شاعیر: سامان سەنگاوی کتێب: تەنیام لێرە سەرناو: بۆچی ڕۆیشتی (دایک) سەبارەت: شیعرێکە بۆ کۆچی دوایی دایکی ئازیزم نوسراوە و ناسۆری لە دەستدانی ئەوی تێدایە. بۆچی ڕۆیشتی كاتێ ئەتزانی دەورانی دنیا هەموو دەگۆڕێ ژیان لە گەمەی خەم و خۆشیدا بەبێ كێ بڕكێ بە خەم دەدۆڕێ شیرینی ژیان تامی دەگۆڕێ بۆ تاڵی و سوێری و هەستێكی ناخۆش ڕوناكی ژیان لەگەڵ چاوی تۆ ورد ورد كز دەبێ تا دەبێ خامۆش وەرزی بەهاری پڕ گوڵ و جوانی بە وێنەی پایز ڕەنگی ئەنوێنیێ كۆرپەلەی جەرگ و ڕوناكی ماڵت گریان لە لانكەی خەما ئەی نوێنێ تو ئەو خودایەی لەلای میوانی بۆ تەنها جارێ یادم كەرەوە دور لە حەقیقەت بۆ ساتێكیش بێ لە خەودا سەرم لێ بدەرەوە تا شەوی تاریك بەڕۆژ بگێڕی بە میوان بون و سەردانی خەوم پەلكە زێڕینەی خەیاڵ بۆ ساتێ هەڵكا لە سیمای ئاسمانی شەوم بۆنی مێخەك و تازە خەنەكەت تێ بكەم هەتا سەرم مەست ئەبێ نزای هەردوكمان بۆلای خودابێ تا شەو درێژ بێ و كۆتایی نەبێ مەودای ئاسمان و زەوی جەن زۆرە من هەزار هێندە بیری تۆ دەكەم ئارەزوی ماچ و نوزە خەوێكی باوەشی گەرمی پڕ میهرت دەكەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تامەزرۆیی چەندە پێم خۆشە بەیانیان زوو پێش خۆر خۆم بدەم لە كوڵمەكانت بەیانی باش و ماچێكی گەردن دیاریم بێ لە بۆ گشت ڕۆژەكانت هەر وەكو شەونم لەسەر گوڵی ڕوت بمێنمەوە تا ئەتوێمەوە وشەی خۆشمەوێی بە هەزاران جار بە خەندە و چرپە بۆت بڵێمەوە من وەكو شەماڵ بە ئاواتەوەم فێنكایی بم بۆ گەرو و ناخت لەگەڵ خۆم بیبەم هەموو ناخۆشیت بەس گوڵی جوان بێ دیمەنی باخت ‎خۆزگە ئەم توانی چی شەویش هەیە ‎پەلكە زێڕینەی شادی تیا هەڵكەم ‎ دەستی ناسك و نەرمۆڵەت بگرم ‎بۆ باخی جوانی گشت دنیات ببەم ‎هەردەم بە هیوای ساتێكی وابووم ‎بتبەمە لوتكەی گشت كامەرانی ‎خەندەی لێوانت هەمیشەیی بێ و ‎قەت لێت ون نەبێ وا بە ئاسانی ‎وشەی پێنوسم گوڵی ڕەنگین بێ ‎بۆ تێڕوانین و نیگای چاوانت ‎زاخاوی مێشكی ماندوی تۆ بكا ‎تێكەڵ بێ لەگەڵ گشت خەونەكانت من و فریشتەی ئارامی خودا ‎كێ بڕكێمان بێ بۆ شادمانیت ‎چونكە تاكو هەم هەر تۆ شازادە و ‎مژدە هێنەری گشت كامەرانیت ‎چەن خۆشە جارێ زاری شیرینت ‎بڵێ ئەم شیعرە جوان و پاراوە ‎چونكە دیمەنی ڕوخساری منت ‎زۆر بە سادەیی بە سەریا داوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناڵەی دڵ دڵ دەناڵێنێ لە تاو هیجرانی یاری نازەنین سەرم مەستە لە خەیاڵی ژوان و وەختی بە گوشێن ئەو لە بەهاری ئەویندا وا دەچێژێ کەیفی خۆش منی بیماری دەناڵم بەدڵێکی پڕ لە جۆش بۆچ دەبێ عاشق هەتا سەر هەر بچێژێ دەرد و داخ وێنەی بول بولی هەڵبڕاو ساتێ نەیبێ ئاو و باخ بۆچ دەبێ پەروانە ئاسا تەنها سوتان بێ بەشی پڕ لە هەوری ڕەش و چڵکن لوتکەی هیوای سەر کەشی بۆچ دەبێ بازاڕی عەشقی هەرگیز نەیبێ زیو و زێڕ شەوگاری مەست و بێ ئاگا چاو لەدەستی بادە گێڕ بۆچ دەبێ گوڵی بەر با بێ و هەموو ساتێ هەڵوەرێ قەت پەپولەی شادمانی بەسەر ڕویا نەگەڕێ بۆچ دەبێ دنیای ئەوینی دۆزەخێک بێ پڕ لەمار فرمێسکی