شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ئەی مەسیحا لەب بە چاوانی نەخۆشت یەک نەفەس ئەی مەسیحا لەب بە چاوانی نەخۆشت یەک نەفەس مەرحەمەت کە وا پەرێشانم عیلاجم چوو لە دەس یارەکەم مەیلی ڕەفیقی ناکەس و ئەغیار ئەکا ئەی درێغا ئارەزوو ناکا ببێتە یاری کەس دائیمەن کونجی دەروونم پڕ لە خاری بێ گوڵە قەت بە دەستی خۆمەوە نەمدی گوڵی بێ خار و خەس بۆ جەفاکاری ھەمیشە خۆی موھەییا کردووە بۆ بەجێھێنانی وەعدە موتڵەقا ناکا ھەوەس خۆت ئەزانی خۆ دەساژۆ، بەستنی پێ، ناتەوێ بۆ مریشک و جووجەڵە نەججاڕ ناتاشێ قەفەس خۆ لە بەدبەختی شەو و ڕۆژێکی خۆشیمان نەدیت ڕۆژ گریانە بە شەو شینە لەباتی شەوچەرەس کاروان دەرچوو لە شار و سابیری تۆ خەوتبووی وا دەزانم گوێت گرانە نابیسی دەنگی جەرەس بێ بەڵابی حەز لە یاری و کۆمەڵی ئەغیار ئەکەی بۆ گرووھی خۆشەویستیت جارێکی ناکەی ھەوەس سابیری تەعمیری نەخشی خانوو و مانوو تابەکەی؟ کێوی عومر و دین ئەوا ھەردوو کە ھێنایان ھەرەس ++++++++++++++++++++++