شاعیر: کامەران موکری کتێب: ئاوات و ڕەنج سەرناو: دڵکرد هۆنراوەت بۆ ئەڵێم بەتام پڕی بێ لە تەزووی ئارام بریسکەی لێ بێ وەکوو ڕووت ورشەدار بێ وەکوو یاقووت تۆش هۆنراوەی وا هونەرچن بهۆنەرەوە بۆ گەردن *** هۆنراوەم هەیە، وەک کوڵم گەشە ئەی نازداری دڵم گیانەکەم من پێت ئەبەخشم هۆنراوەی وا جوان و گەشم تۆش دەمی بنێرە سەر دەم با گەشتر بێ هۆنراوەکەم *** ئەتدەمێ خۆشترین هەڵبەست ئاو بزێنێتەوە دەمی هەست خۆش بێ وەکوو چرپەی دەمت لای بەرێ لە دڵتا خەمت کەی تۆ بە تاسەوە مژیت ئەڵێم ئەی هۆنراوە ئەژیت *** هۆنراوە ئەڵیم بۆ باڵات بۆ سنگی بەرزی بێ هاوتات تۆش ئاوریشمی هۆنراوەی جوان لەبەر کە ئەی پەریی ئاسمان هەرچیم هەیە هۆنراوەی ورد بەرهەمی شیرینی «دڵکرد» ئەیبەخشم بە لار و لەنجەت بە ناسکی دەست و پەنجەت تۆی هۆنراوەی ژیانی من ژیانی شیعرەکانی من ++++++++++++++++++++++