چاوی هەڵوەرێ هەموو ساتێ بێ شومار من کە عاشق بم دەبێ هەر کاری فەرهادێ بکەم کێوی بێستونی فیراقی تا ئەبەد بۆ کون بکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە چەند پێم خۆش بوو هەردەم لات بم بۆ ڕێگای ژیان چرات بم ئاواتم بوو دەستت بگرم بەرگەی خەمی دوریت بگرم وام ئەخواست هەر دەم شادت کەم کۆشکی شیعر بە ماڵت کەم ئاواتم بوو بۆ تۆ بژیم لەگەڵتا شاد بم قەت نەگرم شەو دوو دەستم لە ملتابێ هەستم ڕێک لای کەمەرتا بێ دەستم لە گیانت بخشێنم هەست و هۆشت بۆ خۆم بێنم بەڵام ئاخ. چی بکەم لە دووریت تکام وایە تۆش بم بوریت نەیهێشت بژین بۆ خۆم و خۆت دنیا بکەم بە بەهەشت بۆت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەیاڵ من وام دەزانی گەر لێرە بڕۆی وەک وەرزی بەهار ڕۆژێک دێیتەوە گەڵای وەریوی پایزی عومرم بەگوڵی نەرگز ڕەنگ ئەکەیتەوە سنوری نێوان من و ساڵی خەم بۆ هەمیشەیی بە کۆتا دێنی پەپولە ئاسا لە دەورم دەبی و خەندەی سەر لێوان قەت ناتۆرێنێ چەندە رەنگینە خەیاڵی جوانم بە وێنەی پەری ناوت ئەهێنێ شیوەی ڕوخسارت لەسەر دیوان و پەڕەی شیعریمدا وا دەنەخشێنێ چەندم پێ خۆشە گەر ڕۆژێ دابێ شیعرێیک بە ڕەنگی خۆت میوانت بێ لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەیەکی ئەم کوردستانە بۆ ناو ماڵت بێ  ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڕانەوە ئیتر فرمێسک ناڕێژم شەوان ناگـریم بـە زامـەوە چـونکـە دیسان جارێکی تر بۆ باوەشت گـەڕامـەوە خــۆت ئەزانی باوەشی تۆ لانەیە بۆم... دوا جێگامە سەرچاوەی خۆشیە بۆدڵ سەردێڕی ھۆنراوەکانمە ئـیـتر ڕێگە بــەخەم مەدە دەشتی دڵم بۆ بکێڵێ یـا ئازاری دوریت شەوان خەو بەچاوانم جێ بێڵـێ ڕێگــە بــەچاوانـم مــــەدە بگری بۆ دوریت شەوانە ڕێگـە بـەدڵیشـم مەدە لـە خـۆی تـاڵکا ئەم ژیانە جـارێکی تـر جـێـم مـەھێڵە من بەتۆوە کـامـەرانم تـوخوا قەت خەندەو پێکەنین مەکەرەوە بە گریانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیرت دەکەم بۆچی ڕۆیشتی كاتێ ئەتزانی دەورانی دنیا هەموو دەگۆڕێ ژیان لە گەمەی خەم و خۆشیدا بەبێ كێ بڕكێ بە خەم دەدۆڕێ شیرینی ژیان تامی دەگۆڕێ بۆ تاڵی و سوێری و هەستێكی ناخۆش ڕوناكی ژیان لەگەڵ چاوی تۆ ورد ورد كز دەبێ تا دەبێ خامۆش وەرزی بەهاری پڕ گوڵ و جوانی بە وێنەی پایز ڕەنگی ئەنوێنیێ كۆرپەلەی جەرگ و ڕوناكی ماڵت گریان لە لانكەی خەما ئەی نوێنێ تو ئەو خودایەی لەلای میوانی بۆ تەنها جارێ یادم كەرەوە دور لە حەقیقەت بۆ ساتێكیش بێ لە خەودا سەرم لێ بدەرەوە تا شەوی تاریك بەڕۆژ بگێڕی بە میوان بون و سەردانی خەوم پەلكە زێڕینەی خەیاڵ بۆ ساتێ هەڵكا لە سیمای ئاسمانی شەوم بۆنی مێخەك و تازە خەنەكەت تێ بكەم هەتا سەرم مەست ئەبێ نزای هەردوكمان بۆلای خودابێ تا شەو درێژ بێ و كۆتایی نەبێ مەودای ئاسمان و زەوی جەن زۆرە من هەزار هێندە بیری تۆ دەكەم ئارەزوی ماچ و نوزە خەوێكی باوەشی گەرمی پڕ میهرت دەكەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەیدای ژوانم