شاعیر: بێکەس کتێب: شیعری منداڵان سەرناو: تەماعکاری سەبارەت: فایەق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە٢٣٦، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی دوو پشیلەی جووت و ڕێک هەستان و چوونە جێیێک بۆ دزیی سەلکێ پەنیر کەوتنە پیلان و تەدبیر وەختێ تەدبیر ڕێکخرا شوێن و ڕێگا دانرا چوونە سەری دوو‌بەدوو پەنیریشیان دەسگیر بوو بۆ تەماع و بەشی زۆر لێیان بوو بەشەڕو‌شۆڕ تێڕوپڕیان لەیەک دا تاکوو هێزیان لێ بڕا کاتێ تەواو ماندوو بوون شەرعیان بردە لای مەیموون وتیان ئەتکەینە قازی هەردووکمان بکەی ڕازی مەیموون هەستا زووبەزوو هێنایە پێش تەرازوو پەنیری لەت کرد بە دەم بەشێ زۆر و بەشێ کەم خستیە ئەم‌سەر ئەوسەری تەرازووەکەی هەڵبڕی دەستی کرد بە کێشانی لایەک گرانی ئەهانی مەیموون قەپاڵی لێ‌گرت تا بەجارێ کەلی کرد ئەمجا بچووک بوو سەرکەوت ئەوی تریشیان داکەوت لەم پاروویەک لەو پاروو تا پەنیری خوارد هەموو پشیلەکان بە‌بێ بەش مانەوە مات و ڕووڕەش خۆلاسەی ئەم قسانە تەماعکار پەشیمانە ئەوەی بەد و ناڕێکە بەدڵ نەفرەتی لێ‌کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: له قوتابخانە سەبارەت: فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە٢٤١، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی وەختی دەرس له مە‌کتەب دائه‌نیشم به ئه‌ده‌ب له ده‌رسا تێ‌ئه‌کۆشم چاو له یاری ئەپۆشم گوێ له مامۆستا ئه‌گرم فائیده‌ی لێ‌وه‌رئه‌گرم ده‌رسه‌که‌م ڕوان ئه‌که‌م ڕه‌نجێکی ته‌واو ئه‌ده‌م تا ده‌ربچم له مه‌یدان سبه‌ی ڕۆژی ئیمتیحان ئه‌وی زیره‌ک و چاکه له ئیمتیحان بێ‌باکه به‌ڵام ئه‌وی بێ‌کاره هه‌میشه شه‌رمه‌زاره. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دایک سەبارەت: مۆرتکە ١٩٣٥/١/٢٩ - فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە ٢٣٤، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی منداڵێکی ساوا بووم که‌ی وه‌ک ئێستاکه‌ وابووم دایکم به‌خێوی کردم ئه‌و نه‌بوایه‌ ئه‌مردم به‌ لای‌لایه‌ و گۆرانی ڕایژه‌ندووم تا به‌یانی به‌ شیری مه‌مکه‌کانی منی به ‌به‌رهه‌م هانی ڕه‌نجی له‌گه‌ڵ کێشاوم له‌ باوه‌شیا دایناوم به‌رگ و جلی بۆ شتووم خزمه‌تی زۆری کردووم چاکه‌ی وا له‌به‌ر چاوم هه‌تا له‌ دنیا ماوم ئه‌بێ دڵی نه‌شکێنم ئاره‌زووی به‌جێ‌ بێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێمە مناڵین سەبارەت: سلێمانی ئێمە مناڵین، وەتەن دایکمانە مامۆستا باوکە، مەکتەب ماڵمانە قوتابی هەموو وەک برامانە کوردی خۆشەویست نووری چاومانە ئەبێ تێکۆشین ئەمڕۆ مەردانە چونکە کوردستان چاوی لێمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەڵەشێر کەڵەشێر ئەڵێ عوو عوو عوو نوستن بەسە هەڵسن زوو، نوێژی بەیانیتان چوو. تف لە تەمەڵ و بەدخوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەگ سەگان ئەڵێن حەو حەو حەو نانمان بەنێ بژین بەو، ئێمە پاستان ئەکەین شەو وەختێ چاوتان چووە خەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەر کەریش ئەڵێ زەڕ زەڕ زەڕ حەیوانێکم لاڵ و کەڕ، ئیشی زۆرتان بۆ ئەکەم، بەسەزمانم وەکو مەڕ!