شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ئەی لە چۆلی غەفڵەتا ھەر ڕەوکەوانی چارەوا ئەی لە چۆلی غەفڵەتا ھەر ڕەوکەوانی چارەوا ڕۆژ و شەو ویردی زوبانت ئەم بەرخە وا ئەو کارە وا ئەسڵ و نەسڵی خۆت بزانە ھات و چوونت تێبگە بابەگەورەت حەزرەتی ئادەم سەفا داکت حەوا خالقت کێیە ئیتاعەی پێ بکەی ئەی بێ خەبەر حەیفە لەو عاسی ئەبی کەوتوویە دووی نەفس و ھەوا خەوفی مەولا بێنە دڵ ئەی غافڵی بێ عەقڵ و ھۆش تا نەبی ڕۆژی قیامەت تووشی دەردی بێ دەوا ئەلبیسەی تەقوا لەبەرکە سوننەتی پێغەمبەرە پیاوی دانا دینی دانانێ لەسەر نان و کەوا تەسوییەی ڕێی خاس و عام و تەرکی ڕێگەی دین ئەکەی ئەی مھەندیس ئەی تەریقی خاس و عام و پێشەوا تەسوییەی خاشاکی ڕێگەی دین نەکەی بێ حاسڵە خۆ بە بەیداغ و عەلەم نابی بە شێخ و پێشەوا سابیری تۆ تەسوییەی ڕێی دینی خۆت ناکەی، ئەڵێی ئەم مەلا و شێخە وەھا ئەو جاھیل و دەروێشە وا سابیری وا چاکە تا ماوی لە دونیا عومری خۆت سەرفی مەولا کەی لەمەولا، تەرکی ماڵ و ماسیوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی موسوڵمانان بڵێن بەو دوڵبەرە بۆچ وا دەکا ئەی موسوڵمانان بڵێن بەو دوڵبەرە بۆچ وا دەکا؟ تورفەتولعەینێ ھەزاران فیتنەھا بەرپا دەکا قەسدی خوێنی بێ گوناھان بۆچ دەکا ڕۆژێ ھەزار دەست و خەنجەر غەرقی خوێنە و سوور بە سوور حاشا دەکا ھێندە بێ ڕەحمە لە عەینولفیعلی قەتڵی بێ خەتا عالەمێ غەوغا دەکا ئەو خەندەیی قاقا دەکا ڕەحم و ئینسافی نییە دەرحەق بە مسکین و فەقیر ھیچ نە شەرمێ ئەو لە شێخ و یا لە شاھەنشا دەکا چۆن نەترسم موفتی و قازی کە چوون بۆ خزمەتی با قەڵەم مەیلی لەسەر چ شتێکە ئیستیفتا دەکا تێدەگا بۆ لەرز و تا، عەننابی لێوی شافییە بۆیە لێوی خۆی گەزیوە دەست و پەنجەی وا دەکا چوومە کن نەوعی ئەتیببا بۆ عیلاجی لەرز و تا جوملە فەرموویان کە ھەر عەننابە دەفعی تا دەکا شەو بە ھێواشی وتی: مەگری بە دایم ئاشکار ئیش و کاری عاشقی لازم بە ئیستیخفا دەکا سەد فیغانم کرد و لێی پاڕامەوە سوودی نەبوو وەرنە سەیری جەوری ئەم سوڵتانە ئیستیغنا دەکا شەرق و غەربی ئیستیلا کرد و نەما نەوعی بەشەر زاھیرەن عەزمی گرووھی عالەمی باڵا دەکا سابیری کێیە لە بەحسی خەت و خاڵی دەم بدا؟ جارجارێ شیبھی شانە زولفەکەی تاتا دەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی موسوڵمانان خودا لێمان قەبووڵ ناکا کە وا ئەی موسوڵمانان خودا لێمان قەبووڵ ناکا کە وا وا بەجارێ دینی خۆمان نایە سەر نان و کەوا حوببی دونیا زەوقی دینداری لە دڵمانا نەھێشت شەرمەزاری ھەردوو دنیا تابیعی نەفس و ھەوا تابەکەی عاسیگەری و بێ تاعەتی و دووریی خودا؟ بۆ تەمێ نەگرین لە بابا ئادەم و دادا حەوا یادی حەق و مردن و ڕۆژی قیامەتمان نییە جوملە مەعلوولی گوناح و بێ حەکیم و بێ دەوا ڕاستی دونیا ھیچ وەفا و ئاسایشی تێدا نییە ھەرچی تێفکرێ پەرێشانە، فەقیر و بێنەوا دوور لە چاکانی لە چارەی بێ فەڕڕیدا سەد بەڵا پادشاھ موحتاجە بۆ دوو ئانە خەرجی بێنەوا سابیری ئەحواڵی ئەم دونیا مەگەر خوا چاکی کا تۆ مەڵێ عالەم وەھا، خەڵکی نەڵێ ئەو شێخە وا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بووکی دونیا شوو بە مێردی جاھیل و ئەحمەق ئەکا بووکی دونیا شوو بە مێردی جاھیل و ئەحمەق ئەکا حەقیەتی بێزوو بە خوێنی جەرگی ئەھلی حەق ئەکا وا جەھەننەم پڕ لە جاھیل لەھو و لەعبی خۆی ئەکا تێگەیشتوو بۆچ لە ژێر عاباوە خۆی ئیرەق ئەکا ئەی دریغ ئێستاکە ئەھلی حەق نەما ئەولادییان غەیبەتی دینپەروەران و کردەوەی ناحەق ئەکا عالیم و جاھیل لە مەعنا و سورەتا فەرقی نەما چونکە ھەردووکی بە بۆیاغی سمێڵی دەق دەکا ھەر موسوڵمانێ قسەی حەق گەر لە جێگایێ بکا جێبەجێ لەو جێگە خۆی بێ حورمەت و جێ لەق دەکا واعیزێ وەعزی بدا زاڵم وەکوو کتکی قەڵەو گۆشتی دابەستوو ببینێ چاوی ھەردوو زەق دەکا خوانەخواستە عالمێ تەعزیری جاھیلێ بکا ئەو مەلا تووشی بەڵا و خۆی کافری موتڵەق ئەکا ئەی مەلا تۆ چۆلەکەی، زاڵم پشیلەی مەتبەخە تۆ نەچیتە مەتبەخی، چاوی لە تۆ کەی زەق ئەکا؟ حەق وتن قانوون نییە، ناحەق وتن بێ شەرعییە شەققی شەففە سادق و کازب نزیکی شەق دەکا تۆ دەل و بیبەر نەخۆی تەئسیر لە داوێنت نەکا لاجەرەم سیرخۆر ڕەفیقانی کە لووتی ڕەق ئەکا تالیبی ئاسایشی حیفزی زوبانی کافییە وەرنە قەولی بێ سەر و پا قەلبی ئینسان ڕەق ئەکا سابیری لەوساوە تەبعی ئەھلی دونیای ناسیە نە بچووکی تێگەیی و نە گەورەیی ئەحمەق ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەس بکە مەیلی جیھانداری لە دونیای بێ وەفا بەس بکە مەیلی جیھانداری لە دونیای بێ وەفا نایەنێ ئەم قیمەتە کەم بۆی بخۆ جەور و جەفا ساعەتێ فکری قیامەت کە کە سبحەینێ ئەڕۆی چی ئەکەی؟ جوابت چیە؟ تۆ چی ئەڵێی لەو ڕۆژەدا؟ تاوەکوو ماوی لە دونیادا بکە ئیحسانی خۆت گەر نەکەی مەسئوول دەبی کێی دی جەوابی تۆ ئەدا ڕێگەکەت دوورە، عەجەب بێباکی، چۆن پێیدا ئەڕۆی بەم شەوە تاریکە بێ تووشە و دەلیل و بێ چرا؟ ڕوو لە قاپی حەزرەتی مەولا کە نەجمەددین ئەتۆ ڕۆح و ماڵت سەرفی ئەو کە، بەڵکوو دەسگیریت بکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆر ڕەنگی نییە عاجیز و داماوە لە کێوا خۆر ڕەنگی نییە عاجیز و داماوە لە کێوا ئەڵبەت قەمەری ڕوومەتی تۆی دیوە لە شێوا لاسوورە مەگەر ڕوومەتی تۆی دیوە لە شەرما ڕووزەردە وەلی ناسک و نایابە لە سێوا حەددی چییە نەوغونچەیی گوڵ لێوی دەبزوێ لەو باغە کە تۆ زەردەخەنە دێنییە لێوا؟ بیستوومە زەدەی گورزی دەسی ڕۆستەمی ئەشقت بێباکە لە نێو جینن و بەنی ئادەم و دێوا ناحەق نییە سابیر بەخودا وا خەرەفاوە کێ بێ قەمەری تەلعەتی تۆی دیبێ نەشێوا؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ بە ئوممیدە کە شا بێ شانشین خاڵی دەکا دڵ بە ئوممیدە کە شا بێ شانشین خاڵی دەکا مامەڵەی فەرشی حەریر و ئارەزووی خاڵی دەکا باوەڕم نایە مەزەننە، خۆی دڵی خۆی خۆش ئەکا کوێر و کەڕ کەی تەرجومانی حەزرەتی واڵی دەکا؟ جاھیلی ئەبتەر وەسییەت بێ عەقیدەی پێ مەکەن سەبر ئەگەر بیخەیتە ناو ھەنگوینەوە تاڵی دەکا گەرچی ئەمڕۆ مەرتەبەی ناکەس بڵند و کەس نەوی کیزبی مەحزە گەر بڵێن عەللامە حەمماڵی دەکا گەرچی مشکی و خامەک و ئەتڵەس ھەمووی کاری دەسە کوێری مادەرزادە کەی خورج و بەڕە و خاڵی دەکا؟ ھەمنشینی وشکەسۆفی قەت مەکەن نەفعی نییە گەرچی دایم بەحسی شێعری مەولەوی و ناڵی دەکا سابیری وریا بە ئەبنائی زەمان نزدیکە لێت نەک بڵێن ناشی سوارە ڕوو لە جێی چاڵی دەکا سابیرا تۆ چیت بەسەر دوونپەروەری دەورانەوە گوێدرێژی خۆیەتی حەز کا بە گوێ ناڵی بکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ نەخۆشە ئینتیزاری ھاتنی دڵدار ئەکا دڵ نەخۆشە ئینتیزاری ھاتنی دڵدار ئەکا مەیلی سەیری میوەھات و سێبەری گوڵزار ئەکا ڕەببەنا سا تۆ حەکیمی حازیقی چاری بکەی وەرنە دەرمان و دوعای بێچارەکان کەی کار ئەکا؟ خۆشە سووتانم بە شەمعی ڕوومەتی پەروانەوار چونکە سفتەم دەفعی لەککەی ئایەنەی دڵدار ئەکا چاوی بیماری دڵاڕامم مەگەر ڕەحمێ بکات وەرنە دەردم سەد چوو لوقمانی حەکیم بێزار ئەکا تا ئەدیبی چاوی، دەرسی سەبر و حیلمی پێ وتم دڵ لەبەر ئەو چاوە تەحمیلی ھەزار ئازار ئەکا یا خودا ئەم دەردە تووشی دوژمنانیشم نەبێ چونکە تەئیسری لە دونیا و قیامەت کار ئەکا ئەی موسوڵمانینە جەللادێکە مانەندی نییە ھەر بە یەک دەم سەت ھەزار ئەکوژێت و زوو ئینکار ئەکا ئەڵبەتە خاکستەری پێ لازمە بۆ ئاوێنە بۆیە ئەو دڵدارە بۆ سووتاندنم ئیسرار ئەکا تورفەتولعەینێ بە ناحەق سەد برینم لێ ئەکا تیرەکەی ئاخر لە ئەووەڵ دەفعە چاتر کار ئەکا دڵ ھەزار ئازاری بینی یەعنی چی خۆشحاڵە پێی یار ئەبێ چی بیستبێ یا ڕەب کە خۆی بێزار ئەکا تا لەکن دوختوری چاوی دڵ وەسیقەی وەرنەگرت سەربەخۆ کەی عەزمی میوەی گوڵشەن و گوڵزار ئەکا؟ سابیری ئەلحەمدوللیلا یار وەسیقەی داوە پێی سەربەخۆ ھەر ئەمسەر و ئەوسەر لە نێو گوڵزار ئەکا سابیری بێ ئاردە باراشی خەمی ناکاتە ئاش شەو وەکوو عارەب بە بیللاھیلکەریم دەستاڕ ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەد مەرتەبەیی شاھی لە توێی بەرگی قوماشا سەد مەرتەبەیی شاھی لە توێی بەرگی قوماشا دەرحەق بە گەدا لوتف و کەرەم لازمە پاشا زامارم و بێچارە نەھاتی کە بپرسی حالت چییە ئەی غەمزەدە لەم کاولە ئاشا؟ عینوان و تەکەببور مەکە ئەی یاری خەرابات چی ساحیبی عینوانە پەشیمانە لە پاشا ھەر دەست و دوعا دیدە بەشاڕێوە نەھاتی تەئسیری دوعا و عەھدی من و تۆ نیە حاشا ساتێ وەرە بازاڕەوە ئەی یووسفی میسری عالەم بە سەر و ماڵەوە ھاتوونە تەماشا ئارام و سەبووری نیە سابیر وەکوو ماسی بێ توونە، کەڕ و گێژە، پەرێشانە لە ماشا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوقی یاری وا لە شاری سینەما شەوقی یاری وا لە شاری سینەما ھەر دەمی ڕەنگی دیگەر، وەک سینەما ھەرکەسێ جارێ ببینێ یاری من خاوەنی سەد کیسە بێ فلسی نەما چونکە یووسف ھاتە ناو بازاڕی میسر شیددەتی قاتی نەما، برسی نەما بەندەکەی شوکری خودا دێنێتە جێ وا ڕەقیبیش ئێسکی قورسی نەما شوکرولیللا ناحیەی دڵ سابیری تا بڵێی ئاسوودەیە ترسی نەما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عومرێکە گەدا چاوی بە شا ڕێیەوە پاشا عومرێکە گەدا چاوی بە شا ڕێیەوە پاشا سووتام و سەرێ ناکەیە ئەم کاولە ئاشا ئەو ڕۆژە لەسەر ڕێگەیی ئەشقت کە بکوژرێم سەیرانە تەکەببور مەکە تۆش بێرە تەماشا کەوتوومە لەبەر قاپییەکەت سائیلی ڕووتم ڕەحمت بە مەساکین و فەقیران نییە حاشا عینوان و تەعەددا مەکە دەربارەیی دەروێش ھەرچەندە کە پاشای لە توێی بەرگی قوماشا ئازاری دڵ و دەردی سەرم بەس بدە قوربان چی زاڵم و غەددارە پەشیمانە لەپاشا ئازاری دڵی سابیری بێچارە ئەپرسی؟ بێ شووبھە دەڵێی ماسییە شێواوە لە ماشا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەسیمی سوبحدەم موژدەی بەھاری حوسنی یاری دا نەسیمی سوبحدەم موژدەی بەھاری حوسنی یاری دا نیشانەی جەژنی نەورۆزی، لە شاری دڵ دیاری دا کە داخڵ بوو بە شاری دڵ سوپاھی حاکمی عادڵ دز و جەردەی غەم و غوسسە لە ترسی ڕوحی غاری دا بیحەمدیللا سەفینەی دڵ لە گێژاوی بەڵا دەرچوو ئیتر ئاسوودەیە بێ غەم، لە بەحری لوتفی باریدا نەما ئاساری غەیری حەق، لە نێو شاری دڵم موتڵەق کە ھەرکەس لێم قەبووڵ ناکا خودا تەوفیق و یاری دا نەما دەرد و غەم و میحنەت، لەمەولا شادییە و عوشرەت لە نێو بازاڕ و شاری دڵ موبەششیر ھات و جاڕی دا وەرە سابیر دڵ و جانت نیساری پایی دولبەر کە نەوا بمری بڵێن ئەو شێتە نەیزانی خەساری دا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا دیارە چاوی یارم مەیلی بیماری دەکا وا دیارە چاوی یارم مەیلی بیماری دەکا دڵ کە بێ سەبر و قەرارە شیوەن و زاری دەکا با قەلەم بادی سەبا ڕێی کەوتە نێو گوڵزاری ڕووی وا کە ئیستیھزا بە عەتر و میسک و تاتاری دەکا ھەرکەسێ جارێ ببینێ سوورەتی یارم لە خەو تا بمێنی زیکر و شوکری نیعمەتی باری دەکا ھەرکەسێ ھوشیارە مەیلی یار و دڵداری دەکا بێتە سەیری چاوی یارم مەیلی بیماری دەکا خۆشە شەوناڵین و جەوری یار و زامی نادیار خاسسەتەن بۆ ئەو کەسەی وا زیکری جەبباری دەکا گفتوگۆیی سابیری بۆیە ھەمووی مەستانەیە چاوی یاری کاروباری خەمری خللاری دەکا موددەعی لومەم ئەکەن سەد کاشکێ تۆیان وا ئەدی تا بزانن سابیری ھاواری ناچاری ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پایزی پیری پەیابوو نەوجەوانیمان نەما پایزی پیری پەیابوو نەوجەوانیمان نەما نەوبەھاری عەیش و نۆش و کامەرانیمان نەما شیری پیری دەست و پێی ئاسکی جەوانی تێکشکاند قووەتی سەر پەنجە و باسک و زرانیمان نەما ئێمە دونیامان نەخست و ئەو ھەمووی خستینە ژێر ئیعتیبار و دەستەڵات و پاڵەوانیمان نەما ناخەلف بووین و ڕەوشتی باب و باپیرمان نەگرت خواشناسی و ئیفتیخار و خانەدانیمان نەما ڕوو لە چۆلی غەفڵەت و پشتمان لە کەعبەی مەقسەدە ئەی موسوڵمانینە کەڵکی ئاوەدانیمان نەما چونکە سەججادەی پدەرمان خستە سەر جادەی عەدوو زەوقی دین و خوێندنی سبع المثانيمان نەما خاوەنی خەرمان و مێگەل بووین و ڕوتبە و ئیعتیبار ئێستە باشاری شوانی و ئاشەوانیمان نەما دوزدی پیری گەنجی عومری خۆشەویستمانی دزی بۆیە وا مات و کزین و شادمانیمان نەما گاور و جوو واز لە دین و مەسلەکی خۆی نایەنێ دینی موسلیم وا لەبەر شێت و نەزانیمان نەما دائیمەن دەرد و بەڵامان زۆر و بێ بارانییە موستەحەقمان بێ کە ئاوی حەوز و کانیمان نەما ئابڕوومان وەک عەرەق ئەتکێتە جام و بادەوە حوڕمەتی دینمان وەکوو چایی بەیانیمان نەما سابیری فەقر و قەناعەت فەخرە بۆ دینپەروەران سەد شوکر وا مەرتەبەی دونیایی فانیمان نەما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ خۆشە کە ڕوخساری جانان خودایا چ خۆشە کە ڕوخساری جانان خودایا ببینم فیدا کەم دڵ و جان خودایا چ شیرینە خەسرەو بە چاوانی پڕ خەو نەزەر کا لە ڕاڕەو، لە دەربان خودایا غەریب و گەدا بم غەریقی بەڵا بم نەوا لەو جودا بم بە گریان خودایا برینداری تیرم، پەریشان زەمیرم دەواکەی نەفیرم، بە ئیحسان خودایا لیباسێکی چاکە کە خورشیدی حوسنت بە سابیر نیشان دەی زمستان خودایا کەتانی وجوودم بە بەدری جەماڵی کە سووتا بسووتێ ھەمیسان خودایا برینم بەسۆیە، پەناھم بە تۆیە لە چاوی نەخۆشی فرۆشان خودایە کە یار ھات لەسەر خۆی، منیش چووم لەسەر خۆم چو شەبنەم بە خورشیدی تابان خودایا نەماوە سەبووریم، پەرێشانی دووریم کەرەم کەی شیفایە، بە قورئان خودایا لە ناڵینی سابیر چ جایی حەکیمان چ بوو وا جیھانی خرۆشان خودایا وتی دیم لە شەودا، شیفاکەم لە خەودا نەکەی یاری سابیر پەشیمان خودایا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی قەمەر لەیل و بە ڕۆژ ئافتاب ئەی قەمەری لەیل و بە ڕۆژ ئافتاب عاشقی ڕووت بوونە کەتان و کەباب عەکسی گوڵی ڕوومەتی تۆی دی بەشەر بۆیە سروشکی بووە عەینی گوڵاب چا نیە بێ سووچ و خەتا ئەمکوژی ڕۆژی قیامەت ھەیە ئەکرێ حیساب ڕەحمی خودا بێنە دڵ و بەسیەتی نیمە تەوانایی عیتاب و عەزاب بەختی منە وعدی تۆ ناکا وەفا عەھدی تووە نەبوو دوعا موستەجاب بەم دڵی بیمارەوە دەستە و دوعام یەک لە ھەزارانی نەبوو موستەجاب ھاتە سەرینم وتی: چی مەیل ئەکەی؟ ھاتە دەمی سابیری جووتێ عەناب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ وەرە ئەی دولبەری ڕوو ئافتاب تۆ وەرە ئەی دولبەری ڕوو ئافتاب لاوەکە بێ پەردە و ناز و عیتاب بێرە سەرینم مەرەزم تێبگە وا لە فیراقت جیگەرم بوو کەباب وا لە غەمی دووری تووە کەوتووم نەک حوکەما، قابیز ئەکا ئیجتیناب ڕەحمی خودا بێنە دڵ و بەسیەتی میحنەت و دووری و فیراق و عەزاب سەد کەڕەتم دەربکەی و دێمەوە تۆ کە میسالی عەسەل و من زوباب دەرد و غەمت حاسڵی عومری منە وەرنە سەوابم نییە عیندەلحیساب عەکسی گوڵی ڕوومەتی تۆ باعیسە وا کە سروشکم بووە عەینی گوڵاب عاشق و غەمبارم و چاوت شەراب خەستە و تادارم و لێوت عەناب فەرموو ئەگەر جان و دڵت پێدەوێ حازرە سابیر لەبۆ ڕەددی جەواب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەننەت و گوڵزاری جەماڵی حەبیب جەننەت و گوڵزاری جەماڵی حەبیب دافیعی ئازاری غەریب و تەبیب ھەم لەبی لەعلی تۆ شەفابەخشی دڵ یادی جەماڵی تۆ ئەنیسی غەریب ڕوویی ڕەجا ناکەمە شێخ و مەلا ناچم و گوێ نادەمە وەعز و خەتیب سەیلی سروشکم وەکوو تۆفانی نووح ئاگری دڵيجعل الولدان شيب زەڕڕەسیفەت عاشقی خورشیدی ڕووت تێکەڵ ئەبێ بێخەبەر و بێ شەکیب ئوجرەتی ڕێ حازرە ئەی جان و دڵ گەر قەدەمێ ڕەنجە بکەی عەنقەریب حیسسە، زەکاتم بدەیێ ئەی غەنی واجیبولئیحسانم و ڕووت و غەریب ڕوو قەمەرێ غونچە لەبێ کوشتمی یا ئەحەد و یا سەمەد و یا موجیب زامی جگەر چی لە مەکینە و خەیات؟ کوششی بێ حاسڵە پینە و تەریب تا گوڵی ڕووی یار لە من غائیبە حاڵی دڵم زارییە وەک عەندەلیب میھری ڕوخی دەربکەوێ من ئەکەم چەشنی زەڕە ڕەقس و سەمایێ عەجیب چار و عیلاجم کە لە ڕاھی خودا غایەتی ئیحسانە بە کوێری ڕەقیب یەک نەزەری تۆیە عیلاجی دڵم لاوەکە! ئەی دڵبەری عابید فەریب با لە تەماشایی گوڵی باغی ڕووت سابیری بێچارە نەبێ بێ نەسیب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عیللەتی کابووسی فیراقی حەبیب عیللەتی کابووسی فیراقی حەبیب جونەتە بۆ شێخ و مەلا و تەبیب چار و عیلاجی نییە سەودایی عەشق یا بە دوعا یا بەدەوا یا تەبیب لادە لە خاسییەتی ئێستەخرووس ھەڵگرە ھەلیلەج و عوود و سەلیب غونچە لەبی بۆ مەرەزم شافییە جارێ خودا بیکەرە باری نەسیب زامی دڵی سابیری ساڕێژ ئەبێ گەر قەدەمێ ڕەنجە بکەی عەنقەریب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ ئیرادەی ئەمر و تەوفیقی خودای زولجەلال بێ ئیرادەی ئەمر و تەوفیقی خودای زولجەلال ئیش و کاری ھیچ کەسێ ناگاتە سەرحەددی کەمال گڕڕ و فڕڕی جونبشی جوملە وحووش و ھەم تیوور ھەر لە ئەوجی ئاسمان تاکوو بیابان و بحوور ذی حەیات و دار و بەرد و خاک و خۆڵ و ئاب و نار قودرەتی ئەو خەلق و مەحوی گشت ئەکا لەیل و نەھار یا خودا تەوفیق تا مەنزوومەیێ تەئلیف بکەم عیللەت و ئازاری بێ دەرمانی دڵ تەعریف بکەم با بمێنی یادگاری دەردی 'نەجمەددین نەجل' عەبدوڕەحمان ئیبنی شێخ مەحموود، بەرزنجی ئەسڵ کوشتمی ئازاری زامی تیغی جەوری ڕۆژگار با ھەمووکەس تێبگا اظھر من الشمس ئاشکار ھەرکەسێ گۆیی ھونەر دەرکا لە مەیدانی مەساف بۆ سەری ئەو تیغی دەوران بێ غەڵاف و بێ خەلاف زولفەقاری ئەشق، تیغی چەرخی دەوران کول ئەکا حوسنی جانان دەرکەوێ کێ سەیری باغی گوڵ ئەکا؟ ھەرکەسێ ئەشقی حەقیقی بێ دەبێ پەروانەوار خۆی نەپارێزێ لە سووز و ئیشتیعالی شەمع و نار ھەر دڵ و جانە نیساری خاکی پێی جانانە بێ دووگومانە سابیری ئاخۆ قەبووڵە یا نەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە تەقدیری خودا ساڵی سەفەر بەرلک کە مەشھوورە بە تەقدیری خودا ساڵی سەفەر بەرلک کە مەشھوورە بەجارێ عالەمێ شێوا وەکوو ھەنگێ بدا پوورە جیھاد دەسپێکرا ئینگلیز و عوسمانلی بەشەڕ ھاتن بە گوللەی تۆپ و تەییارە تەلەف بوو شار و مەعموورە گرانی کەوتە نێو مەخلووق و ئینگلیز ھات و ڕۆمی چوو نموونەی حەشرە نەفسی نەفسییان ئینسان کە مەخموورە بزانن ئەم خرۆشانە جەزای ئەعمالی خۆمانە کە بێزارین ھەموو لەم قاعیدە و قانوون و دەستوورە وەگەرنە مەردی سەحرایی چ باکی زەلزەلەی ئەرزە کە ڕووت و قووتی دەریا بی لە ترسی جەردەوە دوورە ئەگەر تۆ ساڵح و چاکی لە شەڕ و فیتنە بێ باکی وەگەرنە تالحی دونیا بە تاراجی تۆ مەئموورە دەروونت پڕ لە حوببی ماڵە وەک دوکانی حەڵواچی کە مێشی فیتنە لێت ھاڵاوە کردەی خۆتە مەعزوورە خەراپیت ناگرێ دونیا وە تۆش مەگرە خەراپی ئەو خەراپی خۆتە وا خانەت خەراپ و مەحو و خاپوورە لە قەول و فیعلی عالەم دەم مەدە سابیر بە نیک و بەد ئەگەر غەددار و بێ دینە ئەگەر میسکین و مەغدوورە وەرە سابیر ڕەزا بە خۆت ئەزانی ڕزق مەقسوومە کە ئاغا ئوجرەتی کەم دا بزانە عەیبی مەزدوورە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە نووری لامیعی حوسنت کە نووری عەینی لاھووتە بە نووری لامیعی حوسنت کە نووری عەینی لاھووتە شوعاع و نووری میھر و ماھ ھەموو شانامەیی ڕووتە بە ڕۆژ و شەو کە ئامووشۆ ئەکەن لەم موڵکی ناسووتە شەمس سووتاوی ڕوخسار و قەمەر شێواوی گیسووتە به این که میھر و ماھ، ئەرز و سەما فەرمانبەری ڕووتە مەلائیک وا بە فەرمانی خودا دائیم ئەکەن تەقدیس ھەموویان سەجدەیان ھێناوەتە بەر تۆ سوی ابلیس لە زومرەی ئەنبیا عالی مەقامانن عیسا و ئیدریس بە ئایەی مەسحەفی ڕووتە ئەکەن تەحسیل و ھەم تەدریس کە شاری عیلمی تۆ قاپی اسدالله یە فەرمووتە فتووحاتی عەلی و ڕۆستەم و بەھرامی تیرئەنداز کە شۆرەتیان ھەتا دونیا بمێنێ ھەر ئەدا ئاواز ئەگەر قەوسی برۆ یا تیری موژگانت بکەی ئیبراز ھەموو تەرکی سیلاح و چەک ئەکەن ئەی ساحیبی ئیعجاز بە چاوی تۆ کەلیموڵڵا غولامی چاوی جادووتە بیحەمدیللا حەبیبوڵڵا کە فەخرولموڕسەلینی تۆ خودا جبریلی کردە حامیلی وەحی و ئەمینی تۆ کە ڕۆحی کائینات و رحمة للعالمينی تۆ سولەیمان و سکەندەر خاتەمی ژێری نگینی تۆ سەلاتین و ئەمیر و شاھ ئەسیری دەست و بازووتە گرووھی ئەنبیا تەفسیلیان نەختێ ئەکەم موجمەل کە ئەفزەل یان ئولولعەزم و کوتوب ساحیبن و مورسەل ھەموو پەروانەیی شەمعی جەماڵ و دیدەیی ئەکحەل ئیتر با موختەسەر بێ ھەر کە فەرموویانە قەلل و دەل ئەمینی وەحیی مونزەل داغداری خاڵی ھیندووتە بە نووری ماھی ڕوخسارت شەوی دەیجوور ڕووناکە بە غەمزەی چاوی خوونخارت کە وا خوێنڕێژ و چالاکە سبەینانێ نەخۆشی چاوی بیمارت تەماشا کە کە تۆ نووری وەرە تووری دڵم مەحوی تەجەللا کە کە نوورت ئاگری سووزانە سابیر شوبھی باڕووتە یەقینم وایە ڕۆحم تۆ فریشتەی یا پەریزادەی کە چونکە نەوعی ئینسان پیر ئەبن تۆ نەوخەت و سادەی نەخۆشم پێم عەتاکە جووتە عینابی لەبی سادەی ئەگەرچی لوتفی مەحزە ڕوومەتی خۆتم نیشان نادەی دەزانی ئاگری سووزانە سابیر شوبھی باڕووتە وەرە سابیر ئەگەر عەشق و مورادت شاھی لەولاکە تەریقی شەرع و دین بگرە لەمەولا ڕوو لە مەولا کە مەچۆ ئەولاوە ئەولا وایە، بێ تەدبیری ئەملا کە کە دونیا جیفەیە ھەرگیز مەچۆ، نەزدیکی ئەولاکە کەسێ ئاڵاوە لەو لاکە گڵاو و پیس و نابووتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ خودا دەرخە سەعاتێ نەوگوڵی ڕوخسارەکەت بۆ خودا دەرخە سەعاتێ نەوگوڵی ڕوخسارەکەت با بە کامی دڵ ببینی بولبولی گوڵزارەکەت باوەڕت بێ وا لە چاوم سەیلی خوێنین جارییە ئاموشۆ ناکا لەمەولا قافڵەی سالارەکەت گەر دەپرسی حاڵی دەردی عاشقی ڕوخسارەکەت حاڵەتی بولبول تەماشا کە لە نێو گوڵزارەکەت سوبحی دەم بادی سەبا موژدەی ویسالی دا بە دڵ جانی شیرینم نیساری پەیکی خۆش ڕەفتارەکەت فاریغولبالم لە غەمزەی چاوی خوێنڕێژی ئەجەل چونکە ئەو نابێ موقابیل غەمزەکەی خوونخارەکەت موددەتێکە سابیر وەعدی بە ھاتن داوە یار خۆ نەھات ئەو بێوەفای غەدارەکەی عەییارەکەت سەد نەھاتی ھات و سەد ھەیھات، ھاتی تۆ نەھات ئاخ لە جەور و زوڵمی یار و تالیعی غەدارەکەت موددەتێکە سابیری یارت وتی دێم و نەھات بە ئەقلم پێی خۆش نییە شەو شیوەن و ھاوارەکەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تووران و جنێودانی بە پیلان و سیاسەت تووران و جنێودانی بە پیلان و سیاسەت پێم خۆشە کە بێگانە نەزانێ بە فەراسەت سەد جار کە بە ڕووی ترش و قسەی سەردێ دەرم کەی ھەر دێمەوە وەک مێشێ بە ھەنگوینی ھەناسەت ھەرچەند کە لەبەر قاپییەکەت خوار و زەلیلم نایدەم بە ھەموو ڕوتبەیی شاھان و ڕیئاسەت بڕوانە زەوی، سینە ھەموو نەخلی ئومیدە بێ حاسڵە ڕۆژێ نەبووە جێگە پیاسەت ناکاو دەسی نایە سەر چاوم و یەعنی من کێم و ئەزانم بە دەسی نەرم و ھەناسەت عومرێکە گلاراومە شەو تاکوو بەیانی خاوم بزڕێنێ بە زڕەی تاس و ھەیاسەت دوا گیانمە ئاخر نەفەسە و تۆ بی و مەولات دەم بێنە دەمم بیکەمە قوربانی ھەناسەت عومرێکە لیباسی غەمی دووریتە لەبەرما گۆڕین و دڕینی نییە ئەم کۆنە کراسەت سینەم بە سروشک ئاوڕشین کرد و نەھاتی فەرموو کەڕەتێ، فێنکە بۆ جێگە پیاسەت کەوتوومە لەبەر قاپییەکەی تۆ کەڕ و کاسم جارێ گوزەرێ ناخەیە سەر ئەم کەڕ و کاسەت خەڵکی گەنمی دوورییەوە جۆ چووە خەرمان تۆ ھەر لە پەرێز مایتەوە تف و لەو دەس و داسەت ھەر دێتەوە سوێ زامی دڵی سابیری قوربان ئارام و سەبووری نییە سووتاوە لە تاسەت حەسرەت لە دڵم ما کە شەوێ بێی و لە خەودا سابیر بەخەبەر بێ لە زڕەی تاس و ھەیاسەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جزاك الله کە تۆ ھاتی بکەی سەردانی بیمارت جزاك الله کە تۆ ھاتی بکەی سەردانی بیمارت شیفات ھێناوە یەعنی میوەھاتی ڕووی گوڵزارت بە نووری حوسنی تۆ شەمس و قەمەر بێ نوور و حەیرانن غەزال و لەعل و گەوھەر، سێ لە چاو و لێو و ڕەفتارت لە ترسی بازی چاوت پووری دڵ چاری نەما جانا ئەمێستاکە پەناھی داوەتە جەنناتی ڕوخسارت ئەتیببا دەردی دڵ موشکیل ئەزانن، سەھل و ئاسانە بە ئەوراقی گوڵی حوسنت، بە لێوانی شەکەربارت سەڵا لەو ڕۆژە تەشریفت بچێتە سەر نەخۆشانت وەکوو زەڕڕە لە دەورت ڕەقس ئەکەن سووتاوی دیدارت تەماشا کە لە ئاوێنە دیارە چارەیی دەردم... . ئەگەرچی پێم ئەڵێن خەڵکی بە لوقمان ناکرێ چارت بفەرموو با نەچم بێ تووشە بۆ سەحرایی بێ پایان وە ئیللا خۆت ئەزاتی ئەبمە مایەی ڕەنج و ئازارت بە قوربان نەوبەتی ئینسافە عومرێکە تەمەننامە ئیتر وەعدە وەفا کە با نەبم مەحروومی دیدارت عیلاجی زوعفی قەلبم مەیل ئەفەرمووی سەھل و ئاسانە بە ئەوڕاقی گوڵی حوسنت بە لێوانی شەکەربارت دوعا ناگاتە گوێ و دەستی کەس، ناگاتە دامانی چ عالی قەدرە یا ڕەب بێ بەڵا بێ سابیری یارت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موددەتێکە شەو ئەناڵێنم لەژێر پاسارەکەت موددەتێکە شەو ئەناڵێنم لەژێر پاسارەکەت خۆت نەکردە خاوەنی خەستەی لە گیان بێزارەکەت وا لە چاوم جارییە فرمێسکی خەم باوەڕ بکە ڕێ نەما خێڵی خەیاڵت بێتە لای بیمارەکەت تا خیاڵت پادشاھی شاری دڵ بێ موشکیلە قاسیدی خەو ڕوو بکاتە چاوی خزمەتکارەکەت ھاژەھاژی سەیلی چاوم پڕ بە عالەم مەوج ئەدا قەتریێ نایێتە بەر چاوت لە سەختی قارەکەت تا نەھاتم بۆ نەھاتی؟ تاکو تەبیین بێ بەھات تازە ھاتی ھاتنت ھەیھاتە بۆ غەمبارەکەت حەسرەتا ڕۆژێ نەھاتیتە سەرینم پێم بڵێی: ئەی غەریبی شارەکەم چۆنی لەگەڵ ئازارەکەت؟ سەبرە چارەی دەردی دووری، زیکرە دەرمانی گوناھ زوو دەگاتێ حاسڵاتی سەبر و ئیستیغفارەکەت سابیری وریابە خۆ ئەو شۆخە وەعدەی دا بە تۆ بەک ھەمیسان ڕەنجەڕۆ بی، دەردی ساڵی پارەکەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگارا مەست و بیمارم بە چاوی مەست و بیمارت نیگارا مەست و بیمارم بە چاوی مەست و بیمارت وەکوو پەروانە سووتاوم بە شەمعی نووری ڕوخسارت بە شەو مەجنوون و بێدارم بە یادی زولفی وللەیلت خەیاڵی ڕووت بە ڕۆژ شێتم دەکا وششەمسی ڕوخسارت لە شەوقی عارزت شەمس و قەمەر حەیران و شەرمەندە لە چاوی تۆ خەجاڵەتبارە ئاھوو، کەو لە ڕەفتارت نە تەنھا سابیری گیرۆدەیی زنجیری گیسووتە دەبینم مەشریق و مەغریب پەرێشان و گرفتارت عیلاجی دەردی ضعف القلب ئەگەرچی سەختە، ئاسانە بە گوڵقەندی گوڵی ڕوخسار و لێوانی شەکربارت دەمێکە عالەمی ئومیدەواری لوتف و ئیحسانە کە تۆ پێیان نیشاندەی دەفعەیێ ڕوخساری گوڵزارت کە یارم ھاتە باڵینم نەما ئازار و ناڵینم خودا لێکیان نەکا سابیر حەکیم و بەختی بیدارم مەسیح ئاسا بە ئیمایێ ھەزار ئەموات ئەکەی ئیحیا وەرە سەیریکە سابیر با نەبێ مەحروومی دیدارت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوقی جەماڵی دولبەرە یا ماھی تابان ئەلغییاس شەوقی جەماڵی دولبەرە یا ماھی تابان ئەلغییاس سووتانمی، سووتانمی، مانەندی کەتان ئەلغییاس ئەڵبەت گوڵی گوڵزارەکەی ڕوخساری دیوە ئەو دڵەم بۆیە دەکا بولبول سیفەت، گریان و ناڵان ئەلغییاس من چیم بەسەر لوقمانەوە، بەم دەردی بێ دەرمانەوە کە ئاگری نەکوژانەوە سووتام وەک خەرمان ئەلغییاس دەردم موداوا ناکرێ زومرەی حەلیمان ئەلغیاس فەللاحی دڵ وا ئاگری بەربوو لە خەرمان ئەلغییاس زاماری شمشێری برۆی یارم ئەرەستوو شێت ئەکا بیماری چاوی دەرکەوێ حەیرانە لوقمان ئەلغییاس لوقمان و جالینووسی چی؟ ژەنگار و مالینووسی چی؟ بێ سوودە حەبب و شەربەت و مەعجوون و دەرمان ئەلغییاس دەرمانی چاوی سابیری خاکی بەری پێی دولبەرە چی بکەم کە نیمە قیمەتی، ئیللا دڵ و جان ئەلغییاس سابیر ئەگەر چاوئێشەتە دەرمانی ھەر سەبر و سکووت وەرنە لە درمانی دڵت حەیرانە لوقمان ئەلغییاس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامیھرەبانی کوشتمی ئەی میھرەبانان ئەلغییاس نامیھرەبانی کوشتمی ئەی میھرەبانان ئەلغییاس چار و عیلاجێکم بکەن شێخ و حەکیمان ئەلغییاس درد و برینم کارییە، ناڵاندنم بێچارییە بۆ چاری ئەم بیمارییە حەیرانە لوقمان ئەلغییاس گاھێ بە بەدری ڕوومەتی یار نیوەسووتم وەک کەتان گاھێ ئەوە خورشید و میش، وەک زەڕڕە ڕەقسان ئەلغییاس داوێنی یارم چوو لە دەس، تەسکینی دڵ نایە بە کەس دڵ وەختە بشکێنێ قەفەس وەک عەندەلیبان ئەلغییاس فرمێسکی خوێنینم نەما، چاوی جیھانبینم نەما وا ڕۆحی شیرینم نەما، چی بکەم بە قوربان ئەلغییاس؟ يا نار و كوني مطلقا، ئاگری دڵی نەکوژایەوە ئەم شەو دزێ وا ئاگری بەردا لە خەرمان ئەلغییاس ھاوار و زاری پیشەمە، بێ شک ئەڵێی چاوئێشەمە دەردی دەمار و ڕیشەمە، جەمعی موسوڵمان ئەلغییاس نیل و فوڕاتی چاوی تۆ خەرمانی پێ ناکوژێتەوە ئاوی سەبووری بێنە دەس، بێ سوودە گریان ئەلغییاس عومرێکە واوەیلا دەکەم ھەر شیوەنی لەیلا دەکەم مەجنوون سیفەت وێڵی سەحرا و دەشت و بیابان ئەلغییاس سابیر لەبەر مەجنوونی ڕووت بۆتە کەتانی نیوەسووت فەرموو بڵێ نەختێ سکووت، تۆ بیی و قورئان ئەلغییاس سابیر بە گریان و فوغان ناکوژێتەوە خەرمانەکەت تا ئاوی سەبری پیانەکەی بێ سوودە ناڵان ئەلغییاس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی بە شیرینی لە مەحبووبان ئەسێنی خەرج و باج ئەی بە شیرینی لە مەحبووبان ئەسێنی خەرج و باج وەی غوڵامی تۆ ھەموو سوڵتانی خاوەن تەخت و تاج ئەی بە غەمزەی چاوی بیمارت ھەموو عالەم نەخۆش وەی بە ئەنفاست شفا یابند گرووھی نامیزاج ئەی بە نیگای چاوی بیمارت ھەموو عالەم نەخۆش وەی ھەموو عالەم بە ئەنفاسی مەسیحت ئیحتیاج تا لەسەر چاوی نەخۆشت بێ تەبیب بانی برۆت ھەرچی تێفکرێ پەرێشان و بە لوقمان ئیحتیاج نەقدی جان و دڵ وتم قوربانی بەر پێت کەم وتی: خۆ لە شاری ئێمە ناچێ شێتە نەقدی بێڕەواج تا سەبا ڕێی کەوتە نێو گوڵزاری حوسنت ئەھلی دڵ ناخەون شەو و تا بەیانی پادشاھ و میر و حاج سابیری ھەر چاوەڕێ بوو تۆ کە ئیفای وەعدە کەی ھەر نەھاتی چاری دەردی کەی ئەناڵێ ناعیلاج ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی نیگاھی تۆ شیفایی تەندروست و نامیزاج ئەی نیگاھی تۆ شیفایی تەندروست و نامیزاج عالم الله ئینتیزارن تۆ بیاندەیتێ عیلاج شەو بە میوانی دڵ و ماڵی فەقیری خۆش بکەی لائیقە دەروێش و پاشا بی، بسێنێ خەرج و باج! بەندەگی دەرگانەکەت چاتر لە ڕوتبەی شاھیە بەندە فەرمانن ھەموو سوڵتانی خاوەن تەخت و تاج وا لە دووری تۆ پەرێشانم کە ڕۆحم ھاتە لێو تۆ وەرە یا ڕۆحی شیرینم بسێنە یا عیلاج سابیری حەقوێژە گەر خوێنی بڕێژن في المثل نەقش ئەکا ڕوویی زەوی مانەندی مەنسووری ھەلاج ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ھەموو عالەم بە چاوانی نەخۆشت نامیزاج ئەی ھەموو عالەم بە چاوانی نەخۆشت نامیزاج ئینتیزارن ئەی مەسیحالەب بیاندەیتێ عیلاج تۆ کە دەرکەوتی مەە و ئەستێرە شەو نووریان نەما ڕۆژ کە مەیلت بێ لە مەحبووبان ئەسێنی خەرج و باج بۆ غوڵامی تۆ بەنیئادەم ھەموو گەردنکەچن جوملە دەروێش تا غەنی تا ساحیبانی تەخت و تاج دەردمەند و موستەمەندم تۆ حەکیمی حازیقی تۆ بە ساغم سەرف ئەکەی حەزکەی بە نەقدی بێ ڕەواج تا دەماغی دڵ لە بۆنی جەننەتی حوسنت پڕە شاد و سەرمەست و مەجازم بۆتە داوی نامیزاج ئەی مەسیحالەب بە چاوی تۆ لە ڕوحم لێوەیە تۆ وەرە ڕەحمێکە یا ڕوحم بسێنە یا عیلاج سابیری لەوساوە سورمەی چاوی خاکی ڕێگەتە چاوی بینایە بە بەدری حوسنی پاکت لەیلی داج ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووری جەماڵت جەلابەخشی تەماشایی ڕووح نووری جەماڵت جەلابەخشی تەماشایی ڕووح لێوی شەکەرباری تۆ، زائیقەبەخشایی ڕووح پڕتەوی ڕوخساری تۆ، دیدەیی بیماری تۆ مورسیی ئازاری تۆ، مەنشەئی غەوغایی ڕووح عیللەت و ئازاری من، قەلبی برینداری من دیدەیی خوونباری من، شاھیدی دەعوایی ڕووح خەلقی خودا ئەی پەری بۆ لەبی تۆ موشتەری ھەم بە سەمەرقەندی دڵ، ھەم بە بوخارایی ڕووح دڕکی غەمی عەشقی تۆ، وا چەقییە پایی دڵ قووەتی نووری نەما، دیدەیی بینایی ڕووح تەرجەمەکەی ئایەتی مەسحەفی ڕووت مەقسەدە وەرنە ئیجازەت نییە گوفتنی مەعنایی ڕووح یا بە شەکەرخەندەیێ لەرزی دڵم چارەکە یا بە دوو عیننابی لێو، واھیمە شەوتابی ڕووح باسی ڕەنگ و ڕوو نییە، عیللەتی مەجنوونییە کاری ئەرەستوو نییە، جەننەتی سەودایی ڕووح سابیر ئەگەر جان و دڵ سەرفی بکەی لائیقە بۆ سەنەم و دولبەری ھەمدەم و ھەمتایی ڕووح ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەمد ئەکەم بۆ خالیق و پەروەردگاری ئینس و جان سەبارەت: بۆ گەورەیی یەزدان حەمد ئەکەم بۆ خالیق و پەروەردگاری ئینس و جان وا بە لوتفی خۆی بە ئێمەی داوە عەقڵ و دین و جان ئەو خودا وا تاک و پاک و بێ شەریک و بێ غەمە بێ نیاز و ڕازقی ھەشتا ھەزار نەوع عالەمە فەرد و بێ فەرزەند و زەن، ھەم بێ وەزیر و باب و داک واحید و بێ جیسم و سوورەت، ھەم لە نەقس و عەیب پاک خەلقی کرد في ستةالايامی ئەرز و ئاسمان ھەم بە قودرەت ئەو موحەممەد مستەفای بۆ کرد بە جان عالیم و دانا بە ئەحواڵی ھەموو خەلقی جیھان زەڕڕەیێ ئەشیا بە بێ ئەو قودرەتی نابێ نیھان! جوملە مەعلوماتی ئەھلی ئاسمان و سەر زەمین قەترەیێ ئاوە لە بەحری عیلمی رب العالمين وەرگەڕانی ئاسمان و نووری خورشید و قەمەر بۆ بەیانی قودرەتی ئەو شاھیدێکن موعتەبەر تۆ لە حیسسییات و ئاموشۆی نەفەس نابی جودا یەعنی چی تێناگەیەی ئاساری ئەسراری خودا ئەو خودا وا ئادەمی خاکی و حەوای ئیجاد کرد وا بە نووری مستەفا دنیا و عوقبای شاد کرد قودرەتی ئەو بۆ موحەممەد، مانگی چاردەی کرد دوو نیم قودرەتی ئەوبوو عەساکەی بوو بە مار مووسای کەلیم قودرەتی ئەو حەزرەتی نووحی لە تۆفان دا نەجات بێ ئیرادەی ئەو نەبوو عیسا بە مردووی دا حەیات قودرەتی ئەوبوو سولەیمان عالەمێ تەسخیر ئەکا ئاگری ئیبڕاھیم بە گوڵزاری جینان تەقدیر ئەکا قودرەتی ئەو یۆسفی کردە قووتی زیندان و بەشەر یوونسی کێ کردە قووتی حووت و تاریک و کەدەر؟ قودرەتی ئەو دەست و پەنجەی تۆ قەڵەم نەزدیک ئەکا قودرەتی ئەو ڕۆژی مە ڕووناک و شەو تاریک ئەکا ئەی فەقیە ئاساری فەزڵی ئەو نەبێ تەسنیفی چی؟ ئەی حەکیم ئەتواری لوتفی ئەو نەبێ تەعریفی چی؟ قادر و عەدڵ و تەوانا، ھەرچی حەزکا وادەکا لوتف و قەھری عالەمی ئاباد و یا ئەفنا دەکا من ئەبێ چی بم لە فەزڵی بێشوماری دەم بە دەم؟ یا بەیانی موعجیزاتی انبياءالله بکەم؟ سابیرم ناقیسترینی بەندەگانی حەزرەتم کەمترینی پاسەوانی دەوری نان و نیعمەتم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە قەستی کوشتنم ئەو شۆخە وا ڕووخساری دا پەرداخ بە قەستی کوشتنم ئەو شۆخە وا ڕووخساری دا پەرداخ بە ناچاری دەکا زاری کەسێ وا دەیدەنە بەر داخ؟ بە غەمزەی چاوی بیماری جگەر زامار و بیمارم بە شەو ناڵان و بیدارم بە ڕۆژ خۆراکم ئاخ و داخ گوڵی حوسنی کە بنوێنێ بە عاشق، سەبری نامێنێ بولبول ئاسا دەناڵێنێ بە مەحزوونی، لە سەحنی باخ لە چاوی مەستی مەخمووری لە شوعلەی ڕوومەتی سووری نیگاداری بکەی ڕەببی لە چاوی پیسی ذي اوساخ ئەگەر باوەڕ دەکەی یارم بە نەوعێ زار و بیمارم بە شوعلەی ڕوومەتی یارم وەکوو فەرھاد دەچم بۆ شاخ لەبەر ئەو خەسرەوە شیرینە ژینم تاڵە فەرھادی کە چونکە ناڵە ناڵم نابییە ناچار ئەچم بۆ شاخ بە بێ ئەو خەسرەوە شیرینە سابیر ژینی لێ تاڵە لەبەر ئەو ڕەنجی فەرھادی دەدا دائیم لە کێو و شاخ وجوود ئەو جا عەزیزە تۆ عەزیزی لای عەزیزی بی نە ئانکێ باغچەیی شار و دەراو بێخاوەن و چەرداخ مەناڵە سابیری گریانەکەت تەئسیری مەعلوومە کە تۆ ھاوار ئەکەی یار خەنجەری موژگان دەکا پەرداخ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە تاوی ئاگری عەشقی پەری ڕوویێکی قەد بەیداخ لە تاوی ئاگری عەشقی پەری ڕوویێکی قەد بەیداخ خودا ئاگاھە یەک لەحزە نییە جەرگ و دڵم بێ داخ کە زولفی ڕوومەتی پۆشی سەراپا خەڵکی مەجنوونە کە دەرخا ڕوویی شیرینی وەکوو فەرھاد دەچن بۆ شاخ بە غەمزەی چاوی بیماری ئەزانن چەند پەرێشانم میسالی باخی بێ خاوەن وە یا بوستانی بێ چەرداخ بە باڵا سەروی بوستانە، بە ڕوخساری گوڵستانە بە شەو ساقییی مەستانە، بە ڕۆژ بێ مەسکەن و سۆراخ بە غەمزەی چاوی سەححاری مەلەک ڕەقس و سامایانە لە شەوقی حوسنی شیرینی بەشەر کەوتوونە شاخ و داخ گوڵی حوسنی کە بنوێنێ بەشەر ئارامی نامێنێ وەکوو بولبول ئەناڵێنێ لە شار و دەشت و باخ و شاخ نیشانم دەن ئەگەر دیتان، نیشانێکە لە مەردیتان کە چونکە ھیچ کەسێ نەیدیوە قەت ئینسانی وا گوستاخ چ حاسڵ سابیری ھاوار ئەکەی، قاتیل لە دەس دەرچوو ھەتا ڕۆژی قیامەت قاتڵت پێناکرێ سۆراخ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرفتارم بە داوی زولفی شێرینێکی قەد بەیداخ گرفتارم بە داوی زولفی شێرینێکی قەد بەیداخ بە تەقدیری خودا نابێ دڵی دێوانە قەت بێ داخ لەکن دەرکەوتنی لەیلا دەم و دەس شێت و مەجنوونم لەکن ون بوونی ئەو شیرینە فەرھادم لە کێو و شاخ دەبینی ڕەنگی زەردم بۆچ دەپرسی حاڵی دەردی من کە بێ شەوقم میسالی دالییەی بێ خاوەن و چەرداخ نەخۆشی سەرسەری سابیر مەگەر چا بێتەوە ڕۆژێ کە تۆ پێیێ بنێیە سەر سەری کوتتابی ئۆف و ئاخ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوا کە خەلقی کرد حەبیبی خۆی لە نووری زاتی پاک سەبارەت: ستایشی پێغەمبەر خوا کە خەلقی کرد حەبیبی خۆی لە نووری زاتی پاک ئەو زەمانی ھیچ نەبوو لا آدم و لا ماء و خاک عالەمی کردە جەسەد، نووری حەبیبی کردە ڕووح بۆیە ھەروا ماوە ناخنکێ بە سەد تووفانی نووح خوا بە قورئانی موبین، ئەفزاڵی ئەو ئیسبات ئەکات کافیە شەققولقەمەر، میعراج و باقی موعجیزات ئایەتی ما ينطق عن الهوىٰ سابیر چییە؟ ھەرچی پێغەمبەر ئەڵێ بێ شک کەلامی ڕەبییە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو کەسە وا زولفی خۆی و عومری ئێمەی دا بە باد ئەو کەسە وا زولفی خۆی و عومری ئێمەی دا بە باد ھاتەوە خزمینە با ئێمەش بخوێنین ان يكاد لەرزی پیری نایەڵێ دەستم عەسا بگرێ، زەمان نایە دەستم کلکی ڕەشمەی ئەسپە سەرکێشی موراد شكراً لله ھەرچی مەقسوودی دڵم بوو ھاتەجێ چاو و دڵ ھەردوو بەرەو ڕووی یارە ڕووناکە و گوشاد من کە چاوم کەوتە یاری بەختیار ئەوسا وتم: کامە کامەم پێ دەکا دونیا خودا ھاوار و داد چاک و دونیا ھەردوو خاتریان لە حەق یەک چا نییە بۆنی گوڵ ئازارە بۆ قالۆنچە ئەی مەردی جەواد با لەمەولا عومری ڕابوردوو قەزا گێڕینەوە ڕوو لە مەولا کەین و ھەم بگرینەوە ڕێگەی ڕەشاد سەربڕینی نەفسی ئەممارە جیھادی ئەکبەرە شێرە تەقوا، نەفسە ڕێوی سابیری ڕۆژی جیھاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا بە کەی قوربان لە دووریی تۆ بکەم فەریاد و داد تا بە کەی قوربان لە دووریی تۆ بکەم فەریاد و داد؟ تەن نەخۆش و بێ حەکیم و دڵ حەزین و ناموراد یا خودا ئەم دەردە بێ دەرمانە تووشی کەس نەبێ دوشمنانیشم نەکەی وا موبتەلا ربُ العِباد دەردەدار و بێ دەوا، خۆم تابیعی نەفس و ھەوا خۆم موستەحەققم بێ کەوا، خۆم کردە جەوتی بەد نەژاد چوو بەزایە گەنجی عومرم، لەم مەراقە چاکە بمرم ڕۆژ ئەڵێی سەرخۆشی خەمرم، شەو لە خەودا وەک جەماد ئاخ لەدەس نەفسی لەئیمە تابیعی دێوی ڕەجیمە لائیقی ناری جەحیمە تابیعی فیسق و فەساد نەفسی ئەممارە ھەمیشە خواردنی لێ بۆتە پیشە پێم ئەڵێی قەت دامەنیشە بۆم پەیاکە نان و زاد بۆم پەیاکە چای و شەکرە، ماڵی زەید و عەمر و بەکرە ھێندە حەییال و بە مەکرە، ئابڕوومی دا بە باد چاو قبووڵیم بۆ پەیاکە تەرکی ئیمان و حەیاکە ڕوو لە جەردەی پادشاکە بێنە ھەرچی باد باد! بێنە قاورمە بەچەوری، پڕ پیاز و پڕ بە دەوری نانی گەنم بێ لە دەوری، گەرم و نەرم و بێ ڕەماد ماڵ و عومرم چوو بەزایە، باعیسی نەفس و ھەوایە یاخودا سا پایە پایە بێمەوە سەر ڕێی ڕەشاد سابیری پیری و فەقیری گەرچی نەقسن بۆ موجاھید بۆ شکاری نەفسی ڕێوی جووتە شێرن بۆ جەھاد! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەندەلیبی دڵ کە چاوی کەوتە غونچەی بامیداد عەندەلیبی دڵ کە چاوی کەوتە غونچەی بامیداد دائیمەن وێردی زوبانی بۆتە ئایەی ان يكاد لەرزی پیری عوودی سیواکی لە دەس بەردامەوە تازە چەرخی بێ وەفا بۆم زین ئەکا ئەسپی موراد نامورادی پیری کردم موختەسەر لێم ناگەڕێ کامەکامەم پێ دەکا دونیا خودا ھاوار و داد عومری گەنجیمان بە غوسسە و نامورادی بردەسەر وا لە پیری ھاتەدەس سەرڕشتەیی کار و موراد باوەکوژمان کردە باب و باوەژنمان کردە داک گەنجی عومر و حاسیلاتی ڕەنجی خۆمان دا بە باد یا ئیلاھی، خۆشەویستم ماری نەفسی نەیگەزی چونکە تریاکی نییە ئەو زەھرە تا يوم التناد کردەوەی ناپوختە گشتی بۆ تەعامی پوختەیە ڕۆژ ژیانت خوویی حەیوان، شەو بە خەوتن وەک جەماد زیکر و فیکری ئەھلی دونیا نان و ئاشە سابیری یەعنی چی؟ خۆ دوشمنیشیانە لە ئەسڵا نان و زاد لەم نەخۆشی بێ دەوایە، دادڕەس سابیر خودایە ھیممەتێکە پایە پایە، بێمەوە سەر ڕێی ڕەشاد سابیری عومرت بە زایع دا ئیتر وریابەوە عومری ڕابردوو قەزاکە بێرە سەر ڕێگەی ڕەشاد سابیری دنیا لە تۆ بێزارە ئەمما مەیلی تۆ ھەر لەسەر ئەو ماوە بۆیە ناگرێ ڕێگەی ڕەشاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامیزاج و بێ دەوا خۆم دڵحەزین و ناموراد نامیزاج و بێ دەوا خۆم، دڵحەزین و ناموراد تابیعی نەفس و ھەوا خۆم گەنجی عومرم دا بە باد غافڵ و غەرقی گوناھم، عاسی و نامە سیاھم ڕووڕەشی دیوانی شاھم، عاجیزی یەومولتەناد گورگی نەفسم خستە ناو ئەغنامی عومری خۆمەوە ڕەنجەڕۆ خۆم وا بەجارێ عومری گەنجیم دا بە باد مووشی نەفس و گەنمی ئەعمال و کوردی دۆنەدیو عارەب و حەڵوادز و جەردە و خەراپیی و فەساد نەفسی بەدخوو دائیمەن ھەر پێت ئەڵێ بێنە و بخۆ چەور و شیرین و تورش، ئەنواعی ئاش و نان و زاد نە لە قەھری حەق بترسە نە لە گورز و شەق بپرسە من نەوا بمرم لە برسا، عەیبە بۆ مەردی جەواد یاخودا دینم قەوی کەی، نەفس نابوود و نەوی کەی نەفس وەک مێشوولە وا بێتاعەتم مانەندی باد سابیری نەفسی خەبیس و دزدەستەکی شەیتانی پیس ڕێوییە گەر تۆ بە شیری صوم بۆی دێیە جیھاد شیری پیری بەردە بۆ سەر نەفسی ڕێوی سابیری گەر تۆ سەییادی بزانە ھەم شیکار و ھەم جیھاد! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژن و شادیمانە ئەمشەو ھاتەوە یاری لەزیز جەژن و شادیمانە ئەمشەو ھاتەوە یاری لەزیز زیرەک و شیرین زوبان و ماھی ڕوخساری لەزیز تا بڵێی خوڵقی حەسەن، نازک بەدەن، نادر دەھەن نیمنیگاھی نازی چاوی مەست و بیماری لەزیز سوورەتی گوڵ، فێنکی دڵ، چاوی کاڵ و لێوی ئاڵ گیانی سەرتاپا بلوور و مەیل و ڕەفتاری لەزیز چاوی بیماری، حەکیمی حازقی دەرد و مەرەز ھاتن و تەشخیس و فکر و حوبب و ئازاری لەزیز ناکەسم سەردانەنێم بۆ بەردەبازی ڕێگەکەی یا نەکەم ڕۆحم فیدای یاری وەفاداری لەزیز ھاتە باڵینم تەبیبە، تێگەیی دەرد و دەوام خوا دەوامی دا، دەوامی دا بە گوفتاری لەزیز دەستی نایە سەردڵم فیلفەور ئازارم نەما ھیچ کەسێ نەیدیوە بەم دەستوورە دڵداری لەزیز سابیری جەژنت موبارەک بێ حەکیمت ھاتەسەر حبذا بوس و کەنار و یار و شەوگاری لەزیز سابیرا شوکرانە ببژێرە لەسەر ئەم نیعمەتە بەڵکوو تا ماوی بمێنێ لەززەتی یاری لەزیز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاری کەس نابێ بە یارم حبذا یاری لەزیز یاری کەس نابێ بە یارم حبذا یاری لەزیز غیبتەبەخشای حۆریانە ڕەنگ و ڕوخساری لەزیز دولبەری عیشوەفرۆش و میھرەبان و دڵفەریب غەمزە و ناز و ئیشارە و چاوی بیماری لەزیز گوڵعوزارە قامەتی شمشادە ئەندامی بلوور دست و پەنجەی نازک و کردار و ڕەفتاری لەزیز تەلعەتی دارالشفایە چاوی بیماری حەکیم حەببی ئەمساڵیشی وەک مەعجوونەکەی پاری لەزیز نیوەشەو بوو، چاو لەخەو بوو، لەب بە تەرم و تارەوە حبذا تۆران و عاجزبوون و ئازاری لەزیز گوڵشەنی حوسنی شیفابەخشی نەخۆشی بێ دەوا ئەی خودا حیفزی بکەی یاری وەفاداری لەزیز سابیری خۆشی لەخۆت ئەمشەو حەکیمت ھاتەسەر سەر لەبەر پێی دابنێ ئەتوار و ئەفکاری لەزیز سابیری وەسڵ و فیراق و جەور و لوتف و خار و گوڵ تۆ ھەمووی یەکسان بزانە جەور و ئازاری لەزیز! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیحەمدیللا بە نووری تەلعەتی یار بیحەمدیللا بە نووری تەلعەتی یار کە ڕوون و شادە چاو و دڵ بە یەکجار بە حەملەی عەشقی جانان ماسوى الله لە شاری دڵ نەما لا ريب ديار نەسیمی جەننەتی حوسنی دڵارام کە پەیدا بوو بڵێ چی میشکی تاتار ئەگەر ڕۆژێ بنووسم سەد سەحیفە ھەتا ڕۆژی قیامەت وەسفی دڵدار تەواو نابێ وەلی با موختەسەر بێ ڕەوشتی چاک و پاکە کەتمی ئەسرار قسەی بێ سەرفە ناکەم باوەڕت بێ بە پارەی قەڵبەوە ناچم بۆ بازاڕ نکووکاری لە بەدکاران مەحاڵە بەدی ناکاتە خوو مەردی نکووکار دەمێکە سابیری ھەر چاوەڕێ بوو شەوێ بیستی خشەی داوێنەکەی یار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا بخوێنێ چاوی بازت ئایەتی این المفر تا بخوێنێ چاوی بازت ئایەتی اين المفر کۆتری دڵ لای نەما وەڵڵا حەیاتی موستەقەڕ تۆ لە سوورەی زولزیلەت تێفکرە من يعمل چیە بۆچی ئازارم ئەدەی؟ سووچم نییە میسقالە زەڕ ڕۆژ و شەو خورشید و مەە لاف و گەزافی زۆر ئەکەن فەرموو فەرموو با بکەن ھەریەک بە لایەک کەڕڕ و فەڕ خۆ ئەزانی وا ھەژارم، دەستەڵاتیشم نییە پێم بڵێ وەجھی چییە چاوت ئەکا ئیعلانی شەڕ؟ تا ڕمووزی مەسحەفی حوسنی لە عالەم بوو عەیان ئەھلی دونیا جوملە مەجڕووڕن بەوی، ئەو حەرفی جەڕ تۆ کە دەرکەوتی ئەزانی چی بە سەردی مەردومان خۆرھەڵات تێفکرە حاڵی شەونم و میسقاڵە زەڕ خۆت ئەزانی بێ گوناھ ئازاری خەڵکی چا نییە پێم بڵێ ئەی تۆ لەسەر چی وا لەگەڵ من دێیتە شەڕ؟ ئەی بە نووری حوسنی پاکت شەرق و غەرب و بەحر و بەڕ ڕوون و داگیرساوە ئەرز و ئاسمان و وشک و تەڕ بازی چاوت پووری دڵمی دی وتی: اين المفر لێی جودا بوو پووری بێچارە حەیاتی موستەقەڕ ئەی لەبەر ئەو جووتە چاوی مەست و بیمارەت مرم قاتیلانی بێ دڵان و مائیلانی شوور و شەڕ گەر ڕمووزی مەسحەفی حوسنت تەواوی تێبگا عالمی عالەم ھەموو مەجروور ئەکا وەک حەرفی جەڕ ئەی کەوان ئەبرۆ لەبەر چی تیرەبارانم ئەکەی؟ چاوی تۆ خۆش سابیری نەیما حەیاتی موستەقەڕ ليس للانسان الا ما سعىٰ ئەمما چ سوود دولبەرم شابازە سابیر کۆترەکەی بێ باڵ و پەڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەعالەڵڵا بە نووری تەلعەتی یار تەعالەڵڵا بە نووری تەلعەتی یار مونەووەر بوو بەجارێ چەرخی دەووار بە حەملەی عەشقی یار ئەغیار دەرچوو لە شاری دڵ نەما بێگانە دەییار کە شادی یاری شیرین ھاتە بازاڕ غەمی فەرھاد کێوی بوو بەیەکجار خەرابەی دڵ کرایە بەیتی مەعموور چ حاجەت ئیلتیجاکردن بە میعمار؟ فەرەح خورشید و غەم مانەندی سێبەر کە ئەم ھەڵھات و ئەو ڕووی کردە دیوار ئیتر خۆشخوانە دائیم بولبولی ڕووح لە دەشتی دڵ کە بۆتە عەینی گوڵزار لە جێگایێ کە بەحسی عەشقی یارە چ یارایێکە ئاموشۆیی ئەغیار نەسیمی زولفی عەنبەربۆیی یارم خەجاڵەتبار دەکا سەد میشکی تاتار ئەگەرچی سەدھەزار دەفتەر بنووسم لە وەسفی یار کەمە بۆ عوشری میعشار دەمێکە سابیری ھەر چاوەڕێی بوو گەیشتە عەینی مەقسەد ئاخری کار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوی بازی تا بخوێنێ ئایەتی ئەینەلمەفەڕ چاوی بازی تا بخوێنێ ئایەتی أين المفر جان و دڵ بێ فەڕ ئەبن وەک کۆترەکەی بێ باڵ و پەڕ خۆت ئەزانی بەندەیێکم بێگوناھ و دەستەڵات یانی چی چاو و برۆت دائیم لەگەڵ من دێنە شەڕ؟ تا بە نووری حوسنی تۆ ڕووناکە ئەرز و ئاسمان ھەر وەکوو تۆفان نەما فەرقی مەیانی بەحر و بەڕ تۆ لە سوورەی زولزیلەت تێفکرە ئازارم مەدە خەیر و شەڕ ئیفشا دەبێ، سووچم نییە میسقالە زەڕ من لە شمشێری برۆ و لێوگەزتنت باکم نییە شێتی سوورەت ھیچی تێناگا لە مەعنای نەفع و زەڕ ليس للانسان و الا ما سعىٰ سابیر وەرە ھیممەتێکە گەرچی بوویە کۆترەکەی بێ باڵ و پەڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئازار و عەزابم مەدە ئەی یاری شەکەر ڕاز ئازار و عەزابم مەدە ئەی یاری شەکەر ڕاز تا چند عتاب و گله از ما کنی از ناز خۆت تووڕە مەکە سووچ و گوناھم نییە بەخوا زشت است که با بی گنهان معرکه آغاز ئەم جووتە برۆت داوە بەیەک چیم دەسەڵاتە؟ آن کیست کدام است که با شه کند انباز؟ دوختوری برۆت دێنییە سەر چاوی نەخۆشت زانست همه خلق به جان در زده آواز لێو بۆچ ئەگەزی؟ یانی کە زاری مەکە سابیر چشم تو به من گفت شب و روز به پرواز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی پڕتەوی حوسنت کە دەکا دیدە جەلاساز ئەی پڕتەوی حوسنت کە دەکا دیدە جەلاساز مایەی تەرەبی عاشقی شەیدا و نەزەرباز وەجھی چییە ئەو دیدەیی فەتتانە بە ئیما ھەر لەحزە دەکا سەد گلەیی و عەربەدە ئاغاز بڕوانە سەما تا بە سەمەک عولوی و سوفلا مەجمووعی لە دەرگاھی تۆ پابووس و سەرئەنداز تێفکرە کە وەستاوە لە ئەتراف بە ملیۆن کورد و عەرەب و ڕووم و عەجەم ساکنی شیراز بیمار و بریندار و زەدەی چاو و برۆتن بێچارە و بێ پارە و بێ ھەمدەم و ھەمڕاز تۆ دولبەری نازوک بەدەنی شۆخی شەکەر ڕاز حوسنت کە جەلابەخشە لەبۆ چاوی نەزەرباز چاوت کە دەکا ھەردەمە سەد غەمزە و ئاغاز لێوت کە بە مانەندی مەسیحایە بە ئیعجاز سابیر لەگەڵ ئەم جەمعە پەرێشانە ھەمیشە دیوانه لرن دفتری اسمنده اننیاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا نوع بشر در دو جھان چشم کند باز تا نوع بشر در دو جهان چشم کند باز نەیدیوە کەسێ شانی تۆ چون لایقی مومتاز تا شمس و قمر بر فلک چرخ دوار است چاوت بە مەسەل قاتیلە بۆ ڕەند و نەزەرباز تا هست به دوران تو معلول و مریضی ئەنفاسی تۆ مانەندی مەسیحایە بە ئیعجاز تا دیر مغان است پر از زمزمه عشق پەروانەیە بۆ شەمعی ڕوخت عاشقی جانباز پیش نظرش سرمه کدامست کسی را؟ کەش خاکی ڕەھەت دیدەی ئەو کردە جەلاساز تا ماضی حال است دگر مستقبل نیز نامد به جهان همچو تویی محرم و دمساز از غنچهٔ گلزار لبت موهبتی کن تا بلبل بی چاره دل لابه کند باز وەجھی چییە ئەو دیدەیی غەزبانە بە ئیما ھەر لەحزە دەکا ناز و عیتاب و گلە ئاغاز شەو ڕۆژە، غەمم شادییە، زیندان جینانە لەوساوە کە یادت بووەتە مونیس و ھەمڕاز سابیر نەزەرت باز و قسەت شازە وەلاکین چاو و دەمی خۆت بگرە لەبەر دیدەیی غەمماز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سەفەر ھاتەوە سەرپۆشی لە ڕووی کردەوە باز لە سەفەر ھاتەوە، سەرپۆشی لە ڕووی کردەوە باز قەمەری تەلعەتی دەرکەوت و دڵم بوردەوە باز بە سەلامی، دڵی ئاتەشکەدە تەسکینی ھات بە کەلامی، جگەری ڕیشمی چا کردەوە باز ئەمە جێی سەجدەیی شوکرانە و سەر دانانە کە خودا مەرحەمەتی کرد و گەیشتم بە مراز زەھەب و فیززەیی جان دەرچوو لە بۆتەی ھیجران نییەتی ترس و غەمی دەست و دەمی مزگەر و گاز دڵ و جان گەرچی لە دەرد و غەمی دووری دوورن ھیچ فەرقی نییە کەوتوونەوە بەر غەمزە و ناز بە خودا ھەر غەم و ئازارە چ دوور و چ نزیک ھەردوو ھەر قاتڵی دوڕڕاجە چ شاھین و چ باز وەکوو دونیا غەم و ئازارە چ بوون و چ نەبوون مار ھەر ماری زەھردارە چ کۆتا و چ دراز فەرەح و ڕاحەتی تێدا نییە دونیا بە خودا بە مەفادی خەبەری سەییدی ساحیب ئیعجاز لەتە نان و قومە ئاوی کە بە ھەر کەس دابێ بە یەقین نانەکە زەھراوییە ئاوی کولە گاز بە زگی مادەری دونیا دز و جەردەی ھێنا نە لە عەللامە ئەپرسن نە لە حوججاجی حیجاز بەخەبەر ھاتم و زوو سەجدەیی شوکرم ھێنا کە ھەموو زامی دڵم خۆش بووەوە کۆنە و تاز غەرەزت یارە دیارە مەکە ھاوار و فیغان غەرەزت ماڵە بماڵە بە عەبا جێگە نەماز بە خودا زەحمەتە دەروێش قەبووڵ بێت و نوێژ کە لەبەر چاو و قبووڵی ئەکەی ئەم سەجدە دراز سابیری مادەر و فەرزەند، ھەموو باوەکوژن عەجەبا باوەکوژت کردووەتە مەحرەمی ڕاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا اله العالمین و پادشاھی بێ نیاز يا اله العالمين و پادشاھی بێ نیاز ڕەستەگارم کەی لە داوی نەفسی پیس و حیلەباز دین و ئیمانی بە دینار و درەم دا سەربەسەر ئابڕووی بردم لەبەر دەرگاھی پەتریق و پەپاز قەسد ئەکا مەغزی سەرم دەرکا وەکوو ماری زەحاک لامل و چەرمی پەناگوێمی ھەموو پچڕی بە گاز گاھێ تێرە مەزھەبی نەمروود و فیرعەونی ھەیە گاھێ برسی، مەشڕەبی دوڕڕەندە وەک گورگ و بەراز قازییە فتوا دەدا ئەملاکی ئەیتامی عیراق موفتییە بۆ غارەتی ئەموالی حوججاجی حیجاز تا بڵێی غەددارە بێ شەرم و ویقار و بێ وەفا موختەسەر خۆشە قسەی ناسازە گوفتاری دراز تا وەکوو بەرخی دەساژۆ نانی شوانی نەفس ئەخۆی سەد بەڵا بۆ تۆ لە پارێزایە وەک گورگ و بەراز تا بە گیانی جووجەڵەی پیرێژنان کۆلارە بی ھەر ئەسیری نەگبەتی وەک کۆتری ژێر چنگی باز تۆ کە خزمەتکاری نەفسی حیزی ئازاییت نەما لافی مەردی لێمەدە پوورێ بە خشڵ و چەک مەناز ئەی درێغا پیاوی ئازا وا لە دونیادا نەما تەکیە چۆڵ و پڕ لە ئەولادی ئەوان ئۆتێل پەڵاز داخەکەم بۆ موئمینی ساغ و سەلیم و بێ ڕیا زۆر کەمە دەس ناکەوێ لەم وەختەدا ئیللا بە شاز سابیری تەنپەروەری تاکەی؟ ئەجەل نەزدیکە لێت تووشەیێ پەیداکە ئەی بێچارە بۆ ڕێگای دراز سابیری تاکەی مەراقی مەتعەمولغازی دەکەی؟ عارف يكفيك، ئەگەر مەیلت حەقیقەت یا مەجاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی تەبیب ئەی مەحرەمی ڕاز و مەسیح ئاسا نەفەس ئەی تەبیب ئەی مەحرەمی ڕاز و مەسیح ئاسا نەفەس تۆ وەرە سەیری کە، ئیحسانە، عیلاجم چوو لە دەس گوڵشەنی حوسنت بپارێزە لە ئاھی پایزم مومکینە فەسڵی زمستان خۆشە شەمع و شەوچەرەس تۆ کە سوڵتانی بپرسە حاڵی مەزڵوومان چییە؟ وا کە وەستاون لە دەورت موشتەکا و مولتەمەس ئەی تۆ لوقمانی حەکیم و من نەخۆش و بێ ھەوس بۆ خودا چارت نەکردم وا عیلاجم چوو لە دەس ڕۆژی شینم دێیە سەر قەبرم ئەڕێژی ئەشکی سوور فائیدەی چی کێلی قەبرم تەڕ بکەی یا خار و خەس بولبولی دڵ بۆ تەماشایێکی باغی ڕووت ئەوا نەوعە کردارێ ئەکا ھەر وەختە بشکێنێ قەفەس دەستی ئاھم تا بگاتە دامەنی ڕووی زەحمەتە سا خودایە تۆ بکەی کارێ کە بیھێنێتە دەس خوانەکا بەو ڕۆژە ئەو چاوانە وەرگێڕی ئەتۆ گشت موسوڵمان وەرگەڕێن و دین لەبن بێنێ ھەرەس سابیری ڕۆژ و شەوی خۆشی لە عومری خۆی نەدی بەزمی ڕۆژی ناڵەناڵ و ئەشکی چاوی شەوچەرەس سابیری دونیاپەرەستی و نەوجەوانی تابەکەی؟ غافڵی تا کێوی عومرت ناگەھان دێنێ ھەرەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی مەسیحا لەب بە چاوانی نەخۆشت یەک نەفەس ئەی مەسیحا لەب بە چاوانی نەخۆشت یەک نەفەس مەرحەمەت کە وا پەرێشانم عیلاجم چوو لە دەس یارەکەم مەیلی ڕەفیقی ناکەس و ئەغیار ئەکا ئەی درێغا ئارەزوو ناکا ببێتە یاری کەس دائیمەن کونجی دەروونم پڕ لە خاری بێ گوڵە قەت بە دەستی خۆمەوە نەمدی گوڵی بێ خار و خەس بۆ جەفاکاری ھەمیشە خۆی موھەییا کردووە بۆ بەجێھێنانی وەعدە موتڵەقا ناکا ھەوەس خۆت ئەزانی خۆ دەساژۆ، بەستنی پێ، ناتەوێ بۆ مریشک و جووجەڵە نەججاڕ ناتاشێ قەفەس خۆ لە بەدبەختی شەو و ڕۆژێکی خۆشیمان نەدیت ڕۆژ گریانە بە شەو شینە لەباتی شەوچەرەس کاروان دەرچوو لە شار و سابیری تۆ خەوتبووی وا دەزانم گوێت گرانە نابیسی دەنگی جەرەس بێ بەڵابی حەز لە یاری و کۆمەڵی ئەغیار ئەکەی بۆ گرووھی خۆشەویستیت جارێکی ناکەی ھەوەس سابیری تەعمیری نەخشی خانوو و مانوو تابەکەی؟ کێوی عومر و دین ئەوا ھەردوو کە ھێنایان ھەرەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی مەسیحالەب بە چاوی تۆ عیلاجم چوو لە دەس ئەی مەسیحالەب بە چاوی تۆ عیلاجم چوو لە دەس بۆ خودا ڕۆژێ نەھاتیتە سەرینم یەک نەفەس من کە مردم دێیە سەر قەبر و جەنازەم شین ئەکەی فائیدەی چی ئاوڕشێنی خاک و خوڵ و خار و خەس بولبولی دڵ بۆ گوڵی ڕوخسارەکەت ئەی غونچەلەب شیوەن و زاری دەکا ھەروەختە بشکێنێ قەفەس حەز لە یاری و تێکەڵی ئەغیار ئەکەی وەجھی چییە؟ دەفعەیێ بۆ جانبی یارانی خۆت ناکەی ھەوەس کۆمەڵی بێگانە دائیم مەستی عەیش و عوشرەتن دوور لە تۆ بۆ ئێمە ھەر شینە لە جێگەی شەوچەرەس دەستی من کۆتاھ و خورما بەرز و باڵای ئەی خودا تۆ سەبەبسازی بکەی ڕۆژێ کە خورما بێتە دەس سابیری تۆفانی چاوی پڕ بە عالەم مەوج ئەدا زۆر نەماوە کێوی عومری دوور لە تۆ بێنێ ھەرەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەکەم سەیری کە با خورشیدی حوسنت یەک نەفەس چاوەکەم سەیری کە با خورشیدی حوسنت یەک نەفەس دەرکەوێ بۆ عاشقی ڕووت و فەقیری بێ ھەوەس بۆ گوڵی گوڵزاری حوسنت بولبولی دڵ دائیمەن موزتەریب حاڵ و نەخۆشە وەختە بشکێنێ قەفەس بۆ بریندارانی چاوت مەرھەمی لوتفت نییە گەرچی وەستاون لە دەورت موشتەکا و مولتەمەس بۆ تەماشاکردنت جانا کە ڕۆحم ھاتە لێو ئەی سەنەم ڕۆژێ بفەرموو ئەم شەوی ھیجرانە بەس تەرکی عەشقت ناکرێ تەفرەم مەدە بێھوودەیە تا لە دونیادا شەکەر بێ دەوری ئەو دەگرێ مەگەس چاوەکەت غەزبانە فەرموو ڕۆحەکەم با پێت بڵێم واز لە ھەنگوین نایەنێ بێ حاسڵە پاسی مەگەس سابیری دەرمانی چاوت تۆزی ڕێگەی دولبەرە جانفیداکارانە ڕۆژێ دامەنی بگرە بە دەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی شاھ تەماشا کە لە دەرگاھی تۆ دەروێش ئەی شاھ تەماشا کە لە دەرگاھی تۆ دەروێش کەوتوونە ھەموو بێ خەبەر و عاجیز و دڵڕێش بۆ خاتری ئەو شەوکەت و شۆخیتە کە عالەم ھاتوونەتە خزمەت قەدەمت جوملە کەم و بێش بێ بەرگ و نەوا موستەحەق و واجب الاحسان ھەریەک لە وڵاتێکەوە ھاتوونە کەمەندکێش ھەر ڕۆح و دڵە بیکەمە قوربانی بەری پێت بێجگە لەمە ھیچم نیە خۆ بیکەمە پێشکێش لەم حوسنە زەکاتی بە مەساکین و فەقیران ئیعتا کە بە کوێرایی ڕەقیبانی بەدئەندێش بێ جەژنی ویسالت بە خودا نەبووە و نابێ ئازاری دڵ و زامی جیگەر ساکین و ساڕێش خاکی قەدەمت تا نەکەمە سوورمەیی چاوم دڵ سەبر و قەراری نییە وەڵڵاھی کەم و بێش مێروولە ھەموو تالیبی خەرمانی فەلاحن لابود لەکن بوونی عەسەل حازر ئەبێ مێش سووتاندمی لەولاشەوە یارم ئەگەزێ لێو یەعنی کە مەناڵێنە لەبەر دەرد و غەم و ڕێش من سائیل و موحتاجم و تۆش شاھ و ئەمیری خێرێکە بە تەقلیدی ئیمامانی لەمەوپێش یەعنی قەدەمێ بێنە سەرینم کە نەخۆشم ئیحسانە برینی جگەر و دڵ بکە سارێش جانا وەرە با جەژنی ویسالی تۆ ببینم شادم کە نەجاتم دە لە دەستی ئەلەم و ئێش تا زولفی سیاھی تۆ پەناھی دڵی من بێ باکم نییە بێ شوبھە لە سەد ئەژدەری پڕ نێش ھەرکەس وەکوو سابیر کە زەدەی دەستی پەری بێ مەجنوونە، جگەرخوونە، دڵ توونە، جەفاکێش فەرموو بە دڵ و جانەوە ئامادەیە سابیر جانا بە خودا بێجگە لەمە نیمە کەم و بێش سابیر تۆ ئەگەر عاشقی لەم دەردە مەناڵە ئەو شۆخە جەفاپیشەیە تۆ دەرد و جەفاکێش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ بیت و خودا ئەی بوتی سوورەت گوڵ و دڵگەش تۆ بیت و خودا ئەی بوتی سوورەت گوڵ و دڵگەش بەندی جگەر و دڵ مەبڕە، مەیخەرە ئاتەش بەو قەوسی برۆ و چاوی گەش و زولفی سیاھت زامارم و بیمار و پەرێشان و موشەووەش ھاتوومە لەبۆ حیسسە زەکاتێ لە خەبەردا وا ھاتووە، قەت سائیل و مسیکن مەکە بێبەش باوەڕ بکە ئازاری تۆ وا خۆشە بە گیانم عومرێکە جەفاکێشم و نابێ لە دڵم غەش ئیفتادە و بێچارە و میسکین و زەبوونی سابیر خۆشە لەو یارەوە ئازار و کەشاکەش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دولبەرا ڕۆژێ سەعاتێ بێرە سەردانی نەخۆش دولبەرا ڕۆژێ سەعاتێ بێرە سەردانی نەخۆش سوننەتی خير الورا یە خێرە سەردانی نەخۆش من لە دەرمانم کە لوقمان و ئەرەستوو عاجزن فائیدەی چی ئیلتیجاکردن بە نامەردان و خێش یەک ئیشارەی کافییە لەو چاوە دڵ، ئەگریجە بۆچ دەیگەزێ وەک ئەژدەھا، جارێ وەکوو دووپشک بە نێش دڵ بە دوویا ڕائەکا بۆ دڵ ئەچم بیھێنمەوە ئێوە بۆ مەنعم ئەکەن، ناچارییە ئەی خزم و خێش کەوتمە دووی پاڕامەوە نەیدایەوە ئەو دولبەرە ھیچ تەئسیری نەبوو دەنگم وەکوو ئاوازی مێش یاخودا زوو بێتەوە بەڵکوو بدا پێم مەرھەمێ زوو بە زوو داینێمە سەر چاوەی دڵی بیمار و ئێش داد و فەریادی زەعیفان نابیسێ سەنگین دڵە پادشاھی جابر و سەربەست و ھەم بێ دین و کێش دڵ لە بەدبەختی سەعاتێ خۆ لە غەم فاریغ نییە بۆیە وا فرمێسکی چاوم ڕوومەتی کردوومە ڕێش وا بە ماری زولفەکانت بەندی جەرگم داڕزا دڵ ھەراسانم ئەکا دووپشکی موژگانی بە نێش ترس و خەوفی ھات و چوونت جان و دڵ بەرباد ئەکا حەیفە تۆ وا دڵڕەقی بێ ڕەحم و بێ ئایین و کێش زامدارم قیبلەیی حاجات و دەرمانم ئەتۆی ئیلتیجا ناکەم بە لوقمانی حەکیم و قەوم و خێش خۆ لە بێچاری ئەوا کەوتوومە شوێنی دولبەرم ئیختیاری خۆم نییە بیللا بە زۆر ئەمکاتە کێش تەرکی سەر ئاسانە ئەمما تەرکی دولبەر ناکرێ تۆ لە دوکانی شەکەر تێفکرە سەردانانی مێش ئەی ڕەفیقانم مەکەن مەنعم کە ناکەم تەرکی یار تەرکی ناکا سابیری میغناتیسە دەمکاتە کێش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماتەم و شیوەن کە ئەی دڵ تاکوو چاوم دێتە ئێش ماتەم و شیوەن کە ئەی دڵ تاکوو چاوم دێتە ئێش یار ئەوا عەزمی شکار و ڕاو ئەکا ڕێی کەوتە پێش ئەقرەبا لۆمەم مەکەن ناچارییە کەوتوومە دووی ئیختیاری خۆم نییە وەڵڵا بەزۆر ئەمکاتە کێش خۆت ئەزانی من بە تەخویف و ھەرا دوور ناکەوم مادەیێکە زەحمەتە پاس کردنی حەڵوا لە مێش سەدجار بە جەفا دوورم ئەکەی دێمەوە فەورەن مانەندی دەروێش و کەریم، عەسەل و مێش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماتەمە شیوەن کە ئەی دڵ چاوە ئەمجا بێرە ئێش ماتەمە، شیوەن کە ئەی دڵ، چاوە ئەمجا بێرە ئێش وا دڵارامم دەکا عەزمی سەفەر ڕێی ھاتە پێش ئەی ڕەفیقان ئیختیاری خۆم نییە کەوتوومە داو تۆ خودا مەنعم مەکەن یارم بەزۆر ئەمکاتە کێش گەر بزانی حاڵی من مەعلوومە ڕەحمم پێ دەکەی گشت بە بێگانەم ئەزانن ئاشنا و قەوم و خێش دڵ تەمای وا بوو ئیجازەی ماری زولفی وەرگرێ ناگەھان دووپشکی ئەگریجەی ھیلاکی کرد بە نێش ناری ھیجر و سەیلی چاو نەکوژایەوە، نەبڕایەوە خۆ سروشکم وا لە ھەر دوو لاوە گۆنای کردە ڕێش مەنعی چی؟ دەرمانی چی؟ مەعجوونی چی؟ لوقمانی چی؟ قەتعی خوێنی چاوی من ناکا خەنە و تورش و سرێش بۆ دەوای ئەم دەردە لوقمان و ئەرەستوو عاجزن وا جنوونم! ئیجتینابم لێ دەکەن سەد قەوم و خێش پیاوی سست و ترسنۆک ناگاتە مەقسەد سابیری چابوک و ئازا، بەکەیف و مایەشا زوو کەوتە پێش ئەم سەرئێشەی سابیری لوقمانی عاجیز کردووە پێم ئەڵێن تەوقی سەرت بگرە وەسمە و خەل و سرێش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەعدەی کەرەم و مەوسیمی ئیحسانە کە دەروێش وەعدەی کەرەم و مەوسیمی ئیحسانە کە دەروێش ھەریەک لە وڵاتێکەوە کردووتە کەمەندکێش کەوتوونە لەبەر قاپییەکەت توونی و برسی سەیری کە ھەموو واجب الاحسانن و دڵڕێش لەوساوە برینداری موژە و قەوسی برۆتم باکم نییە ئەی دۆست لە بێگانە کەم و بێش هرکس که تو را دید برانداخت دل و جان با آنکه دو ابروی تو گویند میندیش ڕۆحم چووە لەو شۆخە کە وا لێوی گەزیوە یەعنی کە مەناڵێنە لەبەر دەرد و غەم و ئێش ھەرکەس کە زەدەی دەستی پەریزادەیە سابیر مەحزوونە دڵی توندە بێ ئارامە و سەرکێش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاخودا خۆش بی سەعاتێ بێرە سەردانی نەخۆش یاخودا خۆش بی! سەعاتێ بێرە سەردانی نەخۆش خۆ خودا پێی خۆشە تۆ خۆش کەی دڵ و جانی نەخۆش ھەر بە ئوممێدم کە تۆ بێیە سەرینم بۆ خودا یا عیلاجێکم کەی و یا وەرگری گیانی نەخۆش عومری شیرینم بە ناڵین و نەخۆشی بردەسەر خۆشی خۆشیمە کە تۆ پێت خۆشە ناڵانی نەخۆش ھەر سەری موویە برینێکی موژەی تۆی پێوەیە ڕوو ترش ناکەم کە چاوی تۆیە لوقمانی نەخۆش تا لە وێرانەی دڵم گەنجی غەمت شاراوەیە بەردی بنچینەی نەما خانووی وێرانی نەخۆش تا نەخۆشی عەشقی تۆ ڕووی کردە مەیدانی مەساف ڕۆستەم و بەھرام پەشۆکاون لە داستانی نەخۆش لەززەتی دەرد و غەمی عەشقت لە شاھی خۆشترە چونکە تۆ پێت خۆشە شەوناڵین و گریانی نەخۆش سابیری خاوەن موغازەی شاری دەرد و میحنەتە وەرنەوە ئەی موشتەری، کاڵایی ھەرزانی نەخۆش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی جیھانی زەڕڕەیی خورشیدی حوسنت عام و خاس ئەی جیھانی زەڕڕەیی خورشیدی حوسنت عام و خاس عاجز و پێکاوی غەمزەت ڕۆستەم و سەعدی وەقاس تۆ کە لەیلی ئاگرت بەردایە دڵ مەجنوونی خۆت بۆیە وا ئێستاکە دەمبینی وەکوو دووکەڵ ڕەقاس تا نەسووتێنن لەشی خۆیان ھەوادارانی ڕووت شوبھی پەروانە لە خەوفی عەشقی تۆ نابن خەلاس دووڕڕ و گەوھەر کێ لە قووڵی بەحر و دەریا دەرئەکا؟ تا نەکەن تەرکی وجوود و ما ملك نەوعی غەواس سابیری دووڕدانە داپۆشە لەبەر چاوی عەوام کێ لە قیمەت دووڕ و گەوھەر تێدەگا ئیللا غەواس ڕیش و پرچ و ھەم عەمەل ناتباتە جەننەت تێبگە تەوبەیی خالیس مەگەر بتکا لە ناروڵڵا خەلاس واز لە سەر ھێنان و بۆ گەوھەر لە بەحرا غەرق بوون سابیری نایێ لەدەستی ھەرکەسێ ئیللا غەواس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆیە کەس ناکەی لە حەڵقەی زولفی زنجیرت خەلاس بۆیە کەس ناکەی لە حەڵقەی زولفی زنجیرت خەلاس تێگەیشتی حاکمی، ھەرچی بکەی ناکرێی قەساس تیری غەمزەت ڕۆستەم و بەھرامی گۆڕی کرد ئەسیر قەوسی ئەبرۆت بێگومان عاجیز دەکا سەعدی وەقاس خوا جەفای قابیل بە من دی بێوەفایی دا بە تۆ سابیرم گەرچی لەژێر باری جەفا نابم خەلاس دڵ بە شەمعی ڕووت وەکوو پەروانە سووتا فەخر ئەکا دووکەڵی ھەردوو لە ھات و چوونە مانەندی ڕەقاس یار ئەگەر لێم دوورە ئازاری فیراقی ئەمکوژێ یا بە وەسڵی گیان ئەدەم مەعلوومە گیان ناکەم خەلاس شەمعی ڕوو ھەڵکا بەجارێ عالەمی پەروانەیە گێژ و بێ ئارامە شەو تاکوو بەیانی، وەک ڕەقاس عاشقی و دانانی سەر شایستەیی ھەرکەس نییە کێیە بۆ دووڕدانە تەرکی سەربکا ئیللا غەواس سابیری دووڕدانە داپۆشە لە سەرخۆشی عەوام گەوھەری خۆت دەرمەخە ئیللا لەبەر چاوی خەواس ھای و ھووی و پرچ و ڕیش و تەپڵ و دەف بێ حاسڵە حوسنی نییەت و عەمەل، تەوبەی نەسووح ئەتکا خەلاس تاکوو تەرکی سەر نەکەی دەستت بە مەقسەد ناگەیێ ھەر وەکوو بیستووتە سابیر گەوھەری دەستی غەواس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو شۆخە کە ئارامی دڵ و جانە بە عاریز ئەو شۆخە کە ئارامی دڵ و جانە بە عاریز تەفسیری ھەموو سوووڕەیی قورئانە بە عاریز غەرقی عەرەقە میسک لەبەر زولفی عەبیری پەژمووردە دەکا سونبول و ڕیحانە بە عاریز مەعنایی ڕوخی حوورە کە وا شەڕحی کراوە بنواڕە کە مەجمووعی نمایانە بە عاریز شەرمەندە دەکا سەرو بە باڵایی بڵیندی ما حيي بە شوعاعی مەھی تابانە بە عاریز کەی دێ بە سەر ئەم خەستەیی بێچارە خودایە ئەم غونچەلەبە شەربەت و دەرمانە بە عاریز موورە بە کەمەر، لەعلە بە لێو، سەروە بە باڵا بێچووە ئاسکە بە چاو، ڕەوزەیی ڕیزوانە بە عاریز دەرکەوتنی مایەی فەرەحی خاس و عەوامە سەرداری ھەموو لەشکری سوڵتانە بە عاریز بۆچیمە دڵ و گیانم ئەگەر نەیکەمە قوربان یارم کە ئەڵێی یۆسفی زیندانە بە عاریز دەرکەوتنی بێھۆشییە ون بوونی نەخۆشی تەسکین و شیفابەخشی نەخۆشانە بە عاریز سابیر کە پەرێشانە دەسووتێ بە شەو و ڕۆژ زولفی شەوە یا میھری درەخشانە بە عاریز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو شۆخە کە وا مەسحەفی عوسمانە بە عاریز ئەو شۆخە کە وا مەسحەفی عوسمانە بە عاریز عیسانەفەس و یۆسفی کەنعانە بە عاریز خورشیدە بە خاسییەت و لوقمانە بە حیکمەت ئارام و شیفابەخشی دڵ و جانە بە عاریز شمشێری برۆی فاتیحی سەد خەندەق و خەیبەر حەیدەرسیفەت و ڕۆستەمی دەستانە بە عاریز ناحەق نییە گوڵ غەرقی عەرەق بێ لە بەرەوڕووی یارم کە ئەڵێی ڕەوزەیی ڕیزوانە بە عاریز چاکانی جیھان نازی ئەکێشن بە دڵ و جان نازپەروەر و ئەسکەندەر و سوڵتانە بە عاریز سایەی لەسەری خەڵقی جیھان لامەدە ڕەببی پڕ مەنفەعەت و حیکمەت و دەرمانە بە عاریز سابیر بە دەوا دەردی دڵی چاکەوە نابێ ئیللا بە کەسێ حەزرەتی لوقمانە بە عاریز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەو مەسحەفی حوسنت قەسەم بێ عەیب و شاز و بێ غەڵەت بەو مەسحەفی حوسنت قەسەم بێ عەیب و شاز و بێ غەڵەت گەرچی چوارن موجتەھید تەفسیری نازانن بە خەت گوڵزاری حوسنی تۆ ئیرەم، دڵ بولبول ئاسا لاجەرەم زاری دەکا ئەی زولکەرەم ناچێتە ئەو گوڵزارە قەت نەوعی بەشەر لەیل و نەھار، گەرچی دەکەن مەیلی شکار سەید و نەچیری تۆن ئەگەر پێیان نیشان دەی خاڵ و خەت ڕۆژێ وتم ئەی غونچەلەب مەقسوودی دڵ کەی دێتەجێ؟ فەرمووی مەگەر وەختێ کە خوێناوی سروشکت بێ بە شەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سالیک دەبێ لەوحی دڵی سادە و سپی بێ شوبھی بەت سالیک دەبێ لەوحی دڵی سادە و سپی بێ شوبھی بەت ئەوسا دەبێ سیڕڕی خودای تێدا بنووسن خەت بە خەت ئەی موستەعید ئوستادی تۆ بەو جوملە بەحری عیلمەوە چونکە سڕی عەشقی نەبوو بەو عیلمەوە خنکا لە شەت ھەرکەس سەماعی مەدرەسەی عەشقی حەقیقەت تا نەکا تەرکیبی ئەشیاکەی دەکا بێ عەیب و نوقسان و غەڵەت دەرسێ لە عیلمی عەشق ئەگەر تەحسیل بکەی بیکەیتە بەر دنیا ببێ زیروزەبەر ڕێگەی خودا ناکەی غەڵەت نەحوت ھەموو مەحوییەتە سەرفت غەم و بێ سەرفییە ئاداب و مەنتیق دەرئەخەی ناکەی بەیانی عەشق قەت گەر تۆ موسوڵمانی لە سەر ڕێگەی شەریعەت لامەچۆ ڕۆح و سەر و ماڵت ھەموو ھەر سەرفی مەولات کە فەقەت شەخسێ حەکیمانە وتی ڕۆژێ بەجێ دێ کامی دڵ وا شیوەن و زاری بکەی فرمێسکی چاوت بێ بە شەت ناحەق نییە نەوعی بەشەر دێوانەوار و بێ خەبەر کەوتوونە کێو و دەشت و دەر، دیویانە حوسن و خاڵ و خەت لەو مەدرەسەی پڕ وەسوەسە، سی ساڵە کەسبی عیلم ئەکەی مانەندی تیفلی ئەبجەدی، ئەرکان و ڕێی دینت غەڵەت ئاداب و عیلمی ھەندەسە ھەر قیل و قالە و وەسوەسە تۆ وەرگرە لەم مەدرەسە دەرسێک بێ حەرف و نوقەت سابیر بە یار و ئاشنا چاو و دڵی بوو ڕۆشنا حەمد و سەنا يا ربّنا لێم دوور نەبێ ئەو یارە قەت سابیر ئەگەر تۆ ئارەزووی دەرسی ئەدیبی ئەشق ئەکەی عیلمێکە قەت حەل ناکرێ بێ حەرف و ئیعڕاب و نوقەت سابیر چییە ھاواری تۆ، پێی خۆش نییە دڵداری تۆ گەر ھەمزوبانە یاری تۆ لادە لە گوفتاری سەقەت زۆرکەس بە تەحمید و سەنا چاوی دڵی بوو ڕۆشنا سابیر ئەبێتە ئاشنا دوور ناکەوێ لەو یارە قەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سۆفی دەبێ لەوحی دڵی سادە و سپی بێ شوبھی بەت سۆفی دەبێ لەوحی دڵی سادە و سپی بێ شوبھی بەت ئەوسا ڕمووزی مەسحەفی ڕووی یاری تەفسیر کا بە خەت ئەی موستەعید، دەرسی لە عیلمی عەشق ئەگەر تەحسیل ئەکەی یەکسەر علووم و دەفتەری ئەسناعەشەر داویتە شەت بۆ دەرسی دین ناکەیتە بەر، ئەی جێنشینی پێغەمبەر؟ برسیتە وەک جوع البقر ھەر نان ئەخەیتە ناو سەبەت تۆ باغظی مورشید مەبە عەیبە لەگەڵیان زید مەبە تا حوببی دەروێشت ھەیە ڕێگەی خودا ناکەی غەڵەت چاک پەیڕەوی عالم دەکەی ھەر کاتیبی زاڵم دەکەی ھەر چاوەڕێی چالم دەکەی لێدەی بە گوفتاری سەقەت عەقڵت لە نەحوا سەرف ئەکەی، حیفزی کەلام و حەرف ئەکەی بێ! دەرسی عەشقت پێ بڵێم عیلمێکە بێ حەرف و نوقەت تا تۆ خەریکی غەیبەتی بێ ئیعتیبار و ھەیبەتی گەر تالیبی ئاسایشی خامۆش و سابیر بە فەقەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: آفتاب از روی رخشان تو می گیرد شعاع آفتاب از روی رخشان تو می گیرد شعاع لاجرم بالانشینت این جهان گیرد نفاع کائینات ئەمڕۆ غوڵامیی تۆ بە جان و دڵ ئەکەن چونکە تۆ ڕۆحیت و عالەم تەن اطعنا ئەی مەتاع تۆ کە غائیب بی ئەمن ناچار ئەکەم مەیلی گرین خۆر کە گیرا عالم الله دێنە گریان و فیزاع لەززەتی دونیا ھەموو ژەھرواییە سەر تا قەدەم سابیری خۆت لابدە گەر بووی بە خاوانی مەتاع ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژ و شەو شەمس و قەمەر لەو حوسنە وەرئەگرن شوعاع ڕۆژ و شەو، شەمس و قەمەر لەو حوسنە وەرئەگرن شوعاع دلبەرا تا كل سر جاوز الاثنين شاع ڕوو مەپۆشە سەرزەمین تاریکە بێ خورشیدی ڕووت ئەی جەماڵی بێ نەزیرت حیکمەتی مەحز و نەفاع یادی حوسن و عەشقی چاوت ھەم حەریف و ھەم شەراب کافییە ئیتر لەسەر موڵکی جیھان ناکەم نیزاع چونکە دارالمحنة و دوون پەروەرە ئەھلی ھەموو ناکەس و بێ شەرت و بەدخوو، دین فرۆش و پڕ تەماع دوژمنی دونیا لەگەڵ ئەھلی شەرەف ناحەق نییە تەبعی دوونە وەک جوعەل دەگرێ لە بینی گوڵ سیداع ھەرکەسێ فەزڵ و ھونەر دەرخا لە بازاڕی جیھان پێی ئەڵێن یاساغە سەد لیرە جەزای خاوەن مەتاع سابیری گەر عاقڵی تیکەڵ بە دونیای دوون مەبە مەرحەبای ئەو ژەھرە تۆ پەیداکە تریاکی وەداع ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیری کردم دەرد و زامی عەشقی جانان ئەی دەریغ پیری کردم دەرد و زامی عەشقی جانان ئەی دەریغ تووشی من بوو داستانی پیری کەنعان ئەی دەریغ مەحرەمێ دەست ناکەوێ شەرحی غەمی دڵ بالتمام پێی بڵێم بەڵکوو دەواکا دەردی ھیجران، ئەی دەریغ بولبول و گوڵ، شەمع و پەروانە ھەموویان پێکەوەن من وەکوو یووسف بەتەنھا حەپسی زیندان ئەی دەریغ دڵ بەدووتا ھات و چاودێری کە یا بینێرەوە با نەفەوتێ میحنەتی کێشاوە بۆمان ئەی دەریغ داد و فەریادم لەلای ئەو شۆخە تەئسیری نییە گەرچی فرمێسکم جیھانی کردە تۆفان ئەی دەریغ تابەکەی قوربان بناڵێنم لەناو بەیتولحەزەن؟ بۆنی جامەی تۆ نەھات بۆ نووری چاوان ئەی دەریغ مەحرەمێ دەس ناکەوێ ئازاری دەردی پێ بڵێم ڕۆژ و شەو یار و حەکیمم بۆتە گریان ئەی دەریغ ئەم ھەموو گریانە یا ڕەب بۆچی تەئسیری نەکرد شیوەنم مانەندی تۆفان خەڵکی شێوان ئەی دەریغ 'سابیری' لا تقنطوا موژدەی تەواوی دا بە تۆ حەیفە قەلبت موتمەئین نابێ بە قورئان ئەی دەریغ! بووعەلی سینا لە سۆز و ئاھی سینەم عاجزە لەم برینی بێ دەوا حەیرانە لوقمان ئەی دەریغ تیببی جالینووس و لوقمان و ئەرەستوو موشکیلە تێبگەن لەم عیللەتە یا خود لە دەرمان ئەی دەریغ چاوەڕێی موژدەی نەسیمم تاقەتم چووبوو نەھات بەڵکوو بێنە قالبی مردوو دڵ و جان ئەی دەریغ سابیری ھەر چاوەڕێی جەژنی ویسالی دولبەرە کاشکێ ڕۆژێ دەبوومە قۆچی قوربان ئەی دەریغ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا غوباری ڕێگەکەی دێنم بەچاوا بۆ شەرەف تا غوباری ڕێگەکەی دێنم بەچاوا بۆ شەرەف چاوەکەم بێ مەیل و دڵ کەیلە لە ئازار و ئەسەف شەو کە سوڵتانی خەیاڵی حەملە دێنێ سەبری دڵ نایەڵێ مانەندی حوزن و دەنگی چەنگ و نای و دەف چەرخی کۆنە پیری کردم تازە ئیکڕامم ئەکا ساقی و مەی، موتریب و چەنگ و ڕوباب و نای و دەف تا جەوان بووم پیرە دونیا کامەرانیی پێم نەدا پیری کردم تازە بۆچی حەسرەت و ئاخ و ئەسەف؟ دولبەرا لەم خانەیی خەوف و ڕەجادا تا بە کەی؟ چاو و ئەبرۆ ئەم دەڵێ أين المَفَر ئەو لا تَخَف لەو برۆ کەچ کردن و لێو گەستنە ڕۆحم چووە باقلم کەوتە دڵی وەک بەردی ڕوخساری كلف من کە لەو چاوانە دیتم ئایەتی أين المَفَر نابیەم سەدجار بڵێ ئەبرۆت تعال و لاتخف سابیری سەبری نەما وەک توشنەگانی کەربەلا لازمە وا بێ سولالەی تاھیرەی شاھی نەجەف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عومری شیرینم لە ڕێگەی عەشقی یارا بوو تەلەف عومری شیرینم لە ڕێگەی عەشقی یارا بوو تەلەف دائیمەن دڵ ناموراد و پڕ لە ئازار و ئەسەف ھەر نەھاتی حەسرەتی دووری لە دڵ بێنیتە دەر خاکی بەرپێی ناسکت بێنم بە چاوا بۆ شەرەف دڵ لەکن ئەو چاوە خوێندی ئایەتی أين المفر باوەڕی نایە بە ئەبرۆی تۆ ئیشارەی لاتەخەف شاھی حوسنی لەشکرئارایی دەکا ڕۆحم چووە پەرچەم و موژگان و زولفی جوملە وەستاون بە سەف شەو نییە شاھی خەیاڵی شاری سەبرم مات نەکا ڕۆژ نییە ڕۆحم وەکوو شەونم نەکا مەحوو و تەلەف من لەبەر لەرزینی دەس، تەرکی سیواکم کردووە تازە دەوران پێم ئەڵێ فەرموو شەراب و نای و دەف ساقیا ھاوارە وا غەم لەشکری ھێنامە سەر تۆ لەگەڵ موتریب وەرە، ئەو دەس بە دەف تۆ مەی بە کەف سابیری تالیب بە عەیش و لەززەتی دونیا مەبە نامورادی فەخرە بۆ ئەولادی سوڵتانی نەجەف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەزقەزا تەیری دڵم وا کەوتە نێو دامی فیراق ئەزقەزا تەیری دڵم وا کەوتە نێو دامی فیراق ئاسکی ڕۆحم کەوتەوە نێو دەستی زەرغامی فیراق ئەی دەریغا بۆ حەکیمی ئاشنا و مێھرەبان یەک بە یەک عەرزی بکەم ئازار و ئالامی فیراق جۆگەلەی خوێناوی چاوم ئەرزی ڕەنگین کردووە تۆ بفەرموو مەرھەمێ دانێ لەسەر زامی فیراق حاڵی دەردم، ناڵەناڵم ئەو کەسانە تێدەگەن زەھری ھیجریان چێشتبێ یا زامی سەرسامی فیراق تابەکەی بەدری جەماڵت دادەپۆشی؟ بەسیەتی! جەوری بێ پایان و ھیجری میحنەتی شامی فیراق شەونخوونی خۆشە بەو ئوممێدە سوبحی تەلعەتی دەرکەوێ ھەرچەندە نامەعلوومە ئەییامی فیراق سابیری کۆتا کە شەوناڵین، چونکە وەسفی یار ئینتیھایی نایە بێ پایانە ئەنجامی فیراق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یووسفی دڵ موزمەحیل ماوە لە نێو بیری فیراق یووسفی دڵ موزمەحیل ماوە لە نێو بیری فیراق کوا موسوڵمانێ بزانێ چار و تەدبیری فیراق؟ وەرنە سەیری بەرقی ئاھ و ڕەعدی ناڵە و سەیلی ئەشک ھەر دەڵێی تۆفانەکەی نووحە لە تەئسیری فیراق بووعەلی سینا و جالینووس و لوقمانی حەکیم عاجز و داماو و حەیرانن لە تەدبیری فیراق تا لە توحفەی ڕوومەتی نوسخەی عیلاجم بۆ نەیێ خۆشەوە نابێ برین و زامی شمشیری فیراق شێخی ڕوفاعی بە عیلمی جەلجەلووتی موشکیلە چاری دەردم کا دەرمبێنێ لە زنجیری فیراق خۆرھەڵاتی، سێبەرێ ناخەیتە سەر سووتاوی ڕووت ئەی بەری پێ و سێبەرت، قورسی تەباشیری فیراق قەت تەباشیرت لە سووتاوی لەشی سابیر نەدا تا بە کەی قوربان بناڵێنم لە تەئسیری فیراق؟ ئەی مەسیحالەب بفەرموو با بە جارێ عالەمێ شێت نەکەم یەکسەر بە ئاھ و سۆزی دڵگیری فیراق وا لە دووری تۆ لە پا کەوتم مەسیحالەب بەسە دەستی سابیر بگرە با دەرچێ لە نێو بیری فیراق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیحەمدیللا بیابانی دڵ ئەمساڵ بیحەمدیللا بیابانی دڵ ئەمساڵ پەڵەی لێداوە بێ مانەند و ئەمسال بە پاچی تاعەت و جووتی ڕیازەت موبەڕڕا بوو، موھەڕڕا بوو لە ئەو باڵ کە خاڵی بوو لە بەرد و خاری ئەغیار مەقامی یارە پڕ ئاڵتوون و کۆتاڵ وەکوو باغی ئیرەم خۆش و دڵئەفزا نەمامی عەرعەر و ھەم سەرو و شمشاڵ بەدائیم پڕ فریشتە و بێ شەیاتین لە کن تەعریف و ئەوسافی زوبان لاڵ ھەمیشە بولبولی ڕۆحم ئەخوێنێ لە نێو گوڵزاری دڵدا فارغ البال دەمی ڕۆحم لە شیرین بوو لەمەولا مەسەلمێنە لە دڵ بگرم قسەی تاڵ کە من مەستی شەرابی عەشقی یارم بە سەربەستی دەکەم ئیزھاری ئەحواڵ دڵ و دینی ڕفاندم شۆخ و شەنگێ بە غەمزەی چاوی بیمار و لەبی ئاڵ ئیتر زاری دەکا تاجر بە ناچار ئەگەرچی جەردە ناکا ڕەددی کۆتاڵ لە لاشەی پیسی دونیا لادە سابیر دەنووک نادەن لە چاوت سەرگڕ و داڵ عەجەب شیوەن ئەکەی بۆ بەرگ و نانت چ بێ باکی لە ڕۆژی مەرگ و ئەوباڵ عەمامەی پاک و پڕ پێچت دەلیلە دڵت بێ غەش نییە ئەی شێخی بەرماڵ بە ڕیش و پرچ و تەسبیحت تەواوی نەمازت ناتەواوە ئەی کوڕی خاڵ ئەگەر مەردی لیباسی زوھدە بەرگت لە بۆ ژن چاکە سورمە و خامەکی ئاڵ وەکوو زەڕ خالیس و بێ غەش بە قوربان وەگەرنە ئەتخەنە بۆتە ئەبی قاڵ لە بۆتەی ئاگری دۆزەخ بترسە بە ملیۆن پیاوی تێدا بۆتە زووخاڵ ئەگەر تۆ تالیبی دونیای لەگەڵ سەگ گەلێ جا تۆش ئەبی شەڕڕ و دەمەقاڵ لیباسی زوھد و تەقوا بێنە مەیدان مەھاڵێنە لە خۆت بەرگی شڕوشاڵ قسەی پیاوانە نازانم بڵێم چی؟ دەسم پێ کردووە وەک شێت و منداڵ لە بۆتەی یار سابیر زۆر بترسە گەلێ خەڵکی لە ناودا بۆتە زوخاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاشقان دڵیان بە دائیم پڕ خەیاڵ و پڕ مەلال عاشقان دڵیان بە دائیم پڕ خەیاڵ و پڕ مەلال بۆیە ڕۆژ و شەو دەکەن بەحسی جەماڵ و زولف و خاڵ عاشق و عاقڵ ئەگەرچی ڕەنگ و سوورەتیان یەکە ھەریەکی تامێکی تێدایە تورنج و پوڕتەقاڵ عاشقان ناڵان و بێ سەبر و قەرار و گفتوگۆ عاقڵان دڵشاد و خوڕڕەم، نوکتەدان و خۆش مەقاڵ عاشقان مەجنوونی دووری لەیل و بیمار و زەعیف عاقڵان ساغ و سەلیم و شاد و مەستی خەت و خاڵ عاشقان پەروانەئاسا سەرف ئەکەن جان و وجوود عاقڵان سابیر گەلێ کۆشش ئەکەن بۆ جەمعی ماڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاشقان مەدھۆشی تەئسیری خەیاڵی حوسن و خاڵ عاشقان مەدھۆشی تەئسیری خەیاڵی حوسن و خاڵ فارغ البالن لە تەئسیراتی ئافات و مەلال عاشقان مەستی موتاڵای دەفتەری سونعی خودان عاقڵان غەرقی جەماڵ و سوورەت و مەغرووری ماڵ عاشقان بیمار و دووری یار و بێ سەبر و قەرار عاقڵان جوملە سەحیحولجیسم و مەسرووری ویسال سابیری بێ خۆت بناسە عەقڵ و عەشقت کامەیە عاشقێکی ترسنۆک و عاقڵی بێ حاڵ و ماڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وڵات و شار و دێھاتی دڵ ئەمساڵ وڵات و شار و دێھاتی دڵ ئەمساڵ پەڵەی داوە بە بێ مانەند و ئەمسال بە پاچ و بێڵی تەقوا و ڕیازەت موبەڕڕا بوو لە دڕک و داڵی ئەوباڵ موھەڕڕایە بە جووتی زوھد و تەقوا بە سی گاسن نرایە باغی شمشاڵ مەلائیک سەف بە سەف بۆ باغەوانی کە ئاموشۆ ئەکەن پەیوەستە خۆشحاڵ مەجالی تەنگ و باری سەنگ و بێ ڕەنگ شەیاتین ھەر ھەموو ماندووە بێ حاڵ خەیاڵی خام ئەکەی کورتەک ئەکەی نەقد خەیاڵی خام مەکە ئەی شێخی بەرماڵ لە بۆتەی نار و ئازاری جەھەننەم بترسە خەڵقی تێدا بۆتە زووخاڵ بە پاچی زیکر و خاری ماسوىٰ الله وشک برژاو و سووتا شوبھی زوخال مەلائیک ھاتووە دەیکاتە زەرعات کە بیبینێ دەبێ حەیران و خۆشحاڵ مەتاعی چاکە مەقبووڵ و بەقیمەت کە لائیق پادشا بێ ئەی کەسی خاڵ لە بۆتەی یار سابیر پڕ حەزەر بە بە ملیۆن خەڵکی تێدا بۆتە زووخاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە تەئریخی ھەزار و سێسەد و سی و شەش کە مەشھوورە سەبارەت: ١٩١٧ لە تەئریخی ھەزار و سێسەد و سی و شەش کە مەشھوورە سەفەربەر چوو گرانی ھات و شێوا شار و مەعموورە گەلێ شاھ و ئەمیر و قازی و موفتی کە سوورگوون بوون گەلێ زەنگین و حاجی ناعیلاج موحتاجی ھاموون بوون بزانن مادەری دونیا کە مەمکی نایە دەم زاتێ کە سەد حەولیش بژی، حەولیش بدا حولێکی ناداتێ منیشی وا زەبوون و عاجز و ڕووت کردەوە گێتی ئاپاردی مالمی ھپ بزبتون شو بی وفا گێتی کە ڕووت و سووکی کردم مەقسەدی وابوو کە بمھاوێ بە شاخ و دەربەنی دێلێژەدا بمدا وەیا خاوێ لە سایەی لوتف و ئیحسانی خودا و ھیممەتی پیری لە زەربەی تیغی چەرخی بێ سەر و پا نەمدی تەئسیری عەجەب قوتبێ، عەجەب پیرێ کە ناوی شێخ ڕەزا سوورە مەقام و مەرقەدی دێلێژەیە مەعلووم و مەشھوورە زیارەتگاھی خاس و عامە نەزدی عالیم و عامی کەرامات و مەقاماتی میسالی شێخی بووستانی فیووزاتی زەریحی ئاشکارا اظهر من الشمس لدي التحقيق اوقات فسوولی ئەربەع و خەمس کە داعی ساڵی قاتی چوومە دەرگا و مەرقەدی پاکی دڵی تەنگم موفەڕڕەح بوو نەما ئاساری غەمناکی لە پاشی فاتیحاخانی و زیارەت کردن و تەعزیم وتم یا شێخ ڕەزا سا ھیممەتێ شیعرم بکەی تەعلیم بیحەمدیللا ئیتر لەوساوە کارم شیعر دانانە کەسێ میوانی سوڵتانە چ باکی ئاوە یا نانە غەزەل کۆتا کە مەنزوومەی درێژ نەختێ مەلەل دێنێ مەبادا کەس لە بەیتی تۆ عەقیدەی ئەو خەلەل بێنێ کە لەززاتی لە زاتی شێخی دی زاتی شکا بۆیە کە ساحیب زاتە سابیر ھەر وەکوو تووتی سوخەنگۆیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە چاوی مەست و بیماری نەخۆشم بە چاوی مەست و بیماری نەخۆشم نەماوە ئیختیار و عەقڵ و ھۆشم بەزاھیر گەرچی مسکین و فەقیرم لە باتیندا دوڕ و گەوھەر فرۆشم دووڕ و مەرجان چییە؟ یەعنی دڵ و جان بە چاوی تۆ لە چاو ئەڕژێتە کۆشم ئەگەر تۆ موشتەری مەرجان و دوڕ بی بە گیانی تۆ وەرە ھەرزان فرۆشم ئەگەرچی عاجز و بێ دەستەڵاتم بە جان و دڵ بەقوربان تێدەکۆشم ھەتاکوو تۆ نەیەی تەسکینی نایێ بە ڕۆژ و شەو دەمێکە غەم دەنۆشم گەلێ ناڵاندم و سوودی نەبەخشی لەمەولا سابیر و مات و خەمۆشم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جانا وەرە دەستێ بخە سەر قەلبی حەزینم جانا وەرە دەستێ بخە سەر قەلبی حەزینم دوا گیانمە تاڵووکەمە کۆتا کە گرینم بنواڕییە ئاوێنە دەزانی چییە دەردم ئیحسانە کە چا کەیتەوە ئازار و برینم ھەرچەندە کە بێ ڕەنگ و لەڕ و زەرد و نەخۆشم ھەر لەحزە بە یادت قەڵەو و سوور و سەمینم عومرێکە گلاراومە ئەی یاری شیرینم ڕەحمێکی خودا بێنە دڵ و بێرە سەرینم بنواڕییە ڕەنگم کە عەلاماتی دیارە وەجھی چییە شەو تا بە سەحەر شین و گرینم نایدەم بە ھەموو نیعمەتی فیردەوسی سەعاتێ ئەو ڕۆژە کە تۆی یاری وەفادار و قەرینم فەرھاد سیفەت و دائم الاوقات لە کێوم ئینساف و وەفا عەیبە لە لای یاری شیرینم سابیر لە فیراق و ئەسەفی خێوەتی لەیلا ئاشوفتە و مەجنوون سیفەت و ئەلبیسە شینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا ھاوارە ئەمشەو دولبەرم لێ دابڕا چی بکەم خودا ھاوارە ئەمشەو دولبەرم لێ دابڕا چی بکەم؟ شەرارەی ئاگری دووری لە سینەم ھەڵگڕا چی بکەم؟ لەبەر دەرد و غەمی یارم نەخۆش و خانە بێزارم وەکوو مەجنوون دڵم بۆ چۆڵ و سەحرا ھەڵخڕا چی بکەم؟ خودا ڕۆژی ئەجەل گریان و قوڕ پێوانی پێ بەخشیم بە ئەمری حەق وجوودم ھەڵنەکێشم لە قوڕا چی بکەم؟ قەڵەم ڕۆژی ئەجەل بۆ ئێمە ھەر دەرد و غەمی نووسی ھەموو ڕۆژ گەر نەناڵێنم لە ناو خاک و قوڕا چی بکەم؟ قسەی بێ فائیدە و بێ جێ، زەروورەت پێم نەکا نایکەم ئەگەر گریە و فوغان ناکەم کە ئارامم بڕا چی بکەم؟ ھەموو عالەم بە بەرگی جەژنەوە سەرمەست و خۆشحاڵە ئەگەر قانع نەبم سابیر لە نێو بەرگی شڕا چی بکەم؟ نەگەییە دامەنی حوسنی ھەناسەی سابیری یاران لە دونیادا بە بەدناوی کە من زەنگم زڕا چی بکەم؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودایە عاجز و بێ دەستەڵاتم خودایە عاجز و بێ دەستەڵاتم بگاتە بارەگاھی تۆ شکاتم سەراپا غەرقی عوسیان و گوناھم عەفوو فەرموو گوناھ و سەییئاتم بە دەستی دەردەوە غایەت زەبوونم بە حەول و قووەتی تۆیە نەجاتم ئەگەرچی دەردەکەی من بێ دەوایە لەکن تۆ سەھلە حەللی موشکیلاتم خەزێنەی ڕەحمەتی تۆ بێشومارە منیش میسکین و موحتاجی زەکاتم لە شوکری نیعمەتت دەرچم مەحاڵە وەکوو سابیر ھەتا ڕۆژی مەماتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەرحەبا ئارامی گیان و ڕۆشنایی چاوەکەم مەرحەبا ئارامی گیان و ڕۆشنایی چاوەکەم شۆخی کەو ڕەفتارەکەم عەییار و ئاھوو چاوەکەم ئەی برۆ شمشێر و لێو مەرجان و پەرچەم خاوەکەم قەد نەمامی عەڕعەڕ و ڕوومەت ترێ کاژاوەکەم دولبەرەی گوڵڕەنگەکەم تەن نازک و دڵ سەنگەکەم نازەنین و شەنگەکەم، مەست و خوداپێداوەکەم یاخودا زوو بێتەوە ڕۆحی ڕەوان و نووری چاو یەعنی کەو ڕەفتارەکەم، دڵ نازک و تۆراوەکەم مەستەکەی مەی نۆشەکەم، سەربەست و مەشرەب خۆشەکەم جان و عەقڵ و ھۆشەکەم مەستوور و ڕوو پۆشراوەکەم گوفتوگۆ شیرینەکەی مایەی حەیات و ژینەکەم جوێن و بوغز و قینەکەی چای و جغارە و قاوەکەم ھاتن و دەرکەوتنی درمانی دەرد و زامەکەم خاکی ڕێگەی سورمەیە بۆ نووری ھەردوو چاوەکەم تا بە کەی چاوم بەسەر شاڕێوە بێ ھەیھات ھات ئاگری نەکوژاوەیە کورەی دڵی سووتاوەکەم یووسفی میسری تەماشایێ کە حاڵی سابیری پیرە دڵ سووتاوەکەی کەنعانم و بێ چاوەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وتی یارم لە جەنناتێ گوڵی ڕوخسارم ئەنوێنم وتی یارم لە جەنناتێ گوڵی ڕوخسارم ئەنوێنم ھەموو شەو تا سەحەر بۆیە وەکوو بولبول ئەناڵێنم لە مەغریب ڕۆژ ھەڵات ئەمشەو وتم ڕەنگە قیامەت بێ موسوڵمانان مەکەن مەنعم نەما عەقڵ و دڵ و دینم بە غەدداری دڵ و جەرگی بڕیم و پێم ئەڵێ مەگری نەوا لێشاوی فرمێسکت بکا تەقبیلی داوێنم لە ترسی سۆز و ئاھی ئاگرینم موشکیلە عەقڵم بدا ڕێگا کە ناوی نازکت بۆ ناوی دەم بێنم بە چاوی مەست و مەخموورت ئەوەندە مەست و مەسروورم لە سایەی تۆوە وەک شێری ژیان زنجیر ئەپسێنم بە ئومێدم لە حاڵی نەزعدا تۆ بێیە باڵینم کە تۆ بخوێنی یاسینم دەکەن حوور و مەلەک شینم بە زستانی فیراقت سابیری وەک پایزی زەردە بە ڕوخساری بەھارت ئاھی گەرمم شوبھی ھاوینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە جانا بەڵاگەردانی ڕوویی دڵفەریبت بم وەرە جانا بەڵاگەردانی ڕوویی دڵفەریبت بم ھەتاکەی دڵ نەخۆش و چاوەڕێی چاوی تەبیبت بم؟ ھەتاکەی ئینتیزاری چاوی عەییار و تەبیبت بم؟ ئەوا کردم منیش بێگانە با ساتێ قەریبت بم ئەوا چاوم بە شاڕێوە، ئەوا ڕووحم لەسەر لێوە ھەتاکەی عاجز و بیماری چاوانی غەریبت بم؟ ڕەقیبم دی لە بەر پێتا، وتم خۆزگە بەخۆی جانا کە تۆ گوڵ بی بەقوربانی ھەموو خار و ڕەقیبت بم بە سەیران و تەفەرروج چوویە نێو گوڵزارەوە جانا بە سەرگەردی گوڵ و گوڵزاری نەغمەی عەندەلیبت بم ئیشارەت کردمێ عودالصليب پەیداکە ترساوی فیدای غەمزەی ئیشارە و پەنجەی عودالصليب بم وتم کەی دێ و فەرمووت: يا نصيب العلم عندالله ھەتاکەی دڵ بە داغ و ئینتیزاری یانەسیبت بم؟ وەرە أنت و حليبك خۆ سەرم دانا لە ڕێگەی تۆ تەبیبا تا بە کەی ھەر چاوەڕێی مشتی زەبیبت بم؟ دەمێکە تەن نەخۆش و چاوەڕێتم بێ عیلاجم کە بەڵاگەردانی نوسخە و شەربەتی چاوی تەبیبت بم بە شەو وا شەمعی ئەغیاری، بە ڕۆژ بنوێنە ڕووی یاری بە زەڕڕەی پەڕتەوی خورشیدی حوسنی دڵفەریبت بم وتم کەی دێی و فەرمووت یا نەسیب خۆ ھەر بە ئوممێدم فیدای ھات و نەھاتی سوبح و شام و یانەسیبت بم وتی سابیر لە بەزمی عوشرەتا سینە بە موجمەر کە وتم فەرموو بەقوربانی بخوور و عود و تیبت بم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوت بە کینایەت وتی پێم وەختی زەکاتە چاوت بە کینایەت وتی پێم وەختی زەکاتە موژەت بە سەراحەت لە منی دا وەریگێڕام دوێنێ وتی ئەی خەستە سبەی دێمە عیادەت ھەی ھەی کە چ بەزمێکە دەڵێی خوسرەو و دارام سەییاد بە سەد حیلە دەکەن سەیدی نەچیران مەجمووعی بە یەک غەمزەیی ئەو چاوە دەبن ڕام بێ ڕەبتیی شێعرم سەبەبی گەندمی قەلبە سوونی غەمی لێداوە بە بێ قووەت و بێ ڕام والشمسی قەسەم وەلقەمەری ڕوویی دلارام ڕۆحم لە بەدەندا نییە بیللا لە دڵ ئارام ڕۆژێ کە لە توێی پەردەوە تیرێکی وەشان لەیل لەو کاتەوە مەجنوون سیفەت و عاشق و شەیدام فەرموویە کە حازر بە شەوێ دێم و نەخۆشم ڕاوەستە لە سەر ھەیئەتی حوججاج لە ئیحڕام بیستوومە کە پرسیوییە لە ئەحواڵی نەخۆشیم لەوساوە چ خۆشیمە دەڵێی شاھی بوخارام ھەرچەندە کە پایانی نییە بادییەیی عەشق مەدداحیی تۆ کافییە بۆ وەجھی ئیدارام لەم مەزرەعە سابیر نیەتی کیشتی عیبادەت ئەمما بە دوعاگۆییی ئەم شافییە خێرام سابیر تۆ ئەگەر عاشقی ئازار و جەفای دۆست وەربگرە بە شوکرانەوە ھەروەک گوڵی ئیکرام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژێ کە نەبینم قەمەری ڕوویی دلارام ڕۆژێ کە نەبینم قەمەری ڕوویی دلارام ڕۆحم لە جەسەد دەرچووە بێ شک لە دڵ ئارام لەیلی کە لە توێی خەیمەوە تیرێکی لە من دا لەو ڕۆژەوە مەجنوون سیفەتم مائیلی سەحرام چاوی بە ئیشارەت تەڵەبی کردمە قاپی حاجیب بە حیقارەت دەریکردم وەریگێڕام بەو ناوکی موژگانی بە ئەبرۆیی کەوانی وەققاسی زەبوون کردووە ھەم ڕۆستەم و بەھرام ئەو ڕۆژە ئەگەر ڕوو بنوێنێ لە شکارا ئاھووی لەڕ و شیری نەڕ و وەحشی ئەبن ڕام بیستوومە سبەی دێتە سەرینم بە تەبابەت ئەمڕۆکە سولەیمانم و ئەسکەندەر و دارام لەوساوە سەناخوانی تۆ وا بۆتە وەزیفەم سەد شوکری خودا کافییە بۆ وەجھی ئیدارام عومرێکە لە ڕێگای سەفەر و کەعبەیی ڕووتم وەستاوم و بەستوومە لە تەوافی تۆ ئیحڕام لەوساوە جگەر خەستەیی شمشێری برۆتم بڕوا کە غەم و دەرد و بەڵا نایەتە ئارام سوونی غەمی تۆ گەندومی دڵمی بە تەلەف دا نانی غەزەلم شاھیدە بێ قووەت و بێ ڕام ھەرچەندە کە سابیر نییەتی خزمەت و تاعەت ئەمما بۆ دوعاخوانیی ئەو دولبەرە خێرام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەحمێکی خودا بێنە دڵ ئەی ڕۆحی شیرینم ڕەحمێکی خودا بێنە دڵ ئەی ڕۆحی شیرینم دوا گیانمە فەرموو قەدمێ بێنە سەرینم دەستێ بخە سەر جەرگ و دڵی زام و برینم بەو دەستە بلوورینەوە کۆتا کە گرینم بەو ڕوومەتی دەرکەوتنی تۆ جەژنەمە قوربان ئەو ڕۆژە کە لێم غائیبی غەم بۆتە قەرینم ئەم ڕۆژە لە چاوم ون ئەبی زەرد و زەعیفم ھەرچەندە نزیکم ئەکەوی سوور و سەمینم جانا سەبەبی دووری و شیرینیی تۆیە فەرھاد سیفەت و کۆھکەن و ئەلبیسە شینم بنواڕیە ئاوێنە لە ئازارم ئەزانی تەدبیری دڵی ڕێش و لە سەد جێوە برینم سابیر کە گوڵی ڕوومەتی تۆی دی قەسەمی خوارد فاریغ لە گوڵ و گوڵشەنی فیردەوسی بەرینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کڵاوی سەر دڕاوی خۆم بە تاجی پادشا نادەم کڵاوی سەر دڕاوی خۆم بە تاجی پادشا نادەم کەلاوەی دووکەڵاوی خۆم بە قەسر و گەنجی شا نادەم پڵاوی سەر بە کشمیشی فەقیری یەعنی ئاسایش خودا بیدا لەمەولا ڕوو بە ترشی و شۆربا نادەم کە لاوی خۆم بە دەستی خۆی گوڵاوم لێ بپڕژێنێ ئیتر حاشا وە کەللا دەس لە داوێنی سەبا نادەم بە خوێنی جیفە بەرگی زاھیدی ئالوودە کەم شێتم بە تەوفیقی خودا دینم بە دوو نان و عەبا نادەم کلیلی سابیری قاپی ھەموو مەقسوودێ ھەڵدەگرێ بیحەمدیللا بە دەس گرتوومە ڕەنجی خۆم بە با نادەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە نووری تەلعەتی یارم لە تووری دڵ بڕا چی بکەم کە نووری تەلعەتی یارم لە تووری دڵ بڕا چی بکەم؟ تەنووری میحنەتی دووری لە سینەم ھەڵگڕا چی بکەم؟ ئەوا چوو بۆ سەفەر لەیلا بەجێماوم لەبن کەیلا دڵەی مەجنوون بە واوەیلا بە دوویا ھەڵخڕا چی بکەم؟ ھەتاکوو تاقەتم مابوو ھەموو غەم نان و ھەڵوا بوو کە خانەی سەبرەکەم سووتا کە پەردەی دڵ دڕا چی بکەم؟ بە ئەمری حەق قەڵەم بۆ ئێمە ھەر دەرد و غەمی نووسی ئەگەر شیوەن نەکەم سەبر و قەرارم لێ بڕا چی بکەم؟ قەڵەم ڕۆژی ئەزەل بۆ ئێمە ھەر دەرد و غەمی نووسی ھەموو ڕۆژ گەر نەناڵێنم لە ناو خاک و قوڕا چی بکەم؟ بە زنجیری مەلامەت ناشکێ قووەی جنوونی من لە دونیادا بە بەدناوی کە من زەنگم زڕا چی بکەم؟ لە باغی عومری خۆم و حوسنی تۆ بێ بەھرە بم تاکەی؟ لە بەر دەرگاھی تۆ ھەر دابنیشم لەم قوڕا چی بکەم؟ بە بەرگی تازەوە ھەرکەس ئەبینم مەست و مەسروورە ھەمیشە قانع و سابیر لە توێی بەرگی شڕا چی بکەم؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مودەتێکە ئینتیزارم بەم تەنی بیمارەوە مودەتێکە ئینتیزارم بەم تەنی بیمارەوە بەم دڵەی پڕ حەسرەت و دەرد و غەم و ئازارەوە ئەی ڕەفیقانم عیلاجێ بێنە ئەم ھاوارەوە یاری من تۆراوە ھەمتی چوو بەلای ئەغیارەوە چارێ تریاکێ بکەن دڵ بوو بە گازی مارەوە کەی دەپرسی حاڵی دەردی عاشقی زار و مەلوول؟ ناڵەناڵی عاشقانت کەی دەگاتە گوێی قەبووڵ؟ خانەبێزراو و جنوونم دائیمەن مائیل بە چۆڵ أمشي ميلاً عد مريضاً بێنە جێ ئەمری ڕەسووڵ ئەمری حەق دێنم بەجێ تۆ بی و خودا بمشارەوە وا بریندارم بە تیری چاوی ما ذاغ البصر بۆ تەداوی سەد کە لوقمانی زەمانم بێتە سەر بۆ عیلاجم عاجزە ڕەد ناکرێ حوکمی قەدەر ھەر دەبێ مەجنوون و شەیدا بم لە کێو و دەشت و دەر نیم بەتەنگی میحنەت و زنجیری عەیب و عارەوە تۆ خودا ئەی دولبەری تەن ناسک و گەردن بلوور خوا لە چاوی بەد بەدوورت کا لەمن خۆت مەگرە دوور وا لە چاوم دێ لە دووری تۆ سرووشکی زەرد و سوور تۆ بەسەر ئەم بەندەیی بێچارەدا ناکەی عبوور تابەکەی ئەم ئاوە لەم سەرچاوەیە بێتە خوارەوە؟ عاقڵان چیتان بەسەر سەحرانشینی شێتەوە خۆ بە بێ حیکمەت نییە لەو دەشتە وا دەخولێتەوە ئەڵبەتە مەجنوونی لەیلایێکە ئەیدۆزێتەوە یا دڵی تۆراوە سەرگەردانە ئەیھێنێتەوە حاسڵی بێ سڕ نییە تۆ چیت بەسەر ئەسرارەوە؟ شەو لە تاوی ئاگری دووری خەوم لێ ناکەوێ پادشاھیی سەرزەمینم پێ ببەخشن نامەوێ غەیری ئەو جێگایە وا تەشریفی یارم وا لەوێ وەسڵی ئەو بۆ من مویەسسەر بێ بە کامی دڵ شەوێ چیم بەسەر جنات تجري تحتها الأنهارەوە من کەتان ئاسا بە شەوقی حوسنت ئەی بەدری مونیر گەرچی سووتاوم لە ئازاری برین ناکەم نەفیر سەدھەزاران عاشقی وەک سابیری ڕووت و فەقیر تەیری دڵیان بۆ بە داوی زولفەکانی تۆ ئەسیر تۆ کە دانەی خاڵ ئەنێی بەو ڕوومەتی مەھپارەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موسوڵمانان موسوڵمانان نەمانزانی نەمانزانی موسوڵمانان موسوڵمانان، نەمانزانی نەمانزانی خەزێنەی دینی خۆمان دا بە جیفەی عالەمی فانی لە عیلمی دینەوە جاھیل لە دونیا عالیم و کامیل لە فەرمانی خودا غافیل، لە ئەمر و نەھیی قورئانی بڵیندی قەسری دونیامان چووە ئەوجی فەلەک ئەمما بیناغەی خانوومانی دین ئەوا ڕووی کردە وێرانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سبەینانێ وتم ئەی نازەنین و شاھی لێوئاڵان سبەینانێ وتم: ئەی نازەنین و شاھی لێوئاڵان گوناھێکی نەبوو دڵ، داوی زولفانت لە پێ ئاڵان ھەزار ئیفتادە لەو مەیدانە وریا بوونەوە وتیان: ئەمە شوێنی کەڕ و لاڵانە نەک بێ عەقڵ و منداڵان ھەموو زامار و خامۆشین، ھەموو ھوشیار و سڕ پۆشین وەگەر نە شوبھی کوێری بێ، عەسا ئەڕمییە نێو چاڵان ئەگەر تۆ شێخی بەرماڵی، بە ئێمە ناکرێی حاڵی گەلێ کەس ھات و تاوی دا و زینی ئەسپی داماڵان ئەگەر خۆ تۆ خوداناسی، وەکوو ماسی کەڕ و کاسی وە ئیللا وەک سەگی پاسی، چییە ناڵان و دەرماڵان بە ڕەنگ و ڕیش دەروێشی، بە خوڵق و خوو بەدئەندێشی عەجەب ئەسپێکی سەرکێشی، خودا بتخاتە ژێر پاڵان گەلێ کەس سابیری لەم ئاستانی یارە ھات و چوو بە ھێواشی و بێ دەنگی ئەگریان و ئەیانناڵان ھەموو کەس سابیری لەم ئاستانە بەھرەوەر نابێ مەگەر بێ دەنگ و خامۆشان و ڕووت و بێ سەروماڵان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە خەودا شەرع و دینم دی دەگریان لە خەودا شەرع و دینم دی دەگریان بە دەستوورێ کە مردوو بێ پدەریان کە چاوم کەوتە شین و باوکەڕۆیان دڵ و جەرگم لە تاوا بوونە بریان ئەگەرچی دڵڕەق و غەرقی گوناھم منیش بوومە شەریکی دەردەسەریان لەپاش ئەم شیوەن و گریانە پرسیم کە چی بوو باعیسی دەرد و کەدەریان جەوابیان دا بە دەنگی نەرم و مەحزوون لەبەر ئازار و سووتاوی جگەریان برادەر تەعزییەی شێخ و مەلایە لە دونیادا نەما شوێن و ئەسەریان کە ئەھلی دین نەماوە ئەھلی دونیا ھەموو دوورن لە ئەمری پێغەمبەریان چرا بکوژێتەوە تاریکە دونیا پدەر مرد و ھەتیو ما ڕووت و عوریان ئیتر بێ حورمەتی شێخ و مەلایە خوسووسەن عالیمی مێزەربەسەریان ئەوان بوون قەدری شەرع و دین بزانن نەمان و شەرع و دینمان قوڕ بە سەریان موسوڵمانی ئەمێستا ئیسم و ڕەسمە پەرێشانن بە خزمەت گا و کەریان پەنا بە خوا لە شەڕی ئەم زەمانە زوبان بگرن نەبن تووشی زەرەریان لە ئەبنائی زەمان دڵ ھەڵئەشێوێ نەزیک و دوور حەزەریان تا سەفەریان بە شەربە و شۆربا ڕازی بە سابیر بەشەر با بێنە شەڕ دووری لە شەڕیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دەشتی سینە ھەڵگیرسا بڵێسەی ئاگری جاران لە دەشتی سینە ھەڵگیرسا بڵێسەی ئاگری جاران عیلاجێ ئاوی تەدبیرێ لەڕێی پێغەمبەرا یاران ئەگەر تەعویزی دەرمانە ئەگەر تەدبیری لوقمانە پەیا کەن گورج و ئازانە لە دەشت و شار و عەتتاران لە تاوی ئاگری دووری بە غایەت دڵ پەرێشانم خودایە زوو بنێری تۆ حەکیمی دەردی بێ دەرمان شەرارەی ئاگری کوورەی دەروون نەکوژایەوە ئەسڵا کە فرمێسکم بە دەشتی سینەدا ئەڕژێ وەکوو باران دوعا یا تیببی جالینووس، موفیدی شەرعی یا کابووس لە دەردی عاشقان مەعکووس دەبێ دەرمانی عەتتاران لە تاوی ئاگری دووری سەبووری دڵ نەما ڕەببی سەبەبسازی بکەی ھەر تۆی حەکیمی دەردی بیماران عەجایب ئاگری سینە بە فرمێسکم نەبوو ساکین کە سابیر سەیلی ئەشکی وا ئەبارێنێ وەکوو باران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ھەوری دڵ پەیابوو باد و بەرق و ڕەعدەکەی جاران لە ھەوری دڵ پەیابوو باد و بەرق و ڕەعدەکەی جاران فەوارەی چاوی من فرمێسک ئەڕێژن ھەر وەکوو باران لە تاوی ئاگری دووریت نەماوە سەبر و ئارامم بەسەر ئەم ئاگرە ئاوێ لەڕێی پێغەمبەرا یاران ئەگەر ئایاتی قورئانە ئەگەر ھەنگوین و لوقمانە پەیا کەن گورج و ئازانە لە دەشت و شار و بازاڕان خودایە تۆ حەکیمی حازقی بۆ خاتری قورئان شیفایێ زوو بە زوو نازڵ بکەی بۆ دەردی بیماران لەبەر لەیلایە مەجنوونم لەبەر شیرینە فەرھادم مەکەن مەنعم لە گریە و شیوەنی سارا و کۆساران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە ڕۆژێ شەرع و دینم دی ئەگریان کە ڕۆژێ شەرع و دینم دی ئەگریان بە ھەردوو دەستە بەربووبوونە سەریان لە تەئسیراتی شین و باوەکەڕۆیان برینی قەلب و ئازاری جگەریان وتم چیتان بەسەر ھات ئەی عەزیزان نەمابوو قووەتی سەمع و بەسەریان خولاسە تێگەیشتم ماجەرایان بەجارێ قەلب و جەرگم بوونە بریان کە وتیان ماتەمی شێخ و مەلایە ھەتیو ماوین و بێ خاوەن وە عوریان ئەوانە کۆڵەکە و فانووسی دین بوون لە دونیادا نەما شوێن و ئەسەریان عوموومەن مونکیری سادات و دەروێش خسووسەن جێنشینی پێغەمبەریان وتم فەرموو شەوێ میوانی من بن دەسم ھاویشتە سەر ئەستۆ و سەریان ڕجام لێ کردن و سوودی نەبەخشی منیش بوومە شەریکی دەردی سەریان قەسەمیان خوارد کە ناچینە وڵاتێ نەزانن شەرع و دین و پێغەمبەریان پەنا بە خوا لە شەڕڕی پیاوی ئەحمەق دیارە باتین و زاھیر زەرەریان بخوێنن ئایەتەلکورسی مونەووەر لەسەر کورسی دەکەن قانوون لەبەریان وەرە سابیر مەبە وێڵداشی جاھیل موبەڕڕابە لە ئەخلاق و سەقەریان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ حەکیمی تێگەیشتوو ئینتیزارم ڕۆژ و شەو بۆ حەکیمی تێگەیشتوو ئینتیزارم ڕۆژ و شەو شیوەن و گریانە دائیم، ئیش و کارم ڕۆژ و شەو ڕۆژ خەیاڵی ڕوومەتی، شەو یادی زولفی نایەڵن خواردن و خەوتن نییە سەبر و قەرارم ڕۆژ و شەو من لە خۆشی وەعدەکەی یەک لەحزە ئارامم نییە ئینتیزار و کاتیبی لەیل و نەھارم ڕۆژ و شەو خۆ لە شمشێری برۆ و لێوگەستنت باکم نییە خۆت ئەزانی بێ شعوور و بێ ویقارم ڕۆژ و شەو خوێنی دڵ داوێنی چاوی گرتووم مەنعم مەکەن وا بە تووندی لێیئەدا نەبز و دەمارم ڕۆژ و شەو گەر تەماشا کەی لە ئاوێنە دیارە عیللەتم خۆ بە بێ حیکمەت نییە بەحر کەنارم ڕۆژ و شەو ئەی پەریڕوو تۆ بە شمشێری برۆ ترساندمت ھاتەوە سوێ کۆنەزامی ساڵی پارم ڕۆژ و شەو باوەڕت بێ سوورەتی تۆ وا لە دڵما نەخشی بەست زیکر و فیکری حوسن و خاڵە کەسب و کارم ڕۆژ و شەو یادی تۆ دائیم برینی سابیری دێنێتە سوێ یەک ھەوایە زامەکەی ئەمساڵ و پارم ڕۆژ و شەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ نەخۆش و زامداری دەردی یارم ڕۆژ و شەو دڵ نەخۆش و زامداری دەردی یارم ڕۆژ و شەو گریە و شینە لەباتی کەسب و کارم ڕۆژ و شەو ڕۆژ و شەو دێنن خەیاڵی حوسن و زولفی بۆیە وا بێ قەرار و غوسسەبار و بێ ویقارم ڕۆژ و شەو یا بە ئوممێدی ویسالم یا لەبەر دەردی فیراق وا دەمێ شاد و زەمانێ بێقەرارم ڕۆژ و شەو ڕۆژ و شەو تەفسیری ئایەی حوسن و زولفی یار ئەکەن وا گەھێ فەرھاد و گەھ مەجنوونەوارم ڕۆژ و شەو شەو لەبەر عیدی ویسال و ڕۆژ لە ئازاری فیراق خواب و خۆراکم نییە سەبر و قەرارم ڕۆژ و شەو پێی وتم مەگری کە ئازاری دڵت ساکین ئەبێ ھاتە سوێ کۆنەبرینی ساڵی پارم ڕۆژ و شەو لەو دەمە لەفزی کە جاری بوو، لە چاوم سەدھەزار جۆگەلەی خوێن جارییە، بەحر کەنارم ڕۆژ و شەو خۆی نواند و لێوی گەست و لێم بزربوو لوجئەتەن فەتحی کرد و ڕۆحی برد و غوسسەبارم ڕۆژ و شەو دەستی نایە سەر دڵم پرسی لە ئەسبابی مەرەز تێگەیی وا لێدەدا نەبز و دەمارم ڕۆژ و شەو خۆ لەناو ئاوێنە وا مەعلوومە دەرد و عیللەتم ئینتیزاری ڕەحمەت و دەرمان و چارم ڕۆژ و شەو چاوی ئاڵۆزە برۆی جووڵانەوە لێوی گەزی پەنجە دەبزێوێ شوکر مەستە خەسارم ڕۆژ و شەو چاوەڕێمە چونکە وەعدەی ڕۆژی وەسڵی دا شەوێ وا بە دائیم کاتیبی لەیل و نەھارم ڕۆژ و شەو شەو لەبەر جەژنی ویسال و ڕۆژ لە ئازاری فیراق خواب و خۆراکم نییە وەڵلاھی یارم ڕۆژ و شەو شەو کە دەنگی ھەلھەلەی دڵ ھات و سابیر ڕاچەنی خۆ بە بێ حیکمەت نییە وا ئینتیزارم ڕۆژ و شەو سابیری لەوساوە ئەو دڵدارە وەعدەی داوە پێم ئینتیزار و کاتیبی لەیل و نەھارم ڕۆژ و شەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەھیدی خەنجەری عەشقم برینم کارییە ئەمشەو شەھیدی خەنجەری عەشقم برینم کارییە ئەمشەو لەبەر چاوم عەجەب نیل و فوڕاتێ جارییە ئەمشەو لە سەردا سەیلی ئەشکم ھات و خانەی سەبری ڕووخاندم مھەندیس عاجیز و حەیرانە لەم میعمارییە ئەمشەو ڕەفیقان ئاوی تەدبیرێ وە یا قورسی تەباشیرێ سەراپا جیسم و جانم ئاگری لێ بارییە ئەمشەو لە دووری یووسفی سانی میسالی پیری کەنعانی مەدینەی میسر و جان و دڵ لە شین و زارییە ئەمشەو نەما سەبر و دڵ و جانم جنوون و سینە بوریانم بە لوقمان ناکرێ دەرمانی ئەم بیمارییە ئەمشەو تەبیب و خێش و بێگانە ھەموو لەم دەردە حەیرانە نە دەرمانێ، نە تەدبیرێ، نە کەس ھاوارییە ئەمشەو خەزانی غەم گەڵاڕێزانی خستە باغچەیی عەیشم لە بەرگی خوڕڕەمی نەخلی ئوممێدم عارییە ئەمشەو خەتابارم مەکەن خزمینە لەم گریان و ناڵینە جگەر سووتان و دڵ برژانی من ناچارییە ئەمشەو کەسێ مەجنوونی لەیلایێ نەبێ لەم حاڵە تێناگا ئەگەرچی عیللەتی من دوور لە یارم ھارییە ئەمشەو حەکیما ڕەنگ و ڕوخسارم ئەزانی بۆچی وا زەردە؟ بە سەردی مەیلی یارم دڵ لە بورجی نارییە ئەمشەو لە شەڕحی شەمسی ڕووت دەرسی بخوێنێ موستەعید فەورەن مودەڕڕیس، ھەم موجەووید، ھەم مەجاز و قارییە ئەمشەو ئەگەرچی ڕووت و موحتاجم ڕفاندی جەردە تاراجم بیحەمدیللا دوڕ و مەرجان لە دەورم بارییە ئەمشەو بەیانی حیکمەت و ئادابی دەرسی شەرحە شەمسی ڕووی لەکن عەللامە ئیزھاری بکا فەننارییە ئەمشەو گەزافی عەشقی لێدا سابیری با موستەحەقی بێ بە چنگی شاھبازی عەشقەوە پاسارییە ئەمشەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەب پەناھ نییە غەیرەز پەناھی تۆ یا ڕەب پەناھ نییە غەیرەز پەناھی تۆ بە سەد گوناھەوە ڕووم کردە بارەگاھی تۆ ئومێد ئەکەم بە عەفوو خەتام داپۆشی تۆ پادشاھ و من بەندەیی ڕووسیاھی تۆ عومری خدر و موڵکی ئەسکەندەرم گەر ئەبوو سەرفم ئەکرد بە خودا ھەمووی لە ڕاھی تۆ ناشارەزام و ئاشنایێ نییە دەسم بگرێ قەیدم بکا لە دەفتەری تیپ و سوپاھی تۆ یا ڕەب بگاتە دامەنی ئاشنا دەستی سابیری ثاني بە جاھی ئەنبیا ئەووەل بە جاھی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا لە چاوانم بزر بوو ڕوویی یاء و ئەلف و ڕێ وا لە چاوانم بزر بوو ڕوویی یاء و ئەلف و ڕێ شەو لە خەو مەئیووس و چاو و دڵ لە ساد و بێ و ڕێ سەبر و ئارامم نەماوە واو و قاف و ئەلف و ڕێ خانە بێزار و زەبوونم شیبھی شین و یێ و تێ زامداری تیری چاوی داڵ و لام و بێ و ڕێ بێ خەو و خۆراک و دڵ پڕ میم و حێ و نون و تێ تا لە من ون بێ جەماڵی داڵ و لام و بێ و ڕێ چاوەکەم بێ نوورە دڵ بێ شین و کاف و یێ و بێ بێ شەکیب و بێ قەرارم تەن نەخۆش و بێ دەوا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە خۆری ڕوومەتی چاوی گەلاوێژ بە خۆری ڕوومەتی چاوی گەلاوێژ بەجارێ عالەمی گێڕا بە شەوگێژ بە مانگی ڕوومەت و چاوی گەلاوێژ موسوڵمانان عیلاجێ بوومە شەوگێژ ھەموو عالەم ئەسیر و زامدارن بە داوی زولف و تیری چاوی خوێنڕێژ ئەوا کردم لە داوی زولفی دەرچووم بۆ کوێ ڕاکەم لە ترسی چاوی خوێنڕێژ نەھاتی دەفعەیێ دەردم دەواکەی وەسییەت بێ وەرە قەبران و بمنێژ لە ترم و تار و تیرت تێر نەبوومە بە کاوی دڵ بە چاوی تۆ بھاوێژ بە غەمزەی چاوی دڵ تەسکینی نایێ وەکوو بیستووتە بۆتە بەرخی لامێژ خودا بەختی بڵیندی دا بە ئێوە بە ئێمە دەستی کورت و تالیعی لێژ نەھاتیتە سەر ئەم ناساغە جارێ کە مردم بێرە سەر گۆڕەکەم بمنێژ مەپرسە سابیری چۆنە لە دووریت پەرێشانە بە وێنەی ئادەمی گێژ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرێشانم بە تیری چاوی خوێنڕێژ پەرێشانم بە تیری چاوی خوێنڕێژ وەکوو حۆلی بیابانم وڕ و گێژ عیلاجم ناکرێ دەردم گرانە بە قورئان و حەکیمان و بە ڕاوێژ ئەزانی باعیسی شەوتاو و لەرزم بە تاتای زولف و چاوانی گەلاوێژ ھەتا ئومێدی مانم بوو نەھاتی کە مردم بێرە سەر قەبران و بمنێژ بە بەرزی قامەتی کووتاھە دەستم بە ڕاستی سەروی قەددی تالیعم لێژ نەمامی قەددی تۆ با سەوز و تەڕ بێ لە کانی چاوی من پاراوە بینێژ بپرسە سابیری چۆنە لە دووریت پەرێشانە میسالی بەرخی لامێژ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی شوعاعی حوسنی تۆ ڕۆشن دەکا تیرە موغاک ئەی شوعاعی حوسنی تۆ ڕۆشن دەکا تیرە موغاک خۆری یا حوور و پەری یا ڕۆحی! ئەی روحي فيداك؟ فەرموو سەیری کە نەخۆشانت کە موشتاقن بە جان با وجوودی ئافتاب گەرچی دەبێ شەونم ھیلاک کاشکێ ڕۆژێک دەھاتی دەس بە تیغ و خەشمناک خۆم بە یەکجاری دەکرد خەڵتان و غەرقی خوێن و خاک چاکی دامەن ھەڵکە با چڵکن و خوێناوی نەبێ چونکە جێی باڵایە دائیم ساحیبی دامانی پاک بۆ نومایش خۆی نیشان دا عومری خەڵکی دا بە باد عادەتەن وەختێ کە خۆر ھەڵدێ دەبێ شەونم بە خاک چاوەکەم ئوممێدی وەسڵی تۆیە مایەی ژینمە با بە ڕووزەردی نەچێ ڕۆحم بە نێو ئەڕواحی پاک سابیری تێفکرە یارت لێوی خۆی بۆچ گەستووە؟ یەعنی وسکوت! ئەم قسە بێسەرفە نازانم بە چاک! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی شێخی تەکیەزل و خانومانی دین بچووک ئەی شێخی تەکیەزل و خانومانی دین بچووک وەی پیری دەعیەزل و گرانجان و عەقڵ سووک بۆ مەنفەعەت ئەچیتە پێشەوە برا گەورەکەم ڕۆژی سەخا ئەکەویتە دووا وەک برابچووک ئەمڕۆ بە باڵ و پەڕی دەوڵەمەندی ئەفڕی و سبەی باڵ و پەڕت لە دۆزەخا ئەبێ ھەڵەپڕووک چونکە خودا گرانی و حوڕمەتێکی دا بە تۆ لائیق نییە بڕوانییە ئێمە بە چاوی سووک سەد کە ساحیبی دینار و دەرھەم و شەوکەتی وێرانە باغ و زەراعەتی دینت بە دووک و شووک ھەرچەندە گفتوگۆم خۆش نییە لە کن عەوام بۆ عیللەتی دەروون خاسترە لە حب الملوك باوەڕبکە قسەکانم ھەموو کۆک و بێ غەشە گەر عەیبی لێ ئەگری وەرە بکۆکە چرووک ھەرچی بڵێم بە قەوم و بێگانە فوجئەتەن ئامادە لەسەر چۆک و ئەمدەنە بەر چەپووک ھەر پووکەپوکتە گوێزی پووک ناشکێ بە پووک ئەی پیری سەرسپی سووکەسووک مەکە لە دەوری بووک خامۆش سابیری کە نەسیحەتشنەو نەما نووسراوی خۆت بشارەوە مەزرووف و سەر بلووک! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی پیری ئێسک و گوێ گران عەقڵ و حوقەسووک ئەی پیری ئێسک و گوێ گران، عەقڵ و حوقەسووک وەی میری تەکیەزل و خانەی دین بچووک پووکت نەما گوێزی پووک مەنێ بە دەم، بەدە بۆ پیر و ڕیشسپی جوان نییە تازە بووک ڕۆژی تیجارەت و تەمەع خۆت بە براگەورە عد ئەکەی مەیدانی نوێژ و جەماعەت ئەبی بە برابچووک شوکری خودا شەوکەتی داوە پێت و شووکتە بووستانی دینی تۆ بەڕەڵڵایە بە دووک و شووک عالەم گرفتیان کردووە ناچنە سەر حەکیم سەد کاشکی ئەچوون و ئەیانخوارد حب الملوك ئەم ناڵەناڵە مناڵانە کە فەخری پێوە ئەکەن بێ ئیعتیبارە ناڵەی مناڵی ناڵە فسووک سابیر ئەگەرچی قسەت ڕاستە بەسیەتی مەڵێ تەعزیری ناس مەکە لە مەساکین تا ملووک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ نەچێ ڕۆحم کە چاوم کەوتە چاوی خەشمناک بۆ نەچێ ڕۆحم کە چاوم کەوتە چاوی خەشمناک خۆر ھەڵات و جێ بە جێ بۆچی نەبێ شەونم ھیلاک فەرموو سەیری کە لە ڕێگەی عەشقی تۆ دا عالەمێ عاجز و بیمار و ماتەمبار و غەرقی خوێن و خاک تۆ کە ڕابوردی بەسەرمانا دەسم دامێنی تۆ چاکی نازک ھەڵکە ئالوودە مەکە داوێنی پاک سابیری لێو گەستنی ئەو شۆخە بێ حیکمەت نییە یەعنی ناڵین و شکات و گریە نازانم بە چاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابەکەی قوربان سروشکی خوێن و ناڵەی دەردناک تابەکەی قوربان سروشکی خوێن و ناڵەی دەردناک وەک خەیاڵت بێ بە چاو و سینەدا روحي فيداك فەرموو فەرموو عاشقانت وا بە جان موشتاقی تۆن گەرچی تۆ خۆری ئەوان شەونم ئەبن مەحو و ھیلاک خۆ بە ئوممێدی ویسالی وا حەیاتم باقییە وەر نە دووریت دەم بە دەم دەمخاتە گێژاوی ھیلاک گەر بە قەسدی کوشتنم ھاتی دەسم دامانی تۆ چاکی نازک ھەڵکە خوێناوی نەبێ داوێنی پاک بمکوژە بەڵکوو حەیاتی جاویدانم دەسکەوێ چاک ئەچم بۆ چاکی چاکان، چاک بەدار و سینەچاک وا برۆی ھێنایە یەک، ئەو لێو گەزانە یەعنی چی؟ پڕ حەزەر بە سابیری بێباکە با نەتکا ھیلاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەوای وەیشوومەی مەیلەکەی دڵدار ھەوای وەیشوومەی مەیلەکەی دڵدار مەزرەعەی شادیم فەوتان وە یەکجار قازانجم غەمە لەگەڵ سەرمایە ئیتر چ باکم گەرما و سەرمایە غەم لە جێی خۆشی نائیب مەنابە عوشڕەتم مودام بادە و شەرابە موتریبا لە چاو منت کەوتبێ مەقامێ بڵێ کەس نەژنەوتبێ غەم بێ حیساب و سەر و سامانە سەداکەت شیفای دەرد و زامانە بەدڵ تیمار کە زامی بیمارێ لەو دەم و مەقام ڕەحمەت دەبارێ زامار حەربەی موژەی دڵدارم بۆیە وا مودام دیدە خوونبارم مەگەر برینم وەختێ ساڕێش بێ من و یار ئیتر نە کەس نە خێش بێ ئەی بەختە ئاوێ بدە وە چاودا ئەوا سووسکەی دڵ خنکا لە داودا ڕەحمێ کە بە حاڵ گرانیی دەردم بە ڕەنگی زەرد و ھەناسەی زەردم یا من بەدبەختم یا یار بێزارە وا ڕەنگم خەزان ئەشکم بەھارە شێواوم وێنەی قەیسی عامیری ناوم نەجمەدین لەقەب سابیری نەخۆشی باتین ئەگەر زاھیر بێ مەسڵەحەت وایە بەندە سابیر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەوای وەیشوومەی مەیلەکەی دڵدار (٢) ھەوای وەیشوومەی مەیلەکەی دڵدار مەزرەعەی شادیم فەوتان وە یەکجار خسووسەن وەفا و جەور ڕووزگار گرەو بەردەوە جە بێ مەیلی یار دڵ چ قەید غەم ئازاد نمەبۆ ذەروازەی شادی گوشاد نمەبۆ تا ئوردوی شادی وەسڵەکەی ئازیز ماوای سوپای غەم نەکەرۆ ناچیز با دڵ وە حەربەی موژگان دڵدار ناوەروو زامی چەم نەبوو خوونبار سا بەختە ئاوێ بدو وە چەمدا با تابوور غەم بدو وە ھەمدا ئەی بەخت و زەمان، ئەی جەور و ستەم مەینەت و جەفا، غەم وەبان غەم یا ڕەب وە حاجەت ڕەسوول ئەکرەم یاران وێنەی من نەوینان وە چەم پەشێوم وێنەی قەیس عامیری ناوم نەجمەدین لەقەب سابیری يا مالك الملك، ستار العيوب وەنەم ببەخشی سەبرەکەی ئەییووب یا دڵەی غەمگین وە وێنەی یەعقووب ئاخری ڕۆژێ بگەم بە مەتلووب بە جاھ ئایەی سبع المثاني شادم کەی وێنەی پیری کەنعانی سابیری نەخۆش بێ دەوا و تەبیب سەبر کە ضرب الحبيب زبيب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موسوڵمانان لە ڕێگەی شەرع و دین دووری و بەری تاکەی موسوڵمانان لە ڕێگەی شەرع و دین دووری و بەری تاکەی؟ حەیا و شەرمێ بکەن دووریی خودا و پێغەمبەری تاکەی؟ لە شاری عوشرەتا مەستی لە بازاڕی تەمەع چوستی لە خانەی تاعەتا سستی میسالی سەرسەری تاکەی؟ بەزاھیر ڕەنگی ئەییوبی بە باتین جەنگ و ئاشووبی بە سوورەت حەزرەتی مووسا بە سەنعەت سامیڕی تاکەی؟ دەمت تەسبیح و تەھلیلە دڵت بازاڕ و ئۆتیلە تەریقی لای محەممەد بی بە عیسا موشتەری تاکەی؟ بە ڕۆژ تەسبیح و سەججادە بە شەو تەدبیری سەر جادە خەجاڵەت بی نەجیبزادە، لە ئیرسی ئەب بەری تاکەی؟ لە بێھۆشی و سەرگەرمی، لە مەغرووری و بێشەرمی لە دونیا و قیامەت بێ خەبەر ئاخر شەڕی تاکەی؟ بە دەم سۆفی بە دڵ عاسی تەریقی عامی و خاسی لە چۆڵی غەفڵەتا کاسی، کەر و گا پەروەری تاکەی؟ لە تەعلیمی سواریدا جەوان و چاپکی ئەمما لغاوی ئەسپی نەفست کە بڵێ تەنپەروەری تاکەی؟ بە ڕۆژ مەردی خوداناسی بە شەو جەردەی دز و عاسی وەرە تا باوەڕ و کاسی، ڕەوشتی کافری تاکەی؟ کوڕی نەفست لە شیری دایکی دونیا ببڕەوە سابیر لە میوە و مەوھیباتی ڕەحمەتی ڕەحمان بەری تاکەی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگارا چاوی مەستت عالەمی گێڕا بە مەخمووری نیگارا چاوی مەستت عالەمی گێڕا بە مەخمووری وە ھەم بەو چاوە بیمارە شیفایی دەرد و ڕەنجووری شوعاعی مانگ و ڕوخسارت شکستی دا بە مانگ و خۆر بە نووری حوسنی بێ چوونت کە تۆ سەر تا قەدەم نووری بە ئاھ و شیوەن و سۆزم بە چاوی سوور و ئاڵۆزم وەھا وێرانە خانەی دڵ نەما ئومێدی مەعمووری گەدایی ئاستانت خۆشترە بۆ من لە پاشایی بە ئومێدی کە ڕۆژێ پێ بەسەرما نێی و ڕابووری وەرە ئەی دڵ قەڵاتەی بەندەگی شاھت لە گەردن کە وەسیقەت تا نەبێ زەحمەت قەبووڵت کەن بە مەئمووری لە قەول و فیعلی شەیتانی لە خوڵق و خوویی حەیوانی موبەڕڕابە کە ئینسانی، چ نادانی و مەغرووری جەراحاتی دەروونی سابیری ساڕێژ ئەبێ ڕۆژێ کە تۆ دانێی یەدی بەیزا لە سەر سینەی وەکوو تووری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەتە و پۆلیس سەبارەت: لە کاتی عاسێ بوونی عەشائیرە کوردەکان وتراوە ئومەرا کافر و سادات و موسوڵمان چەتە بێ قوڕ و بۆیاغی دوو عالەم بەسەر ئەم میللەتە بێ چونکە پۆلیس و چەتە دوژمنی دین و ماڵن ئوسەرا با ئیشی ئەم دەردیسەر و زیللەتە بێ ئەم ئەڵێ گۆشتی فڕووجم ئەوێ بۆ قاوڵتی ئەو ئەڵێ شێوی شەوم مەرگەیی گیسکە قوتە بێ لە وڵاتێ کە گوزەرگاھی چەتە و پۆلیسە موختەسەر کەس نییە بێ وەسوەسە و ختختە بێ بە دوو سێ ساڵی تری نانی ڕەعییەت ئەبڕێ ئەگەر ئەم عالەمە لەم حاڵەت و وەزعییەتە بێ نەبزی فەللاح لەبەر بێ گەنمی جەوجەوییە چەتە ئالیکی دەوێ گەرچی بە دووقیمەتە بێ گەرچی فەللاح زەخیرەی دوو سێ باری مابێ باوەڕم نایە بەشی لائیحە و مەزبەتە بێ سابیر ئەم میحنەت و ئەحواڵە جەزای ئەعمالە حەزەرت لەم مەرەزە پڕ دەرد و عیللەتە بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا ئەی پیری ئاخرشەڕ ڕەئیسی قەوم و سەرخێڵی ئەلا ئەی پیری ئاخرشەڕ ڕەئیسی قەوم و سەرخێڵی ھەتاکەی غافڵ و مەستی لەسەر تەخت و قەراوێڵی؟ شەوی گەنجی نەما ھەڵسە لە خەو، سەیری کە ئاوێنە ئەڵێ: ئەی پیری نازیرەک ھەتا کەی خوویی جاھێڵی؟ ئەجەل ئامادەیە بۆ تەخت و تاراجت، چ عەقڵێکە؟ خەریکی گردوکۆی ماڵی، سبەی بۆ خەڵکی جێ دێڵی لەلات وایە بە شاڕێدا ئەڕۆی و ڕووت لە مەقسوودە وەڵی ڕێگەی دزانە، ناگەیە مەقسوودی خۆت، وێڵی! تەماشا کە لە پانی ئەرز و تەنگی چاوی دونیادار چ چاوبرسین بە جووتیار ئەمر ئەکەن بۆ ڕێگە ناکێڵی؟ زەمینی بێ نیزاع و منبت و ئەعلا ئەگەر مابێ سەری گۆنایە ئاوی ئەشکی چاوە جەرگە ئەستێڵی کە زاریع مەردوم و بێڵی موژەی فرمێسکی ئاوی بێ لە ئەرزی ڕوو ئیرەم پەیدا ئەکەی گەر بێ فڕوفێڵی ھەتا ماوی عیلاجی ڕێگەیی تووشەی قیامەت کە چ لازم ماڵ و موڵکت بۆ کوڕی ئەحمەق بەجێ بێڵێ شەوی پیری وتی سابیر جەوانیی بێوەفا ڕۆیی وتم تۆش ئاخری عومرم ئەبێ ڕۆژێ بەجێم بێڵی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر عاشق دڵی زاماری تیری چاوی دولبەر بێ ئەگەر عاشق دڵی زاماری تیری چاوی دولبەر بێ ئەبێ جۆشی دڵ و سینەی ھەمیشە وەک سەماوەر بێ برین و عیللەتی دووری بە نووسین ئینتیھای نایە مەلائیک کاتیب و دەریا مەرەکەب، چەرخ دەفتەر بێ بە ئاوی کەوسەر و زەمزەم شەرارەی سینە نابێ کەم بە ئەحواڵم وراءالظهرەکەی مەیدانی مەحشەر بێ وەرە تۆ تەرکی لەززەت کە، قەبووڵی فەقر و زیللەت کە تەماشای نوور و عیززەت کە، جیھانت بۆ موسەخخەر بێ سەبا بۆنی غوباری باغی ڕووی و خاکی پێی ھێنا ئەبێ چاوم مونەووەر بێ، دەماغی دڵ موعەتتەر بێ بزانی لەززەتی تەرکی لەزائیز، لەززەتی دونیا قەبووڵ ناکەی ئەگەرچی ڕووی زەوی ھەنگوین و شەککەر بێ کەسێ دەروێش و قانیع بێ دڵی پڕ فیکری سانیع بێ چ دەربەستە بەرەو لێفەی زەمین و چەرخی ئەخزەر بێ بە جەھدە تەرکی نەفسانی بەدەس نایە بە ئاسانی بە تەئیداتی ڕەببانی مەگەر سابیر موزەففەر بێ وتم تاکەی بە چاوی سوورەوە ھەر ئینتیزارت بم وتی شیوەن کە تا ڕۆژێ لە کونجی سینە جان دەربێ برادەر تەرکی نەفسانی بەدەس نایە بە ئاسانی مەگەر زیکری دەم و دڵ سابیری ئەڵڵاھوئەکبەر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی بە سوورەت نووربەخشی ئافتاب و کەوکەبی ئەی بە سوورەت نووربەخشی ئافتاب و کەوکەبی وەی بە لێوانی مەسیح ئاسا شیفابەخشی تەبی چاوەکانت مەستی نازە یا لە خەو ھەڵساوە یا مەستی مەی یا خوێن ڕژانی عاشقانە مەتڵەبی؟ حەیدەری چاوت بە زولفەققاری ئەبرۆ ئەی سەنەم خەیبەری دڵمی لەبن ھێناوە شار و مەکتەبی تا بە موغناتیسی چاوت ئاسنی دڵ جەزب ئەکەی ڕۆحی عالەم پەڕڕەکایە تۆ میسالی کەھرەبی کاشکی من نام و نیشانی تۆم ئەزانی ماھڕوو تۆ کە شازادەی عەجەم یا کورد و ڕووم و عارەبی خۆ بە ڕووترشی لە تۆ دوور ناکەوم ئەی خووبڕوو وەک مەگەس سەدجار دەرمکەی دێمەوە شیرین لەبی بێ بەڵا بی سەرفی سرکەی ڕووت ئەکەی بۆ ئاشنا ڕووبەڕووی بێگانە وەک ئەسکەنجەبین خۆش مەشرەبی تا ھەناسەم عەرز و حاڵی دڵ نەباتە بەر دەمی کەی عیلاجی زوعفی قەلبی من ئەکا غونچەی لەبی؟ بۆ گرووھی عاشقان نابێ لەمەولا ڕاحەتی تا بە دوو جەللادەوە تۆ حاکمی ئەم شارە بی سابیری ئازا سەری تەسلیم لە بەر پێی دابنێ تا لە سایەی یارەوە ڕۆژێ بە ساحیب بەھرە بی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی جەوان ئەو بەدری حوسنە گەر ببینی شەو لە خەو ئەی جەوان ئەو بەدری حوسنە گەر ببینی شەو لە خەو فیکری بیکری نازەنین و ماھ جەماڵت کەی دەبێ؟ حەنزەلی دەستی بلوورینت لە شەککەر خۆشترە باسوق و حەلوا بە زەوقی جوێنی تاڵت کەی دەبێ؟ باعیسی ژینم ئومێدی وەسڵی تۆیە بتگەمێ پێت بڵێم سا بمکوژە خوێنم حەڵاڵت کەی دەبێ؟ گەرچی ئومێدی ویساڵت قووەتە بۆ جان و دڵ ھەم تەرازووی لەززەتی شەرتی بەتاڵت کەی دەبێ؟ پادشاھا سابیری عومرێکە دەربانی دەکا داخیلی خوددامەکەی سەفی نەعالت کەی دەبێ؟ دولبەرە مەست و فەلەک کەڕ، بەختی شوومت خەوتووە سابیری نەفعی شکات و عەرز و حاڵت کەی دەبێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ ئەگەر بەڕاستی ئیتاعەی خودا ئەکەی ئەی دڵ ئەگەر بەڕاستی ئیتاعەی خودا ئەکەی موتابەعەی شەریعەتی حەزرەتی موستەفا ئەکەی فەڕزی خوا و سوننەتی حەزرەتی موستەفا بکە تەسەووری لە داستانی ئادەم و حەوا ئەکەی ئەگەر ئاگر ئەھاوییە دڵ و ئەبیتە ھاوییە و ما ادراك ماهيه بە دەست و پێ سەما ئەکەی شەو بە کلیلی زیکرەوە تا بە سەحەر بپاڕەوە گەر تەڵەبی خەزائینی مەراحیمی خودا ئەکەی سەماوەری دەروونی خۆت بە ناری عەشق بھێنە جۆش شەککەر و چایی حازرە سابیری مەیلی چا ئەکەی نییەت و حوسنی کردەوە فیکری نیھان و زیکری سڕ وەرنە خودا بە تەپڵ و دەف ناخەڵەتێ ڕییا دەکەی یادی خودا ئەگەر ببی مەیلی گوناھ کەی ئەکەی دووری لە ئافات و بەڵا، خەڵق و خودا ڕەزا ئەکەی فیکری خودا دەلیلی تۆ زیکری زوبان کلیلی تۆ ڕوو بکە بابی مەرحەمەت تا ھونەرێ پەیا ئەکەی ژەنگ و غوباری قەلب و ڕوو، چڵکی لیباس و دەست و پا بشۆ! بشۆ گەر ھەوەسی مەجلیسی پادشا دەکەی ئەگەر شەوێ تەفەڕڕوجێ بکەی لە سونعی کردگار عەزیزی من لە گورگی خەو میسالی مەڕ ھەڕا ئەکەی خودا نەزەر لە حوسنی نییەت و دڵی بەشەر ئەکا چاکە نیشانی خەڵک ئەدەی خەراپە ژیر پا ئەکەی خەشیەت و خەوفی زولجەلال عەشق و حوبی موستەفا تا نەچەقێ لە سینە کەی موخالەفەی ھەوا ئەکەی تێبگە عز من قنع لادە لە ذل من طمع حاسڵ ئەکەی ڕەزایی حەق، حەق لە بەتاڵ جودا ئەکەی عەشقت ئەگەر حەقیقەتە مەناڵە گەر شەقیقەتە وەرنە مەجاز و بیدعەتە سابیری ھووی و ھا ئەکەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە شامی زولف و ئەبرۆی ھیلالی بە شامی زولف و ئەبرۆی ھیلالی دیارە سوبحەکەی جەژنی ویسالی لە کن دەرکەوتنی باغی جەماڵی دڵی من بولبولی ماھی جەماڵی بە ڕوویی ئافتاب و لێوی ئاڵی سەنای زولفی بکەم یا وەسفی خاڵی ئەگەرچی سوورەتەن دوورم بە مەعنا لە من نەزدیکە سوڵتانی خەیاڵی خودایە کەس نەبێ تووشی غەمی من کە خەڵکی پێی بڵێن کافر بە حاڵی بە شەو تا ڕۆژ ھەر گریانە پیشەم نەھاتی و پێم بڵێی بۆچی ئەناڵی ئەگەر خۆی بمکوژێ پێم خۆشە ئەمما ڕەقیبیش بۆ نەھاتیم ھاتە پاڵی بە دەستی خۆی خوێنیشم بڕێژێ ئەڵێم وەک شیری بەر دایک حەڵاڵی نەمامی قامەتی غایەت بڵندە دەسم ناگاتە سێو و پڕتەقاڵی خودایە تۆ دەمی سابیر شیرین کە ھەموو عومرم بەزایع چوو بە تاڵی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا لە مەیلی تێگەیشتم یاری شیرین لام و بێ تا لە مەیلی تێگەیشتم یاری شیرین لام و بێ ڕوو لە دنیا وەربگێڕی دێتە قاف و سین و ھێ تا قسەی یاری لەگەڵ ئەغیار ئەکەی بێزارە لێت تێبگە ناکا نیساری ڕێ و حێ و میم و تێ ڕەحمەتەڵڵا گەرچی زۆر و بێ شومار و واسیعە جوملە مەحروومن لە جەننەت کاف و ئەلف و فێ و ڕێ کافر و جوومان لەسەد شێخ و مەلا خۆشتر ئەوێ لائیقە بۆ ئێمە حوور و بێ و ھێ و شین و تێ ئەی بەھەشتی تۆ لە سوئی کردەوەی خۆت غافڵی خوویی بەد ئەتباتە قاپی داڵ و واو و زێ و خێ دۆزەخی پڕئاگر و دووپشک و ماری زەھردار بۆ گوناھکارانە سابیر ڕۆژی حێ و شێ و ڕێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاکەی دڵی سەودازەدە بیماری غەمت بێ تاکەی دڵی سەودازەدە بیماری غەمت بێ مەحروومی گوڵی باغی جەماڵی ئیرەمت بێ فەرموو کە خەراجات و خەزێنەی دڵ و جانم قوربانی سەری ڕێ و نیساری قەدەمت بێ نوقسان نییە بۆ سەڵتەنەت و شەوکەتی شاھی دەرحەق بە گەدا مەرحەمەت و یا کەرەمت بێ ناحەق نییە شەو تا بە سەحەر کافر و موسلیم دێوانە و پەروانەیی ڕوخساری شەمت بێ سابیر بەسەر دەرد و غەمی دڵ نایەتە تەحریر دەریا مەرەکەب، داری جیھان گشت قەڵەمت بێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جانا بەخودا باوەڕ ئەکەی ئاگری دووری جانا بەخودا باوەڕ ئەکەی ئاگری دووری بەربوو لە زەل و پووشی بیابانی سەبووری حەیفە بە قسەی ناکەس و ئەغیار عەزیزم خۆت عاجز ئەکەی لەم ھەموو خزمانە ئەبووری ناکەس دڕکە ڕووی مەدەرێ ئەی گوڵی ناسک ئەو ھەورە نزیکی مەکەوە چونکە تۆ خووری دوودی نەفەسی سوفلە غەم و دەرد و بەڵایە دووربێ لە لەشی نازکی تۆ، عەینی بلووری وێنەی نییە ئاوێنەیی حوسنت لە بەشەردا حووری سیفەت و دولبەر و بێ عەیب و قسووری تا تووری دڵم موحریقە بەم نووری جەبینە وەڵڵا لە دڵمدا نییە ئارام و سەبووری سەرگەشتە و شێواوە شەوێ شێوەیی تۆی دی سابیر بە یەقین تێگەییوە کۆمەڵی نووری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جانا لە ھەناسەی دەمەکەت بۆنی شیفا تێ جانا لە ھەناسەی دەمەکەت بۆنی شیفا تێ دەم بێنە دەمم با نەمرم خێرت ئەگاتێ عومرێکە بە ڕۆژووم و نەبوو جەژنی سیامێ بەدبەختم و نەمدی لە شەوا قەدر و بەراتێ کەوتوومە لە بەر قاپییەکەت سائیلی ڕووتم شادم کە بە ئیحسان و بە ئینعام و زەکاتێ ئەو وەعدەیە فەرمووتە کەچی ئیفات نەفەرموو باوەڕبکە ئەمجا لە دەست دەچمە شکاتێ تا نیونەفەس ماوە قەدەم بینە سەرینم با بێتەوە خانەی بەدەنم تازە حەیاتێ لەوساوە کە فەرمووتە شەوێ دێم و نەھاتی ئێوارە گلاراومە تا بادی سەبا تێ جانا کە خەیاڵی گوڵی حوسنت بە دڵا تێ وەک بادی سەبا وایە بەسەر باغی گوڵا تێ تەنھا لە دڵی من نییە ئەو بادە بە قوربان زۆرە لە ھەموو مەملەکەت و شار و وڵاتێ دواگیانمە فەرموو قەدەمێ بێنە سەرینم با بێتە لەشی وشکەوەبوو تازەحەیاتێ سابیر کە نەخۆش کەوتووە ھەر چاوی لە ڕێیە تۆ بێی و شیفای دەردی ئەوی وای بە دڵا تێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودایە لەم شەوی دەیجوورە کەی پەیدا ئەبێ ڕۆژێ خودایە لەم شەوی دەیجوورە کەی پەیدا ئەبێ ڕۆژێ لە داوی زولفی ڕزگاری دڵی شەیدا ئەبێ ڕۆژێ بە ناحەق کوشتمی ھاوارە شاھید بن موسوڵمانان یەخەی بگرن لە جێگایێ کە سڕ ئیفشا ئەبێ ڕۆژێ چ حاجەت غوسڵ و تەکفینی شەھیدی خەنجەری موژگان کە چونکە حوجەتی بەو بەرگەوە ئەقوا ئەبێ ڕۆژێ وتم: جەژنی ویسالت کەی دەبینم ڕۆحەکەم فەرمووی: مەحاڵە تا لە دەوری قەبرەکەت غەوغا ئەبێ ڕۆژێ فەقیر و موستەحەققم چاوەڕێی حیسسە زەکاتێکم بفەرموو سا بزانین سابیری کەی شا ئەبێ ڕۆژێ؟ برین و عیللەتی سابیر مەگەر چا بێتەوە وەقتێ موحەممەد شافیع و زاتی خودا پاشا ئەبێ ڕۆژێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە موسوڵمانەوە بۆ جەنابی حەقق مەزبەتە بێ سەبارەت: پێنج خشتەکیی مەزبەتە بۆ جەنابی حەق لە موسوڵمانەوە بۆ جەنابی حەقق مەزبەتە بێ چ ڕەوای حەققە عەدوو حاکمی ئەم میللەتە بێ مەلیک و سەیید و بەگزادە فیرار و چەتە بێ فوقەرا و ئوسەرا ھەر بەشی ئەم زیللەتە بێ عولەما و قازی ھەم موفتی ئەم بیدعەتە بێ لە سولەیمانی و کەرکووک و وڵاتی کفری نووری چاوانی ئەگەر تابیعی زوڵم و کوفری وەرنە وەک جەعفەری تەییار بە باڵیش بفڕی بە خودا بێ ھونەر و زوشت و لە خانەی سفری تا فەلەک سالاری ئەم کۆمەڵ و جەمعییەتە بێ ئەم غەم و نەگبەتە چەوتی ڕەوشت و ئیقباڵە چونکە ئەم عالەمە ئیغوا بووە عالەم ضاله... عولەما و سولەحا تالیبی گەنج و ماڵە شکی تێدا نییە ئەم دەردە جەزای ئەعمالە یاخودا ئاخری ئەم ھەیئەت و وەزعییەتە بێ تاقمێ گەرچی نیزاعیانە لەسەر ئیستیقلال ناویان دەرچووە بێچارە بە سووئی ئیستیعمال چونکە بێ پارەن ئەگەر لێرە بکەن ئیستیحسال لە کنم وایە بە تەییارە دەکەن ئیستیدلال ئەم نییەت چاترە عالەم لەسەر ئەو نییەتە بێ دین و ئیمانی ھەموو دەوڵەت و میللەت پارە مەنشەء و مورسی ئەنواعی موزیللەت پارە چییە دەرمانی غەم و میحنەت و عیللەت پارە مەسقەلی قووەیی ئیدراکی دەلالەت پارە سابیری لۆردە ئەگەر ئەگەر واقیفی ئەم حیکمەتە بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر دەرد و غەمی عەشقت نەما ئاسایشم ساتێ لەبەر دەرد و غەمی عەشقت نەما ئاسایشم ساتێ لە یادی تۆ زیاتر نایەتە فیکرم خەیاڵاتێ لە زەوق و لەززەتی جەور و جەفایی تۆ جزاك الله بە غەیرەز جان و دڵ قوربانی تۆ نیمە موکافاتێ نە ئاگاداری دەسنوێژم نە بانگ و قامەت و نوێژم دەمێ مەست و دەمێ گێژم کە ھەر لەحەزە بە حاڵاتێ مەواعیدی عەقیمت گەرچی قەت نایە بەجێ ئەمما ھەمیشە چاوەڕێمە کەی دەبێ عەیدی مولاقاتێ گەلێ دەرد و نەھات و ماتەم و جەور و جەفام تووش ھات لە ڕێگەی عەشقی چاوی دولبەرم قەت تووش نەبووم ھاتێ چ بێباکی لە ئاھی کوشتەگانی بێ خەتا ڕۆژێ دەکەی سەد قەتڵی ناحەق بێ شهودالحال و ئیسباتێ کە تۆ ھاتیت و ڕۆحم چوو کە ڕۆیشتی دڵت بردم ئیتر بۆچی بکا سابیر تەمەننا و موناجاتێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەکن حوکمی قەدەر ئیعجازی پێغەمبەر ئەبێ چی بێ؟ لەکن حوکمی قەدەر ئیعجازی پێغەمبەر ئەبێ چی بێ؟ لەکن شەقولقەمەر سەد فەتحی وەک خەیبەر ئەبێ چی بێ؟ لەکن يا نار كوني ئاگری نەمروود گوڵزارە بەرامبەر حية تسعىٰ فەنی ساحیر ئەبێ چی بێ؟ لەکن دەرکەوتنی ئەو شەمعە عالەم شوبھی پەروانە کە سووتان و ئەڵێن لەم نیعمەتە خۆشتر ئەبێ چی بێ؟ بە موژدەی یەک گوڵێکی جەننەتی حوسنی ھەموو عالەم ئەگەر بیکەم بە قوربانی سەبا یەکسەر ئەبێ چی بێ؟ لە کن بەدری جەماڵی یار چ یاریێکە دەم بدرێ لە نووری مانگ و خۆر یا خوسرەوی خاوەر ئەبێ چی بێ؟ بە ئایەی ناركوني، مەیلی بێ دۆزەخ بەھەشتێکە لە جەننەت دەرکرا ئادەم بە یەک ساوەر ئەبێ چی بێ؟ گوڵی ڕوخسار و لێوی ئاڵ و دانەی خاڵ کە بنوێنێ گوڵ و لەعل و وەنەوشەی خاک و خۆڵ بەسەر ئەبێ چی بێ؟ ئەگەر بێنێ سەبا بینێ لە باغی جەننەتی حوسنی گوڵاب و میشک و بۆنی سونبول و عەنبەر ئەبێ چی بێ؟ لە قەد و قامەتی شمشاد و عەرعەر نزم و حەیرانن لە باریکی میانی عاقڵان قاسر ئەبێ چی بێ؟ کە یارم ھات و ڕۆحم چوو کە ڕۆیشت دڵ بە دوویا چوو خودایە نیعمەتێ لەم ئامووشۆ چاتر ئەبێ چی بێ؟ لەکن نوقتەی دەمی عەقڵ و زوبان حەیران و بێ نوتقە دەمی سیڕی خودایە دەم مەدە سابیر ئەبێ چی بێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماھڕوو دەرکەوت و خورشیدی جیھان کەوتە کزی ماھڕوو دەرکەوت و خورشیدی جیھان کەوتە کزی شەکەر و ھەنگوین لە حەسرەت لێوی دوو لێویان گەزی تیغی ئەبرۆی ڕۆستەم و بەھرامی عاجز کردووە تیری غەمزەی چاوی دی، سەعدی بنی وەقاس بەزی کێ بوو وا ئەمشەو جیھان یەکسەر بە ماھی ڕوومەتی عاسی و مەعسووم ھەموو مانەندی کەتان داڕزی زوشت و ناشیرینە بۆ پاشای عالەم جەردەیی تۆ کە سوڵتانی جیھانی حەیفە بۆ تۆ شەودزی شەو کە سوڵتانی خەیاڵت ھاتە سەر ئیقلیمی دڵ پاڵەوانی لەشکری بێگانە پشتی دابەزی پیاوی چاکی خزمەتی خەڵکی ئەکەی بۆ ئافەرین تا بڵێی زۆر موکریم و چالاک و چوست و گوربزی تا جەوانی و تاقەتت بوو مەیلی دەروێشیت نەبوو ئێستە وا پیر و لەڕی بۆ زیکر و تاعەت عاجیزی وەک پەمۆ بەرگی ھەموو عالەم بە خاسییەت بکە قەتعی ڕێگە و دامەنی خەڵکی مەکە وەک داری زی سابیری تاکەی لە نەزم و شاعیری واز نایەنی ڕووت لە ئاوایی نییە دائیم لە چۆڵ و کەڵبەزی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەخۆ ئەی پیری تەنپەروەر کەباب و کاڵەکی پردی مەخۆ ئەی پیری تەنپەروەر کەباب و کاڵەکی پردی مەخەو ئەی میری بەر سێبەر وەکوو شامی تەپیو بوردی ئەلا ئەی پیری بێ حاسڵ لەکن خۆت عاقڵ و وردی خەجاڵەت بی ھەموو ڕەنجت قسووری خۆتە با بردی سەنەی عومرت لە ھەشتا تێپەڕیی و غافڵی ھێشتا کە تۆفانی ئەجەل ئەرز و سەمای شێوان و ھاوردی لە ھەشتا تێپەڕی عومرت قیامەت نایەتە فکرت جوێن و غەیبەتە زیکرت پیاوێ زیرەک و وردی گرووھی ئەوەڵین ڕابوردن و ئێمەیش ئەچین ئاخر ئەگەرچی من تەپۆڵکەم تۆ لە چاوی من وەکوو گردی سەر و ڕیشت بووە پەمبوو سەراپا عومری تۆ غەم بوو موسوڵمانیت ھەموو دەم بوو، پەشیمانی و ڕووزەردی ئەگەرچی من فەقیری شار و تۆ سوڵتانی دەورانی بەھەر حاڵێ کە من مردم لەناکاوێ ئەتۆش مردی ئەگەر یارانی ڕابردوو بە خێر بێنیتە یاد ئەمڕۆ بە خێر یادت ئەکەن خەڵکی، سبە و دوویێ کە ڕابوردی عەبا و جوببەی سپی و ساف و کەوای زەردت موبارەک بێ بە سوورەت شەککەری ئەمما بە تام و ڕەنگ گۆگردی زەمانی زوھد و پارێزکردن و ھەم تەوبەیە سابیر ئەگەر شێخی عەرەب یاخود ڕەئیسی تائیفەی کوردی چییە دونیا زمستانە ئەجەل؟ بۆ ڕفت و بارانە لە ھەوری قیبلەوە سابیر بەتوندی ھات و ھاوردی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیشانەی عاشقی وایە کە ساتێ یاری لێ ون بێ نیشانەی عاشقی وایە کە ساتێ یاری لێ ون بێ دەبێ دەرلەحزە ئەحواڵی بە سەد گوونە مولەوون بێ دڵی پڕ دەرد و ڕەنگی زەرد و لێوی وشک و چاوی تەڕ سیاپۆش و جەفانۆش و سەراپا غەرقی ناو خوون بێ جەفا و لوتف و ھیجر و وەسڵی یار و شیوەن و شادی لە لای یەکسان و دڵ وەک خانەیی زەنبوور کون کون بێ کە دولبەر ھات و ڕۆحم چوو کە ڕۆیشت و دڵی بردم ئیتر جان و دڵی بێچارە چۆن ئیسکان و ساکن بێ ئەتیبا عاجزن بێ شک لە دەرمانی دڵی سابیر ئەگەر لوقمان و جالینووس، ئەرەستوو یا فلاتوون بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەخۆشی چاوی بیمارت ھەتا کەی ئینتیزارت بێ نەخۆشی چاوی بیمارت ھەتا کەی ئینتیزارت بێ؟ سەری تەسلیمی دائیم بەردەبازی ڕێگوزارت بێ؟ لە شوکری شەو، کە تۆ شاھی، خودا پێتی عەتا فەرموو دەبێ فیکر و مەشووری بێنەوایانی ھەژارت بێ سەبا بینێ ئەگەر بێنێ لە باغی جەننەتی حوسنی سەر و جان و دڵم قوربان و شاباش و نیسارت بێ دەمێکە دەست بە جان و چاو لە جامم ساقییا فەرموو کە بگرە و بەردە جان و جام و ھەر خێرە بە کارت بێ ئەگەرچی حوسنی تۆ موستەغنییە ئەمما زەرەر نادا ھەزارانی وەکوو سابیر بولبولی لالەزارت بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەھاتی بۆ تەداوی جەرگ و دڵ سووتاو و برژاوێ نەھاتی بۆ تەداوی جەرگ و دڵ سووتاو و برژاوێ دەمێکە چاوەڕێمە تۆ بەسەریانا بکەی ئاوێ ڕەفیقانم مەکەن مەنعم بە ڕوئیەی یار سووتاوم کەسێ ئاگر لە ماڵی بەردرا ناچار ئەڵێ ئاوێ خیلافی عادەتە قوربان کە تۆ ڕەحمێ بە من ناکەی بە حاڵی ڕەحم ئەکا عالەم ببینن خانەسووتاوێ بە چاوی تۆ گەیشتوومە بە حاڵی جانیبی مەرگم لە لام ڕاحەتترە سەدجا دەڵێم ئەم ژینەمە ناوێ کە ڕابووری بە سەرما دامەنی پاکت بە داراکە نەوا ئالوودەبێ ئەم دامەنە پاکەت بە خوێناوێ دڵم تەسکینی نایە چاوی من فرمێسکی ناوەستێ مەگەر ڕۆژێ بە چاوی مەرحەمەت سەیرم بکەی تاوێ شکاتم لای حەکیمێ کرد و گریا و پێی وتم: سابیر عیلاجی عاشقان سەبرە ئیتر دەرمانی پێ ناوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کێ بوو وا تیری ھەوادا خەڵکی کوشت و پێکەنی سەبارەت: تێھەڵکێشێکی کوردی و تورکی کێ بوو وا تیری ھەوادا خەڵکی کوشت و پێکەنی؟ الله سیور سز موسولمانلَر نه در بو اَرمَنی؟ کێیە سەیری کرد و ڕۆحم چوو وتی ئەی موشتەری دورمه بو قاپوده بوندن بویله اویلدرم سنی؟ کێ چاوی لەحزەیێ سەدجۆرە ئازارم ئەدا قاشلرندن پَك گوزل یوزبیك عیلاج ویردی بنی چاوی شەھبازی دڵی عالەم بەجارێ سەید ئەکا قالمادی ییر ماعدا زولفی سیاهن ایمنی چاوی دینی عالەمە وەریان ئەگێڕێ لاجەرەم بیلمیور نوعی بشر بو مكرنی رنگ و فنی ھەوری زولفی نایە سەر خورشیدی حوسنی ئاھ ئاھ سَن كه اوندن باشقه بو دونیاده یوقدر روشنی پێی وتم ھەڵسە بڕۆ با میری سەربڕ بانگ نەکەم بن دیدم چاغر گوزل ترك ایدمم بو مسكنی کێیە ئەو سوڵتانە وا عالەم بە حوسنی ئەو ئەژی بر گیریشمه ایله نچه بیك سابیری ایلر غنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەسێ مانەندی پەروانە نەسووتابێ پەڕ و باڵی کەسێ مانەندی پەروانە نەسووتابێ پەڕ و باڵی لە سۆزی جەرگی سووتاو و دڵی من کەی ئەبێ حاڵی خودا تەوفیق بدا وەختێ مەلائیک دێتە تەختی دڵ کە تۆ قەلبت لە شەڕ و وەسوەسەی شەیتان بکەی خاڵی ئەگەر خالیس نەبێ نییەت بەتاڵە زیکر و جەمعییەت بە ڕەنگ ئەییووب خاسییەت، بە باتین خوویی دەججاڵی بە ڕەنگ و ڕوو برنجێکی لەسەر سینی بژێراوی بە تام و بۆی دەروونت تۆ زەخیرەی کۆن و بن چاڵی تەماشایێکی ڕیشت کە حەیا و شەرمێ لە ئیشت کە بە ڕیش و عومر باپیری بە ئیش و فیکر منداڵی ئیتر بەسە خەوی غەفڵەت سەرت خاڵی کە لەو عەقڵەت ھەتاکەی ھەر لە دووی نەفس و ھەوا ئەوباڵ و عەوداڵی دڵم ڕەعد و ھەناسەم بەرق و ئەشکم سەیلە، دنیا پڕ کە تۆ تێناگەیەی بێ سڕ نییە، کوێر و کەڕ و لاڵی لە ڕستی خێوەتی تۆ عالەمێ شل بوو تەئەممول کە لە ڕەشماری قیامەت تابەکەی مەغرووری ڕەشماڵی؟ حەیا کە سابیری نەفست بناسە خواشوناسێکە لە پەنجا تێپەڕی عومرت لە خۆت و خوا نەبووی حاڵی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەرکەسێ تالیبی شەمعی تەلعەتی جانانە بێ ھەرکەسێ تالیبی شەمعی تەلعەتی جانانە بێ شەو ئەبێ خوڵق و ڕەوشت و سەنعەتی پەروانە بێ با دڵ و جەرگی بە خەنجەر پارەپارە و قیمە کەن دەنگی ئاخ و ئۆفی نایە، چا نیە گەر وانەبێ ئیشتیعالی ئاگری دڵ ئەو دەمە ئەکوژێتەوە دائیرەی دڵ خەیمەگاھ و تەختی ئەو سوڵتانە بێ مەست و مەدھۆشی لیقا چی بکا لە دونیای بێ بەقا ھەر دەبێ دێوانە دائیم بێ لیباس و خانە بێ موڵک و ماڵ و مەرتەبەی دونیایی دوونی بۆ چییە؟ شەو دەبێ مەجنوونی زولفی لەیل و ڕۆژ بێ خانە بێ عەشقی یار و حوببی دونیا ھەردوو زیددی یەکترن گەر دلارامت دەوێ با ماسیوا بێگانە بێ ھەرکەسێ مەجنوونی لەیلابێ چ باکی تەعنەیە لازمە ھەرچێ بکا نالایق و شێتانە بێ ناوی مەجنوون ئاگری بەردایە دڵ ناحەق نییە من وجوودم ماسی و ئەشکم وەکوو ڕۆخانە بێ حەققە شەو گریان و ناڵینم بە چاوی سوورەوە چونکە ئەنجامی عەرووسی عادەتە سوورانە بێ پایزە و عالەم لە تەعمیراتی نەقشی خانەیە عاشقی ڕووت ھەر مەکانی کەپری تاووستانە بێ شادییە جەژنە ھەموو عالەم بە بەرگی تازەوە دوور لە باڵات تابەکەی بەرگم ڕەش و زستانە بێ دەستی بۆ گیرفانی ھێنا تاکوو ژیرم کاتەوە من ھەنووم ھەڵسا سەرم قوربانی ئەو گیرفانە بێ پیاوی عاقڵ گفتوگۆی بێھودە ناکا موتڵەقا مەست ئەبێ ڕەفتار و ئەتواری ھەموو مەستانە بێ سابیری پیر بووی خەوی غەفڵەت لە چاوت دەرنەچوو کوا حەکیمی واقیفی ئەم عیللەت و دەرمان بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا تەبیبی ئینتیزارم ئیتیسالت کەی دەبێ یا تەبیبی ئینتیزارم ئیتیسالت کەی دەبێ؟ زەھری دووری کوشتمی شەھد و ویسالت کەی دەبێ؟ شەککەر و گوڵ پێکەوە تەسکینی دەردی دڵ ئەدا ڕۆحەکەم ماچ و جنێوی لێوی ئاڵت کەی دەبێ؟ لەم شەوی دەیجوورە ھیجر و حاڵی سەرگەردانییە پەڕتەوی خورشیدی حوسنی بێ میسالت کەی دەبێ؟ شیوەنی شامی فیراقت بۆتە خۆراک و خەوم ئینتیزارم جەژنەکەی سوبحی ویسالت کەی دەبێ؟ بۆ گرووھی ڕووت و قووتی تالیبی موحتاجی ڕووت حاسڵاتی عوشری خەرمانی جەماڵت کەی دەبێ؟ بۆ مەزەی مەستانی چاوت میوەھاتی باغی ڕووت نەوبەرەی عیناب و سێو و پوڕتەقاڵت کەی دەبێ؟ موددەتێکە تەیری دڵ حەپس و ئەسیرە بێ خەتا ڕەستگاری داوی زولف و دانە خاڵت کەی دەبێ؟ دڵ بەداغ و ئینتیزارم دائیمەن دەستەودوعا تۆ لە نێو جەمعی ڕەفیقان ئینفیسالت کەی دەبێ؟ بێ بەڵا بی وەعدەکانت سەد یەکی نایێتە جێ ڕۆحەکەم بڕوا بە پەیمانی بەتاڵت کەی دەبێ؟ سابیری باری جەفا ڕاکێشە بێ دەنگ و خەمۆش تا جەفاکێش و ڕەزابی قیل و قاڵت کەی دەبێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو دولبەرە قەد عەرعەرە ئەو ڕوو گوڵەباغە ئەو دولبەرە قەد عەرعەرە ئەو ڕوو گوڵەباغە ئارامی دڵ و جان و فەرەحبەخشی دەماغە ھەر وەختە دەرێن دیدە و دڵ ھەردوو بەجارێ بۆ ڕوویی گوڵ و زەنجی وەکوو سێوی مەراغە ھاوارە بە شمشێری برۆ جەرگی بڕیوم چاوت بە ئیشارەت دڵی ھێنا لە بناغە ئەم ماتەم و گریانە کە بۆتە مەرەزی عام تێفکرە ھەموو قوڕبەسەر و سینە بە داغە یا ڕەببی لە ئافاتی بپارێزێ بە جاھی ئەو زاتە کە سوڵتانە لەسەر تەختی بەلاغە تا دێری زەمان جەننەتی ڕوخساری بمێنێ سەد ناوی خودا چەند بە سروور و بە دەماغە سابیر لەدەس ئەو شەودزە دەرچوونی مەحاڵە شەو خانەبڕ و تەڕدەس و خاوانی چراغە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی بەھەشتی ڕوو بە حەققی ئەو جەماڵ و شێوەیە ئەی بەھەشتی ڕوو بە حەققی ئەو جەماڵ و شێوەیە ئیلتیفاتێ کە، بە چاوی تۆ کە عەقڵم لێوەیە ئەی مەسیحالەب بفەرموو دەفعی ئازارم بکە مەڵحەمی زامی دڵم مەعلوومە ئەو دوو لێوەیە تا لە باغی ڕوویی تۆ عەناب و سێوم دی بە چاو دڵ نەخۆشە ھەر خەیاڵی ئەو عەناب و سێوەیە مەیل ئەفەرمووی تێبگەی ئەحواڵی دەردم دوور لە تۆ ھەر سەری موویی وجوودم سەد برینی پێوەیە زوعفی قەلبی ئێمە دەرمانی بە لوقمان ناکرێ چونکە موشتاقی گوڵ و گوڵزاری حوسنی ئێوەیە تا بە لەفزی نەرم و شیرین ماھڕوو بانگم نەکا ھەر وەکوو فەرھاد ڕەنج و مەسکەنم ئەو کێوەیە چیم بەسەر دوختوور و ئەجزاخانەوە ئەی گوڵبەدەن؟ چونکە دەرمانم گوڵی گوڵزار و حوسن و شێوەیە سابیری بیمار و دڵسووتاوی دووری دولبەرە ھەر بە داخی پوڕتەقاڵ و ناسکە ھەرمێوەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ بە بەڵا سابیر و خوشنوود و ڕەزا بە ئەی دڵ بە بەڵا سابیر و خوشنوود و ڕەزا بە یاتاغی ھەموو غوسسە و قەڵغانی قەزا بە بێ یادی خودا عومر بە زایع مەدە سۆفی شێرانە لەگەڵ ڕێویی نەفسا لە غەزا بە قاپی ئەگری یەعنی ڕیازەتمە بەڕۆژووم سەر قاپی پڵاو زیرە و کشمیش و کەبابە شەو ئێشکی بێشک ئەگری و گریە چ حاسڵ گریانی کوڕت ڕاستی ئەڵێ: بابە کەزابە تەسبیحی دەس و وێردی زوبان ناوی خودایە دونیا بە دەس و دەم مەگرە خوویێ خەرابە ھەرکەس لە خودا غافڵ و مەغروورە لە دونیا مەحروومە لە دونیا و قیامەت لە عەزابە فەرقی چییە ئینسانی دز و شەخسی موبەزیر ھەردوو لەسەر ئەم چەوتییە بەدنام و کەزابە سابیر مەکە ئیسراف و مەبە یاری درۆزن ھەر لەحزە لە خەوف و خەتەری ڕۆژی جەزا بە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی موسوڵمانان خوا بەم بێ شەریک و تاکییە ئەی موسوڵمانان خوا بەم بێ شەریک و تاکییە ڕۆح و عەقڵ و دینی دا پێمان نیھاییەی چاکییە تا ئیتاعەی پێ بکەین و تالیبی دونیا نەبین کردەوەی ئێمە غرووری و غافڵی و بێ باکییە داری دونیا میوەھات و سێبەری زەھراوییە خواردن و لێ خەوتنی ھەردوو لە بێ ئیدڕاکییە فیکری سونعی خالیق و شوکرانی نیعمەتمان نیە بۆیە دونیا حاسڵی بۆ ئێمە ھەر غەمناکییە خەوی غەفڵەت ھەردوو چاوی عیبرەتی داپۆشییە تێبگە شەو بۆچی وا تاریک و ڕۆژ ڕووناکییە خواردن و خەو بێ کەماڵ و بێ شعووری کردووین زەحمەتە خوا چاکی کا ئەم عیللەتە زگماکییە یاری خۆمان کردە دوژمن باوەکوژمان کردە یار ناخەڵەف خۆمان کە بابی ئێمە ئادەم خاکییە بۆ گوناھی گەندومێ ئادەم لە جەننەت دەرکرا با وجوودی ئەو ھەموو عیزز و ویقار و پاکییە تۆ کە سەرتاپا وجوودت غەرقی زوڵم و بیدعەتە موستەحەقی جەننەتی بەم پاکییە بەم چاکییە؟ عاقیبەت طوعا و كرها گشتمان نابوود ئەکا چونکە دونیا کردەوەی ھەر کوشتن و سەفاکییە تۆ کە بابت گەندومێکی خوارد و خوا لێی خۆش نەبوو تۆ کەبابت خۆش ئەوێ سابیر خاسارەتناکییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی نووری ڕوویی پاکت خۆراک و بەرگی ناسە ئەی نووری ڕوویی پاکت خۆراک و بەرگی ناسە شەمس و قەمەر زیایان لەو نوورە ئیقتیباسە ھاواری ڕووت و برسی، ئاڵایە عەرش و کورسی ئیحسانە گەر بپرسی، ئەسبابی ئەم ئەساسە عالەم کە نیوەسووتە، سووتاوی شەمعی ڕووتە عینوان و ئارەزووتە، بێ حوڕمەت و کەساسە سەر بێنە باڵەخانە، غەوغایی عاشقانە خورشید و مانگ نیھانە، بە دووکەڵی نەھاسە عاشق دڵی برینە، ھەناسەی ئاگرینە شەو خەوتنی گرینە، بە ڕۆژ خۆری لیباسە عاشق بە سۆز و گریان، دێوانە ڕووت و عوریان ئازار و دەردیسەریان، ئاسایش و کراسە فەرموودەیی حەکیمە، ھەرکەس دڵی سەقیمە موعالەجەی عەقیمە، تا ئاخری ھەناسە ناس ئینتیزارە دائیم، میسلی ئازانی سائیم بۆ دەفعی لەومی لائیم، جارێ بڵێ چ باسە؟ ھەرکەس بچێتە مەکتەب، ئاخر ئەگاتە مەتڵەب سابیر ئەگەر موخاتەب، پیری خوداشوناسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی یووسفی گومگەشتە سەرێ دەرکە لە پەردە ئەی یووسفی گومگەشتە سەرێ دەرکە لە پەردە ئیحسانە نیشاتێ بە دڵ و جانی بەشەر دە فەرموو کە بە شمشادی قەد و تەلعەتی بەدرت پەستی بە سنەوبەر دە شکستی بە قەمەر دە بەو چاوە حەکیمانە تەماشا کە لە ڕەنگم بۆچ وایە کە چوارفەسڵە وەکوو پایزی زەردە؟ قەند و شەکەرت ھەر بەشی ئەغیارە بە فەرغوون سەوقات و بەشی ئێمە غەم و دەردە بە فەردە کێ بێ کە بە شمشێری برۆت سەر نەخەوێنێ بۆچ چاو و برۆت مائیلی دەعوا و نەبەردە؟ شاھم ئەمەگت زۆرە نەوا تووشی زیان بی شاڕێ بگرە ئەو دزە ڕێی ناحەقە بەردە تێکەڵ بکە ماچێک و جنێوێک موتەساوی ماچت شەکەر و لەفز و جنێوت گوڵ و وەردە سابیر سەری تەسلیمی کە دانا لەبەری پێت بۆ کوشتنی بەس دامەنی نازک لە کەمەر دە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برا شێتی بەسە عەقڵێ پەیا کە برا شێتی بەسە عەقڵێ پەیا کە لە خوڵق و خوویی حەیوان خۆت جیا کە دەمێکە وا ئەسیری نەفسی نزمی وەرە حەربێ لەگەڵ نەفس و ھەوا کە بە تەییارەی سیام و تۆپی تەقوا غەزای پاتەختی نەفسی ڕووسیا کە بە مەترەلۆزی وێردی زیکر و فیکرت بەرەنگاری ختووری ماسیوا کە بە غەفڵەت چوو برادەر عومری گەنجی لەمەولا عومری ڕابردوو قەزا کە ھەتا کەی لوقمەبادان و چڵێسی؟ بەسە تەنپەروەری، ھۆشێ پەیا کە حەساری شاری دینت ئەی موسڵمان بە زیکر و فیکری تەسبیحی خودا کە قسەم بۆ دین و دونیا سوودمەندە ڕەفیقی چاک و تاعەت بێ ڕیا کە لە خەڵقی خاکی تێفکرە سبەینان بە شەو سەیرانی ئەستێرەی سەما کە لەخەو ھەڵسە بشۆرە دەست و چاوت تەماشایێکی ئەسراری خودا کە بە ئیستیغفار و گریانی سبەینان برین و دەردی عوسیانت دەوا کە ئەگەر تانەی گوناھت ھاتە سەر چاو عیلاجی تووتیای پای ئەولیا کە تەماشاکردنی ئاوێنە یەعنی لە ڕیش و ئیشی ناڕێکت حەیا کە ئەسەف بۆ گەنجی، ئەییامی جەوانیت کە فەوتاندت لە پیریدا ڕەجا کە سمێڵ و ڕیشی وەک ماش و برنجت ئەڵێن ئەی خەستە تەرکی زوولبیا کە چرا و عومر و شەوی سابیر بەسەرچوون لەمەولا زیکری بێ چوون و چرا کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە چاوی قەسدی ڕۆحی من دەکا دائیم لە پارێزە بە چاوی قەسدی ڕۆحی من دەکا دائیم لە پارێزە خودا یارم لە فیتنە و من لە چاوی ئەو بپارێزە بە تیری غەمزەکەی یارم پەرێشان و بریندارم خەریکی نەزم و ئەشعارم ئەگەرچی دەوری ئینگلێزە لە جێگایێ کە سوڵتانی جەماڵی لەشکرئارا بێ چ جێگەی سەلم و توور و جامی جەم یا تاجی پەروێزە لەکن تیغی برۆی بەحسی عەلی و زولفەقاری چی لەکن موژگانی ئەو بێ عەقڵییە بەحسی ڕم و نێزە عەجایب دڵڕفێنێکە بە نازی چاوی عەییاری کە نیمە قیمەتی ئیمایەکی شیرین و شەودێزە چ یارایێکە تەقدیری بەھا بۆ چاوی مازاغی کە ئەدنا قیمەتی ڕوم و عەجەم کوردان و تەورێزە لە دوو جادووی سوخەندانی لە غونچەی لێوی خەندانی وتی موسا کە: یا عیسی، منی ئاسا بپارێزە لەکن ئاڕایشی حوسنی زولەیخا دەس بە ئاوێنە کل و شانەی لەکن لەیلایە ھەم شیرینی پەروێزە لە ھاوار و فیغانم پێکەنینی دێ چ بێڕەحمە موسوڵمان ئیشی وا ناکا مەزەننە ڕووس و ئینگلێزە خودایا چاوی چاوی من لە چاوی بەد بپارێزە ئەگەرچی چاوەکەم چاوی ڕەش و فەتتان و خوێنڕێزە غەزەل ببڕێتەوە چاکە بەیانە وەختی ئیمساکە لەمەولا ڕوو لە مەولا کە زەمانی وەرع و پارێزە دڵی سابیر برینداری خەدەنگی چاوی دڵدارە سروشکی چاوی دائیم جارییە مانەندی کارێزە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەو چاوە کە لوقمانە تەماشا کە بزانە بەو چاوە کە لوقمانە تەماشا کە بزانە وەجھی چییە ئەم خەستە کە ھەمڕەنگی خەزانە؟ خانەی بەدەن و عومرم بە سێڵاوی سروشکم وێرانە لە بنچینەوە نەزدیکی خزانە خورشیدی جەماڵی کە جیھانگیرە عەجائیب بێچارە بیابانی دڵم خۆر نەوەزانە زامارم و بیمارم و لوقمان و فلاتوون ھەردوو لە دەوای دەردی دڵم پەنجەگەزانە من بەندەیی گەردنکەچ و تۆ شاھ و ئەمیری گەردن ببڕە، بمکوژە ئەمما بە سزا نە! ئێوارە کە ئەبرۆیی ھیلالت بنوێنی ئیفتاری شەوی عیدی سیامی ڕەمەزانە ... . ئاوازی خۆشی گوێچکی خەڵکی مانەندەیی سائیم کە خەبەرداری خەزانە بەم چاوە سەبووریم نییە تا تۆ بە دەمی خۆت تەنبیھی نەکەی سابیری خۆ شێت و نەزانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەڵاگەردانی چاوت بم ئەڵێی نەجمی گەلاوێژە بەڵاگەردانی چاوت بم ئەڵێی نەجمی گەلاوێژە دەمێ عیسا و لوقمانە، دەمێ سەففاک و خوێنڕێژە بە ئەووەڵ تیری دالەرزیم و غافڵ بووم و نەمزانی کە من ئێستاکە ھوشیارم خەدەنگێ تر بھاوێژە لەبەر ئێشی خەدەنگی دڵ دەکەم فەریادی بێ حاسڵ بە شێتم ناودەبەن خەڵکی، زەمانێ پێم ئەڵێن گێژە نەمامی قەدی تۆ بەڵکوو ھەمیشە تازە و تەڕ بێ وەرە جانا لەسەر ئەم دیدەیی پاراوە بینێژە کەسێ خاری تەریقی عەشقی چاوێ تۆی بە دڵدا چوو وەکوو وشتر بە ناچاری دەکا ئەم نەوعە کاوێژە تەبیبی پڕ فەن و حازیق مەبەن بۆ خزمەتی عاشق کە دەرمانی دڵی عاشق وەرایی عەقڵ و ڕاوێژە حەکیمی میھرەبان جامی گوڵاب و قەندی بۆ ھێنام وتم: ئەی بێخەبەر لەم دەردە ئەو دەرمانە بیڕێژە! سەبا تۆ مەحرەمی ڕازی دەخیلەک عارەب ئاسایی گەیشتی بەو تەبیبە، لەم نەخۆشە شەممەیێ بێژە بڵێ مەجنوونەکەی سەحرانشین ئەمشەو لە دووری تۆ لە حاڵی نەزعدا ماوە بڕۆ ئیحسانە بینێژە چ غەوغایێکە سابیر بەسیە ئەم ناڵانە کۆتاکە قسەی بێ ڕەغبەتە ھەرکەس وەکوو تۆ تالیعی لێژە دڵی کردە نیشانەی تیری غەمزەت، تێگەیی سابیر کە غەمزەت ھەروەکوو تیری ئەجەل چالاک و خوێنڕێژە حەکیمی دەردی سابیر موشکیلە دەس ناکەوێ ئیللا لە فەیزی مەرقەدی سەیید ڕەزای قوتبی دێلێژە عەجەب بۆچی بە بێ عیلمی؟ کە سابیر شێعری داناوە بە فەیز و یومن و ئیستیمدادی قوتب و پیری دێلێژە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا بە کەی قوربان بە چاوی تا سەحەر بێ خوابەوە تا بە کەی قوربان بە چاوی تا سەحەر بێ خوابەوە بەم دڵەی پڕ سۆز و سینەی پڕ شەرارە و تابەوە بێمە بەر دەرگانەکەت شەو تا سەحەر خار و زەلیل دەس بئالێنم بە چاکی دامەنی بوابەوە مونتەزیربم تۆ بە سەرما ڕاببوری ئەی تەبیب تێبگەی ئەم خەستە بۆچ ئاڵاوەتە خوونابەوە؟ دەفعەیێ نەبزی دەماری دەستی ڕاستم ناگری سەیری ڕەنگی زەردی من ناکەی بە ئیستغرابەوە بەو ئومیدە تا شەوی بەدری جەماڵت دەرکەوێ جان فیدای ئەم خاڵەکەم بەو ڕوومەتی مەھتابەوە چەرخی دوون ڕۆژێ لەگەڵ کەس مەیل و فکری چا نەبوو سەد خەڵاتی وا بە شانی دوونی ناکەس بابەوە ناکەسان سەرمەستی بەزم و وەسڵی یار و کەس ھەموو دڵپەرێشان و بە داغ و حەسرەتی ئەحبابەوە بۆ گەدایی چوومە قاپی دوولبەرێ لوتفی نەکرد گەرچی بێمارم دڵم زۆر ھا بە دوو عیننابەوە گەر دەپرسی چۆنە حاڵم ھەر زەمانێ دەرکەوی گووسفەندێ خەنجەری دیبێ بە دەست قەسسابەوە! بۆ گەدایی چووم و سەیری کرد و نەیناسیمەوە سەیری یارم چەند شیرینە! ھەر بە ئیستغرابەوە دائیمەن ڕۆحم بە لێوی توشنە و ئوممێدەوار چاوەڕێی ئەمرێکە دەرچێ، لەو لەبی سیرابەوە دولبەرم ڕۆژێ لە پەردەی نازەوە سەیرێکی کرد سابیری ھاویتە نێو بەحری غەم و گەردابەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا زیکری دەم و فیکری دڵت ناوی خودایە تا زیکری دەم و فیکری دڵت ناوی خودایە سەرپاکی وجوودت لە بەڵا دوور و جودایە دەروێش ئەگەر خزمەتی خاڵی لە ڕێیا بێ سوڵتان لەبەر قاپییەکەی ڕووت و گەدایە ئەو وەختە کە تۆ خەوفی خودا بێتە خەیاڵت سوڵتان لەبەر چاوی دڵت ڕووت و گەدایە دەستی تەمەعت خستووەتە گەردنی دونیا ڕۆحت بە سەر و ماڵەوە قوربان و فیدایە ئەی مەردی خودا دەستی تەمەع بەردە لە دونیا بێ فائیدەیە باوەژنە مەیکە بە دایە ھەرکەس بە دەسی نەفسەوە داماو و زەبوونە سەد شێخ و مەلا بێ، بە خودا دووری خودایە لەوساوە سکەی لیرە ئەخوێنێتەوە چاوت تاریکی تەریقی تەرەفی دینی خودایە زەڕڕەی کەر و زڕەی دەرەم و زێڕ کەری کردی نابیی لە مەلا ڕۆژی جەزا ھەوڵ و سەدایە کوا گەندومی چاکەی تۆ لە تۆماری عەمەلدا سەد خانە برنجت لە قەباڵە و سەنەدایە سابیر بە کەوای تازەوە تۆ چاکیری نەفسی ئازا ئەوەیە حوڕڕە لە بەرگی شڕە دایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماشا کە دڵی تەنگم مەقالەی ئاتەشینێکە تەماشا کە دڵی تەنگم مەقالەی ئاتەشینێکە مەچۆ نێوی وەرە سەر چاوەکانم شانشینێکە بترسە ئاگری ئاھم بگاتە خەرمەنی حوسنت ئەگەرچی خۆر لە خورشیدی جەماڵت خۆشەچینێکە مەحاڵە عەندەلیبی دڵ بکا تەرکی گوڵی حوسنت چ دەربەستە نیھایەت مەرتەبەی ھەر سەربڕینێکە بریندارانی ئەتڕافت پەنایان بردە ئینسافت بە حەقی ڕوومەتی سافت تەماشایی برینێکە دەبێ کەی دەرکەوێ ڕوخساری شیرینت بکەم شوڕای بە عالەمدا؟ بڵێن ئەڵبەت ئەمیش فەرھادی چینێکە دەڵێن ڕەحم و وەفاداری نەتیجەی حوسنی ئەخلاقە لە کن دەورانی چاوی تۆ وەفا قاتە چ دینێکە؟ لە دووریی چاوەکانت سابیری یەکجار پەرێشانە بەچاوی تۆ ھەمیشە چاوەڕێی یاسین و شینێکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژن و تەرەب و شادییە ئەییامی بەھارە جەژن و تەرەب و شادییە ئەییامی بەھارە وادەی گوڵ و بادەی مول و ناڵینی ھوزارە تا مەددی نەزەر سەبزە و گوڵزارە سەراسەر نوورین و موعەتتەر بە ڕوخ و زولفی نیگارە ئەحباب ھەموو جەمعە لەبن سێبەری دارا سەحرایە تەماشایە لەبۆ جوی و کەنارە مەعشووقە بە کامی دڵە المنةلله خوسرەو کە ئەڵێن، نەیبووە ئەم بووس و کەنارە عاشق دڵی وەک مەجمەرە پڕ ئاگر و پشکۆ مەجنوون سیفەت و بێ خەبەر و سەبر و قەرارە ساقی وەرە ئاوێ بەسەر ئەم ئاگرەدا کە ڕۆحم بە فیدای گەردوشی ئەم چاوە خومارە ڕیشەی دڵ و جەرگم بە غەم و غەمزە بە جارێ دەرھاتووە بۆم تێکە شەرابێکی دووبارە لەو ئاوە کە تریاکە ئەبا زەھری غەمی دڵ لەو ئاوە کە وا مەسقەلی ئەکدار و غوبارە دەرمانی غەم و دەردی دڵن ساقی و موتریب خۆزگەم بە کەسێ مەی لە یەمین نەی لە یەسارە ئازا بە، بە خۆڕایی نەچێ عومری عەزیزت بێ ساقی و مەی، موتریب و نەی سەرفی خەسارە مشتێکە نموونەی غەمی دڵ دێنمە دەفتەر وەرنە غەمی سابیر بە عەمار و بە تەغارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حیکمەتی دەرکەوتن و ون بوونی خۆر و شەبپەرە حیکمەتی دەرکەوتن و ون بوونی خۆر و شەبپەرە ئەم خوداپێداوە، ئەو بێ تالع و ئاخر شەڕە تاج و تەخت و نیعمەتی بەخشی بە پاشا زولجەلال شەو لە برسا ناخەوێ دەروێشی بێ لێفە و بەڕە داری توو ھەردوو بە یەک ئاب و زەمینێ سەوز ئەبێ داری تۆ بەردار و خۆ بەر داری ئێمە تووی زڕە ھەردوو ھەنجیرن ئەگەر کێویلە گەر ھەنجیری باغ ناوی شاھەنجیرە باغی ئەو تریش کێوی و کەڕە مەڕمەڕم دی بێ گوناھ وەستا فڕێی دایە خەلا مینەر و میحڕابی مزگەوتیش ئەکا لەو مەڕمەڕە باز بە ناز گۆشتی قەڵەو ئەخوا بە دەستی شاھەوە پاشماوەی گورگ و سەگ خۆراکی زاغ و سەرگەڕە ئەھلی دین حەرفی جەڕە شەیتان کە بەو مەجڕووڕ ئەبێ حەسرەتا ئێستا کە تۆ مەجڕووڕی ئەو حەرفی جەڕە دڵ کە حەوزی فیکری خوا زیکری زوبانە جۆگەلەی حەیفە بۆتە جێ گەلە، زیکریش ھەموو بزن و مەڕە دڵ کە حەوزی ڕەحمەتە زیکری زوبانە جۆگەلەی دڵ کە بۆتە جێی گەلە زیکری زوبان بزن و مەڕە ئەو خوداناسانە وا تەوعیزی ئەجناسیان دەکرد ئەکسەری ئەولادییان ئێستاکە زۆر ناباوەڕە يا الهي فتحي بابي نیمە تابی سێ عەدوو ئەووەلەن مەندووب و سانی جۆرج و سالس مێجەرە حەق تەعالا حەزرەتی نووحی لە تۆفان دا نەجات غەرق ئەبێ وەک پسەری، بێ شک کەسێ ناباوەڕە نەوعی لوقمان و ئەرەستوو بۆ عیلاجم مات ئەبێ تۆ دەڵێی پوستەی عەسەل دەرمانی بەرگ و پارە عەشق نازانێ وجوودی ئاگر و تۆفانی چەرخ ئەی برادەر گەر بە ئیبڕاھیم و نووحت باوەڕە قەت غەمی مەرگت نییە ھەر ھەوڵی نان و بەرگتە عومری گەنجی تێپەڕی، تێپەڕ نەبووی لەم لاپەڕە شەو تەواوبوو سابیری گریانی تۆ نەبڕایەوە ھەڵسە وەختی بانگ و نوێژە بۆ جەماعەت ڕاپەڕە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەبیبا نووری ڕوخسارت لەباتی بەرگ و نیعمەتمە حەبیبا نووری ڕوخسارت لەباتی بەرگ و نیعمەتمە تەبیبا چاوی بیمارت دوایی دەرد و عیللەتمە ئەگەرچی خار و سووتاوم لەبەر چاوت بیحەمدیللا ھەموو عالەم دەزانێ مایەیی فەخر و سەعادەتمە لە شمشێری برۆت ترسم نییە سەدجار نیشانم دەی لە ڕیشەی جەرگ و دڵ کالانی ئەو شمشێرە سەنعەتمە بە شمشێری برۆ گەر بمکوژی یا تیری موژگانت