شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ئەی بەھەشتی ڕوو بە حەققی ئەو جەماڵ و شێوەیە ئەی بەھەشتی ڕوو بە حەققی ئەو جەماڵ و شێوەیە ئیلتیفاتێ کە، بە چاوی تۆ کە عەقڵم لێوەیە ئەی مەسیحالەب بفەرموو دەفعی ئازارم بکە مەڵحەمی زامی دڵم مەعلوومە ئەو دوو لێوەیە تا لە باغی ڕوویی تۆ عەناب و سێوم دی بە چاو دڵ نەخۆشە ھەر خەیاڵی ئەو عەناب و سێوەیە مەیل ئەفەرمووی تێبگەی ئەحواڵی دەردم دوور لە تۆ ھەر سەری موویی وجوودم سەد برینی پێوەیە زوعفی قەلبی ئێمە دەرمانی بە لوقمان ناکرێ چونکە موشتاقی گوڵ و گوڵزاری حوسنی ئێوەیە تا بە لەفزی نەرم و شیرین ماھڕوو بانگم نەکا ھەر وەکوو فەرھاد ڕەنج و مەسکەنم ئەو کێوەیە چیم بەسەر دوختوور و ئەجزاخانەوە ئەی گوڵبەدەن؟ چونکە دەرمانم گوڵی گوڵزار و حوسن و شێوەیە سابیری بیمار و دڵسووتاوی دووری دولبەرە ھەر بە داخی پوڕتەقاڵ و ناسکە ھەرمێوەیە ++++++++++++++++++++++