو ترازا دیسان پشکۆی خەم و ناسۆربە دڵما چزا گێژەڵووکەی سزا ئۆقرەی دڵمی ڕاماڵی میوەی پشووم هەر مایەوە بە کرچ و کاڵی لەسەر لوتکەی سەختی چیای بە خوێن پەڵاوی لە ئەشکەوتا، لە پێ دەشتا، دێی دووکەڵاوی لە دەروونی بە ئاگری تۆڵە سووتاوا لە ناو جەرگی هەژارانی ڕۆڵە کوژراوا لە باوەڕا، سەربەرزیا، لە بێخی دڵا لە ناو دڵی لاوەکان و دڵی شێردڵا گەردەلوولی ئاگراوی شۆڕش هەڵی کرد دیسان شێر دڵ هاواری کرد «ئەژی ئەوی مرد» کاتێ ژیان کەوتە بەر پێی گەردن کەچ کردن ڕێی نامێنێ بۆ ڕزگاری بێجگە لە مردن شێر دڵ ڕێگەی چیای سەختی هەوڵی گرتە بەر لە هەڵمەتا تەنیا سنگی ئەکرد بە سەنگەر تامی خۆش و خەوی خۆش و تاسەو ئارامی سەرجەم هەمووی لەڕێی کوردا کرد بە قوربانی لە ناو کۆڕی تێکۆشانا دلێر و بە جەرگ چەند ساڵێکی هەڵکرد لەسەر، گوڵەژەنگی مەرگ شەوێ کە مانگ مات و مەلوول ئەینواڕیە چڵ پایزەی زەردە ڕەنگی سووری ئەڕشتە سەرگڵ کاتێ ورتە، لە ناو گەرووی زیڕەی فیشەکا لە گەڵ خولیای ئارام لەگەڵ شیشەی ئەشکا کاتێ پایز لەسەر لوتکەی بڵندی چیا لە جیاتی من بەسەرلاشەی شۆخا ئەگریا گوللەیەکی بێ بەزەیی چزا بەسنگیا تفەنگەکەی لە پاش لەرزین سست بوو لە چنگیا لەشی کفتی بە سی ساڵەی خەبات ئەنجن بووی زامی سنگ و دڵی گەورەی لە لێدان کەوتووی بە فرمێسکی چاوی شەماڵ، گوڵی وەک چرا ئەشکی تاڤگە بە شێنەیی و بە نەرمی شۆرا بە نیانی و مێهرەبانی چیای پشکۆگر بە تاڵی شەو ئەستێرەی گەش، توێژاڵی ئاگر بە دووکەڵی ئاگر دانی دڵی بە جۆشی لاشەی ڤشەنگی تێکۆشەری ئازادی داپۆشی ئێستە هەرچی ئەندێشەیەک پاراوی خەمە لەناو دڵ و لە دەروونی تاریکا هەمە هەرچی خونچەی ئاوات هەیە هەمووی هەڵوەرین هەرچی خونچەی چاوی یادم هەیە هەموویان ئەگرین جگەر گۆشەی جگەر گۆشەم، وەچەی کەساسم نەک بە شێوە هەر بە سۆزی دەنگا ئەناسم چاو لێڵایی و دڵ ناسۆری تاریکی داهات خەفەت لەگەڵ جەهەنەمی دەروونم ڕاهات من ئەزانم تینوێتی خۆی ئەشکێنێ گڵ لە دڵۆپی خوێنی گەشی زۆری وەک شێردڵ وەردی هیوا، تۆوی ئامانج پێ ناگەێنێ چنگی نەوەم، داسی بەرهەم، ڕاناوەشێنێ بەڵم ئێوە ئەی کوردینە، زۆرتان نەفامن نرخ و بەرزیی خۆ بە کوشت دان هێشتا نازانن لە لای ئێوە، گڵ مەیل بڕ شەهید ناو ون بوو کێ ئەسووتێ، با بسووتێ ببێ بە سووتوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیژەی سوور سەبارەت: ١٩٧١ لە نێرگزی زەردەخەنەی نازپژێن لە سەرنجی شەرمڕێژی دڵبزوێن لە ڕێحانەی باخی گۆنای ئاڵ و گوش لە مانگی ڕوو، تریفەی سنگ، چاوی ڕەش لە ئاوازی وت و وێژی کچی شەنگ چپەی نیان، نیگای گەش و ڕەنگا و ڕەنگ لە شەپۆلی لەرەی بەژنی شل و مل لەنجەی نەرم ناسکیی کەمەری شل لەم جوانیانە لەم تاسەو دیمەنانە لە ئارام و لە کامی