شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: قەددی یارم سەروی باغی جەننەت و ئازادەیە قەددی یارم سەروی باغی جەننەت و ئازادەیە تەلعەتی مانەندی حووری زۆر لەتیف و سادەیە چاوەکانی دائیمەن مەستی شەراب و بادەیە بێ بەڵا بێ یاخودا بۆ کوشتنم ئامادەیە ھەرچی تێفکری پەرێشان و نەخۆش و زامدار داد و ھاواری لە زوڵم و جەوری ئەو جەللادەیە سەدھەزار ئەسفەندیار و ڕۆستەمی مازەندەران ھاتە مەیدان و سەری بێ لەش کرا لەم جادەیە ھەرکەسێ دەرسی لە کن ئوستادی چاوی وەرگرێ کەمترین توللابی ئەو ئوستادە ئاخر مادەیە بوولعەجەب ئەفسوونگەر و چابوکسەوار و سەفشکێن خەڵکی حەیرانن لە مەکر و نازی ئەو شازادەیە سابیری ئەڵبەتتە لای ئەو چاوە دەرسی خوێندووە بۆیە وا سەربەستە لەم بەرقاپییە بەم ڕادەیە ++++++++++++++++++++++