بۆ حەسانەوەی ڕێی ماندووی ژیان باوەشت نەبێ هیچ شوێن شك نابەم وا گومان دەكەم لەگەڵ تۆدابم ڕێ بەكەناری دەریای خەم نابەم ئێستا و هەمیشە هەر خۆشم ئەوێی وەك یەكەم جارت و یەكەم دیدارت لای من هەر گوڵ و ڕێحانەی جوانە پێدەشتی وشك و پڕ خۆڵ و خارت ئیتر ئەو خەڵكە چۆن حاڵی دەبێ من گوێ نادەمی و بەبێ دەربەربەستم گرنگ ئەوەیە تۆ پێ بزانی لە دنیای ڕۆشن تۆی خۆشەوسیتم دڵم وەك گوڵ و تاجی پاشایی لەسەرت ئەنێم هەتا بمێنم قەت لێت تێر نابم گەر سەد هێندەی تر لەسیما و جوانی تۆ ڕا بمێنم من عاشقی تۆ و تۆ شەمعی ڕێم بە با خەڵکی شاریش گشت پێ بزانن هەتاكو مێژوو بینوسێتەوە لە سایەی عەشقا دوان کامەرانن هەوری ئاسمانیش لە جیاتی باران تۆی بارانۆتە سەر كێڵگەی دڵم بۆیە بۆ عەشق و دڵداریت گیانە هێند بێ ئارام و وا لەسەر كوڵم وەكو كۆرپەلە شەیدای دایكی بێ من وەها شەیدای دیدار و ژوانم كاتێ تۆم هەبی بەبێ خەم ئەڕوا شەمەندەفەری وێستگەی ژیانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو سیاسیەی کە ئەیپەرستی سەبارەت: شیعرێک لەسەر شیعری گەورەی مامۆستا حەمە عەلی مەدهۆش نوسراوە. ئەو سیاسییەی کە ئەی پەرستی پەیمانی حیزبی لەگەڵ ئەبەستی گشت درۆیەکی بە ڕاست ئەبیستی ئەوەت لە بیر بێ ڕۆژێ لە ڕۆژان بۆ مەسڵەحەتی ئەتخاتە گریان ئەوانەی خۆیان بۆ گەل داناوە وەک خزمەتکارە هەتاکوو ماوە هەموو شتی خۆی ناوەتە لاوە گەر هاتوو پارەی باشتری دەست کەوت بیانووی سیاسەت ئەکا بەڕێکەوت نەخەڵەتابی باوەڕت وابێ کە سیاسیەک بۆ گەل سوتابێ بەڵێ ئەگونجێ ماوەیەک وابێ بەڵام کە تێر بوو لەپاش چەن ساڵێ ئەڵێ با میللەت بۆ خۆی بناڵێ زۆرن ئەوانەی میلەت توشی بوون بە پارە و مەعاش لە خشتەی بردوون وایان زانی بوو لای خواوە هاتوون کەچی لەگەڵ ڕوی لێ وەر چەرخانن هەر نەیهێشت بڕی موچەی بزانن پشت بە بەڵێن و پەیمان مەبەستن سیاسی زۆرن کە بێ دەربەستن هەتا سەر لەسەر میللەت ناوەستن گەر تاک تاکێ باش بمێنێتەوە بێ دەسەڵاتی ئەی هێڵێتەوە بە درۆکانیان کە کەوتیتە داو بیرچونەوەشیان بێنەرە بەر چاو خۆت ئامادەکە بۆ کۆستی ناکاو بۆ ئەوەی کاتێ بێ موچە کرای دەردت ئاسان بێ و نەکەویتە ئای ئەوەی بۆ میللەت ئەڕوتێتەوە لە تاویان ئەگری و ئەبورێتەوە بە بەرد بارانیش ڕاست نابێتەوە دەستی کەوت واخۆی دور ئەخاتەوە بۆ مەرگی لاوایش لا ناکاتەوە بە ئیجازەی حەمە عەلی مەدهۆش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پایز بەرەو پایزبون دەچمەوە ‎خەندەی لێوم هەڵدەوەرێ ‎سیمام وەکو کۆنە ساڵێ ‎بەرەو زەردی هەڵدەگەڕێ ‎ناسۆر بەهاری مراندم ‎وا بەرە و خەزان و فەوتم ‎هاکا وەکو گەڵای دارێک ‎منیش دەم ڕەشەبا کەوتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاگری دوری ئەگەر ئـاگـری دوری تـۆ هـەمـوو جـەسـتـەم بـسـوتێنـێ‌ مـەحـاڵـە دڵ لێـت بـێـزار بـێ و واز لـە ئـەویـنـی تۆ بێنێ‌ ئــەگــەر هات و ڕۆژێ مردم بــــەم زام و داخ وئێــشــەوە بێ‌ شك بە كوشـتەی دەستـی تــۆم ڕۆحـم بـۆلای تـۆ دێتـەوە بەڵام گــیانـــە تاكو ماوی قەت مەكـە پــەیمـان شــكێنـی جـار جـار سەرێ‌ لە گۆڕم بـــە ئـــاشــكــرابێ‌ یـا نــهــێنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاواتی مەرگ لێم زویری یاخود هەر خۆت دڵت گۆشی عەشق نەبوو بۆ ماڵی دنیا عاشق بووی؟ یاخود کات بەڕێ کردن بوو وەرە بڕوانە ژیانم زۆر جیاوازە لە چاو جاران ئەوکات هاوڕێم پێکەنین بوو ئێستا بەس ئاشنام بە گریان هەموو فرمێسکی چاوانم بەسەر وێنەی تۆدا باران کەچی تۆ برینەکانمت تەنها جارێ نەکرد دەرمان گریانت بە چاوم ناساند... خەندەت لە لێوانم تۆران چاوەڕێ نیت ڕۆژێ ئاهم تۆش بخاتە شین و گریان ئەڵێن گوایە خەفەتی زۆر ڕۆح لەجەستە دەر ئەهێنێ کەوایە بۆ ئازار و خەم واز لە جەستەی من ناهێنێ هێندە خەمم بۆ دوریت خوارد ئێستا من یەک پارچە خەمم دڵم نایە هیچت پێ بڵێم بە ئاواتی مەرگی خۆمم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبیرت دێ لەبیرت دێ پێت ئـەوتم بــۆ نــــامــــەكانی تــــۆ شەیدام لەنامەی تۆ قەت تیر نابم... هـاوڕێمن كـاتێ كــــە تـــەنیـام بیرتە ئـەت وت هـەموو شەوێ لەجانتاكەم دەریان ئـەكــەم وەك مناڵێ دائەنیـشـم وشـەكـانـی لـەبـەر ئـەكـــــەم بیرتە سەرەتا پیم وتی بۆچی فرمێسک ئەڕیژی بۆم تاوانە هاتووی پێم ئەڵێی عاشق و ئەوینداری تۆم بیرتە وتم بێجگە لەخەم هیچ شتێکی تر شک نابەم بۆ خەمت پێ‌ بناسێنم هەموو جوانی عومرت ببەم بێ‌ شك بە منیش وەكو تۆم لەخۆت زیاتر خۆشم ئەوێی بەس حەزناكەم خەم بناسی و بەخەمەوە بۆمن بدوێی پێم خۆشە دڵ پڕ خۆشی بی و لێوت خەندەی لێ‌ ببارێ‌ ژیانی تۆش وەكو هی من بێ‌ خۆشی نەبێ‌ بەجارێ‌ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوڕی هەژار كاتێك سەیری سیمام ئەكەن ئەڵێن كـوڕێكی خـەم باری بۆیە كەسـیـش خـۆشی ناوێی چونكـە تۆ كـوڕی هـەژاری تـكـام ئـەكـرد وتم عەشق لەسەروەت و ماڵدا نیە كـەسـێ‌ كـەبـۆ پـارە ویـستـت دڵـنـیـابە سۆزی تیانیە ئـێـوە وا ئـەزانـن هـەژار دڵیـشـی بـێ‌ سـۆز و هـەستــە كە مـانـای عەشق نازانن چاوتان بەس بۆ سامان مەستە سـەروەت عـەشـق بـێ‌ تـاماوم دڵـم نـاكـەم بە ئەویندار چـونكـە هیـچ دڵێ‌ بـۆ عـەشـق پـاك نیـە وەك دڵی هەژار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دابڕان لـەو ڕۆژەوەی كـە خـوڵقاوم بـەشـــم خـەم و دابـڕانــە هەمـــوو وەرزێــكــی تــــەمـەنم وشك و پایز و خەزانە هـــەر بـــەهـــیـوام ڕۆژێ‌ بێت و وەكو جاران بێیتەوەلام بەمـن ئـاشـنای بـكەیتەوە گشت خۆشی و خەندەی تەوەلام کە ڕۆیشتی هـەموو خۆشیم وەكو گەڵای پایز وەری لەدوای تۆ لێوەكـانـی من پێكەنین و خــەندەی نەدی وەرەوە ڕۆژێ‌ لــــەڕۆژان دەســتـم لـەمـلت كـەم تــاوێ‌ نــەك هەر خــۆت دنـــیـا بزانێ كەبێ‌ تۆ ژیانم ناوێ‌ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر هاتم ئەگەر هاتم دەرگای ژورت ئاوەڵاکە بۆنێ لە خۆت و بێدەکە و نوێنەکانیش بەرەڵاکە ئەگەر هاتم بەنازەوە دەستم بگرە بە باوەشی میهرەبانیت هەڵمبگرە ئەوکاتانەی من لەلاتم بە هەناسەی