شاعیر: بێکەس کتێب: کوردایەتی سەرناو: فیکری سەرکەوتن سەبارەت: سلێمانی ١٩٢٥ فیکری سەرکەوتن بەبێ شک، ئەی ڕەفیقان، غیرەتە فەوز و ئیقباڵ و تەعالی هەر بەسایەی هیممەتە قەومی کورد ئەمڕۆکە دائیم وا لە حاڵی حەسرەتە باعیسی فیتنە و فەساد و دوور دڵیی ناو میللەتە قەومی کورد، شێرانی میللەت! فیکری وەحشەت لا بدەن وەختی تێکۆشینە ئەمڕۆ، ڕۆژی عیلم و سەنعەتە میللەتی بێ عیلم و سەنعەت باوەڕت بێ دائما وا لەژێر پێی ئەجنەبی داناوی هەر بێ قیمەتە سەیری کە و تێ فیکرە نەختێ چیی بەسەرهات قەومی کورد سووک و بێ ناو و نیشانە و ژینی دەرد و زیللەتە گەر بەدڵ بێت و هەوڵ دەین بۆ تەرەققیی قەومی کورد نائیلی جێگە و حوقووقی خۆی ئەبێ ئەم میللەتە هەوڵ و تێکۆشین بەتەنها هەر بەدەم کەڵکی نییە گرمە گرمی هەوری بێ باران نیشانەی زەیقەتە ++++++++++++++++++++++