شاعیر: بێکەس کتێب: کوردایەتی سەرناو: فیکری سەرکەوتن سەبارەت: سلێمانی ١٩٢٥ فیکری سەرکەوتن بەبێ شک، ئەی ڕەفیقان، غیرەتە فەوز و ئیقباڵ و تەعالی هەر بەسایەی هیممەتە قەومی کورد ئەمڕۆکە دائیم وا لە حاڵی حەسرەتە باعیسی فیتنە و فەساد و دوور دڵیی ناو میللەتە قەومی کورد، شێرانی میللەت! فیکری وەحشەت لا بدەن وەختی تێکۆشینە ئەمڕۆ، ڕۆژی عیلم و سەنعەتە میللەتی بێ عیلم و سەنعەت باوەڕت بێ دائما وا لەژێر پێی ئەجنەبی داناوی هەر بێ قیمەتە سەیری کە و تێ فیکرە نەختێ چیی بەسەرهات قەومی کورد سووک و بێ ناو و نیشانە و ژینی دەرد و زیللەتە گەر بەدڵ بێت و هەوڵ دەین بۆ تەرەققیی قەومی کورد نائیلی جێگە و حوقووقی خۆی ئەبێ ئەم میللەتە هەوڵ و تێکۆشین بەتەنها هەر بەدەم کەڵکی نییە گرمە گرمی هەوری بێ باران نیشانەی زەیقەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئامۆژگاری بۆ میللەت سەبارەت: هەولێر ١٩٢٨ کوردە تا کەی بێ خەبەر بی؟ نوستنت بێ عارییە واسیتەی دواکەوتنت ئەمڕۆکە هەر بێ کارییە سەیری ئەم قەومانە کە چۆن بوون و ئێستا بوون بەچی حەیفە بۆ تۆ وا ئەسیری بوویتە عەبد و جاریە ئیتفاقێ گەر نەکەی، لەم جەهلە خۆت ڕزگار نەکەی پاشەڕۆژت قەڵبە بەخوا، عەیش و نۆشت زارییە مەرهەم و دەرمانی دەردت ئیتفاقە ئیتفاق دوو دڵی مێقرۆبە، خزمە، عیللەتێکی کارییە نیوەڕۆیە هەستە ئیتر بەرگی سستی داکەنە زوڵمەتی شەو وا بەسەرچوو وەعدەیی هۆشیارییە ڕێی نەزانی بەر بدە و ڕێگەی مەعاریف بگرەبەر نیشتمانت زۆر کەساسە و، ژینی هەر غەمبارییە (بێکەسا) قەتعی ئومێدی سەربەخۆیی قەت نەکەی کوردەواری زیندووە، موحتاجی لوتفی بارییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن مەفتونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە سەبارەت: سلێمانی - ئەیلوولی ١٩٣٠ ئەی وەتەن مەفتونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە وەختی بەندیی و ئەسارەت، پێ بەتەوق و کۆتەوە من لە زیکر و فیکری تۆ غافڵ نەبووم وا تێ نەگەی حەپس و تێ‌هەڵدان و زیللەت تۆی لەبیر بردۆتەوە بەو خووایەی بێ شەریک و لامەکان و واحیدە عەشقی تۆ نەوعێ لە دڵما ئاگری کردۆتەوە ئاگرێکی وا هەزار ساڵ ئاوی بڕژێنیتە سەر قەت گڕ و گڵپە و بڵێسەی تا ئەبەد نەکوژێتەوە باسی مەحزوونی و کەساسیی خۆت نەکەی توخوا وەتەن چونکە بەو باسە برین و زامەکەم ئەکولێتەوە ماتەمینی تابەکەی، دەی پێکەنە و سەر هەڵبڕە موفتەخیر بە شوهرەتت وا عالەمی گرتۆتەوە نەگبەتی لاچوو سەعادەت بۆتە پشتیوانی تۆ کەوکەبی بەخت و فریشتەت بەرزە ئەدرەوشێتەوە گەرچی بەینێکە زەلیل و دیلی دەستی زاڵمی نۆبەتی شادیتە ئەمجا ناحەزت لێک بێتەوە لافی میللیییەت بەدەم لەم عەسرەدا کەڵکی نییە ڕۆژی هەوڵە هەر بەهیممەت گۆی هونەر ئەبڕێتەوە بێ قوسوورە چەند جەسوورە سەد شوکر ئەولادەکەت وا لە ڕێی تۆدا لە خوێنا سەیری چۆن ئەتلێتەوە بەسیە تەعنەم لێ مەدە هەر ڕۆڵەکەی جارانتم هێندە حیلمت بێ هەتاکو دەست و پێم ئەکرێتەوە شەرتە شەرتی پیاوەتی بێ گەر خودا دەستم بدا دوژمنت پەت کەم وەکو سەگ بیخەمە ژێر پێتەوە... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەفدی کوردستان سەبارەت: پێنج‌خشتەکی لەسەر شێعرێکی پیرەمێرد - سلێمانی - ١٩٣١ قەدری میللەتتان بەجارێ شکان نە حەیاتان ما نە ناو و نیشان باری تەعنەتان وا هاتە سەر شان «وەفدی کوردستان، میللەت فرۆشان هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان» حاجی تووتنەکەت مادەم فرۆشرا قیروسیا لە سەد کوشتن و هەرا دەخیلە هەستە ڕێکەوە خێرا «دەسکێ لەو گوڵەی باغەکەی سەرا کەوا بەخوێنی لاوان ئاودرا» تاقمێ ڕێک خەن زۆر بەپڕ لاقی بە بەزم و ڕەزم و ئاهەنگ و ساقی بۆ ئەوەی بکەن دەفعی مەراقی «بیبەنە بەردەم عەرشی عێراقی بڵێن یار باقی و، هەم سوحبەتی باقی» نە بارانتان دی، نە با ئەی فەقیر نە لاوان کوژران بەگوللە و شەستیر نە پێی نازداران خرایە زنجیر «پەردە و تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر بڵێن دوای کوشتار هێشتا تۆی دڵگیر؟» هاوار بەماڵم چیمان پێ کرا لە چارەکێکا سەدمان لێ خرا هێشتا خەڵاتیان ئەکەن بە بەرا «دەک خەجاڵەت بن لە ڕۆژی مەحشەرا ئێمەیش خاکی غەم ئەکەین بەسەرا» قەت وا تێ نەگەن چاومان شکاوە کوشتن و بڕین دائیم بۆ پیاوە لەناو دۆشەکا کەی حەق سەنراوە؟ «خەیاڵتان خاوە کورد نەفەوتاوە بەراتی نەجات بەخوێن نووسراوە» میللەت مەتینە عەزمی نانەوێ لە غایەی بەرزی خۆی هەر ناکەوێ لەت و پەت کرێ حقووقی ئەوێ «من ڕەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ مژدەی شەفەقی لێ دەرئەکەوێ» وەفدی کوردستان، میللەت فرۆشان هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان!! چەپکێ لە گوڵەکەی، باخەکەی سەرا کە بە خوێناوی لاوان ئاودرا بیبەنە خزمەت عەرشی عێراقی بڵێن یار باقی و هەم سوحبەت باقی پەردەو تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر بڵێن پاش کوشتار، هێشتا تۆی دڵگیر دەک خەجاڵەت بن لەڕووی مەحشارا!! ئێمە خاکی خەم ئەکەین بەسەرا ئێوەش ئەو عەرشی بەخوێن گوڵ رەنگە سوجدەی بۆ ئەبەن هیچ ناڵێن نەنگە کورد نەمردوە، خەیاڵتان خاوە بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە من رەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ مژدەی شەفەقی لێ دەست ئەکەوێ «پیرەمێرد» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی نیشتمانی کوردستان سەبارەت: بەغدا من کە مەحرووم بووم لە وەسڵت تازە ژینم بۆ چییە؟ حورمەت و جاه و جەلال و ڕۆح و دینم بۆ چییە؟ دڵ لەبەر دووری و فیراقت پڕ لە قەهر و میحنەتە شیوەن و گریانە عەیشم، پێکەنینم بۆ چییە؟ باعیسی ڕووناکیی قەلب و نووری چاوم تۆی، وەتەن چی لە دونیا کەم بەبێ تۆ جێ نشینم بۆ چییە؟ من کە خاکی پاکی کوردستانی نازدارم هەبێ چی لە قەتعەی ئەوروپا کەم، موڵکی چینم بۆ چییە؟ مەنزەرەی جوان و تەبیعی زۆرە لەم خاکەی منا مەنزەرەی سونعی بەبۆیەی سەوز و شینم بۆ چییە؟ من کە خۆشاوی زەریف و شەربەتی مێوژم ببێ نامەوێ شەمپانیا و، ئەشکەنجە بینم بۆ چییە؟ بۆیە خوڵقاوم کە خزمەت کەم نەوەک هەر دانیشم بۆ وەتەن گەر تێ‌نەکۆشم هێز و تینم بۆ چییە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن بۆ خزمەتت دائیم لە ڕێتا حازرم ئەی وەتەن بۆ خزمەتت دائیم لە ڕێتا حازرم باوەڕت بێ من لە زومرەی لاوەکانتا نادرم گەر لەسەر تۆ بێت و تووشی سەد بەڵا بم سابیرم خوا ئەزانێ چەند لە عاستی تۆ کە پاک و تاهیرم «طعنة اغیار ایلة اولماز مکدر خاطرم های و هوی ابلهان اگلنجه در دیوانەیە» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شینی مەحموود جەودەت سەبارەت: بەغدا - تەشرینی دووەمی ١٩٣٧ وەتەن هەڵڕێژە ئەشکی خوێنینت با بەرز بێ سەدای شین و ناڵینت گوێی فەلەک کەڕ کا فەریاد و شینت تاریک و لێڵ بێ ئاسمانی شینت ئاهـ و هەناسەی دڵەی خەمگینت داپۆشێ تیشکی خۆری زێڕینت هەڵوەرێ پەڕەی گوڵ و نەسرینت لە جێی گوڵ و دڕک دەرکا زەمینت بەهارت، پایز، زستان، هاوینت لە باتیی بولبول بوومی باڵ شینت بخوێنێ لەسەر خاکی حەزینت شادیت شیوەن بێ بەموودەی ژینت بۆ جگەرگۆشە و ڕۆڵەی شیرینت *** کوردە تۆ بگری بۆ قارەمانت بۆ لاوی چاک و مەردی مەیدانت بۆ باغەوانی باغی ژیانت بۆ ڕەمزی بەرزیی شەرەف و شانت بۆ ئەوەی لە ڕێی عیززەتی نەفسا بێ باکانە خۆی کردە قوربانت بگری بۆ وەفا و سەخا و حەمییەت بگری بۆ غیرەت، هیممەت، جیددییەت