خۆت بدوێ بۆم چپەکانت بخە بەر گوێم خۆت پێم بڵێ کە شەوانە حەزم لە وردە ماچێکە لە بۆنی تۆ و لە هەناسە و باوەش و تیک ئاڵانێکە خۆت پێم بڵێ بە شێتانە و بەبێ شەرم با منیش تاسەم لێت بشکێ و هێواش هێواش دەستم بەرم بۆ باخی سێو و هەناریت بمکە بە هاوڕێی باوەشی هەموو شەوانی بێداریت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاڵی سپی ئای چەندە جوانە لەنجە ولارەكەت ‎ئەیبینم تەزوو دێنێ بەدڵما ‎وەكو شەماڵی بەر بەیان وایە ‎ڕۆح ئەكات بەبەر دڵی بە كوڵما ‎هەر جارێ وادەی دیداری تۆبێ ‎دڵ و دەرونم ناسرەون تا دێن ‎پێش ئەوەی جەستەم بگاتە لای تۆ ‎ئەوان لە پێش من بۆ خۆیان لەوێن ‎وادیارە تەمەن زۆر كورت و كەمە ‎باسی عەشقمی پێ نانوسرێ ‎ڕەنگە لەو دنیاش بت بینمەوە ‎ئەم ئەوینەی من یەخەت پێ بگرێ ‎با دیدارێكی نوێ سازكەینەوە ‎دەمێكە چاوم ونە لە چاوت ‎دەشتی وشكی دڵ تەڕ بكاتەوە ‎بارانی سۆز و عەشقی بەتاوت ‎ئینجا ببینی دوری و بێ تۆیی ‎چۆن تاڵی سپی ناساندوە پێم ‎ئەترسم نەیەی تا ئەوڕۆژگارەی ‎كە بیشم بینی نەزانی من كێم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ بێ با لە سایەی ئەویندا تێر بچێژین كەیفی خۆش ‎بە شەرابی مەستی چاوت دەڵ و دەرون بێتە جۆش ‎بێ هەتاكو هێزم ماوە تێر بكێشم نازەكەت ‎ئاشنابم من بە ئاواز و ناز و مەیلە تازەكەت ‎بێ هەتا دیسان بكێشم لەسەر دڵم شێوەكەت ‎پڕ بەدڵ بۆنی بكەم گەرد و تازە سێوەكەت بێ هەتاکو خۆت ببینی چەن بێ نازم لە دوریت ئەگەر منیش بەم جۆرەم بۆت تکام وایە لێم ببوریت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڤالانتاین گوڵی سوری من سوری لێوانتە ڤالانتایینم وەختی جێژوانتە کوا عەشق و ئەوین، ڕاز و دڵداری بەتەنها ڕۆژێ پێی دەکرێ کاری ‎هەر هێندەی دەڵێم کە ئەویندارم بە تیری عەشقت وا بریندارم نە کەس پەی دەبا بە ڕازی ناخم نەڕۆژێ ئەڕوا مەینەت و داخم بەڵام گیانەکەم هەر سات بت بینم ئاهێک دێتەوە بەر گیانی ژینم ‎لەبەر چاوان و فرمێسکەکانت نەمتوانی بێمە بەر دیدەکانت هەرچەندە دوور بم هەردەم لەلاتم وەک پۆشاک بەستەی قەد و باڵاتم پیرۆزبایی من ئەم شیعرە بوو بۆت خۆشیشم ئەوێی زۆر زیاتر لە خۆت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم مەشکێنە ئەوەنە ‎دڵم مەشێکەنە ‎بە کردنی ‎مــــــــاڵـــــــئاواییــــت ‎کەمێ ‎ترسی خودات هەبێ ‎خــــەتــابـاری ڕۆژی دواییـــت ‎من یادگاری ‎تۆم لەلایە. ‎تۆ چیت لایە بۆ تەنیاییت؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حاڵی عاشق تۆ كە حەكیمی دەردەداران بی ‎بۆ دەشتی دڵم وەكو باران بی ‎بۆ نایەیتەلام وەكو جاران بی ‎لە ڕیزی مەرد و چاكەكاران بی ‎تۆ كە بۆ دڵم بەوێنەی خوێنی ‎بۆ بەنازەوە نایەی بم دوێنی ‎بەهاربی و نێرگز بۆ ژوانم بێنی ‎وەرزی خەزانم دوایی پێ بێنی ‎تەنها خەیاڵین، عادەتمان وایە ‎دڵدانەوەمان هەر بە تەنیایە ‎ڕاستگۆیی ناخمان بەسەر زار نایە ‎بۆیە عاشقمان حاڵی ئاوایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەواڵیان هاورد هەواڵیان