شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ھەرکەسێ تالیبی شەمعی تەلعەتی جانانە بێ ھەرکەسێ تالیبی شەمعی تەلعەتی جانانە بێ شەو ئەبێ خوڵق و ڕەوشت و سەنعەتی پەروانە بێ با دڵ و جەرگی بە خەنجەر پارەپارە و قیمە کەن دەنگی ئاخ و ئۆفی نایە، چا نیە گەر وانەبێ ئیشتیعالی ئاگری دڵ ئەو دەمە ئەکوژێتەوە دائیرەی دڵ خەیمەگاھ و تەختی ئەو سوڵتانە بێ مەست و مەدھۆشی لیقا چی بکا لە دونیای بێ بەقا ھەر دەبێ دێوانە دائیم بێ لیباس و خانە بێ موڵک و ماڵ و مەرتەبەی دونیایی دوونی بۆ چییە؟ شەو دەبێ مەجنوونی زولفی لەیل و ڕۆژ بێ خانە بێ عەشقی یار و حوببی دونیا ھەردوو زیددی یەکترن گەر دلارامت دەوێ با ماسیوا بێگانە بێ ھەرکەسێ مەجنوونی لەیلابێ چ باکی تەعنەیە لازمە ھەرچێ بکا نالایق و شێتانە بێ ناوی مەجنوون ئاگری بەردایە دڵ ناحەق نییە من وجوودم ماسی و ئەشکم وەکوو ڕۆخانە بێ حەققە شەو گریان و ناڵینم بە چاوی سوورەوە چونکە ئەنجامی عەرووسی عادەتە سوورانە بێ پایزە و عالەم لە تەعمیراتی نەقشی خانەیە عاشقی ڕووت ھەر مەکانی کەپری تاووستانە بێ شادییە جەژنە ھەموو عالەم بە بەرگی تازەوە دوور لە باڵات تابەکەی بەرگم ڕەش و زستانە بێ دەستی بۆ گیرفانی ھێنا تاکوو ژیرم کاتەوە من ھەنووم ھەڵسا سەرم قوربانی ئەو گیرفانە بێ پیاوی عاقڵ گفتوگۆی بێھودە ناکا موتڵەقا مەست ئەبێ ڕەفتار و ئەتواری ھەموو مەستانە بێ سابیری پیر بووی خەوی غەفڵەت لە چاوت دەرنەچوو کوا حەکیمی واقیفی ئەم عیللەت و دەرمان بێ ++++++++++++++++++++++