بگری تا ماوی بۆ (مەحموود جەودەت) شادیت شیوەن بێ بە مودەی ژینت بۆ جگەرگۆشە و ڕۆڵەی شیرینت *** وەتەن تۆ حەقتە هەر هاوارت بێ کێ لە دوای (مەحموود) فیداکارت بێ کێی تر دڵسۆزی جان نیسارت بێ دوژمن بەجەستەی حاڵی زارت بێ کۆچ کردەی ئازیز بەخوام سپاردی هەزاران ڕەحمەت لە مەزارت بێ (جنة الماوی) جێ و قەرارت بێ سەبووریی دڵەی کەس و کارت بێ ئەی وەتەن بیستی تەشرینی سانی ڕۆژی ماتەم و غەم شیعارت بێ شیعرەکەی (بێکەس) یادگارت بێ شادیت شیوەن بێ بەموددەی ژینت بۆ جگەرگۆشە و ڕۆڵەی شیرینت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی کورد بەسیەتی سەبارەت: سلێمانی ئەی کورد بەسیەتی تاکەی ئەم شیوەن و فوغانە بێ سوودە ئۆف و ئامان لەم عەسرە بێ ئەمانە پاڕانەوە و کەساسی بێ کەڵکە پارە ناکا عەزم و سەبات و غیرەت پێویستە لەم زەمانە حوڕییەت و عەدالەت درۆیە بێ ئەساسە بۆ دەس بڕینە گشتی ئەم هەموو دەنگ و باسە گەر تەفرە خۆی بەمانە خوێنت ئەکرێتە کاسە ژیانی کامەرانی بە هەوڵ و ڕەنجی شانە ئەم خاکە پاکە عەینی بەهەشتە حەیفە وا بێ وێران و سووک و بێکەس، ئەسیر و بێ نەوا بێ ئەم حاڵە تاڵە بەسیە تاکەی ئیتر ڕەوا بێ شەوگاری شووم بەسەرچوو، گەرد و گوڵی بەیانە ئەگەر بەشێنەیی بێ ڕەنجت هەموو بەبایە چونکە ئەم ڕۆژە ڕۆژی سیرعەت و کەهرەبایە ئیش کەن بەدەست و بردی، فرسەتە، وەرنە کایە گەلی چالاک و خێرا سەربەرز و شادمانە ئەم کوردە گوردە ئێستا کە بێ کەس و هەژارە ملی بۆ شیری دوژمن خوار و کەچە و لەبارە قەومێکی هێندە نەبەردە یەکی بەشی هەزارە خوا گەورەکانی بگرێ بێ کەڵک و هیچ نەزانە دەخیلە لادە (بێکەس) لەم کەڵکەڵە و خەیاڵە بڵێ بەساقی هەستێ بۆت پڕ بکا پیاڵە ئەم پەند و شیعری تۆیە بێ قیمەت و بەتاڵە میللەت کە بێ زەعیم بوو ژیانی زۆر گرانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی دەروون سەبارەت: سلێمانی کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە دوو دڵن پیسی لەگەڵ یەک، بۆیە وا بێ لانەیە میللەتێکن بۆ نەمانی یەکتری هەر هەوڵ ئەدەن داخەکەم ورد و درشتی شێت و شەیدای ئانەیە سەنعەت و عیلم و مەعاریف زەڕڕەیەک باوی نییە پیاوەتی لایان بەتەنها چەفتە و جامانەیە بۆ قسەی زل بێ قسوورن، باسی کوردییەت ئەکەن کوردییەت خورمایە بۆچی، با قسەی شێتانەیە میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن بە ئیستقلال ئەگا واسیتەی بەرزی و تەرەققی هیممەتی مەردانەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن من هەر بەیادی تۆوە شەوگاران ئەنووم سەبارەت: حیللە - ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٧ ئەی وەتەن من هەر بەیادی تۆوە شەوگاران ئەنووم (کل صبح بهواک استفیق و اقوم) خۆزگە سەد خۆزگە خودایە ئێستە من تەیرێ ئەبووم (بجناحی اطیر، فی صحاریک احوم) (تاره فوق الجبال، تاره بین الکروم) ئەی وەتەن زۆر ئارەزووی دیداری خاکی تۆ ئەکەم (ان مراک یزیل من فوادی ذا الالم) غەیری تۆ گیانە بەچیی تر ئەم دڵەی خۆم خۆش بکەم (انت تشفی ما بقلبی من هیام اوسقم) (انت دائی و دوائی و سروری والنقم) *** ئەی وەتەن دڵگیرە خاکت، باسەفایە و پڕ سروور (کل ما فیک جمیل یملا القلب حبور) دەشتی تۆ فەسڵی بەهاران پڕ گوڵ و غیلمان و حوور (اینما کنت سمعت صوت تغرید الطیور) (منشدا یا ناس بشری قد اتی فصل الزهور) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیست و حەوت ساڵە سەبارەت: سلێمانی ١٩٤٦ - فایەق بێکەس لەساڵی١٩٤٦ به رامبەر 'ئەدمۆنز'ی حاکمی ئینگلیس کاتێک کە پەنجەی ڕوو بە چاوی ئەو گرتووە ئەم شێعرە ئەخوێنێت و ئەمە بەڵگەی جوانمێری بێکەسە - نووسین و ئامادەکردن: ئومێد ئومێدی ١ بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم بە نان و ئاو و جل و بەرگی خۆم خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم لە پێناوی تۆ شکاوە ئەستۆم کەچی هێشتا هەر دیل و ڕەنجەڕۆم گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟ ٢ بیست و حەوت ساڵە من ئەڕەتێنی بە فڕ و فیشاڵ من ئەخەڵەتێنی ڕۆژێ نەوعێکم هەڵ ئەپەڕێنی بۆ مەرامی خۆت ملم ئەشکێنی کە ئێشت نەما وازم لێدێنی گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟ ٣ بیست و حەوت ساڵە من تووشی تۆ بووم لە ڕێی ژیانا هیچ پێش نەکەوتووم لات و پەژموردەم، هەر وەکوو مردووم قسەی خۆمان بێ حەشرت پێ كردووم هیوام نەماوە تازە لەدەست چووم گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟ ٤ بیست و حەوت ساڵە تاڵە ژیانم لەژێر دەستیی تۆ زۆر پەرێشانم لە ئینسان ناچم، عەینی حەیوانم کەی ڕزگار ئەبم ماڵی وێرانم؟ وا بەخۆت ئەڵێی حامی گەلانم گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟ ٥ بیست و حەوت ساڵە من بە تەماتم چاوەڕێی نەختێ لوتف و خەڵاتم ببوژێتەوە خاکی وڵاتم هیچ گوێ نادەیتە دەرد و ئاواتم چوونکە ئەیزانی بێ دەسەڵاتم گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟ ٦ بیست و حەوت ساڵە زوخاو ئەنۆشم لە زوڵم و جەورت هەر چاو ئەپۆشم بۆ ڕەزامەندی تۆ تێ‌ئەکۆشم لەبەر تۆ زەربەم داوە لە خۆشم وا تێگەیشتم کە چەند بێ‌هۆشم گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟ ٧ بیست و حەوت ساڵە تەفرەی خۆم داوە وازم لە هەموو کەسێک هێناوە تۆم گرتوە و دنیام خستۆتە لاوە بۆیە پێم ئەڵێن کەر و ڕێشگاوە١ ئەوەی تۆی ناسی ملی شکاوە گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟ ٨ بیست و حەوت ساڵە دەم بەهاوارم جارێ ناپرسی لە حاڵی زارم سووتام، پڕووکام، زۆر بێ‌قەرارم ئەزانی لە تۆ بۆچی بێزارم؟ شارەزای دەردمی ناکەی تیمارم گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟ ٩ بیست و حەوت ساڵە بەبێ زیاد و کەم ئەپاڕێمەوە، هەر هاوار ئەکەم یاخوا کافریش نەبێ بە جەستەم وێڵ و سەرگەردان، بێ تین و خەستەم هیچم پێ‌ناکرێ، دیل و دەس‌بەستەم گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناهەق وا سووکت کردم؟ ١٠ بیست و حەوت ساڵە دڵم لێت پڕە ئەحواڵم بەدەس تۆوە زۆر شڕە سەد بەڵێن دەدەی لەلای من تڕە بەسیەتی ئیتر ئەم وڕە وڕە نۆکەریت ناکەم ورگم هەڵدڕە گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟ ١١ من ڕەنجبەرێکم پاک و بەسەزمان هەوڵم بۆ داوی بە دڵ و بە گیان بەسیەتی ئیتر درۆ و تەفرەدان ئەمکەی بە دیلی عێراق و ئێران گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟ بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟ ١. ڕێشگاو: ڕێژگاو، گەوج، کەسێکە بەخۆڕایی دووی مەبەستێکی هیچ و پووچ کەوتبێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوبەست سەبارەت: سلێمانی - ١٩٤٤ دەنگ بڵاوە خەڵق ئەڵێن ئەم جارە کورد سەربەست ئەبێ چی ئەڵێن، بیڵێن، لە لام وایە درۆ و چاوبەست ئەبێ سەد هەزار جارمان سیاسەت تەجروبە کرد و کەچی ئێستەکەش زۆرمان بەفیشاڵی وەها سەرمەست ئەبێ بێت و بەینی... و... زەڕڕەیەک تێک چی ئیتر مەسئەلەی کوردایەتی ئەوسا بەجارێ خەست ئەبێ کەی حوقووق ئەدرێ؟ ئەسەنرێ. عەیبە ئیتر تێ بگەن! سەربەستی چۆن نسیبی قەومی وا بێ دەست ئەبێ میللەتی جاهیل لە دنیادا ئەبێ هەر بەندە بێ نۆکەری هەر خشت بەباڵای قەومی دیل و پەست ئەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کورد سەبارەت: تشرینی دووەمی ١٩٤٦ خەیاڵاتی شەو و ڕۆژم ژیانی میللەتی کوردە تەمەننام لای خودا دائیم ژیانی میللەتی کوردە بەدائیم دڵ پەشێواوی پەشێویی میللەتی کوردم وەکوو بولبول سەحەر خوانیم ژیانی میللەتی کوردە نەخۆشە میللەت و، فەوتا وەتەن، بێ هۆشە ئەهلی ئەو ئەوەی مەتڵەب بێ لامان هەر ژیانی میللەتی کوردە بەڕاستی چاکترە مردن، حەیاتی وا لەلام تاڵە ئەوی ناوی نەبێ ئەمڕۆ ژیانی میللەتی کوردە شەجاعەت پیشەیی کوردە، مەعاریف ڕەسمی پێشوویە کەرەم ئەڵبەتتە باعیس بۆ ژیانی میللەتی کوردە دڵم خوێن ڕێژ و سەر گێژە، دوو چاوم پڕ لە ئەسرینە عیلاجی دەردی «بێکەس» هەر ژیانی میللەتی کوردە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاک ١ سیمام بۆیە وا ماتە و پڕ مەینەت کورد سەر شێواوە و کوردستان لەت لەت ٢ هەر زەمانێ قەومی کورد دەرچوو لە زیللەت بوو بەپیاو جەژنی من ئەو ڕۆژەیە، نەک جەژنی قوربانی و پڵاو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاقی کیسرا چیی بەسەر هات تاقی کیسرا، هەیئەتی سوڵتان ڕەشاد حوکمی هاروونوڕڕەشید و تەخت و بەختی کەیقوباد؟ چەند هەزار ئینسانی نازدار جوملە بوونە خاک و خۆڵ کوورەییی ئەرزیش سەراسەر پڕ لە ئیسقانی عیباد نەسرەت و ماڵی جیهانیش بێ بەقایە ئەی ڕەفیق عاقیبەت دنیا نەمانە قەت نەکەی فیتنە و فەساد فرسەتە، عومری عەزیزت بێ سەعی زایع مەکە تەرکی ئەربابی جەفا کە و ڕێی فەلاکەت مەگرە یاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خود پەسندان ئەو کەسانەی ئێستەکە دەعوایی میللیییەت ئەکەن ناوی خۆیان ناوە عالم، خادیمی موڵک و وەتەن ئەچنە چاخانە بەکۆمەڵ لنگ لەسەر لنگ دائەنێن فیک و هووڕ دەس پێ ئەکەن، هەم زوڵف و پەرچەم دائەخەن سەیری دەمیان کەی لەوێدا چۆن بەگوو دێتە قسە وا دەزانن هەریەکەی (داروێن)ە فکری لە فەن غەیری فیشاڵ و درۆ لەفزی پڕ و پووچ و بەتاڵ هیچی تر نازانن ئەسڵەن، لاف و دەعیەش لێ ئەدەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ستایش لە کوردا ئەو کەسەی ئێستا بەویجدانە کەوا مەردە کەسەربەست بێ ئەلەم ڕۆژا ئەمیش بێ میسل و هەم فەردە نەزیری ئەو لە دنیادا نییە و نابێ هەتا مەحشەر دڵی دەرحەق بەهاوجینسی بلووری سافی بێ گەردە بەڕەحم و شەفقەتە دائیم لەبۆ شەخسێ کە بێ دەست بێ ئەوی حەز بەو نەکا بێ‌شک لەلای خوا ڕووڕەش و زەردە تەبیعەت حاتەمی تائی لە فیکرا چەشنی لوقمانە لە حیلم و حەوسەلە و ئیشدا دڵی ڕەق وەکوو بەردە نیشانەی فەخرە بۆ ئێمە کە زاتێکی وەهامان بێ ئیلاهی بەرقەراری کەی چراغی میللەتی کوردە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هوشیاری ئەو کەسەی لەم قەومەدا غایەی هەموو غەمخوارییە بۆ حەیاتی میللەتی، دەردێکی پیسی سارییە مردنی چاتر لە ژینە چونکە بوونی نەگبەتە بایەقوش ئاسا هەموو جووڵانەوەی بەدکارییە گەر کەسێ عەقڵی هەبێ، نامووس و ویجدانی هەبێ ----- چۆن ئەکا حاشا لە ئەسڵ و میللەت و جینسییەتی مائیلی ئەغیار ئەبێ، فیکری لەگەڵ ئەو جارییە ئەو کەسانە هیچ و پووچن، وەزن و مەعنایان نییە باڵ و باڵایان لە بەرگی شەرم و نامووس عارییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیستەی (ژین) سەبارەت: ١٩٤٦/٢/٧ - بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵەوە بەسەر دەرچوونی ڕۆژنامەی (ژین)دا وتراوە و لە ژمارەی تایبەتی (ژین)دا بڵاوکراوەتەوە. سوپاس بۆ یەزدان، یەزدانی گەورە ئاسۆی هیوای کورد بێ تەم و هەورە ڕۆژی زانستی بەڕوونی هەڵات لەشکری جەهل و تاریکی هەڵات سەد شوکر میللەت ئێستە هوشیارە لە ڕێی ژیانا زۆر خەبەردارە هەمووی بۆ بەرزی خاکی نیشتمان سەر و ماڵی خۆی ئەکا بەقوربان ئەوانەی هەوڵ ئەدەن بۆ میللەت یادیان ئەمێنێ بەقەدر و حورمەت هەر پایەدارن ناویان زیندووە پیاوی بێ کەڵک پەست و مردووە گردبوونەوەمان ئەمڕۆ لەم جێیە