شاعیر: کامەران موکری کتێب: ئاگر و ژیلە سەرناو: هەڵبەستی من هەڵبەستێکم لێ بزر بوو وەکوو بڵێسەی ئاگر بوو هەڵبەستێک شیرین، گەرم، جوان پڕ بێ لە جۆش، هیوای ژیان ئاوازەی وەکوو خوڕەی ئاو گەش وەکوو پرشنگی خۆرەتاو ڕەوانتر، لە ئاوی ڕووبار سپی وەکوو بەفری نزار هەڵبەستێک بێ تەڕ و ناسک دوور بێ لە گریان و هەنسک پاراوتر و ئاڵتر لە دەم لێی نەنیشتبێ تۆزی خەم زۆر گەڕام بۆ، ئەم هەڵبەستە کە خۆشترین نەغمەی هەستە پەپوولەی هەڵبەست هەڵمژین فڕی بۆ زۆر جێگەی شیرین چووە، سەر خونچەی دەمی سوور ناو قژی خاو، سنگی بلوور ناو شەپۆلی گۆرانیی خۆش ترپەی ڕەشبەڵەکی بەجۆش بۆی، نەدیمەوە شیعری گەش نە، لە ڕۆژا، نە شەوی ڕەش لە دەمی ئاڵ، هەرچیی مژی هەڵبەستێکە ڕەنگە نەژی چووم، بۆ لاوی، بۆ ڕەشبەڵەک بۆ ئەو دیوی سوخمەی خاومەک بۆ ناو ئارەقێک ئەتکی لە کوڵمی ڕوومەت ناسکی چوومە ناو، دەنگی پێکەنین گەڕام چۆلیان، ئاسمانی شین پێوام، کووچە و شەقامی شار چوومە ناو خۆشترین تەلار نەمدۆزێوە، تا ئاوڕی دڵ فڕێنی کوت و پڕی نەک شیعرێک، سەد شیعری پێدام بەمە گەیشتم بە هیوام تا گوڵی دڵداریی ڕاستیم گوڵی جوانی خۆشەویستیم نەگەشایەوە، شیعرەکەم نەهاتە سەر لێواری دەم ++++++++++++++++++++++