ئەم ژیانە لە گشت هیواو خۆشیەک «بێ بەری بوو» گیانێکی نوێی کردە بەری هەست و بوون زەردەخەنەی مناڵەکانی پروان گووڵی کامی دەروونی خۆی هەڵوەران بەسەر پلەی پەیژەی سوورا هەڵزنا کەوتە دووان لەگەڵ گڕ و ئاسنا وای لە خۆی کرد کە هەست نەکا ئاواتی هەبێ زیاتر لە ڕزگاری وڵاتی لە خۆی گەیان کە گیانێکەو هیچی تر بە هێزەوە لە ئاسن و لە ئاگر بەم شێوەیە، کوڕی ئازای شۆخ و شەنگ چنگی گیر کرد لەگەردنی شەوەزەنگ شەهیدی گەل بوو بە هەور لە ئاسمان خوێنی گەشت بەسەرخاکا ئەباران چاوی دایکی هەمیشە کاسەی ئەسرین کەس و کاری و سەنگەر و کەژ بۆی ئەگرین کەچی ئێوە کە هەر دەمن بەتەنیا شەرمێ ناکەن لە پەڵەی خوێنی چیا سەنگەرەکان ئەگرین بۆ قارەمانان ئەوان گیان بوو پارە نەبوو بەخشیان ناویان نەما، گوڵی ناویان وەرانن پەڕەی یادی ئاگرینتان سووتانن مەگەر هەر من ناوی شەهیدانی کورد جار جار بێنم بە سۆزی هۆنراوەی ورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کامەران موکری لە زیندان، لە بیابانی «سەلمان» لە نیشانەی برینەکانی سەرشان لە ساڵانی لاویی - تەمەن پشکووتن هەلی عومرم، گوڕی هەوڵی پێشکەوتن لەو ساڵانەی لەگەڵ زنجیرا ژیام لەم هەرەسەی ژیان بەسەریا هێنام لە ژووری تەنگ، ڕێچکەی جڕ و جانەوەر لە شێی دیوار، وەردیانی مۆن، خوێنی سەر لە قەتماغەی لەشی بەدار شیتاڵ بووم لە لێدانی دڵی بە خورپە قاڵ بووم لەو پەنجانەم کە ئاگریان پیاچزان لەو جومگانەی کە لە یەکتر ترازان لەو کەسانەی تا دوێنێ بوو، وەک دوژمن کۆتیان کردە پێی سەدانی وەکوو من لە کۆتی پێ، کەلەپچەی دەست بپرسن من چیم وکێم، ئەوان چاکم ئەناسن لە دار خورما و لە بیابانی سووتاو لە سەراب و سەبوون و خەیاڵی ئاو لەوچاوانەی خوێنی قینیان تێزا بوو لەو کەسانەی بەشیان تەنیا سزابوو لە کۆرپەکەم، دووکەڵی تاسەی ئەوسام لە دەروونی ژەمبوردە بووم بە پەیام لە بیرکردن، خۆزگەی تاساو بۆ ئاوێ گڕی دەروون دامرکێن بێ بۆتاوێ لە کاسەیەک دۆی سەرتەزێنی کوێستان خولیای شنەی جێی نسرمی دارستان لە برسێتی و دووری و لە بێبەری بوون لە گشت خواستی خاوێنی دڵ و دەروون لە کۆتی پێ کەلەپچەی دەست بپرسن من چیم و کێم ئەوان چاکم ئەناسن قارەمان نیم، بەناوبانگ نیم، گەورە نیم شاعرێکم بۆ نەتەوەی کورد ئەژیم چیم لەدەست هات کردم بۆ نەتەوە و خاک چیم بەسەر هات دام بە خەندە بەبێ باک سەرم بەرزە سەر شۆڕ بوونم نەزانی ئارامی خۆم، تاسەم کرد بە قوربانی لە چیاکان، لە لوتکەی بەرز و نووا لە ئاگری بە نێڵەنێڵی بڕوا لە کۆتی پێ کەلەپچەی دەست بپرسن من چیم و کێم ئەوان چاکم ئەناسن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کانیی بەهرە سەبارەت: ١٩٦٥ با بسوتێین، بۆ وشەی جوان، بیری جوان هۆنراوەی