ئیشێکی ئێجگار جوان و بەجێیە نیشانە و ڕەمزی تێ گەیشتنە بەڵگەی بەرزێتی و پێ گەیشتنە هاتووین تەقدیری ئینسانی ئیشکەر بکەین و قەدری بخەینە سەر سەر (حاجی تۆفیق بەگ) پیری بەغیرەت ئەمە بیست ساڵە بەهەوڵ و هیممەت خەریکە لەگەڵ (ژیان) و (ژین)دا لەگەڵ ئەدەب و شیعری شیرینا بە نوکتەی جوان و ئەشعاری وردی ڕەواجی داوە بەنەزمی کوردی یا خوا هەر بژی پیری پڕ هونەر بۆمان ببێتە دەلیل و ڕەهبەر ئەمسالی زۆر بێ لەناو وڵاتا دەسگیرمان بێ لە ڕۆی نەجاتا ئیتر هەر بژی (ژین) و (کوردستان)! هەر بژی دەستەی مەعاریف خواهان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەومی کورد... سەبارەت: بەبۆنەی هاتنەوەی لاشەی چوار ئەفسەرە قارەمانەکەوە بۆ سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٧دا وتراوە. قەومی کورد ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین میللەتێکی قارەمانن هەر ئەبێ سەربەست بژین میللەتێ لاوی لە ڕێگەی سەربەخۆییی نیشتمان بێتە بەر سێدارە، بێ ترس، دەم بەخەندە و پێکەنین قەومی وا نامرێ، ئەژی، با دوژمنی هەر شەق بەرێ ساحێبی ڕۆڵەی نەبەردە؟ خاوەنی عەزمی مەتین ئەو کەسەی گیانی لە ڕێگای نیشتمانا بەخت ئەکا پێی مەڵێن مردوو، شەهیدە وا لە فیردەوسی بەرین لاوی کورد مەردە لە مردن قەتعییەن باکی نییە پەندی پێشینانە، ڕاستە (بەرخی نێر بۆ سەربڕین) وا وەتەن دیسان بەمەحزوونی ئەڵێ ئەی لاوەکان بۆچی وا مات و مەلوولن، بەسیەتی شین و گرین ڕۆژی تێکۆشانە سا دەی هیمەتێ تاکو زووە بەشکو لەم حاڵە نەجاتمان بێ و لە دیلی دەربچین گەرچی هەندێ کەس خەریکن ورگ و گیرفان پڕ ئەکەن شەو بەبێ خەم سەر ئەنێنە سەر سەرین، هەر سەرسەرین پیاو ئەبێ دائیم خەمی قەوم و وڵاتی خۆی هەبێ ئەو کەسانەی بێ خەمن حاشا نەوەی ئەم خاکە نین... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیوەن بۆ شەهیدانی ١٩ی حوزەیران ئەمڕۆکە ڕۆژی ماتەمە عالەم دڵی پڕ لە غەمە ڕووی ئاسمان هەور و تەمە بۆ جوانەمەرگانی وەتەن *** وەتەن دەروونی لەت لەتە گیرۆدەی داوی نەگبەتە خەو و خۆراکی میحنەتە بۆ جوانەمەرگانی وەتەن *** (خەیروڵڵا وتی بە«عیززەت») وا نەجاتمان بوو لە زیللەت با بکەوینە کەیف و سوحبەت ئێمەین شەهیدانی وەتەن *** کوتووپڕ «مستەفا» و «حەمە» کەوتنە بەزم و زەمزەمە وتیان سێدارەش هەر کەمە بۆ نەوجەوانانی وەتەن *** ئەوا شەهیدانی وەتەن گشتیان تکاتان لێ ئەکەن ئەڵێن: ژن نین، شیوەن مەکەن دوژمن بەخۆتان خۆش مەکەن هەموو بەجارێ لە چەپڵە دەن بۆ جوانەمەرگانی وەتەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داری ئازادی سەبارەت: ١٩٤٨ داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ سەربەخۆیی بێ فیداکاری ئەبەد سەرناگرێ پیاو ئەبێ بۆ سەندنی هەقی لە مردن سڵ نەکا هەر (بڕووخێ) بەس نییە، تاکو نەسەندرێ نادرێ کورد ئەگەر چی موددەتێکە دیل و داماوە، بەڵام باوەڕت بێ ڕۆحی میللی هەر ئەمێنێ نامرێ تۆ ئەگەر ئیسلاحی قەوم و نیشتمانی خۆت ئەوێ لێت موحەققەق بێ بەبێ شۆڕش مەحاڵە ناکرێ بیری ئازادی جیهانی گرتەوە، توخوا بەسە ئەم نیزامە کۆنە تاکەی؟ هیممەتێ کەن لابرێ قەت مەڵێن دوژمن بەهێزە تۆپ و تەییارەی هەیە ئیتفاقتان گەر هەبێ زۆر زەحمەتە خۆی ڕاگرێ ئەم عێراقە خۆشەویستە خاکی گوڵ گوون بوو بەخوێن تا حەقی دەسگیر نەبێ لەو خوێنە دەست هەڵناگرێ نێر و مێ هەردوو بەجووتە بۆ وەتەن هەوڵێ نەدەن دوورە دەرچوونی لە دیلی، مەل بە باڵێ نافڕێ هەوڵی ڕاستی هەردوو لا ئامنجی میللەت سەر ئەخا چونکە مەعلوومە بەیەک دەست چەپڵە قەت لێ نادرێ وا گڵۆڵەی کەوتە لێژی باوی ئیستعمار نەما هیچ کەسێ ئیتر بەزوڕنا و تەپڵی ئەو هەڵناپەڕێ دۆستیی کورد و عەرەب زۆر کۆنە تەئریخ شاهیدە ناحەزی ڕووڕەش لە داخا با یەخەی خۆی دادڕێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە خوسووسی ئەدەبەوە هۆشیاری ئەو کەسەی فیعلەن بە بەرزی ناوی خۆی ئیزهار ئەکا حورمەت و شوهرەت بەخۆی هەمڕاز و دۆست و یار ئەکا هەچ کەسێ ویجدانی پاک و عیززەتی نەفسی ببێ بۆ حەیاتی مەحوی شێوەی زیللەتی ئیدبار ئەکا کەسبی حوسنی شوهرەتت بۆ ناکرێ تا سیرەتت دائیمەن بۆ لەهوی دنیایی بەدڵ هاوار ئەکا ئیستفادەت گەر ببێ بۆ عەهدی جینسی میللەتت پەیکی بەختت حوڕڕییەت کارانە بۆ خۆی غار ئەکا گەرچی سوڵتانی زەمین بی، بۆ بەشەر خێرت نەبێ هەرکەسە بۆ نەفرەتت هەردەم دەمی ئیحزار ئەکا چاو لە کەس مەبڕە، بەبێ ئیش خۆت مەکە سەرفی زەمان چونکە زیللەت وەختی بێکاریت بەتۆ خۆی یار ئەکا ناوی کەس لای کەس بە بەدناوی مەهێنە سەد دەخیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەدەی بیستەمە سەبارەت: سلێمانی ١٩٤٣ سەدەی بیستەمە، کوردە غیرەتێ لە خەو ڕاپەڕە، هەوڵێ هیممەتێ بەسیە نەزانی، عیلم و سەنعەتێ سووکی هەتا کەی؟ ناوێ، حورمەتێ هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** نەما ئەو ڕۆژەی تۆ بەئاسانی بتوانی بژی بەشادمانی تۆ کە قەومێکی بێ پشتیوانی گەر تێ نەکۆشی زۆر پەرێشانی هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** ڕۆژی کارەبا و ڕادیۆ و بوخارە هەر قووەت و فەن ئەمڕۆ بەکارە گەلی دواکەوتوو بەشی جەخارە قوڕ بەسەر ئەوەی پەست و هەژارە هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** لە ڕووی زەمینا نییە وەکو تۆ قەومێکی دوو دڵ، وێڵ و ڕەنجەڕۆ کەڵکی چی ئەگرێ گریان و ڕۆڕۆ درەنگە هەستە بوو بە نیوەڕۆ هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ؟ لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** سەیری عالەم کە بۆ بەرزی ژیان خۆی هەڵکردووە هاتۆتە مەیدان لە ڕێی نیشتمان ئەبێتە قوربان بۆ سەرکەوتن و بۆ ناو و نیشان هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ... لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** سبەینێ کە جەنگ دامرکایەوە ئاگری هەرا و شەڕ کوژایەوە هەر کەس حەقی خۆی پێ درایەوە تۆ بە چ ڕوویەک دێیتە کایەوە؟ هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ... لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** پێم بڵێ کوانێ وەتەن پەروەرت؟ کوا لاوی دانا و، کوا مونەووەرت؟ کوانێ دڵسۆز و، کوانێ ڕەهبەرت؟ ناوی خۆت نەبەی ئەی خاک بەسەرت؟ هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ... لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** دەرمانی دەردی ئێمە خوێندنە ڕەوشتی پاک و خزمەت کردنە تۆوی ناکۆکی زوو لابردنە ئەگینا بەشمان شەق و مردنە هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ... لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی دەروون وان وەبان غەیرە ئەم قەومی خۆمە مەحکوومی حیز و خەڕات و دۆمە نامووس و ویجدان، غیرەت و شەرەف لەناو ئەشرافا باری کرد، ئەسەف *** فیکری میللیییەت ئێستا مەعدوومە پیاوی مونەووەر لات و مەزڵومە هاوار ڕۆژێکی چەند قەڵب و شوومە لە عەیشی دنیا زار و مەزڵومە *** ئەوەی خائینی موڵک و میللەتە دائیم لە بەحری ناز و نیعمەتە هەر وەتەن پەروەر غەرقی زیللەتە خۆراک و خەوی دەرد و میحنەتە *** ئەجنەبی دەرحەق بەئێمە باشە ئەوی خراپە هەر وەتەن داشە کە بوو بەمەئموور ئەبێتە واشە ئیمان و دینی تەنها مەعاشە *** میللەت ئەوەندە نەفام و کەرن بێ عەقڵ و جاهیل، زۆر بێ جەوهەرن هەرچی مەئموور بوو حورمەتی ئەگرن داوای ژنیان کەن، ڕەنگە بۆی بەرن *** ئومێدم ئیتر بەم کوردە نەما نابێ بەئینسان لەناو عالەما بمێنێ هەتا لە دەرد و غەما هەر ئەناڵێنێ لەژێر قەدەما *** قەومێ کە دائیم هەر هەوڵ بدەن بۆ ئەمەی یەکتر بەئەرزا بخەن یا نەبێ لایان میللەت و وەتەن ئایا مومکینە تەرەققی بکەن *** بەسیەتی (بێکەس) خەیاڵت خاوە چیت لە مەسەلەی میللیییەت داوە هەزاری وەک تۆ کە ڕەنجی داوە سووک و پەرێشان قەدری نەماوە *** ئەگەر ئەتەوێ بژیت بەخۆشی بەڕوپیە ئەبێ قەومت بفرۆشی لە موڵک و میللەت چاوت بپۆشی جامی دەنائەت ئەبێ بنۆشی *** نابینی ئێستا کە ئەوی وایە ژیانی هەموو کەیف و سەفایە هەر وەتەن پەروەر غەرقی جەفایە قیمەتی نییە ڕەنجی بەبایە *** (أستغفرالله) من لەوانە نیم قەت ناخەڵەتێم بە ئاڵتوون و سیم باوەڕم پێ بکەن کوڕێکی جیددیم تا لە دنیادا سەعاتێ بژیم *** خراپ ببینم تەنقیدی دەکەم ئەوی خائینە جوێنی پێ دەدەم ناترسم لە کەس بێ باک و بێ غەم هەرچی کە ئەبێ، ببێ، جەهەننەم *** نانێکم ببێ وەکوو پادشام نایدەم بەخاکی گشت عێراق و شام شوکری خوا ئەکەم دائیم سوبح و شام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مونەوەرانی ئەم زەمانە وەتەن پەروەر، مونەووەر، حاڵی حازر کەسێکە چاکەت و پانتۆڵ لەبەر بێ لەبەر ئاوێنە خۆی ڕێک خا وەکوو ژن سمێڵێ پاک بتاشێ فێس لەسەر بێ .............................. . وەکوو کچ بەباستۆن ڕاوەشاندن ڕێ گوزەر بێ لە فیشاڵ کردنا بێ میسل و هەمتا وەکووتر بێ عەمەل، بۆ کێر سوپەر بێ لە ئاسایش وەکوو شێر بێ هەموو دەم لە ڕۆژی زەیقەتا مەخفی نەزەر بێ ئەگەر ویستیان بەڕێز لێی دەن بەدەستە خەیاڵیشیان وەکو یەک سەربەسەر بێ سەری بشوا بەقۆڵۆنیا و سابوون دەم و چاو لووس و بێ تووک وەک فەنەر بێ کفر کا، تڕ کەنێت و گان بدا هەم هەموو ئیشێکی سەرتاپا زەرەر بێ بە سەرخۆشی لە ماڵان شەو بمێنێ هەتا ڕۆژ سەد زەبەللاحی لەسەر بێ لە گفتوگۆ و تەکەللومدا وەکوو گورگ لە فیعلا زۆر فەقیر، هەر چەشنی کەر بێ وەتەن پەروەر، مونەووەر، ئەم کەسانەن کە ساحێب فەزڵ و پڕ عەقڵ و هونەر بێ بەگوێرەی وەزعییەت، دائیم بجووڵێ هەموو فیعلێکی مەقبووڵی بەشەر بێ لە فیکری میللەتا بێ کوللی وەختێ لەناو میللەت بەخزمەت موعتەبەر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاخی گۆیژە وا مەزانە گۆیژە نزمە چونکە (طەبعی) عالیە نازری قەسرێکە جێگەی شانشینی والییە جەننەتی ڕوویی زەمین و وێنەیی باغی بەرین سۆزە بایێکی هەیە وەک مووس وایە بۆ بڕین شۆخ و شەن کێوێکە شای کێوانی سەر ڕوویی زەمین گەر کەون مەحبووبەیەک بێ، شاخی گۆیژە خاکییە *** بەرزە (طەبعی) تا بمێنێ تەوقی کەس ناکاتە مل تووڕەیە، تۆڵە وەسێنە دەردی دڵ ناباتە گڵ سوبح دەم دەنگی پەشێوە وەک گوڵێ هەستێ لە خەو چونکە زوڵفی ڕۆژی بەرکەوت ئیکە دەشکێ سامی شەو بۆت دەکاتە دەشتی مەحشەر دەنگی بولبول دەنگی کەو عانی زەردەپەڕ، دەنەخشێنرێ بەخوێنی جوان و دڵ *** فەسڵی زستان دای دەپۆشێ بەفری تازە وەک بلوور مەنع ئەکا وەک شێری بێشە هاتوچۆکردن، عبوور ڕەسمی شادیش دەپۆشێ خەرقەیێکی گوڵ گوڵی گوڵشەنە، گوڵزارە گیرۆدەی هوزارە سەرچڵی ئاسن ئەتوێنێتەوە ناڵەی حەزین گریەی دڵی شێت و شەیدایە دەبەنگە، دەشت و سەحرا ماڵییە *** جێیەکی پیرۆزە زیاتر جێگەی شێری نەڕە پڕ لە ئازا پڕ لە عاقڵ و دلێر شەڕکەر سەنگەری ڕووی دوژمنانە سەختی ڕووی زەحمەتە بیلخلاسە بۆ ژیانی ئێمە کانی ڕەحمەتە بێشەی شێری ژیانە قەت مەزانە خاڵییە!! *** عەکسی خوێناوی شەهیدانی لەسەر ڕووی زاهیرە لایەقی تەقدیسە چونکە بێ خەتایە تاهیرە لایەقی تەقدیرە چونکە فەخری کوردی وا لەسەر شایەنی ئیعجابە چونکە فەجری کوردی وا لەسەر ئیحترامی فەرزە چونکە قەبری کوردی وا لەسەر ئاخیری تۆڵە دەسێنێ شێر لە قەتلا ماهیرە ++++++++++++++++++++++