شاعیر: کامەران موکری کتێب: زەبری ھۆنراوە سەرناو: ئەم ئادەمزادانە سەبارەت: ١٩٦٥ تازە خۆری بەیانی هەڵ ئەزنا بۆ ئەم دیوکەژ بەناو دار و دەوەندا تازە تەزووی ماندوێتی ئەرکی دوێنێ لە ئەژنۆوە ئەخزا بەرەو پەنجەی پێ تازە دڕکی دڕکی ڕەنجی دوێنێی بێ وچان هەڵئەوەرێ لە دەماری بازووشان کە داسەکەی هەڵگرت ونانە بەرە ورد ورد کشا بەرەو ئەو دەشت و دەرە *** لەسەر سنگی لەت وپەتی خەرمانان زامی پەنجەی دیسانەوە هاتە ژان ڕەنجی سەختی بە تەنیا هەر بۆنانە بۆ مناڵی ڕووتەڵە و بەسزمانە *** کاتێ زەردە توایەوە ناو ئەو دیو شاخ تاریک داهات دارستن و چەم و باخ گەڕایەوە بۆ بەردەمی دیواخان تا بزانی چی هەیە کار و فرمان کوڕی ئاغا پێی وت: بۆ چی وەستاوی لەجێی خۆتا وشک ئەڵێی ڕواوی ڕا کە خێرا مەسینە و لەگەن بێنە تەمەڵ مەبە، چالاکی خۆت بنوێنە ئەم نەزمییە تا کەی سەپانی هەژار گەمژە نەبی ئاوا ناکەی بۆ زۆردار دوای ئەرکی ڕۆژ بۆ چی دێی هەڵئەوەستی دیسان کەمەر بۆ کاری تر ئەبەستی هەر بۆ نەختێ نان و چێشتی بەرماوە دەستی سووکیت لەسەر کەمەرت ناوە؟ ورتە بکا یەکێکی وەک من بە دار خپی ئەکەی لەسەر خاوەن زەوی و زار ++++++++++++++++++++++