شاعیر: بێکەس کتێب: کوردایەتی سەرناو: دەردی دەروون وان وەبان غەیرە ئەم قەومی خۆمە مەحکوومی حیز و خەڕات و دۆمە نامووس و ویجدان، غیرەت و شەرەف لەناو ئەشرافا باری کرد، ئەسەف *** فیکری میللیییەت ئێستا مەعدوومە پیاوی مونەووەر لات و مەزڵومە هاوار ڕۆژێکی چەند قەڵب و شوومە لە عەیشی دنیا زار و مەزڵومە *** ئەوەی خائینی موڵک و میللەتە دائیم لە بەحری ناز و نیعمەتە هەر وەتەن پەروەر غەرقی زیللەتە خۆراک و خەوی دەرد و میحنەتە *** ئەجنەبی دەرحەق بەئێمە باشە ئەوی خراپە هەر وەتەن داشە کە بوو بەمەئموور ئەبێتە واشە ئیمان و دینی تەنها مەعاشە *** میللەت ئەوەندە نەفام و کەرن بێ عەقڵ و جاهیل، زۆر بێ جەوهەرن هەرچی مەئموور بوو حورمەتی ئەگرن داوای ژنیان کەن، ڕەنگە بۆی بەرن *** ئومێدم ئیتر بەم کوردە نەما نابێ بەئینسان لەناو عالەما بمێنێ هەتا لە دەرد و غەما هەر ئەناڵێنێ لەژێر قەدەما *** قەومێ کە دائیم هەر هەوڵ بدەن بۆ ئەمەی یەکتر بەئەرزا بخەن یا نەبێ لایان میللەت و وەتەن ئایا مومکینە تەرەققی بکەن *** بەسیەتی (بێکەس) خەیاڵت خاوە چیت لە مەسەلەی میللیییەت داوە هەزاری وەک تۆ کە ڕەنجی داوە سووک و پەرێشان قەدری نەماوە *** ئەگەر ئەتەوێ بژیت بەخۆشی بەڕوپیە ئەبێ قەومت بفرۆشی لە موڵک و میللەت چاوت بپۆشی جامی دەنائەت ئەبێ بنۆشی *** نابینی ئێستا کە ئەوی وایە ژیانی هەموو کەیف و سەفایە هەر وەتەن پەروەر غەرقی جەفایە قیمەتی نییە ڕەنجی بەبایە *** (أستغفرالله) من لەوانە نیم قەت ناخەڵەتێم بە ئاڵتوون و سیم باوەڕم پێ بکەن کوڕێکی جیددیم تا لە دنیادا سەعاتێ بژیم *** خراپ ببینم تەنقیدی دەکەم ئەوی خائینە جوێنی پێ دەدەم ناترسم لە کەس بێ باک و بێ غەم هەرچی کە ئەبێ، ببێ، جەهەننەم *** نانێکم ببێ وەکوو پادشام نایدەم بەخاکی گشت عێراق و شام شوکری خوا ئەکەم دائیم سوبح و شام ++++++++++++++++++++++