شاعیر: کامەران موکری کتێب: ئاوات و ڕەنج سەرناو: کوشتنی عەبە سام دوا تەزووی ڕشتە هەناو دڵی هەموو دایکێ لەرزی لەگەڵ دەرکەوتنی هەتاو وشەی لە دەما تەزی *** زەردەخەنە لە ئەسرینا وەک گۆیەکی زێڕ توایەوە خەندە لە قوڵپی گرینا خنکا و یەکسەر بڕایەوە *** کۆڵانەکان کش و بێ دەنگ تەنیا شریخەی شەستیر لێی ئەدا نەغمەی سووری جەنگ خوێنی تێکەڵ ئەکرد بە شیر *** ئەو کەسەی دەرچوایە لە ماڵ کۆڵانی لێ ئەبوو بە گۆڕ گەنج بوایە یا پیر یا مناڵ سنگی ئەیڕشت خوێن چۆڕە چۆڕ *** لە ناکاو تیری زریکە دڵی هەموومانی سمی دوژمن بانگی کرد بیپێکە دەنگێ وتی: «ئاخ کوشتمی» *** دوو سێ کارژۆلەی بەسزمان لەگەڵ مناڵێکی شوانا لەناو گۆمی خوێنا گەوزان لە پێچی تەنگی کۆڵانا *** مناڵێ هاواری ئەکرد وەرنەدەرێ عەبەیان کوشت توخوا فریا کەون وا مرد خوێناوی سنگی هەموو ڕشت *** گوڵاڵەی دەروونم وەران دڕکی تۆڵەم نایە شوێنی بەڵێن بێ ئەی زەبری ژیان هەرگیز من ون نەکەم خوێنی *** لێرە مناڵی کوردستان بەم شێوەیە لە ناو ئەبەن ئەی دایکانی هەموو جیهان گوێ بگرن، هاوارێ بکەن ++++++++++++++++++++++