شاعیر: بێکەس کتێب: کوردایەتی سەرناو: سەدەی بیستەمە سەبارەت: سلێمانی ١٩٤٣ سەدەی بیستەمە، کوردە غیرەتێ لە خەو ڕاپەڕە، هەوڵێ هیممەتێ بەسیە نەزانی، عیلم و سەنعەتێ سووکی هەتا کەی؟ ناوێ، حورمەتێ هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** نەما ئەو ڕۆژەی تۆ بەئاسانی بتوانی بژی بەشادمانی تۆ کە قەومێکی بێ پشتیوانی گەر تێ نەکۆشی زۆر پەرێشانی هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** ڕۆژی کارەبا و ڕادیۆ و بوخارە هەر قووەت و فەن ئەمڕۆ بەکارە گەلی دواکەوتوو بەشی جەخارە قوڕ بەسەر ئەوەی پەست و هەژارە هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** لە ڕووی زەمینا نییە وەکو تۆ قەومێکی دوو دڵ، وێڵ و ڕەنجەڕۆ کەڵکی چی ئەگرێ گریان و ڕۆڕۆ درەنگە هەستە بوو بە نیوەڕۆ هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ؟ لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** سەیری عالەم کە بۆ بەرزی ژیان خۆی هەڵکردووە هاتۆتە مەیدان لە ڕێی نیشتمان ئەبێتە قوربان بۆ سەرکەوتن و بۆ ناو و نیشان هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ... لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** سبەینێ کە جەنگ دامرکایەوە ئاگری هەرا و شەڕ کوژایەوە هەر کەس حەقی خۆی پێ درایەوە تۆ بە چ ڕوویەک دێیتە کایەوە؟ هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ... لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** پێم بڵێ کوانێ وەتەن پەروەرت؟ کوا لاوی دانا و، کوا مونەووەرت؟ کوانێ دڵسۆز و، کوانێ ڕەهبەرت؟ ناوی خۆت نەبەی ئەی خاک بەسەرت؟ هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ... لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ *** دەرمانی دەردی ئێمە خوێندنە ڕەوشتی پاک و خزمەت کردنە تۆوی ناکۆکی زوو لابردنە ئەگینا بەشمان شەق و مردنە هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ... لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟ ++++++++++++++++++++++