شاعیر: بێکەس کتێب: کوردایەتی سەرناو: شیوەن بۆ شەهیدانی ١٩ی حوزەیران ئەمڕۆکە ڕۆژی ماتەمە عالەم دڵی پڕ لە غەمە ڕووی ئاسمان هەور و تەمە بۆ جوانەمەرگانی وەتەن *** وەتەن دەروونی لەت لەتە گیرۆدەی داوی نەگبەتە خەو و خۆراکی میحنەتە بۆ جوانەمەرگانی وەتەن *** (خەیروڵڵا وتی بە«عیززەت») وا نەجاتمان بوو لە زیللەت با بکەوینە کەیف و سوحبەت ئێمەین شەهیدانی وەتەن *** کوتووپڕ «مستەفا» و «حەمە» کەوتنە بەزم و زەمزەمە وتیان سێدارەش هەر کەمە بۆ نەوجەوانانی وەتەن *** ئەوا شەهیدانی وەتەن گشتیان تکاتان لێ ئەکەن ئەڵێن: ژن نین، شیوەن مەکەن دوژمن بەخۆتان خۆش مەکەن هەموو بەجارێ لە چەپڵە دەن بۆ جوانەمەرگانی وەتەن ++++++++++++++++++++++