شاعیر: بێکەس کتێب: کۆمەڵایەتی سەرناو: مەلا و شێخەکان سەبارەت: فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە ١٤٠و١٤١، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی لای مەلا وایە کە جەننەت تەکیە و لاتخانەیە جێی مورید و شێخ و سۆفی مەلجەئی دێوانەیه غەیری ئەم قیسمانە باقی کافری بتخانەیە موختەریع، عالم، مونەووەر، پەشمە لای، ئەفسانەیه * * * شێخ ئەگەر سەدکەس بە خەنجەر لەت بکا بەئسی نییە گان بکا، تاڵان بکا، کوشتار بکا، ترسی نییە چونکە ئەولادی ڕەسولە قەتعییەن پرسی نییە خائین و بێدین لە کن ئەو عاشقی پەیمانەیه * * * مامە سۆفی وای تەمایە هەر بە ڕیشی پانەوە قەسری بۆ حازر کرابێ پڕ بە حۆری جوانەوە ئەو ئەڵێ جەننەت بە ڕیشه، نەک بەهۆی عیرفانەوە سەد (سەلاحەددین) و (دارا) قیمەتی یەک ئانەیه * * * گەر بەهەشت هەر بێتە جێگەی جاهیل و شێت و کەران دۆزەخیش مەخسووسی پیاوی فازیل و ساحێب نیشان خوایە بمخەیتە جەهەننەم، نەچمە ڕیزی وەحشییان جەننەتی چی؟ ! گەر وەها بێ عەینی تیمارخانەیه * * * چاوەکەم بەخوا خەیاڵتان خاوە چاکی تێ‌بگەن خوا یەکێکی خۆش ئەوێ دانا بێ ساحێب فیکر و فەن ئیستفادەی بۆ بەشەر بێ، خادیمی موڵک و وەتەن های و هوویی بێ‌سەمەر هەر کردەوەی شێتانەیه ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەرهەم و دەرمانی سەبارەت: بێکەس، ئەم چوار خشتەکییەی لە ساڵی ١٩٢١دا خوێندەوە لە مەکتەبی زانستی، سلێمانی. مەرهەم و دەرمانی دەردی ئێمە تەنها مەکتەبە فرسەتە هەستن لە خەو ئیتر چ وەختی نووستنە با چرای «زانستی» هەڵکەین و لە زوڵمەت دەربچین زۆر بەجێ ماوین لە خەڵکی عەیبە، عارە، مردنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەسفی حاڵ - بۆ پیرەمێرد - خاڵە حاجی با وەکو من موفلیس و بێ پارە بێ بێ جەلال و بێ جەمیل و بێ کەس و دڵ پارە بێ دائیما مەحکوومی قەهر و میحنەتی و بێ چارە بێ شانی خواری هەڵتەکێنێ و باسی میللیەت بکا با لە شارێکی بەسیتی وەک سلێمانی نەبێ با لە خاکی وا ئەسیر و جاهیلستانی نەبێ با لە سایەی جرت و فرتی خوشکەزاکانی نەبێ شانی خواری هەڵتەکێنێ و باسی میللیەت بکا ++++++++++++++++++++++