جوان، ڕەستی بە زەبر و ڕەوان هۆنراوەی جوان لە گوڵاڵە جوانترە لە کەژاو و لە ڕووبار ڕەوانترە لە لوتکەی کێو بەرز و گەردن کەشترە لە بڵێسەی گڕی ئاگر گەشترە *** هۆنراوەی زەرد، بە خەمی دڵ ئاو دراو زەردی کاڵی وەک برژانگی خۆرەتاو سپی ناسک، بووکی دەروونی خاوێن سووری گەشی وەکو پەڕەی گوڵی خوێن هەموو جوانن، هەموو گوشن، پاراون هەموو گوڵن لە ناو دڵا ڕوواون با هەزارو یەک هۆنراوەی ڕەنگا و ڕەنگ وەکو کچی گۆشی نازو شۆخ و شەنگ لە ڕێی کانیی دڵا بێنە لەنجەو لار بەرەو لوتکەی چیای هۆنراوەی نازدار لە سەر دوگمەی پیانۆی دەروون ئاوازە پەخشان بکەن بۆ ژینی وێژەی تازە هەموو جوانن بەڵام ئەوەی نەمرە تەنیا شیعری پەروەردەی ناو ئاگرە شیعری کسپەی جەرگی بێ دەرەتانە گوڵی پشکۆی خەباتی کوردستانە هەڵبەستێکە وەک دەمی برین ئاڵە هۆنەرەوەی ناسۆری ژینی تاڵە پڕ هەنسک و تاسە و قوڵپی گریانە بۆ هەڵمەت و بۆ ورەو تێکۆشانە ڕەگی لە گەڵ ڕیشەی دڵ تێک ئاڵاوە بە دڵۆپێ خوێن و ئارەق نووسراوە ئەی هۆنراوە ئەی لە مردن بەهێزتر ئەی گوشی خوێن، پەروەردەی کۆشی ئاگر تۆ بەزەنجەر، دەس و پەنجەی خوێناوی لە سەر دڵ و جەرگی مێژوو نووسراوی *** وشەی ناسک، ڕستی شیرین و تبەام شیعری ڕووناک، وەک مانگە شەوی هیوام ورشەی کانیی بەهرەی هۆنراوەی شیرین نەخشی باڵی پەپوولەی شیعری نەرمین لەرەی نەغمەی مۆسیقای سەلیقەڕێژ یا زاراوەی پاک و وردی واڵابێژ هۆنراوەی جوان پەندی سەرکۆزەر گیراو دێڕی قژی وەکو تاڤگەی ئاو بەستەی تەڕی دەنگی ناسک و بەسۆز چامەی ڕەنگین وەکو سەر سنگی نەورۆز سەد ئەستێرەی کاروان کوژەی هۆنراوە وشەی ڕوون و ڕەوانی وەکو چاوە کامی جوانە و خۆی و بیر و ئاوازی بۆ هۆنراوەی ئاگر ئەیکەم بە جیازی لای من ئەبێ هۆنراوە بۆ هەژار بێ دەنگی پاڵەو ڕەنجبەران و جووتیاران بێ ئەبێ قاڵبووی بۆتەی ڕەنج و خەبات بێ ئەبێ خۆری کەلی بەرزی ئاوات بێ ئەبێ بزە و گریان لێقەوماو بێ زەبری تۆڵەی قارەمانی کۆژراو بێ ئەبێ چنگ بێ و گیر بێ لەبەینی دوژمن ئەبێ چەک بێ بۆ کاتی هەڵمەت بردن ئەبێ خوێن بێ، ئەبێ نەبەرد و جەنگ بێ نەک بە تەنیا هەر وشەی ڕەنگا و ڕەنگ بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هۆنراوەم ناوێ هۆنراوەکانی تۆ جوانن نێرگزی بەهاری گیانن چیاوی دەروونی تینوون ڕەزی ئاوات و ئارەزوون تکەت ئەستێرەی گوشراوون ئەگریجەی زەردی هەتاون هۆنراوەکانی تۆ گەشن کۆرپەی ناسکۆڵەی باوەشن بەرزن وەکو لوتکەی چیان ڕەنگینن گوڵ و سەوزەگیان بەڵام ئەی ڕووناکی هەستم من لە هۆنراوە وەڕستم مەگەڕێ بۆ هۆنراوەی ورد بۆ وشەی شیرینی دڵ کرد هۆنراوەم ناوێ تۆم ئەوێ پێم وتی من تۆم خۆش ئەوێ ئەو دەمەی ئەو شیعرەی هەڵڕشت نەک شیعر... . خۆی بوو منی کوشت ++++++++++++++++++++++