شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: پایزی پیری پەیابوو نەوجەوانیمان نەما پایزی پیری پەیابوو نەوجەوانیمان نەما نەوبەھاری عەیش و نۆش و کامەرانیمان نەما شیری پیری دەست و پێی ئاسکی جەوانی تێکشکاند قووەتی سەر پەنجە و باسک و زرانیمان نەما ئێمە دونیامان نەخست و ئەو ھەمووی خستینە ژێر ئیعتیبار و دەستەڵات و پاڵەوانیمان نەما ناخەلف بووین و ڕەوشتی باب و باپیرمان نەگرت خواشناسی و ئیفتیخار و خانەدانیمان نەما ڕوو لە چۆلی غەفڵەت و پشتمان لە کەعبەی مەقسەدە ئەی موسوڵمانینە کەڵکی ئاوەدانیمان نەما چونکە سەججادەی پدەرمان خستە سەر جادەی عەدوو زەوقی دین و خوێندنی سبع المثانيمان نەما خاوەنی خەرمان و مێگەل بووین و ڕوتبە و ئیعتیبار ئێستە باشاری شوانی و ئاشەوانیمان نەما دوزدی پیری گەنجی عومری خۆشەویستمانی دزی بۆیە وا مات و کزین و شادمانیمان نەما گاور و جوو واز لە دین و مەسلەکی خۆی نایەنێ دینی موسلیم وا لەبەر شێت و نەزانیمان نەما دائیمەن دەرد و بەڵامان زۆر و بێ بارانییە موستەحەقمان بێ کە ئاوی حەوز و کانیمان نەما ئابڕوومان وەک عەرەق ئەتکێتە جام و بادەوە حوڕمەتی دینمان وەکوو چایی بەیانیمان نەما سابیری فەقر و قەناعەت فەخرە بۆ دینپەروەران سەد شوکر وا مەرتەبەی دونیایی فانیمان نەما ++++++++++++++++++++++