شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: دەردی ئەشقت ئەی پەری دەرمان و تەدبیری نییە دەردی ئەشقت ئەی پەری، دەرمان و تەدبیری نییە ھەرکەسێ مەجنوونی ڕووتە باکی زنجیری نییە چەندە لێی پاڕامەوە تۆ بی بە تیرت مەمکوژە ئاخری خوێنی ڕژانم مروەت و بیری نییە تیری غەمزەی ھەر وەکوو تیری ئەجەل موستەعجەلە بێ بەڵا بێ، ساعەتێ تەقدیم و تەئخیری نییە ئاگری بەردایە عالەم خۆی بە سورعەت تێپەڕی حەیفە بۆ برژانەوەی، قورسی تەباشیری نییە مەحرەمێ دەست ناکەوێ دەردی دەروونی پێ بڵێم دەست و پەنجەم قووەتی نووسین و تەحریری نییە حاڵی سابیر کەوتووە، مابەینەکەی خەوف و ڕەجا چونکە ناڵەی کەس لە کن ئەو شۆخە تەئسیری نییە تۆ حەکیمی حازقی، دەرمانی دەردم تێبگە سابیری سەودازەدە دەرمانی تیماری نییە ++++++++++++++++++++++