شاعیر: کامەران موکری کتێب: زەبری ھۆنراوە سەرناو: سوتووی پەیام نازداری دڵ، ئەی لە دەروونا پشکۆ ئەی درەختی مانگ و ئەستێرە و شەوبۆ ئەی پەپوولەی زەردەخەنەی خەیاڵم کچۆڵەی شەنگ، تاقە گوڵاڵەی ئاڵم ئەی جوانترین هۆنراوەی تازەی دەروون ئەی ئاوازی بڵێسە لە دڵ بەر بوون ئەی چاوی دڵ، ئەی شیرینتر لە چاوم پێشکەشت بێ، تاڤگەی تاسە و سڵاوم ئێستە لەناو سەنگەرێکام سک سووتاو لێو عەزرەتی، دڵ عەزرەتی قومێ ئاو ئەنواڕمە دەمی ئەوانەی مردوون پشکۆی تەزوو لە لێوی دڵم ئەسوون ئەو دەمانەی کە ئاکامی گیانەڵاو بانگیان ئەکرد هاوڕێینە قومێ ئاو دوێنێش وا بووم، بەڵام دوێنێ کوشتار بوو خۆنواندنی دوا شاڵاوی ئازار بوو گرمەی بۆمبا، فریشکی چیای ئەخست بۆ گیان وەرینمردن دەشتی ڕائەخست کە هێلانەی گوللە مان ئەورووژان کەژ موورەغەی پڕ ئەبوو لەژان کە درنجی دووکەڵی گڕی چیا چنگی قژی گیر ئەکرد لەگژ وگیا کە ئاگری هاواری هەڵمەت بردن بەر ئەبوو دڵی ئاسنی مردن دوادڵۆپی ئارەقی لێڵمان ئەڕشت دوادرنجی ترسی دەروونمان ئەکوشت ئەمڕۆش چیا، خۆی وکەژاوی جوانی چاوەڕوانە بۆکوشتار وقوربانی وا دیارە خاک بۆگەشەی بەهاری نوێ خوێنی تری لاوانی کوردی ئەوێ «ئەگەر هاتوو نامەکەم دوا پەیام بوو» دڵی منیش بەقوربانی چیام بوو جار جار لەبەر تریفەی مانگە شەوا لەناو باخی پڕ لەهەنسکی خەوا لەسەر ئاوی کانییەکی سارد وڕوون کە زەردەپەڕ تێی ئەڕژێ وەک ئاڵتوون یادی لێوی تینووم تەڕکە، بەو ئاوە گوڵ یادم بدە لەو قژە خاوە ++++++++++++++++++++++