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پشیلە پشیلە ئەڵێ میاو میاو نە نانم هەیە نە ئاو، تیکەیەک نانم بەرێ با لێت نەکەم بە زووخاو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆرانی سپۆرت سەبارەت: سلێمانی ١٩٣٥. - فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە ٢٣٣، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی یاری کە، ڕاکە، پێکەنە جلی بێکاری داکەنە دەماری سستی هەڵکەنە یاری کە، ڕاکە، پێکەنە تۆپێن و کەوشەک و شەقێن یاری‌یێکی جوان و بەجێن تەوژم و تین ئەدەن بە خوێن یاری کە، ڕاکە، پێکەنە داوێنی ڕاستی بەرمەدە لە یارمەتی، خۆت لامەدە خاو و خلیچک خۆت بامەدە یاری کە، ڕاکە، پێکەنە جوانی ڕەوشت و کردەوە بۆ ناو و بەرزی پێشڕەوە بە گورج‌وگۆڵی سەرکەوە یاری کە، ڕاکە، پێکەنە ئەگەر پێویستی خۆتت کرد گەلت هەموو درشت و ورد ئەڵێن: بژی لاوچاکی کورد یاری کە، ڕاکە، پێکەنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فڕۆکە سەبارەت: سلێمانی - فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە ٢٤٣، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی شتێکی بێ‌خوێن و گیان ئەفڕێ ئەچێتە ئاسمان هەڵ‌دەگرێ گەلێ ئینسان دوو باڵی پێوەیە جوان ناویان ناوە تەیارە زۆر مەحکەم و بەکارە لە شەڕا موسیبەتە لە ئاشتییا نیعمەتە لە سایەی حیرفەت و فەن شتی وا دروست دەکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ چیت؟ من کوردم! سەبارەت: هەڵەبجە ١٩٣٥ تۆ چیت؟ من کوردم نەتەوەی گوردم خۆ ترسنۆک نیت؟ حاشا نەبەردم چی تۆی لەناو برد؟ دوو دڵی و نیفاق چۆن ڕزگار ئەبی؟ هەر بەئیتتفاق بڵێ چیت ئەوێ؟ بەرزیی وەتەنم بەخۆڕایی نا، بەگیان و تەنم چیت لە بارایە؟ خۆ فیداکردن بۆچی؟ لە ڕێگای میللەتا مردن کوا، چەکت چییە؟ سەودای وڵاتم ئەی پشتیوانت؟ عەزم و سەباتم ڕاستت پێ بڵێم؟ فەرموو گوێم لێتە بەقسەم ئەکەی؟ سەرم لە ڕێتە بەڕاستی و پاکیی هەوڵ و تێکۆشین لە کورسی و کینە و درۆ چاو پۆشین ئەمانەت نەبێ کارت زۆر لەقە بەشت هەمیشە نەگبەتی و شەقە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوان و مەڕەکانی سەبارەت: لە - القراءة المصورة - وەرگیراوە - مۆرتکە ١٩٣٥/٥/١١ شوان: مەڕەکانم چەند جوانن چەند بەکەڵک و بەسەزمانن بڕۆن... بڕۆن... بۆ ئەو لایە زۆر لەوەڕی چاکی تیایە مەڕەکان: لوورەی گورگێ دێتە گوێمان نزیک کەوتۆتەوە لێمان ئەگەر تۆ زوو نەگەی پێمان ئەو بەدخووە دێتە ڕێمان شوان: لە لوورەی ئەو هیچ مەترسن ئەگەر لەو گورگە ئەپرسن وا ڕای کرد ملی شکان (بازە)ی دی، ڕۆیی، تێی تەقان مەڕەکان: بەهارمان هەر بۆ بمێنێ خودا تۆمان لێ نەسێنێ لە چاکەی تۆ هەر دەرناچین هەتا مردن گەردن کەچین شوان: تاریکی داهات و شەوە جا نۆرەی دۆشین و خەوە ئەوا ئەمڕۆشمان تێ پەڕان بچینەوە بۆ دێکەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیانی سەبارەت: چەمچەماڵ ١٩٣٧ بەیانییە، وا ڕۆژ هەڵات شەو پشتی هەڵ کرد و هەڵات چیا و دۆڵ و دەشت و دەر بەرگی ڕووناکیی کردە بەر زەمین دەمی بەپێکەنین وەک دولبەرێکی نازەنین پڕ گوڵ و پڕ لە یاسەمین پڕ ئەرخەوان و نەستەرین پەڕندە وا بەدارەوە بەسەر لقی چنارەوە بەبولبول و هوزارەوە بەدەشت و کۆهسارەوە مەستە خەریکی خوێندنە ئەڵێ: چ وەختی نووستنە خەریکی یاری کردنە هەستە دەم و چاوت بشۆ کتێب هەڵگرە و بڕۆ بۆ مەکتەبت خێرا بچۆ لە ئێستەوە هەوڵ بدەن چاوی لە ئێوەیە وەتەن ++++++++++++++++++++++