شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: جەژن و شادیمانە ئەمشەو ھاتەوە یاری لەزیز جەژن و شادیمانە ئەمشەو ھاتەوە یاری لەزیز زیرەک و شیرین زوبان و ماھی ڕوخساری لەزیز تا بڵێی خوڵقی حەسەن، نازک بەدەن، نادر دەھەن نیمنیگاھی نازی چاوی مەست و بیماری لەزیز سوورەتی گوڵ، فێنکی دڵ، چاوی کاڵ و لێوی ئاڵ گیانی سەرتاپا بلوور و مەیل و ڕەفتاری لەزیز چاوی بیماری، حەکیمی حازقی دەرد و مەرەز ھاتن و تەشخیس و فکر و حوبب و ئازاری لەزیز ناکەسم سەردانەنێم بۆ بەردەبازی ڕێگەکەی یا نەکەم ڕۆحم فیدای یاری وەفاداری لەزیز ھاتە باڵینم تەبیبە، تێگەیی دەرد و دەوام خوا دەوامی دا، دەوامی دا بە گوفتاری لەزیز دەستی نایە سەردڵم فیلفەور ئازارم نەما ھیچ کەسێ نەیدیوە بەم دەستوورە دڵداری لەزیز سابیری جەژنت موبارەک بێ حەکیمت ھاتەسەر حبذا بوس و کەنار و یار و شەوگاری لەزیز سابیرا شوکرانە ببژێرە لەسەر ئەم نیعمەتە بەڵکوو تا ماوی بمێنێ لەززەتی یاری لەزیز ++++++++++++++++++++++