شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ڕەحمێکی خودا بێنە دڵ ئەی ڕۆحی شیرینم ڕەحمێکی خودا بێنە دڵ ئەی ڕۆحی شیرینم دوا گیانمە فەرموو قەدمێ بێنە سەرینم دەستێ بخە سەر جەرگ و دڵی زام و برینم بەو دەستە بلوورینەوە کۆتا کە گرینم بەو ڕوومەتی دەرکەوتنی تۆ جەژنەمە قوربان ئەو ڕۆژە کە لێم غائیبی غەم بۆتە قەرینم ئەم ڕۆژە لە چاوم ون ئەبی زەرد و زەعیفم ھەرچەندە نزیکم ئەکەوی سوور و سەمینم جانا سەبەبی دووری و شیرینیی تۆیە فەرھاد سیفەت و کۆھکەن و ئەلبیسە شینم بنواڕیە ئاوێنە لە ئازارم ئەزانی تەدبیری دڵی ڕێش و لە سەد جێوە برینم سابیر کە گوڵی ڕوومەتی تۆی دی قەسەمی خوارد فاریغ لە گوڵ و گوڵشەنی فیردەوسی بەرینم ++++++++++++++++++++++