شاعیر: کامەران موکری کتێب: ئاوات و ڕەنج سەرناو: پیانۆ لە تیشکی کوڵم و گەردنی بریسکەی خونچەی ئاڵی دەم هۆنراوەی جوانم بۆ چنی بۆم پێچا بە تاڵی پەرچەم *** لەسەر پیانۆی خەندەی بەکوڵ بە پەنجەی ئاگرینی کام بۆ کۆرپەلەی ئارامی دڵ ئاوازم لێ ئەدا بەتام *** ئەستێرەم لێ ئەدا لە قژی مانگم ئەکرد بە تاس کڵاو تریفەی سەنگیم ئەمژی بە لێوی هەستی پڕ گوڵاو *** بە شنەی نیای شەماڵ کاتێ پرچیم ئەکرد شانە هەستم بۆ شەوقی کوڵمی ئاڵ یەکسەر ئەبوو بە پەروانە *** شەرمی ئەڕشتە سەر ڕوومەت چاوی بەنازی لێک ئەنا تەزووی دڵداریی بەلەزەت بە ناو دڵما هەڵئەزنا *** بەڵام ژینم وەک شەوێ بێ لەناکاوا بڕایەوە ئەو خۆشیەم وەک خەوێ بێ لە ئەشکی چاوا توایەوە *** چریوەی مەلێ بوو نەما یا شەقەی باڵی هوزارێ تیشکێ بوو ون بوو لە تەما «شۆخی ناسکی نازدارێ» ++++++++++++++++++++++