شاعیر: کامەران موکری کتێب: ئاوات و ڕەنج سەرناو: نامە کاتێ کە نامەکەت گەیشت پەپوولە گوڵاڵەی ئەکوشت دەشتی دڵم بەسام و مات هیچ جریوەی لێ نەئەهات بەڵام کە زانیم تۆش وەک من بێ باکی لە سزای دوژمن غونچەی شادمانیم پشکووت گەش بوو وەکوو لێو و ڕووت زیندانەکەم ڕووناک بۆوە ئازاری سزام لە بیر چۆوە ئەی فریشتەی دڵی گەرمم وەرە لام ئەو کاتەی ئەمرم بڵێ ئازا بوو یارەکەم ئەیوت ئەبێ مل کەچ نەکەم گیانم کە بوو بە پەپوولە دێمە ناو ئەو قژە لوولە لەگەڵ لەرزەی باڵا ورد ورد هۆنراوە ئەچنم بۆ کورد بە سیمی هۆنراوەی گیانی ئەنەخشێنم بەم وشانە ژینی دڵسۆز تێکۆشانە ++++++++++++++++++++++