شاعیر: بێکەس کتێب: کوردایەتی سەرناو: ئەی کورد بەسیەتی سەبارەت: سلێمانی ئەی کورد بەسیەتی تاکەی ئەم شیوەن و فوغانە بێ سوودە ئۆف و ئامان لەم عەسرە بێ ئەمانە پاڕانەوە و کەساسی بێ کەڵکە پارە ناکا عەزم و سەبات و غیرەت پێویستە لەم زەمانە حوڕییەت و عەدالەت درۆیە بێ ئەساسە بۆ دەس بڕینە گشتی ئەم هەموو دەنگ و باسە گەر تەفرە خۆی بەمانە خوێنت ئەکرێتە کاسە ژیانی کامەرانی بە هەوڵ و ڕەنجی شانە ئەم خاکە پاکە عەینی بەهەشتە حەیفە وا بێ وێران و سووک و بێکەس، ئەسیر و بێ نەوا بێ ئەم حاڵە تاڵە بەسیە تاکەی ئیتر ڕەوا بێ شەوگاری شووم بەسەرچوو، گەرد و گوڵی بەیانە ئەگەر بەشێنەیی بێ ڕەنجت هەموو بەبایە چونکە ئەم ڕۆژە ڕۆژی سیرعەت و کەهرەبایە ئیش کەن بەدەست و بردی، فرسەتە، وەرنە کایە گەلی چالاک و خێرا سەربەرز و شادمانە ئەم کوردە گوردە ئێستا کە بێ کەس و هەژارە ملی بۆ شیری دوژمن خوار و کەچە و لەبارە قەومێکی هێندە نەبەردە یەکی بەشی هەزارە خوا گەورەکانی بگرێ بێ کەڵک و هیچ نەزانە دەخیلە لادە (بێکەس) لەم کەڵکەڵە و خەیاڵە بڵێ بەساقی هەستێ بۆت پڕ بکا پیاڵە ئەم پەند و شیعری تۆیە بێ قیمەت و بەتاڵە میللەت کە بێ زەعیم بوو ژیانی زۆر گرانە ++++++++++++++++++++++