شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: تا زیکری دەم و فیکری دڵت ناوی خودایە تا زیکری دەم و فیکری دڵت ناوی خودایە سەرپاکی وجوودت لە بەڵا دوور و جودایە دەروێش ئەگەر خزمەتی خاڵی لە ڕێیا بێ سوڵتان لەبەر قاپییەکەی ڕووت و گەدایە ئەو وەختە کە تۆ خەوفی خودا بێتە خەیاڵت سوڵتان لەبەر چاوی دڵت ڕووت و گەدایە دەستی تەمەعت خستووەتە گەردنی دونیا ڕۆحت بە سەر و ماڵەوە قوربان و فیدایە ئەی مەردی خودا دەستی تەمەع بەردە لە دونیا بێ فائیدەیە باوەژنە مەیکە بە دایە ھەرکەس بە دەسی نەفسەوە داماو و زەبوونە سەد شێخ و مەلا بێ، بە خودا دووری خودایە لەوساوە سکەی لیرە ئەخوێنێتەوە چاوت تاریکی تەریقی تەرەفی دینی خودایە زەڕڕەی کەر و زڕەی دەرەم و زێڕ کەری کردی نابیی لە مەلا ڕۆژی جەزا ھەوڵ و سەدایە کوا گەندومی چاکەی تۆ لە تۆماری عەمەلدا سەد خانە برنجت لە قەباڵە و سەنەدایە سابیر بە کەوای تازەوە تۆ چاکیری نەفسی ئازا ئەوەیە حوڕڕە لە بەرگی شڕە دایە ++++++++++++++++++++++