شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: سەد نامی خودا ڕوومەتی وەک ماھی تەمامە سەد نامی خودا ڕوومەتی وەک ماھی تەمامە لەو چاوە نەخۆشانە دەڵێ مەستی مودامە ڕوخساری گوڵی نازک و دەم غونچەیی تەنگی لەو زولف و خەت و خاڵە دەڵێی دانە و دامە وا چاکە نەمامی قەدی تۆ تازە و تەر بێ بینێژە لەسەر دیدەیی من جێگە نەمامە لەوساوە کە تۆ ڕوومەت ئەشاریتەوە گیانە مەجنوونی بیابانم و شەو شین و ھەرامە بەو غەمزە دڵم کون کونە وەک خانەیی زەنبوور بەو قەوسی برۆ ھەم جگەرت لەت لەت و زامە سەد جا کە دڵم عاجز و بیمارە لە دووریت یادت تەرەب و شەوچەرەس و بەزم و چرامە ساقی بە فیداتم بدە ئینساف و مەیی ساف دەرمانی دڵی خەستە بەڵێ بادە و جامە موتریب وەرە تۆش ئەم غەزەلە تازە لەبەر کە لوقمانی ھەموو دەرد و غەم و مەرھەمی زامە حیفزی بکە یا ڕەببی لە چاوی حەسەد و بەد ئەو دولبەرە قەد عەرعەرە ئەو کەبکی خەرامە عەیبت نییە غەیرەز ئەمە بێ ڕەحم و وەفایی بۆ شیمەیی تۆ چا نییە ئەم ڕەسم و نیزامە تا ناوی خۆشت ویرد و دوعای سابیرە قوربان دەرمانی ھەموو دەرد و غەم و مەرھەمی زامە ++++++++++++++++++++++