شاعیر: کامەران موکری کتێب: زەبری ھۆنراوە سەرناو: کامەران موکری لە زیندان، لە بیابانی «سەلمان» لە نیشانەی برینەکانی سەرشان لە ساڵانی لاویی - تەمەن پشکووتن هەلی عومرم، گوڕی هەوڵی پێشکەوتن لەو ساڵانەی لەگەڵ زنجیرا ژیام لەم هەرەسەی ژیان بەسەریا هێنام لە ژووری تەنگ، ڕێچکەی جڕ و جانەوەر لە شێی دیوار، وەردیانی مۆن، خوێنی سەر لە قەتماغەی لەشی بەدار شیتاڵ بووم لە لێدانی دڵی بە خورپە قاڵ بووم لەو پەنجانەم کە ئاگریان پیاچزان لەو جومگانەی کە لە یەکتر ترازان لەو کەسانەی تا دوێنێ بوو، وەک دوژمن کۆتیان کردە پێی سەدانی وەکوو من لە کۆتی پێ، کەلەپچەی دەست بپرسن من چیم وکێم، ئەوان چاکم ئەناسن لە دار خورما و لە بیابانی سووتاو لە سەراب و سەبوون و خەیاڵی ئاو لەوچاوانەی خوێنی قینیان تێزا بوو لەو کەسانەی بەشیان تەنیا سزابوو لە کۆرپەکەم، دووکەڵی تاسەی ئەوسام لە دەروونی ژەمبوردە بووم بە پەیام لە بیرکردن، خۆزگەی تاساو بۆ ئاوێ گڕی دەروون دامرکێن بێ بۆتاوێ لە کاسەیەک دۆی سەرتەزێنی کوێستان خولیای شنەی جێی نسرمی دارستان لە برسێتی و دووری و لە بێبەری بوون لە گشت خواستی خاوێنی دڵ و دەروون لە کۆتی پێ کەلەپچەی دەست بپرسن من چیم و کێم ئەوان چاکم ئەناسن قارەمان نیم، بەناوبانگ نیم، گەورە نیم شاعرێکم بۆ نەتەوەی کورد ئەژیم چیم لەدەست هات کردم بۆ نەتەوە و خاک چیم بەسەر هات دام بە خەندە بەبێ باک سەرم بەرزە سەر شۆڕ بوونم نەزانی ئارامی خۆم، تاسەم کرد بە قوربانی لە چیاکان، لە لوتکەی بەرز و نووا لە ئاگری بە نێڵەنێڵی بڕوا لە کۆتی پێ کەلەپچەی دەست بپرسن من چیم و کێم ئەوان چاکم ئەناسن ++++++++++++++++++++++