شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: برا شێتی بەسە عەقڵێ پەیا کە برا شێتی بەسە عەقڵێ پەیا کە لە خوڵق و خوویی حەیوان خۆت جیا کە دەمێکە وا ئەسیری نەفسی نزمی وەرە حەربێ لەگەڵ نەفس و ھەوا کە بە تەییارەی سیام و تۆپی تەقوا غەزای پاتەختی نەفسی ڕووسیا کە بە مەترەلۆزی وێردی زیکر و فیکرت بەرەنگاری ختووری ماسیوا کە بە غەفڵەت چوو برادەر عومری گەنجی لەمەولا عومری ڕابردوو قەزا کە ھەتا کەی لوقمەبادان و چڵێسی؟ بەسە تەنپەروەری، ھۆشێ پەیا کە حەساری شاری دینت ئەی موسڵمان بە زیکر و فیکری تەسبیحی خودا کە قسەم بۆ دین و دونیا سوودمەندە ڕەفیقی چاک و تاعەت بێ ڕیا کە لە خەڵقی خاکی تێفکرە سبەینان بە شەو سەیرانی ئەستێرەی سەما کە لەخەو ھەڵسە بشۆرە دەست و چاوت تەماشایێکی ئەسراری خودا کە بە ئیستیغفار و گریانی سبەینان برین و دەردی عوسیانت دەوا کە ئەگەر تانەی گوناھت ھاتە سەر چاو عیلاجی تووتیای پای ئەولیا کە تەماشاکردنی ئاوێنە یەعنی لە ڕیش و ئیشی ناڕێکت حەیا کە ئەسەف بۆ گەنجی، ئەییامی جەوانیت کە فەوتاندت لە پیریدا ڕەجا کە سمێڵ و ڕیشی وەک ماش و برنجت ئەڵێن ئەی خەستە تەرکی زوولبیا کە چرا و عومر و شەوی سابیر بەسەرچوون لەمەولا زیکری بێ چوون و چرا کە ++++++++++++++++++++++