مەداری ئیفتیخارە ھەم سەعادەت ھەم شەھادەتمە لەبەر خورشیدی حوسنت دائیمەن وەک زەڕڕە ڕەقسانم لە شەودا ھەروەکوو پەروانە خۆ سووتانن عادەتمە بە نووری حوسنی سەرتاپا وجوودم گەر بسووتێنێ کە بمھاڕێتەوە وەک کل بەسەر جێگایی عیززەتمە لەھەر شوێنێ کە دانیشتی بەھەشت و حۆری پەیدایە دەمێ ون بی لەبەر چاوم وەکوو ڕۆژی قیامەتمە کە یووسف ھاتە نێو بازاڕ ھەمووکەس تالیب و کڕیار منم بێ دەرھەم و دینار، غەزەلخوانی بەزاعەتمە بە بێ حیکمەت نییە سابیر وەکوو قەیسی بەنی عامیر بە ڕۆژ والشمسە ئەورادم، بە شەو واليل تاعەتمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ نەخۆشی ئینتیزاری ھاتنی جانانەیە دڵ نەخۆشی ئینتیزاری ھاتنی جانانەیە با وجوود بە ھاتنی، ئەو شەمعە ئەم پەروانەیە ئافەرین ئەی دڵ سەرت دانا لە ڕێگەی عەشقی یار عەشقبازی ڕاستی ئەمجۆرە سەر دانانەیە ھەرکەسێ لاشەی بە سووتاوی نەبینن ئەھلی دڵ ئاشنایی قەت لەگەڵ ناکەن دەڵێن بێگانەیە تا لە وێرانەی دڵم گەنجی غەمی شارایەوە ھەر ئەڵێم ئاوا نەبێ یا ڕەببی ئەم وێرانەیە تا بە شمشێری برۆی ئەم شۆخە جەرگم قیمە بێ چاوەکانم ھەر بەشی ئەم لێزمەی بارانەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی تەنگم مەقالەی ئاتەشینە دڵی تەنگم مەقالەی ئاتەشینە وەرە سەر چاوەکانم شانشینە لە شەوقی حوسنی شیرینت دەناڵم بە نەوعێ پێم ئەڵێن فەرھادی چینە لە تاوی تەلعەتی شیرینت ئەی جان سەراپا خەڵکی کووە و کەژنشینە ھەناسەی من ئەگاتە خەرمەنی ڕووت ئەگەرچی خۆر لە ڕووتا خووشەچینە بە بەدری ڕوومەت و والليلی زولفت کە فرمێسک و لیباسم سوور و شینە وەرە سەیرکە سەراپا گشت وجوودم بە چاوی تیروەشێنی تۆ برینە عەجەب بێباک و سەربەستی و دڵڕەق عەزابت دۆزەخی عَينُ اليقينە جزاك الله في الدارين خيراً مساك الله کە ھاتی بەم سەرینە لە ئاھی سابیری نەختێ بترسە بە چاوی تۆ ھەناسەی ئاگرینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی ئەشقت ئەی پەری دەرمان و تەدبیری نییە دەردی ئەشقت ئەی پەری، دەرمان و تەدبیری نییە ھەرکەسێ مەجنوونی ڕووتە باکی زنجیری نییە چەندە لێی پاڕامەوە تۆ بی بە تیرت مەمکوژە ئاخری خوێنی ڕژانم مروەت و بیری نییە تیری غەمزەی ھەر وەکوو تیری ئەجەل موستەعجەلە بێ بەڵا بێ، ساعەتێ تەقدیم و تەئخیری نییە ئاگری بەردایە عالەم خۆی بە سورعەت تێپەڕی حەیفە بۆ برژانەوەی، قورسی تەباشیری نییە مەحرەمێ دەست ناکەوێ دەردی دەروونی پێ بڵێم دەست و پەنجەم قووەتی نووسین و تەحریری نییە حاڵی سابیر کەوتووە، مابەینەکەی خەوف و ڕەجا چونکە ناڵەی کەس لە کن ئەو شۆخە تەئسیری نییە تۆ حەکیمی حازقی، دەرمانی دەردم تێبگە سابیری سەودازەدە دەرمانی تیماری نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەد نامی خودا ڕوومەتی وەک ماھی تەمامە سەد نامی خودا ڕوومەتی وەک ماھی تەمامە لەو چاوە نەخۆشانە دەڵێ مەستی مودامە ڕوخساری گوڵی نازک و دەم غونچەیی تەنگی لەو زولف و خەت و خاڵە دەڵێی دانە و دامە وا چاکە نەمامی قەدی تۆ تازە و تەر بێ بینێژە لەسەر دیدەیی من جێگە نەمامە لەوساوە کە تۆ ڕوومەت ئەشاریتەوە گیانە مەجنوونی بیابانم و شەو شین و ھەرامە بەو غەمزە دڵم کون کونە وەک خانەیی زەنبوور بەو قەوسی برۆ ھەم جگەرت لەت لەت و زامە سەد جا کە دڵم عاجز و بیمارە لە دووریت یادت تەرەب و شەوچەرەس و بەزم و چرامە ساقی بە فیداتم بدە ئینساف و مەیی ساف دەرمانی دڵی خەستە بەڵێ بادە و جامە موتریب وەرە تۆش ئەم غەزەلە تازە لەبەر کە لوقمانی ھەموو دەرد و غەم و مەرھەمی زامە حیفزی بکە یا ڕەببی لە چاوی حەسەد و بەد ئەو دولبەرە قەد عەرعەرە ئەو کەبکی خەرامە عەیبت نییە غەیرەز ئەمە بێ ڕەحم و وەفایی بۆ شیمەیی تۆ چا نییە ئەم ڕەسم و نیزامە تا ناوی خۆشت ویرد و دوعای سابیرە قوربان دەرمانی ھەموو دەرد و غەم و مەرھەمی زامە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاشقی فرمێسکی سوور و ڕەنگی زەردی شاھیدە عاشقی، فرمێسکی سوور و ڕەنگی زەردی شاھیدە قیل و قالی زاھیر و تەسبیح و ویردی زائیدە تا نەکەی تەرکی وجوود و جان و دڵ ناگەیتە یار باوەڕت بێ خاریقی عاداتی شێخ و زاھیدە تا دەروونی دڵ لە نەخشی ماسیوا خاڵی نەکەی نەقشی ئەڵڵا لەو دڵە جێ ناگرێ ئەی جاھیدە تا نەناسی ئایەت و ساعاتی ئەوقاتی دوعا فائیدەی چێ ربّنا أنزل علينا مائده تا بە حوسنی نییەت و تەقوا دەروونت پاک نەکەی دڵ لە یاسین بێ بەشە لا صيحه لا واحده تۆ ئیجازەی زیکری بێدەنگی لە ماسی وەرگرە قیڕەقیڕی شەو وەکوو قورباغە نادا فائیدە یاری من ھەرچی ئەکا مەنعم مەکەن من وا ئەکەم لا علي الاعمي حرج چاوم نیە ئەو قائیدە سابیری مەسروورە وەعدەی ھاتنی جانانەیە باوەڕم نایێ لە یارم دوورە تەرکی قاعیدە حوببی دونیا نایەڵێ سابیر لە دڵدا زەوقی دین بەھرەوەر نابی مەگەر لاچی لەسەر ئەم قاعیدە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فیدایی ڕووتە مێھر و ماھ بە چەرخی حوققەبازەوە فیدایی ڕووتە مێھر و ماھ بە چەرخی حوققەبازەوە نەساری پێتە ڕووی زەوی بە مەعدەن و ڕەکازەوە نیمەبەھایی نیم نیگای تۆیە زەمین و ئاسمان نەمایشی ئەگەر بکەی بە چاوی مەستی نازەوە ھەوەس بکەی بە یەک دەمێ، دەوا ئەدەی بە عالەمێ بەو نەفەسی مەسیحی تۆ، بە پێکەنین و نازەوە ئاوێنەداری ڕوویی تۆ، شانەبەدەستی موویی تۆ بە شەرقەوە بە غەربەوە بە مەککە و حیجازەوە حوور و مەلائیکەی سەما لە تاوی تۆ ڕوویان نەما زەوی بە ئینس و جیننەوە بە جاھیل و موجازەوە تۆ بە جەماڵی حوورەوە ئێمە بە چاوی سوورەوە بە سۆزی جانگودازەوە بە سەدھەزار نیازەوە بە ئافتابی ڕوویی تۆ کە نیوەسووتە سابیری بە زولفی میشک بوویی تۆ پۆڕە بە چنگی بازەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەددی یارم سەروی باغی جەننەت و ئازادەیە قەددی یارم سەروی باغی جەننەت و ئازادەیە تەلعەتی مانەندی حووری زۆر لەتیف و سادەیە چاوەکانی دائیمەن مەستی شەراب و بادەیە بێ بەڵا بێ یاخودا بۆ کوشتنم ئامادەیە ھەرچی تێفکری پەرێشان و نەخۆش و زامدار داد و ھاواری لە زوڵم و جەوری ئەو جەللادەیە سەدھەزار ئەسفەندیار و ڕۆستەمی مازەندەران ھاتە مەیدان و سەری بێ لەش کرا لەم جادەیە ھەرکەسێ دەرسی لە کن ئوستادی چاوی وەرگرێ کەمترین توللابی ئەو ئوستادە ئاخر مادەیە بوولعەجەب ئەفسوونگەر و چابوکسەوار و سەفشکێن خەڵکی حەیرانن لە مەکر و نازی ئەو شازادەیە سابیری ئەڵبەتتە لای ئەو چاوە دەرسی خوێندووە بۆیە وا سەربەستە لەم بەرقاپییە بەم ڕادەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەوبەھارە مەوسیمی پشکووتنی گوڵ ھاتەوە نەوبەھارە مەوسیمی پشکووتنی گوڵ ھاتەوە ئیعتیباری شیوەن و ھاواری بولبول ھاتەوە خوێنی چاوی عاشقانە ڕووی زەوی نەخشانەوە زەحمەتە سەیلی بەھاری نەقشەکەی بشواتەوە حەزرەتی لوقمان گریمان ئێستە زیندووبێتەوە باوەڕم نایە برینی عاشقان چا کاتەوە کەی ئەبێ یا ڕەب سبەینانێ نەسیمی ئاھ ئاھ سا لە باغی جەننەتی حوسنی گوڵی گەش کاتەوە ئەو بە تیری غەمزەکەی جەرگی بڕیم و تیری من ھەر ھەناسەی سەردە ھاویتم ئەویش بۆم ھاتەوە ئەھلی دونیا بۆ پڵاوە جۆبڵاوی لێ ئەکەن دابنیشە نانەڕەق بووڵاوە ناو شۆرباتەوە ڕاحەتی ئینسان لە بێدەنگی ئەبێ، سابیر خەمۆش تۆ کە عەبدی حەیفە ڕوو ناکەی بە لای مەولاتەوە سابیری یەعقووب ئەگەرچی ھیجری یووسف کوێری کرد حەمد و سەبری کرد بە عادەت، یووسفی بۆ ھاتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پڕتەوی خورشیدە ئەمشەو یا جەماڵی دولبەرە پڕتەوی خورشیدە ئەمشەو یا جەماڵی دولبەرە؟ بۆنی باغی جەننەتی ڕووی یارە یا خۆ عەنبەرە؟ جان و دڵ غەرقی فنا في النوری ڕوخساری حەبیب عوسرەتی دووری موبەددەل بوو بە وەسڵ و مەیسەرە ئەڵبەتە بیستووتە تەرکی سەر دەکا غەوواسی ڕووت وا لە دەریا دێتەدەر ساحێبی دوڕ و گەوھەرە تا لە سەرفی ڕۆحی وەک پەروانە بێ پەروا نەبێ سادقی مەڕوانە، جێی بڕوا نیە، تەنپەروەرە سابیری گەر تالیبی یاری بزانە موختەسەر ناگەیە مەتلووبی جانی تا نەبووری لەو سەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەکانی وا دیارە دوژمنێکی خوێنییە چاوەکانی وا دیارە دوژمنێکی خوێنییە تیری موژگانی، بە تیژی، خەنجەری قەزوێنییە قاتڵ و بێ ڕەحمە ناحەق قەسدی جان و دڵ دەکا ناحەقم مەگرن موسوڵمانان کە ڕۆحم پێ نییە حاجیبێ سەدجار بخوێنێ لاتەخەف گوێی نادەمێ تا لە چاوی ئایەتی أين المفرم خوێنییە گەر دەپرسی شەو لەبەر چی تا بەیانی ناخەوم دڵ بە ئوممێدی نەسیمە چاوەڕێی مزگێنییە دڵ لە بەحری غەین و میمە، ساقیا نێ میم و یێ؟ موتریبا چەنگ و ڕوبابێ لێدە داڵ و فێ نییە؟ ھەر وەکوو مەجنوون ھەمیشە چۆڵ و سەحرا پەی ئەکەم دڵ بە داغ و پڕ لە حەسرەت سەیر ئەکەم لەیلێ نییە وا لە دووریی تۆ پەرێشانم سەعاتی سەد کەڕەت ڕوو ئەکەم بۆ ئاسمان چ بکەم خودا مەرگێ نییە سابیری بێچارە زۆر موشتاقە بۆ گوڵزاری ڕووت خۆ بە چاوی تۆ لە من چاتر ئەزانی ڕێ نییە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژ ھەڵات ئەستێرە ون بوو کوێرە چاوی شەبپەڕە ڕۆژ ھەڵات ئەستێرە ون بوو کوێرە چاوی شەبپەڕە عوشرەتی سیمورغ و بازە شینی زاغ و سەرگەڕە لەو مەقامە جۆششی گریان و زاریی عاشقە بێ ڕەواجە ئاگری نەمروود و ئاوی باسەڕە من کە تینووی دولبەرم ئاوی حەیاتم بۆ چییە دڵ زەعیفم کەی عیلاجم قەند و بادامی تەڕە؟ ئەووەلەن تەشخیسی دەرد و بەعد تەرکیبی دەوا وەرنە کەی ڕاحەی قەوی دەبڕێتەوە پشتی ھەڕە! سەبب و ئەسباب و عەلاماتی نەخۆشی تێبگەی شەربەتی تۆ تیغی بوڕڕان و مەرەز ترپی تەڕە ئەی مودەڕڕیس تۆ لە دەرسی عەشق تەحسیلێ بکە تابەکەی زيد علىٰ سطح عەلی حەرفی جەڕە موعجیزاتی موڕسەلین و مەوعیزەی ئەعلامی دین زکرییان زاکیر دەگێڕێ وەک تەشیلە و فڕفڕە یەعنی ئاگاداری دونیا و نەفس و شەیتان بن ھەموو خەسمی باباتانە ئەم دوونە ئیمارە و بەدفەڕە ئەو کەسە ئەحواڵی عاشق تێدەگا شەو بێ خەوە لێوی ویشک و ڕەنگی زەرد و دائیمەن چاوی تەڕە حاشالله قەند و گوڵ ئەمر و بدا تەسکینی دڵ چونکی شەوتامە دڵم موشتاقی عەنابی تەڕە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر دەپرسی سەبەب و حیکمەتی ئەم بێ خەوییە گەر دەپرسی سەبەب و حیکمەتی ئەم بێ خەوییە سەفەر و سوننەتی ئەم ماھڕووە شەوڕەوییە حەزئەکەی تێبگەیەی لەززەتی شەوبێداری لە ھەموو لەززەتی دونیا کە جیا بێ ئەوییە لە شەڕ و فیتنەیی نەفست مەبە ئەمین وەکوو مار لە ملی ھەرکەسێ ئاڵا سەری خوار و نەوییە تۆ کە ئینسانی تەوەللا بە لە خووی حەیوانی وا نەبی تابیعی شەیتانی لە سەر ئەم زەوییە لە سەرا زەوقی گوناھ و لە دڵا حوببی فەساد ئەمە بۆ زوعفی دیانەت چ دەلیلێ قەوییە فلسی خێڕی بە دووسەت میننەت ئەبەخشێ ھێشتا بە ئومێدە لە خودا یەک بە دە ئەو مل قەوییە ھونەرت ناوەتە سەر دەستەوە عەیبت ژێر پا دەگەڵت شەڕ دەفرۆشێ ئەڵێی خەستەوییە عەمەلی چاکەیی تۆ سێوە بە کێو ئەیژمێری جەبەلی عەیب و گوناھت تەبەقی بەدرەوییە کوڕی سۆفی دەگەڵی ماڵی خەلیفەی دەفرۆشت قەسەمی خوارد و بە ئەستێرە وتی خەستەوییە ڕاستی کەس ھونەر و عەیبی تەماشا ناکا ئەمە بووجەھلە وەیا شێخ حەسەنی بەسرەوییە سابیری ڕاست ئەوەتا عەیبی عەوام داپۆشێ عەرەب و ڕوومییە یا کورد و عەجەم پەھلەوییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھاتەوە دڵبەرێ بە شەو دزێ بە دوو چرایەوە ھاتەوە دڵبەرێ بە شەو دزێ بە دوو چرایەوە شوکری خودا بە ھاتنی قاپی دڵم کرایەوە بە ڕوویی ئافتابەوە بە چاوی نیمەخابەوە بە جامی پڕ شەرابەوە ھات و خەوم زڕایەوە ھات و بە نامی سەرکەشی بە چابوکی و دڵکەشی غارەتی بەستە تەرکەشی ڕۆحی ڕەوان گەڕایەوە لە ھاتوچوون و مەتڵەبی، مەپرسە مەیل و مەشڕەبی مەسیحە دین و مەزھەبی، کیفایەتە بڕایەوە موژدە درا بە سابیری، تۆ ئەبییە موسافیری ئەشک و غوباری کافری، لە چاو و دڵ سڕایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەتاوی تەڵعەتی سووتاندمی ئەو شۆخە مەمدووحە ھەتاوی تەڵعەتی سووتاندمی ئەو شۆخە مەمدووحە دڵی عالەم بە غەمزەی چاوی تیرەندازی مەجرووحە لە تاوی ئاگری دووری ئەوا کەوتم لە دەست و پا خودا مەرگی بەئاسانی ئیتر بۆچیمە ئەم ڕووحە بفەرموو وەعدەکەی خۆت بێنە جێ سەبرم نەما قوربان کە تاق و پەنجەرەی حوجرەی دڵم بەینێکە مەفتووحە تەنوورەی ئاگری سینەم، فوارەی ئەشکی چاوانم وەرە بنواڕە سەرچاوەی، دەڵێی تۆفانەکەی نووحە لە دووریی تۆ لە پا کەوتم نەھاتی دەستی من بگری بەچاوی تۆ ھیلاکە سابیری بێزارە لەم ڕووحە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەرچەندە قسەی شێخ و مەلا حیکمەت و پەندە ھەرچەندە قسەی شێخ و مەلا حیکمەت و پەندە یاساغە لە کن تورک زوبان و ھەمەوەندە ھەرچەندە دوڕ و گەوھەرە گوفتاری مەشایخ دێوانە شعووری نییە میسقاڵی بەچەندە دەردێ کە نیشانەی ئەجەلی پێوە چ جێگەی تەرکیبی مەعاجین و شەراب و گوڵ و قەندە؟ ھەرکەس کە بریندارە بە شمشێری ئەحباء داروویی ئەتیبا بە جەڕاحاتی گوزەندە کارێکی بە من کردووە ئەو شۆخە بە ئەبرۆ نەیدیوە کەس ئەم زامە لە شمشێری بڕەندە بازاڕی نەبات و شەکەری میسری شکاوە لەو شوێنە کە غونچەی دەمی ھێناوە بە خەندە ھەرچەندە کە ئەو خوسرەوە ئازاری دڵی دام گشتی بە دڵی سابیری شیرین و پەسەندە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاری من تۆ بی خودا زامی دڵم مەکولێنەوە یاری من، تۆ بی خودا زامی دڵم مەکولێنەوە خۆت لە من عاجز مەکە دووبارە مەمسووتێنەوە ئەمکوژی ڕوو وەرئەگێڕی یاری من حاشا ئەکەی چی لە موژگانت ئەکەی گشتی بە گۆشت و خوێنەوە دڵڕفێن و سەفشکێن و خوێنڕژێن، ئازا وەرە جان و دڵ بڕفێنە، سەف بشکێنە، خوێن بڕژێنەوە تۆ کە ڕۆیشتی بە دەستوورێ سروشکم دێ لەدووت باوەڕت بێ نووری چاوم جان و دڵ ئەتوێنەوە ئاگری بەردایە ئیقلیمی بیابانی وجوود یاری سابیر ئایەتی يا نار كوني خوێنەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیش ئەگەر بۆ پادشا بێ یەک ھەوایە ڕۆژ و شەو ئیش ئەگەر بۆ پادشا بێ یەک ھەوایە ڕۆژ و شەو وەرنە بۆ سینفی گەدا بێ ھەور و بایە ڕۆژ و شەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمڕۆکە تۆ ساحیب ھونەری مەرحەمەتی کە ئەمڕۆکە تۆ ساحیب ھونەری مەرحەمەتی کە دەسگیری ئوفتادە و سەبی سەت بە ھەزارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو شۆخە عەجەب شەودزە خاوەن بەیداغ ئەو شۆخە عەجەب شەودزە خاوەن بەیداغ یاندردی بنی سابیری او ایکی یناغ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو کەسە وا پەڕتەوی حوسنی شەوی گێڕا بە ڕۆژ ئەو کەسە وا پەڕتەوی حوسنی شەوی گێڕا بە ڕۆژ سەبر کە ئاخر دەڵێن سا موژدە ئەی دڵ ھاتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر لەززەت بزانی تەرکی لەززەت لەززەتە باقی ئەگەر لەززەت بزانی تەرکی لەززەت لەززەتە باقی لەزائیز بێ ڕەواج و لەززەتە گەر شەھد و شەککەر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەرچی خالیقی ڕەززاق ڕزقی کەم بە کەس نادا ئەگەرچی خالیقی ڕەززاق ڕزقی کەم بە کەس نادا وەلاکین مادەری گێتی ھەتاسەر مەم بەکەس نادا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی خەبەردار و تەبیبی عالەم و دانایی ڕاز ئەی خەبەردار و تەبیبی عالەم و دانایی ڕاز وەی سەبەبسازی ئومورات و کەریمی کارساز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی فرووغ و نوربەخشی ئافتاب و کەوکەبی ئەی فرووغ و نوربەخشی ئافتاب و کەوکەبی سەروەری کورد و عەجەم پاشایی ڕووم و عارەبی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە بێ ڕەحمی و جەللادی ئەکەی قەسدی دڵ و جانم بە بێ ڕەحمی و جەللادی ئەکەی قەسدی دڵ و جانم دەمی تیغت لە گۆشتم تیپەڕی وا گەییە ئێسقانم مەگەر لوقمانی چاوانت بکا تیماری زامانم بە چاوی تۆ بریندارم بە زوڵفانت پەرێشانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەجێ بێنی خودایە ئیحتیاجم بەجێ بێنی خودایە ئیحتیاجم بە جاھی سەیید خەیرولوەرا زوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیازی داستانی ئەم عەجووزە سەربەسەر کەتنە بەیازی داستانی ئەم عەجووزە سەربەسەر کەتنە لە ئادەم تاکوو نوون ھەرچی دەنووسێ شەرحی ئەو مەتنە شەوی سەد شوو دەکا ئەو زانییە زانی بەیەک بەتنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حوببی دونیا عیللەتێکی قاتیل و زگماکییە حوببی دونیا عیللەتێکی قاتیل و زگماکییە یاخودا تووشی نەبێ چی نەسلی ئادەم خاکییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەکیمێ پێی وتم موشکیل لە دەستی عیللەتی دووری حەکیمێ پێی وتم موشکیل لە دەستی عیللەتی دووری نەجاتت بێ مەگەر فەسڵێ کە عەیدی وەسڵی دولبەر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەڵاتی یار ئەگەرچی عالەمی پڕ کردووە ئەمما خەڵاتی یار ئەگەرچی عالەمی پڕ کردووە ئەمما نەسیبی سابیری تیرە لە چاوی یارە سەوقاتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم خەستەی فیراقی موتریبی شیرین نەوابێ زوو دڵم خەستەی فیراقی موتریبی شیرین نەوابێ زوو تەبیبا دەستی من دامانی تۆ قەندە گوڵابێ زوو دەترسم چەرخی دەوران بکا ھەم ئینقیلابێ زوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی سابیر برینداری خەدەنگی چاوییە بۆیە دڵی سابیر برینداری خەدەنگی چاوییە بۆیە پەرێشانە سرووشکی چاوی ڕەشکی ئاوی کارێزە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەس بە گیرفانا ئەکا ھەڵبەت ئەزانێ تفڵی دڵ دەس بە گیرفانا ئەکا ھەڵبەت ئەزانێ تفڵی دڵ بۆ شەکەر گریا سەرم قوربانی ئەو گیرفانە بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سابیری ئەم شیوەن و ناڵینە ئیتر بەسیەتی سابیری ئەم شیوەن و ناڵینە ئیتر بەسیەتی نەک بەجارێ عالەمێ وێرانی ئەم تۆفانە بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی وەرە مەردانە بە ئاوی کە ئەنگووری ساقی وەرە مەردانە بە ئاوی کە ئەنگووری ئیحسانە کە بکوژێنییەوە ئەو ئاگری دووری موتریب بەخودا لەشکری غەم تاقەتی بردم ڕەحمێ بکە بیھێنەرەوە لانی سەبووری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاشقی وا سڵ لە بەرپێی یار ئەبێ کارێ بکا عاشقی وا سڵ لە بەرپێی یار ئەبێ کارێ بکا خۆ بە ئەرزادانی تەیری نیمە بیسمیل وا نەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قارەمانی عەشقی تۆ ڕێی کەوتەوە ھەر مەنزڵێ قارەمانی عەشقی تۆ ڕێی کەوتەوە ھەر مەنزڵێ پاڵەوانی ماسیوا لەو مەنزڵە دەرچوو بەزی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە شەھدی تەرکی لەززەت تەرکی لێوانی ئەگەر مردی لە شەھدی تەرکی لەززەت تەرکی، لێوانی ئەگەر مردی بە صم البكم ئەورادی دڵت الله اكبر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە کوێ بێنم تەبیبێ مەڵحەمی زامی دڵی پێ بێ لە کوێ بێنم تەبیبێ مەڵحەمی زامی دڵی پێ بێ لە کوێ بێنم حەبیبێ حاڵزان ناڵینی گوێ لێ بێ لە کوێ بێنم نەسیمێ مەحرەمی گوڵزاری لەیلێ بێ خودایە قادری ڕەحمێ بکە ئەم کارە ھەرسێ بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر دەرگاھی تۆ قوربان زەمانێکە ئەناڵێنم لەبەر دەرگاھی تۆ قوربان زەمانێکە ئەناڵێنم نەھاتی بۆ خودا ڕۆژێ قەدەم بێنیتە باڵێنم بە چاوی سوورەوە ھەر ئینتیزاری خاکی نەعلێنم بفەرموو بەڵکوو ڕووناکی پەیاکا نووری عەینێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موتریب بە فیدات بم بە دەف و چەنگ و ڕوبابێ موتریب بە فیدات بم بە دەف و چەنگ و ڕوبابێ ڕەحمێ کە دڵم عاجز و غەمبار و فوگارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نە دینارم ھەی نە زۆری بازوو نە دینارم ھەیە نە زۆری بازوو خودایە عالمە بینێری سا زوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەقدی کە بیکەمە پێشکێش موتریب و ساقی نەقدی کە بیکەمە پێشکێش موتریب و ساقی ھەر جان و دڵە لائیقی شاباش و نیسارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەماوە ئیعتیباری قەرز و حازر نەماوە ئیعتیباری قەرز و حازر ھەتا درھەم نەنێمە سەر تەرازوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەچۆتە مەدرەسەی ڕەحم و وەفا نەیخوێندووە دەرسێ نەچۆتە مەدرەسەی ڕەحم و وەفا نەیخوێندووە دەرسێ ھەموو دیناری ناڵینت لەکن ئەو کوا ئەکا فلسێ خودا بەختی نەخۆش و خەوگرانم کەی لە خەو ھەڵسێ؟ ئەبێ تۆ موشکیلەی سابیر بە ڕەحمەت حەل بکەی ھەرسێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پاوەن و زنجیری دائیم وا لە پێتدا بێخەبەر پاوەن و زنجیری دائیم وا لە پێتدا بێخەبەر دائیمەن کلیلی مەڕبەند و وەیا پابەندە پێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێ بە ئەرزدا داخشانی تفڵی دڵ یەعنی کە یار پێ بە ئەرزدا داخشانی تفڵی دڵ یەعنی کە یار مێوژ و گوێزی بداتێ بەشکە ژیری کاتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرێشان و بریندارم لە دەرگاھی تۆ کەوتوومە پەرێشان و بریندارم لە دەرگاھی تۆ کەوتوومە نەھاتی پێ بنێیە سەر سەرم چەن بەختەکەم شوومە ئەزانم مەشرەبت جانا لەسەر ئازاری مەزلوومە جەفا و جەورت لە ئافاقا ھەموو مەشھوور و مەعلوومە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەکەت کوێر و زوبانت لاڵ و غافڵ کەڕڕە گوێت چاوەکەت کوێر و زوبانت لاڵ و غافڵ، کەڕڕە گوێت وەختی ئیحسان و عیبادەت چونکە شەیتان فێرە پێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەئیسی مەجلیسی عوشرەت گەلێ پشکۆی لە دڵ دانام ڕەئیسی مەجلیسی عوشرەت گەلێ پشکۆی لە دڵ دانام وتی سەیرانە با لەم بەزمە شەو سینە موجەممەر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەدا بی خۆنمایی چی کەوای دوو لیرە بایی چی گەدا بی خۆنمایی چی کەوای دوو لیرە بایی چی بە نانی جۆوە چایی چی، جەماڵت بەش کەری دێزە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەتاکوو مات و بێ دەنگی بلووری ساف و بێ ژەنگی ھەتاکوو مات و بێ دەنگی بلووری ساف و بێ ژەنگی سپی نابێتەوە ڕەنگی بلووریشی لەسەر ئاڵان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاری من عیلمی مەجاز و ھەم حەقیقی خوێنییە یاری من عیلمی مەجاز و ھەم حەقیقی خوێنییە بۆیە ئەندیشەی لەبەر ھیچ عالیم و شێخێ نییە ++++++++++++++++++++++