شاعیر: کامەران موکری کتێب: زەبری ھۆنراوە سەرناو: سروودێ سەبارەت: ١٩٥٧ ئەستێرەیەک بووم پەردەی شەوەزەنگ بە ورشە ورشی گەشم ئەپووا تۆوی گوڵاڵەی پێ دەشتی بێدەنگ لە خۆشت شەوقی ڕووی من ئەڕووا *** ئێوارە وەختە، لە دەمی کەڵا کاتێ ڕووناکیم ئەڕشتە کانی لەگەڵ فڕین و جریوەی مەلا جریوەم ئەهات بە شادمانی *** کشام وەک تیری زیوین زۆر بە تاو سەرەو خوار هاتم بەرەو ئاوی زیو وەک مەلێکی گڕتێبەردراو کەوتمە دوای دەوەنی ناو شیو *** چەشتم ناسۆر و سزایەک بەتین جەستەم بە خەم و مەینەت داڕزا تا پشکۆی دەروون، پشکۆی نەبەزین گڕی لە دار و لە دەوەن بەردا *** دوای ئەم سزایە ئینجا بووم بە مانگ تریفەم دنیای ڕۆشن کردەوە دەمەو ئێوارە نزیک کاتی بانگ وترا کۆڵنەدان جێی خۆی گرتەوە *** ئەم بەستە خۆشەی هەستم بۆی وەتەن گۆرانیی گەرمی کوڕە شوانێ بوو ئەو شوانەش دوایی هات وتی بە من ئەمە سروودی قارەمانێ بوو *** ژین ئاگرێ بێ و کڵپە بسێنێ لە بەفری دیلی ئێجگار خۆشترە دەنگێ بۆ شادیی گەل بنرکێنێ لە دەنگی زەلیل زۆر بە جۆشترە ++++++++++++++++++++++