شاعیر: بێکەس کتێب: سروود سەرناو: گۆرانی گۆیژە سەبارەت: سلێمانی شاخی ڕەنگاوڕەنگی گۆیژە باعیسی کەیف و سروور هەردەمە بەرگێ ئەپۆشێ، گا سپی، گا سەوز و سوور وەسفی قەومی کورد ئەکەی تۆ بەم هەموو ڕەنگانەوە ڕەنگی سوورت شاهیدە بۆ کورد کە قەومێکن جەسوور بەرگی بێ گەرد و سپیشت دیارە وا هاوار ئەکا قەومی کورد دڵ ساف و پاکن میللەتێکن بێ قوسوور بەرگی سەوزیشت ئەڵێ ئەم خاکە هەر شینایییە پڕ لە دەغڵ و دان و کانی، سەر بەڕزق و پڕ لە نوور ئەی وەتەن شایانی فەخری واجبە مەدحت بکەم دار و بەردت عەینی گەوهەر، خاک و خۆڵت وەک بلوور ++++++++++++++++++++++