شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ڕۆژێ کە نەبینم قەمەری ڕوویی دلارام ڕۆژێ کە نەبینم قەمەری ڕوویی دلارام ڕۆحم لە جەسەد دەرچووە بێ شک لە دڵ ئارام لەیلی کە لە توێی خەیمەوە تیرێکی لە من دا لەو ڕۆژەوە مەجنوون سیفەتم مائیلی سەحرام چاوی بە ئیشارەت تەڵەبی کردمە قاپی حاجیب بە حیقارەت دەریکردم وەریگێڕام بەو ناوکی موژگانی بە ئەبرۆیی کەوانی وەققاسی زەبوون کردووە ھەم ڕۆستەم و بەھرام ئەو ڕۆژە ئەگەر ڕوو بنوێنێ لە شکارا ئاھووی لەڕ و شیری نەڕ و وەحشی ئەبن ڕام بیستوومە سبەی دێتە سەرینم بە تەبابەت ئەمڕۆکە سولەیمانم و ئەسکەندەر و دارام لەوساوە سەناخوانی تۆ وا بۆتە وەزیفەم سەد شوکری خودا کافییە بۆ وەجھی ئیدارام عومرێکە لە ڕێگای سەفەر و کەعبەیی ڕووتم وەستاوم و بەستوومە لە تەوافی تۆ ئیحڕام لەوساوە جگەر خەستەیی شمشێری برۆتم بڕوا کە غەم و دەرد و بەڵا نایەتە ئارام سوونی غەمی تۆ گەندومی دڵمی بە تەلەف دا نانی غەزەلم شاھیدە بێ قووەت و بێ ڕام ھەرچەندە کە سابیر نییەتی خزمەت و تاعەت ئەمما بۆ دوعاخوانیی ئەو دولبەرە خێرام ++++++++++++++++++++++