شاعیر: کامەران موکری کتێب: زەبری ھۆنراوە سەرناو: بۆ ئاگاداری سەبارەت: ١٩٧١ هۆنراوەکانم هەر بۆ ئافرەت بوون بۆ خونچەی گوڵ و بۆ جوانیی سروشت خوێناوی ئەمژی لە بەهرەی دەروون ڕستی زێڕین و جوانیان دائەڕشت *** هۆنراوەکانم لە ناو دەروونا بۆ پەڕەی گوڵی وەریو ئەگریان لە پایزێکی مات و زەبوونا لەگەڵ وەیشوومەی زەردا، ئەیژیان *** ئەی چاوئەی کانیی بەهرەی پێشووی من ئەی ڕووئەی مانگی شەوی جارانم ئەی ناز، ئەی لەرەی شیرینی بەژن ئەی زەردەخەنەی خەوی جارانم *** ئەی گوڵ، ئەی چرۆ، ئەی لوتکەی چیا ئەی کچی جاران گڕی ئاواتم ئەی کانیی ڕوونی کۆشی سەوزە گیا ئەی کچی جوانی کەژ و دەشتی وڵاتم *** هۆنراوەکانم بوون بە پەروانە لە دەوری چرای ئێوە پەرەستن خۆشم بەم چەشنە بووم بە دێوانە بەڵام ئێوەی بت بەهرە نەویستن *** گوڵ، گوڵی هەموو دەشت و چیایە هەستی نیانی و ژاکان نازانێ هەرچی ناسکی و ڕەنگینی تیایە ئەیبەخشێ بەگشت، نەک پەنجەی جوانێ *** کچیش، دڵداری هەر چەند بەتین بێ هێشتا هەر شەیدای زێڕ و سامانە خۆشەویستێکەی چەند ئاگرین بێ ئەیگۆڕێتەوە بە یەک گەردانە *** کوردستانیشم، کە من شاعیرم لێم نەدەی لەگەڵ منا نیان بێ من کە فرمێسکی هۆنراوە ئەگریم ڕۆژێ نەمدیوە بۆم میهرەبان بێ *** بەڵێن بێ ئەی کچ، بەڵێن بێ ئەی گوڵ ئەی دەشت و دەر و چیای کوردستان من جارێکی تر، نە بەدەم نە دڵ بۆ ئێوە نەڵێم هۆنراوەی جوان جوان *** تەنیا هۆنراوە ئەڵێم بۆ هەژار هەر لەگەڵ ئێوەم ئەی هەژارینە تەنیا هۆنراوە ئەڵێم بۆ هەژار هەژار هەوێنی شیعری خوێنینە ++++++++++++++++++++++