هاورد لای یاری جوانۆ ‎خەیاڵ و دڵی نەماوە لەلام ‎لە بەرچاوی ئەو وەكو ئەو خەڵكە ‎بەندەیەكی خوام لە شێوەی زەلام ‎نەبیستی ڕاز و هاوار و گریەم ‎نە گوێی داوەتە بێداری شەوم ‎وەك ڕۆژی ڕوناك مەعلوم بوە لای ‎كە وەلی ئاسا دێوانەی ئەوم ‎ئەم بێ منەتی و بێ باكیەی یار ‎تەنها ئەوەیە جوانێ بەناوە ‎بێ ئاگا لەوەی هەزار جوان هەیە ‎ئێستا لە خاكدا خەوێنراوە ‎هۆشت بێتەوە بەر خۆت كچۆڵە ‎نە بۆ تۆ و نەكەس دنیا نامێنێ ‎ڕاكردن بە دوای شتی چێژ بەخشا ‎بەختەوەری زۆر بۆ كەس ناهێنێ ‎هێندە دڵی لاو مەخەرە ژێر پات ‎هەتاكو خۆتیان ژێر پێ نەناوە ‎دوای لە دەست دانی كەسانی بەنرخ ‎پەشێوی دادی كەسی نەداوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەزمانی شەو پێت دەڵێم بەزمانی شەو پێت دەڵێم ‎كە بەس لای منە ئارامیت ‎تەنها من بۆت بە بون دێنم ‎ئەو بەهەشتەی پێی سەر سامیت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیرۆزبایی پیرۆزبێ یادی بون و ژیانت ‎ئاسودەیی بئ میوانی گیانت ‎ببورە كەوا دورم ناتوانم ‎پێتی ببەخشم دیاری لێوانم ‎ئاواتی كۆن و دێرینم وایە ‎تۆ ئاسودەبی لە ئەم دنیایە ‎پیرۆزبێ یادی لە دایك بونت ‎هێندەی هەنگاوی ڕێی هات و چونت ‎دیاریم دڵێكە پڕ پڕە لە خۆت ‎هەر ئەوەم شك برد كە بینێرم بۆت ‎تۆ ئاسودەبە و من وێل و خەمبار ‎لێت پیرۆز دەکەم ڕۆژی هەزار جار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ نوسینەوەی جوانی ڕوخسارت بۆ نوسینەوەی جوانی ڕوخسارت رەنگە ئەم عومرەم زۆر کەم مەودابێ یەزدانی گەورە و خاوەن دەسەڵات ئەو هێز و توانای بە من نەدابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: توڕەبونت ئەو دەم و ڕۆژەی تۆ لێم بێزاری من زیاتر تاسەی ماچێكت دەكەم ئارەزووی سەیری ڕەنگ و ڕوخسار و باڵای ناسك و لەبارت دەكەم هەر ڕۆژێ ڕەنگ و ڕوخسارت تاڵ بێ تامی ماچەكەت شیرین تر ئەبێ چەن ڕوت گرژ بێ لە باوەش نانت زیاتر بە جۆش و گەرم تر ئەبێ من وام پێ خۆشە هەردەم توڕەبی چونكە چێژی تۆ زۆر زیاتر ئەبێ چەندە لێم دور بی دڵم سەد هێندە تامەزرۆی ماچ و دیدارت دەبێ ئێستا حەز ناكەم هەروەكو جاران زو زو ڕۆژانە بێیتە پێش چاوم بەڵام ژوانت وەك جاران نیە و هەر بەخەیاڵ وەختی کۆن ماوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سلێمانی ئەی شاری جوانی پڕ لە یادگاریم سلێمانیەكەی جێگای مناڵیم ئێستا و هەمیشە تۆ هەر ڕازاوە شوێنی گریان و ئارامی و یاریم لە هەر شەقام و كوچەو بانێكت ورد دەبمەوە دێنەوە یادم پیاسەی ئێوارەی دەمی لاوێتم بەو یادگاریانە ئێستاكەش شادم لەهەر شوێنێكی تری كوردستان باسی هونەر و ڕۆشینبیران بێ ئەبێ ناوی تۆ وەك تاجی پاشا لەسەر سەرەوەی هەر هەمویان بێ دیمەن و جوانیت ڕەنگیان گرتوە لەسەر ڕوخساری گشت مرۆكانی هەركەس لای تۆ بێ ناخیشی جوانە ئەگەر ڕاست بكات لەگەڵ ویژدانی بەهار بە گوڵ و پایز بە زەردی نەخشاندویانە ڕەنگی و ڕوخسارت دەنگی ڕەشەبات وەک مۆسیقایە گونجاون لەگەڵ گشت دارەکانت من هەر به هیوام هەتاکوماوم قەت دانەبڕێم