شاعیر: کامەران موکری کتێب: ئاوات و ڕەنج سەرناو: گیڤارا لە دەشتێکا دەمەو بەیان بە سروەی شەماڵی نیان کاتێ گوڵ کەوتە شنەشن بزووت دەس و پەنجەی مردن برادۆی پەروەردەی تاوان لەسەر پیلکە پەنجەی جووڵان خوێنی دڵی گیڤارای ڕشت گەورەترین دلێری کوشت ڕۆژ گیڤارای گرتە باوەش بە پۆپەشمینی خوێنی گەش بە تیشکی گەرم و پڕجۆشی تەرمی پیرۆزی داپۆشی *** ژیان بە هاژەی ڕوباران بە خرمەی ڕەهێڵەی باران بە وژەی باڵی پەلەوەر گریەی مناڵی دەربەدەر بە نێڵەنێڵی ئاگری شۆڕشی وڵاتپەروەری بە دوا وتاری گیڤارا لە چیا و کەش و نزارا خۆشترین ئاوازی دانا لە خەبات و کۆڵ نەدانا دەنگی چەکوش لەسەر دەرگا نرکەی دلێر لەڕووی مەرگا ورشەی داسی برای وەرزێر گرمەی دەنگی ڕۆڵەی دلێر ئەڵێن گیانی گیڤارایە لە کەژا لە نزارایە ئەرجەنتین ئەڵێ گیڤارام ڕمانی قەڵای ترس و سام هەڵمەت بەرن پەلامارە لە سەر ڕێ و شوێنی گیڤارا لە بۆلیڤییا پێشمەرگە ئەڵێ هەرکەسێ بەجەرگە خێرا دەست بداتە تفەنگ بەرەو کۆڕی کوشتار و جەنگ بۆ ئامانج و تۆڵە سەندن لە هێزی زوردار و دوژمن با بەتاو ئاسمانی ژیان خوێنی گەش و پاکی لاوان بەسەر وڵات بارێنێ تا گەل تۆڵەی خۆی ئەسێنێ کۆڕی کوشتار گەرمتر بێ وڵات با هەمووی ئاگر بێ ئەسرین کەدیت جۆگەی خوێناو نەیەیتە بەر پەرژینی چاو بۆ پێشەوە سەرکەوتنە ئازادی و تۆڵەسەندنە بۆ وڵات و گیڤارایە گەل لە کۆڕی کوشتارایە *** ئەی تێکۆشەری سەرزەمین ئەی ڕۆڵەی خۆشەویستی و قین شانازی وڵاتی شەکر پێشکەشت بێ چەپکێ شیعر شیعری وڵاتێکی وێران مناڵی برسی و سەرگەردان وڵاتی ئاگر و ئاسن کوردستانی پیرۆزی من *** گیڤارا چۆن وەرزی بەهار ئەبێ خاک پڕ بێ لە گوڵزار یا پایز و چلەی زستان هەر ئەبێ داکاتە باران تۆش شۆڕش لە هەموو شوێن ڕۆڵەی ئاگر بووی ڕۆڵەی خوێن هەر کە ئەوترا گیڤارا ئەمدیت لە کۆڕی کوشتارا بانگت ئەکرد: ئادەمیزاد ئەبێ بژی شاد و ئازاد دوور لە سزا و ئازاردان لە چەوسانەوە و لە تاوان گیڤارا شیعری گڕاوی وشەی پیرۆزی خوێناوی لەسەر وێنەکەت ئەنووسم لە چوارچێوەی یادی ئەگرم لەگەڵ وێنەکەی کاروانی کە بۆ کورد بوو بە قوربانی لەگەڵ هەزار و یەک وێنە کە هەمووی خڵتانی خوێنە هی ئەوانەی بۆ کوردستان ئازایانە بوون بە قوربان ئەیانخەمە ناو شووشەی دڵ بۆیان ئەڵێم شیعری بەکوڵ گیڤارا هەتا هەتایە یادت ڕووناکی دونیایە ++++++++++++++++++++++