شاعیر: کامەران موکری کتێب: زەبری ھۆنراوە سەرناو: باخی بەژن تا چاو بڕکا دەشتی دەروون هەر گوڵ بوو پەریی شادی و پێکەنین ئاشنای دڵ بوو لەسەر پۆپەی دارگوڵی هۆنراوەی جوان لەناو باخی شیرینی بەستەی نیان لە ژێر سایەی درەختی میوەی وشەم هوزاری دڵ ئەیڕشت ئاوازی تاسەم لەبەر تاڤگەی ئەگریجەی زەرد و خاوا لەگەڵ شنەی پەپوولەی نیگای چاوا لە ناو ورشەی کانیاوی چاوی کاڵا لە سێبەری گوڵزاری لێوی ئاڵا لەسەر تەختی ناسکی بەفری سنگا لە باوەشی بزەی وەکوو گزنگا هەنگی چاوم خەریکی گوڵ مژین بوو هەر گوڵێکم ئەدی لای من شیرین بوو ڕووناکایی شەوم تریفەی سنگ بوو بەیانی من قووڵی مییلەو گزنگ بوو کۆرپەی عەشقی تازە گڕوگاڵ کردووم خونچەی تامی ژینی تازە پشکووتووم ئەویان گۆشی شیری پەریی جوانیی بوو ئەمیان گەشی سروەی بای نیانی بوو چاوی خۆزگەی نمی ئەسرین نەڕشتووم دڵی تاسەی تامی خەفەت نە چەشتووم هەر ئەگەڕان لە ژێر چارشێوی ئەرزا بۆ لەرەی لەش لە باخی بەژنی بەرزا بۆ ئەو دەس و پونجانەی سپی و نەرمن بۆ ئەو کوڵم و چاوانەی گۆشی شەرمن دەمێ کەژاڵ، باریکەلەو کەمەر تەنگ دەمێ خرپن، گەنم ڕەنگ و شۆخ و شەنگ دەمێ مناڵ، ناسک وەک بووکی ڕێواس دەمێ کچی شۆخی ناو گوڵزاری ناز تا چاو بڕکا دەشتی دەروون هەر گوڵ بوو پەریی شادی و پێکەنین ئاشنای دڵ بوو بەڵام مەلی تینووی سەرنجی جوانی هەر تینوێتی نەشکا، هەر چەندێ ڕوانی نە هۆنراوەش گەیشتە ئەو چیایە کە کۆتایی باسی دڵداری تیایە دڵیش هەروا هەر چەندە گەردی پیری یا تۆزێ خەم، تۆزێ ئاغری و ژیری لێی نیشتبێ هێشتا هەر تەڕە وەک گوڵ کەی تێر ئەبێ لە پەرستن عەشقی دڵ ++++++++++++++++++++++