لە خاک و ئاوت شانازی ئەکەم بە شوێنمەوە بێ هەکومردن لەقەب وناوت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرێ کوێرە مەمکە بە گرێ کوێرەی بەختی خۆت هەتا قەرەجێک بێ بمکاتەوە یان گەڵای زەردی وەریوی دارێک بەهاریش نەبێ لای لێ کاتەوە چەن خۆشە جارێ بە دەست و پەنجەت تیمارکەی زام و خەم بڕەوێنێ هەر وەکو ئەوسا سەرێکم لێ بەی ماڵی تاریکم بە ڕۆژ گەڕێنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنیام لێرە منی تەنیا بۆ لەمەودوا باخێک ئەکەم بە ماڵی خۆم لەو دەمەی کە دڵم تەنگە و زامی بونم زۆر بەسۆیە من بۆی دەڕۆم ئاخر ئەوێ پڕ پڕێتی لە گوڵی جوان زۆر پەپولەی بێ گوناهـی سەر باڵ نەخشین بۆ گوڵەکان بون بە میوان ئیتر لە وێ دەنگی ئازاری دڵ نایە لەوێ هەموو شت ڕەنگینە و سەدای ئاوازی گریان و هاواری دایکی شەهید ناڵەی باوکی بەتەمەنی دەر کراو و بۆڵەی ئاوارەی سنور و نووزەی مناڵی بەر سەرما و دەنگی قیژەی فەرمانبەرێکی بێ موچە و سایەقێکی بێ بەنزین و پێشمەرگەیەکی بێ چەک و سەرۆکێکی بێ دەسەڵات لەهەمبەر میللەتدا نایە ئیتر لەوێ هەموو شتەکان ئارامن لەوێ عاشقان ناسوتێن وا دەبین گوڵ بەدەم پەپولەیەوە پێ دەکەنێ پەپولە بۆ جوانی ڕوگوڵ سەمادەکا و هەزاران ئاواز دەژەنێ بڵێی ئەم باخەش هەروا بێ بێ ئازار و فرمێسکی خوێنین ڕشتن بێ هەتاکو دنیا کۆتابێ بەڵام نەخێر ئێرەش پایزێکی هەیە بیژاکێنێ دەستی ڕەشەبایەکی وشک پەپولە و گوڵ بتۆرێنێ لێرە ئارامی نەمێنێ و ئەم ماڵەشم بشێوێنێ بۆیە ئیتر من نامەوێ لێرە بژیم من نامەوێ لێرە بگریم چونکە ئێرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەنفال من ئەو کوردەم کەوا ئازار بۆتە بەشێک لە ژیانم خەمی وڵات و ئازادی وەک ئاگر سوتانی گیانم هەزار ئازاری سەختم چەشت مەینەتیم هەر دوایی نەبوو یەخەی سەد پایزم گرت و بەهارێکی لێ شین نەبوو چاوی ئەم نیشتمانەی من هۆن هۆن مرۆی هەڵوەریوە نە وشک ئەبێ و نە بەرهەمی بەختەوەری لێ چنیوە وەرن گەلان زامی سەختم وا خوێناوی لێ ئەچۆڕێ بستێ خاکم پێ شک نایە لێیان نەکردبم بە گۆڕێ ئاخر چەن هەزار مرۆڤم لە گەرمیانۆ پەلکێش کران لە بیابانی وشک و زەردا خنکێنران مناڵ و لاو پیر و جەوان سەرلەبەریان قڕ کراون ورد و درشتیان بە ڕۆحۆ لەناو گۆڕی تار نراون هەرچیش مابوو یان بە گولە یان دەرخواردی سەگ دراون چەن هەزار مرۆڤی جوانم لەهەڵەبجەی هێرۆشی ما لە ئامێزی پڕ لەسۆزی یەکتریدا بە بۆن سێو خەوێنراون ئەی ئەو هەزارانەی ترم کە بەناوی شەڕی ناو خۆ و خەباتی سنوری قۆڕ و بە سیاسەتێکی بۆگەن لە خوێنیاندا سور کراون ئەی ئەو لاوانەی کە ئێستا بە دەستی هاو زمانی خۆی لە خاکی عەرەبستاندا بە چەقۆی کول سەر بڕاون هەمووی تنۆکی فرمێسکی ئەم نیشتمانی دایکەیە و هەڵوەریوە ئەو دایکەی کە بۆ ساتێکیش خۆشی ڕۆڵەی خۆی نەدیوە ئەی نیشتمان من پێت ئەڵێم ئەو ڕؤڵانەی لە ئامێزتان پێیان بڵێ بۆ دیوانی خوا سەفەر کەن بە مۆری خوێنی ڕژاوتان ڕوی سەبەب کارانیان ڕەش کەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەستی