شاعیر: کامەران موکری کتێب: زەبری ھۆنراوە سەرناو: تکەی ئاگر سەبارەت: ١٩٦٧ شەویان تکانە ناو پێڵووم تکەی ئاگریان سوولە ڕووم مانگی دەروونیان شکانم ئەستێرەی دڵیان پروانم لوتکەی چیا داماوەکان گوند ڕەشە سووتاوەکان ئەسرینی کڵپە ئەڕێژن جریوەی ناسک ئەنێژن بە نۆ خەنجەر دڵیان سمیم لە ئاگر و خوێناو ئەژیم نۆ ساوای هیوایان کوشتووم ئارامی نۆ ساڵیان ڕشتووم وا شیعرم داگیرسانەوە ئاسنی سامم توانەوە دوا قەڵای وەنەوزم ڕووخان خوێنی ئۆقرە و ماتومم ڕژان هاتوومەوە، بەرەو مەڵبەن بەرەو شاری دەروون بۆگەن بنوو ئەی شاری خامۆشان شاری نەفام و ڕەشپۆشان دەوور لە ئەرخەوان سووری سام بنۆشە شەرابی ئارام با گوڵانی یاد هەڵوەرن درووشمی زەبر داگرن تەرمی خەمخواری بنێژن خوێنی ڕابردوو بڕێژن بنوون نوستنێکی بەتام نوستنی گێلۆکەی نەفام ئەوانەی مردن بۆوەتەن لەخەویشا ناویان نەبەن دڕدەن ئەی کێوانی ژیان ئەبێ شاخ بێنمە گریان ئەبێ هەزاران پێشێل کەم تا ئەگەمەوە دڵە کەم ئەو دڵەی وەک دڵان نیە سەختە نەرم ونیان نیە بێ بەزی بەو ژان بەدەست وەک خۆم جەربەزەو بێ دەربەست وەک ئێوە نالەبار نییە کۆیلەی کۆشک و تەلار نییە دڵە گەشەکەی جارانە «دڵی پاکی تێکۆشانە» ++++++++++++++++++++++