لێوی یاری جوان و بادەی مەیی و چاوی کاڵم مەستی لێوی یاری جوان و بادەی مەیی و چاوی کاڵم شێتی مەمکی نەرم و نۆڵ و خەوی سەر قۆڵ و باڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناڵەی دڵ ئەو دڵەم کە چەشنی سەنتور و نەیە ئۆقرە ناگرێ گەر ساتێ ناڵەی نەیە ئەو ئەناڵێنێ بۆ دوری دۆست و یار لە دواری وان لە هیچ جێ ناگرێ قەرار ئەو نەناڵێنێ ئەدی چی بناڵێ کە تێ پەڕ بێ بە هەمان دۆخ و حاڵێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڕیار ئەو لە غوربەت شادی دەکا من لێرە پەست و غەمگینـم ئەو بێ لە من هەموو کەسێ و منیش تەنها ئەو دەبینم بـبـیـنـن چـۆن دەم سـوتێـنێ ئاخر کەی لای خـوا ڕەوایـە خەڵکی دڵێـکی گەش و جـوان، من ئـاگـر لە سینەمدایە ئەگەر بەوە ئەسودە بـوی کـە بوسـوتێم، وا دەسـوتـێـم گەر بڕيارە بۆلام نەیـەی، مـەیە. مـن بـەرەولای تــۆ دێـم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو دڵم دەشکێنێ ئــەو دڵم دەشکێنێ کەچی من دڵی ئـەو دەکەم چـارە ئـەو مـن دەسـوتێنێ و منیش ئاوی ئـاگریم ئـەم جارە من گوڵی بۆنداری ئەوم کەچی ئەو بۆ من هـەر خـارە من خەندە و پێکەنینم بۆی ئەویش بۆ من هـەر ئـازارە ئەو بێ هۆش و خەیاڵ لە من من چاوم بۆ ئـەو بێدارە بەهارێکی نوێم بۆ عومری ئەو هەر لەسەر بەزمی پارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەتەنها یاد و خەیاڵت، ژیانی من ئەکا خاڵی بەتەنها یاد و خەیاڵت، ژیانی من ئەکا خاڵی لە هەموو گریان و خەمێ و ئەمباتە بۆ مناڵی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چــــەنـــد هـــەنگاوی درێژ بنێی بـۆ دابـڕن، هەر دێیتەوە چــــەنـــد هـــەنگاوی درێژ بنێی بـۆ دابـڕن، هەر دێیتەوە پارچەیەکیت لە جەستەی من ناتوانی خۆت جیا کەیتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاخۆ دڵی هەژاری تۆ چەندە بە ئێش و ئازارە ئاخۆ دڵی هەژاری تۆ چەندە بە ئێش و ئازارە بە دڵی خۆمدا ئەزانم بۆ دوری چەن بێ قەرارە ئەو زمانەی کەوا ئەدا ئازاری تۆی نازەنینم لاڵ بێ، وشک بێ، نەمێنێ، قەت بەخۆمەوە نەی بینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاویلکەی ڕەش لای وێنە کێشێ دانیشتم تا بۆم بکێشێ وێنەیەک ‬‬‬‬‬‬ ‫سەیری کردوو بە ئەسپایی نەخشاندی لەسەر پەڕەیەک ‬‬‬‬‬‬‬‬ ‫بەڵام کاتێ کە تەواو بوو بینیم وێنەی تۆی کێشاوە ‬‬‬‬‬‬‬‬ ‫وتی تەنها ئەم وێنەیەم بەدی کرد لە ناو ئەو چاوە ‬‬‬‬‬‬‬‬ ‫دیسان من دڵم دا خورپا خوایە کەس نەت ناسێتەوە ‬‬‬‬‬‬‬‬ ‫لەدوای ئەو رۆژە چاویلکەی ڕەش لە چاوم نابێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڵێسەی دێ گڕی سینەم لەیادی چاوی خومارت بڵێسەی دێ گڕی سینەم لەیادی چاوی خومارت ‬‬‬‬‬‬ ‫ئەسوتێ دڵ، عومر ئەڕوا، بەبێ ژوان و دیـدارت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بارانی عەشقت هەرگیز ناتوانێ بارانی عەشقت هەرگیز ناتوانێ دەشتی وشکی من شین بکاتەوە یان جارێکی تر دڵ و دەرونم بۆ دوری و خەمت شین بکاتەوە ++++++++++++++++++++++